زیندانی 5 ئەستێرە

Monday, 25/10/2021, 5:43

4960 بینراوە


  یەکێ لەو ئەرکە سەرەکیی و بنەما مرۆڤایەتیانەی داکۆکیمان لێ کردوە و بەردەوام داکۆکی لێ ئەکەین مافی مرۆڤە. کاتێ ئەبینین خەڵکانی شۆڕشگێر و بەئاگا لەخەمی هاوڕێی و هاوڵاتیاندا کۆشش ئەکەن بۆ ئەوەی مافیان نەخۆرێ و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکەن و دەستیان بگرن بۆ ئەوەی بەرەو کەناری ئارامی بیان گووزەرێنن، ئەوا جگە لەوەی ئەبێتە مرۆڤێکی بەکەڵك بۆ خۆی و خێزان و کۆمەڵگاکەی، لە هەمان کاتیشدا ئەبێتە ڕەقیبیك بەسەر دام و دەزگاکان و لە کوێدا پێوستی بەوە کرد هەڵەیەك چاك بکاتەوە لەوێدا ئامادە باشی هەیە و بەوپەڕی مەردایەتیەوە، خەباتی بۆ ئەکا.
بەدەل بەرواری و ئەو کۆمەڵە لاو و گەنجی بادینان هەستیان بە نا دادپەروەی و بێ سەروبەری یاسا و نەبوونی ئاسایش و کەمی خزمەتگوزاریی و چەوت و چێڵی دەزگای پۆلیس و بێ کارایی و بێ شارەزایی حکومەت و قۆرغکردنی دەسەڵاتی یاسا لەلایەن پارتی و لەخزمەتی ئەم بنەماڵەیە.. هەستان بە چەند چالاکیەك لە ئاکامدا دەسەڵاتی بنەماڵە کەوتنە گرتنیان و زیندانی کردنیان.
ئێمە وەك کاری هەمیشەییمان ئەو کارەی پارتی و دەزگای بەدناوی پاراستمان لە قاو داو دارو بەردمان تێگەیاند و ئەو کارەمان بە کارێکی نا مرۆڤایەتی و تیرۆریستی ناساندا. پێمان وابوو ئەوە نەریت و فەرهەنگی ئەم بنەماڵە خاینەیە دژ بە گەلەکەمان و هەر کاتێ دەنگێکی بڵند دژیان شەپۆلی دابێ، ئەمان دژی وەستاونەتەوە و لەناویان بردوون. بۆیە لەڕێگای نامە ناردن بۆ دەزگای un و سەفارەتی ئەمریکی و ئەوروپی تا بتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن دژ بەم بەربەریەی بنەماڵەی بارزانی و کاریگەری لەسەریان دروست بکەن. ئێمە پێمان وایە لە داهاتووشدا هەر هەمان کار ئەکەین و ئەوە پرنسیپی هەموو مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە و ویژدانە لەکاتی پێوستدا هەستێ بە ئەرکی خۆی.
بەدەل بەرواری یەکێ لەو زیندانیانەی بادینان کە لە کۆتاییدا چۆکی بۆ دەسەڵاتی خۆسەپێن داو نەیتوانی تا کۆتایی لەسەر ئەو پەیامەی هەڵیگرتبوو،بەردەوام بێ. دیارە ئەمەش وەك مامەڵەیەك کۆتایی پێهێنرا کەوا بە بەرەکردن و ئازادکردنی لە زیندانی پاراستن ئەبێ ئەو پەیامە بڵاو بکاتەوە کە دەسەڵات داوای لێ کردوە. بەدەل و هەموو ئەوانی تر لەسەر داوای میتی تورك زیندانی کران و لەیەکەمین ڕۆژوە جگە لە ئازاری جەستەیی، چەندین ئازاری دەروونی دراون و بە هەموو شێوەك سووکایەتیان پێ کردوون. کێ هەیە پاراستن و زیندانە نهێنی و پیاوە شەلاتی و لات و پووتەکانیان نەناسێ و نەزانێ ئەوان لەگەڵ زیندانیەکان چەندین کاری نەشیاو و نا مرۆڤانە دژیان ئەکەن. ئێدی چ پێوست ئەکا ئەم دەسەڵاتە جوان بکرێ  و بووترێ ئەشکەنجە نەدراوین و ڕێزمان لێ گیراوە!؟ دیارە ئەوە مایەی دڵخۆشی هەموومانە کاتێ ئەبینین زیندانیان بە خێزانەکانی خۆیان شاد ئەبنەوە، لێ بەمەرجێ ئیرادەیان تێك نەشکێنرابێ و ژێر بە ژێر مامەڵەیەکی نا هەوسەنگ واژوو نەکرابێ کە دوا ڕۆژ ببێتە مایەی پرسیاری بێ وەڵام.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە