لەم هەڵبژاردنەدا، کورد زۆرینەی کەرکوکی لەدەستدا (بەشی سێیەم)

Sunday, 24/10/2021, 3:05

3279 بینراوە


لەبەشی پێشوودا بەراووردی ژمارە و ڕێژەی دەنگی ئەم هەڵبژاردنەی کوردمان کرد بە هەڵبژاردنەکانی (٢٠١٤) و (٢٠١٨)ی پەرلەمانی عێراق. ئەوەمان خستەڕوو کە ژمارە و ڕێژەی دەنگی کورد لەهەر سێ بازنەکەدا دابەزیوە، بەتایبەت لەبازنەی دووەم، لەڕێژەی (٣٦٪)ەوە بووە بە (٢٠٫٣٪) کۆی دەنگدەرانی بازنەکە. هەروەها لەبازنەی سێیەمدا کورد پاڵێوراوی نەبوو ڕێژەکە لە (٣٠٪) دەنگدەرانی بازنەکەوە، بووە بە سفر.
لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین، ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران و دابەشکردنی دەنگدەران بۆ بازنەکان و تەرخان کردنی کورسییەکان ڕوون بکەینەوە، کە ئەمە یارمەتیمان دەدات، لەتێگەیشتنی هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەنگی پێکهاتەی عەرەب و کەمبوونەوەی ڕێژەی دەنگی کورد.
سەرەتا ڕێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتیان، لەهەر سێ بازنەکەدا دەخەینەڕوو، لەبازنەی یەکەمدا کە ڕۆژهەڵات و باکوری پارێزگای کەرکوک دەگرێتەوە، بەبازنەی کورد ناسراوە، (٤٦١٫٣٢٨) کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، سەرجەم ئەو دەنگانەی کە کاندیدەکان لەم بازنەیەدا بەدەستیان هێناوە (١٦٧٫٨٥٥) هەزار دەنگ بووە، کە دەکاتە ڕێژەی (٣٦٫٤٦٪) کۆی ئەوانەی کە مافی دەنگدانیان هەبووە لەم بازنەیەدا. لەبازنەی دووەمدا کە ناوەندی شار و ڕێگای بەغدا و زۆربەی گەڕەکە تورکمان نشینەکان دەگرێتەوە، بە جێ نفوزی تورکمان ناسراوە،  (٣٩٨٫١٧٠) مافی دەنگدانیان هەبووە، ژمارەی ئەو دەنگانەی کە سەرجەم کاندیدەکان لەم بازنەیە بەدەستیان هێناوە (١٤٥٫١٨٩) هەزار دەنگ بووە، کە دەکاتە ڕێژەی (٣٦٫٤٦٪) کۆی ئەوانەی کە مافی دەنگدانیان هەبووە لەم بازنەیەدا. لەبازنەی سێیەمدا کە باشوری کەرکوک و حەویجە و ریاز و عەباسی دەگرێتەوە، بەجێ نفوزی عەرەب ناسراوە، (٢١٧٫٤٣٠) هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، ژمارەی ئەو دەنگانەی کە کاندیدەکان بەدەستیان هێناوە (٩٧٫٠٨٤) هەزار دەنگ بووە، کە دەکاتە ڕێژەی (٤٤٫٦٥٪) کۆی ئەوانەی کە مافی دەنگدانیان هەبووە لەم بازنەیەدا. دەبینین ڕێژەی بەشداریکردن لەم بازنەیە (٨٫٢٥٪) زیاترە بە بەراوورد بەڕێژەی بەشداریکردن لەبازنەکانی تر.
لەدابەشکردنی دەنگدەران و دیاریکردنی بازنەکان و تەرخانکردنی کورسییەکاندا نابەرانبەرییەکی گەورە هەیە، لەبازنەی یەکەمدا بۆ (٤٦١٫٣٢٨) هەزار دەنگدەر، پێنج کورسی دانراوە، واتە بۆ هەر (٩٢٫٢٦٥) هەزار دەنگدەرێک کورسییەک. لەبازنەی دووەمدا بۆ (٣٩٨٫١٧٠) هەزار دەنگدەر، چوار کورسی بۆ دانراوە، واتە بۆ هەر (٩٩٫٥٤٢) هەزار دەنگدەرێک کۆرسییەک. ئەمە لەکاتێکدا لەبازنە سێیەمدا بۆ (٢١٧٫٤٣٠) هەزار دەنگدەر، سێ کورسی دانراوە، واتە بۆ هەر (٧٢٫٣٦١) هەزار دەنگدەرێک کورسییەک، ئەم دابەشکارییە بەتەواوەتی بەقازانجی پێکهاتەی عەرەب و زەرەری پێکهاتەی کورد شکاوەتەوە، بەڕاستی جیاوازییەکە زۆر زۆرە، لەنێوان (٢٠ - ٢٧) هەزار دەنگدایە، بۆ هەر کورسییەک لە بازنەی سێیەم، باشە پێم سەیرە نوێنەرانی کورد لەبەغدا ئیشیان چی بووە، چۆن ئەمەیان بەسەردا تێپەڕیوە ؟  چۆن (٦٠٫٠٠٠) دەنگیان کردووەتە دیاری بۆ پێکهاتەی عەرەب..!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە