ڕۆحی تێکشکاو.

Saturday, 23/10/2021, 18:39

4336 بینراوە


دەستەواژەی؛  ڕۆحی تێک شکاو  یان گرێدراو(  esprit tordu )، بە فەرەنسی بە مانای ئەو کەسە دێت هەردەم لیکدانەوەکانی دەباتەوە بۆ ئەوەی کە بیری لێ دەکاتەوە و هەمیشە پێوەی خەریکە، نەک ئەوەی دەیبینێت.
بۆیە ئەوەی دەیبینن مەرج نیە ئەوە بێت کە هەیە یان بەو مەبەستە کرابێت کە تۆ بیرت بۆی دەچێت، وەک ئەفلاتون دەلێت؛ ھەقیقەت لە روکەشی شکلدا نیە لە جەوھەردایە. بۆیە ئێمە سەرمان لێ دەشێوێتو ھەردەم لە ھەڵەداین.
کاتێک یاریەکی منداڵان دەبینن وەک ئەوەی لە وێنەکەدایە؛  شکڵێک وەک بۆریەک، دوو تۆپ بەتەنیشتیەوە، مەرج نیە نێرتک بێت.  یان گوڵێکی سور، پەڕەکانی گەشاوە، لە ناوەڕستیدا بۆریەک لە شکڵی نێرتکدا چۆتە ناوی، مەرج نیە کوزی خانم بێت، یان باسی سێکسو جوتبوون بکات،  پێ دەچیت شتێکی تر بێت، بەڵام ئەستەمە ئەوە دەیبینین لەو وێنەیەدا شتێکی تر بێت لەوەی بە مێشکماندا تێپەر دەبێت ؛ بۆیە سەرت سوڕدەمێنێتو پرسیار لە خۆت دەکەیت چلۆن ! کێ و لە چ وڵاتێک بۆ یاری منداڵان شکڵی وەهایان داناوە ؟  ڕیی تێ ناچێت !
کاتێکیش سەربازێکی شەڕی جیهانی دووهەم دەبینیت ئایفۆنێکی بە دەستەوەیە، ناتوانیت سەرت سور نەمێنێتو نەڵییت ؛ چۆن شتی وەها ڕێی تێ دەچێت ؟ کەواتە بوونەوەری دەرەکی بوونی هەیە و لێمان دەشارنەوە.
 کاتێکیش مۆمێک دەبینیت لە ژێریدا نوسراوە ؛ گۆڕان، خێرا هەڵدەپەڕیت لە خۆشیداو دەکەویتە سەما و وادەزانیت خەونەکانت دێنە دی. پرسیاریش لە خۆت ناکەیت؛ چلۆن گۆڕانکاری ڕیی تێ دەچێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا ؟
نا ئێمە رۆحمان تێک نەشکاوە، ئەوە وێنەکانە ئەوەمان تێ دەگەیەنن، بەڵام نازانین ئەو وێنانە کێ کردوونی بە چ مەبەستێک کراوون، ڕۆحشکاوی ئێمە لەوەوە نیە کە چی دەبینین، لەوەوە دێت بە بینینی ئەو وێنانە ئێمە لە هزرماندا چ چیرۆکێک هەڵدەبەستین ! 
ئەوەیە ڕۆحی تێکشکاو.
ڕاستە ئەوەی دەیبینن لە وێنەکەی سەرەوەدا، یاری منداڵانەو بریتیە لە نێرتکێک چووە بە کوزی خانمدا، بۆیە ئەم هەفتەیە لە پاریس بوو بە هەڵا؛ باوانو دایکان تەلەفۆنو مەسجیان نارد بۆ شارەوانی پاریس، ووتیان ئێمە چلۆن وەڵامی منداڵەکانمان بدەینەوە لە باخچەیەکی ساوادا نێرتکو کوز چوون بەیەکدا وەک گوڵو گوڵزار ؟ هەر خێرا شارەوانی هاتە سەرخەتو ووتی ؛ ئەوەی دەیبینن یاری منداڵان نیە لە باخچەیەکی ساوای پاریس، ئەوە باسی هەڵبەستراوی سایتە کۆمەڵایەتیەکانە، ئەوەی دەیبینن دیکۆری فیلمێکە لە کەنەدا و پەیوەندی بە پاریسەوە نیە.
کاتێکیش سەربازێکی جەنگی دوهەمی جیهانیم بینی، لەلایەن کاکە هەڵۆ ئارامەوە بڵاوکرابوەوە، لە سەر پەیجەکەی نوسیبووی  ؛ بۆیە دەڵێم ئێمە لە ئەسیمیلاسۆنداین، دەنا ئایفۆن چ دەکات بەدەست سەربازێکەوە لەشەڕی جیهانی دووهەمدا ؟  پاش ئەەی کاکە مانو بەرزنجی Manu Barzingi  وێنە ڕەسەنەکەی دۆزیەوە و بڵاوی کردەوە، دەرکەوت ئەو سەربازە لە کاتی پشووی دەرهێنانی فیلمێکدا رەسمی گیراوە لە چیکۆسلۆڤاکیا لەسەر شەڕی جیهانی دووهەم.
کاتێکیش ئێمە مۆمێکمان بینی و لەژێریدا نوسورابوو؛ گۆڕان، هەموومان چوین بە ئاسمانا لە خۆشیداو هەندێکمان خۆیان نانبڕاو کردو هەندێکیان سەروەتو سامانی خۆیا نارد بۆ یارمەتیدانو کەسانێکی زۆر بە ئاواتی گۆڕانکاری ژیانی خۆیان خستە مەترسیەوە، وایان دەزانی بەڕاستی ئەوان دەیانەوێت گۆڕانکاری بکەن، کەس بیری لەوە نەکردەوە گۆڕانکاری لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستا چۆن ڕێی تێ دەچێت ؟ دەرکەوت ئەوە تەنها خەونێکی بێ بنەمابوو، دەنا عومەری سەید عەلی تۆ بەو تەمەنەوە چوزانیت گۆران چیە ! بۆچی دانەنیشیتیت بەدەردی خۆتەوە گوێ لە گەنجان بگریت ؟  وەک لای ئێمە باوە هەتا سەرۆک نەچیتە ژێر گڵ، سەرۆکێکی تر ناتوانێت جێگای بگرێتەوە، بۆیە گۆڕانکاری مەحالە و ئەو مۆمە نەک وەک نەخش نەخشێک بوو گوزارشتی لە چەمکی گۆڕانکاریش نەدەکرد وەک لەسەردەمی خۆیدا باسم کرد، لەبەر ئەوەی لە ئەقڵی گۆڕانکاریەوە نە هاتبوو، ئەو کەسانەشی کە ئەو بزوتنەوەیان دانا نەیان دەزانی گۆڕانکاری چیەو چۆن دەبێتن.
وەک لە کوردەواریدا ئێژن ؛ ئەگەر ئەتوانیت ئەو مووە ڕەشەم بۆ سپی بکە.
******

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە