ئەردۆگان،،، STOP

Tuesday, 26/10/2021, 16:11

4337 بینراوە


 ئەردۆگان هەنووکە گەیشتۆتە لووتکەی دیکتاتۆریەت و هەر قۆناغێکی تر بێتە پێش ئەوا تل بوونەوە و سەربەرەو خواریە ڕووە و زبڵدانی مێژوو. گشت دیکتاتۆرەکان پرۆسەی هەڵبژاردن ئەکەن، پارتی نەیاری گوێ لەمست دروست ئەکەن، ڕۆژنامە و چەندین کەناڵی تەلەفیزۆنی ئۆپۆزیسیۆنی دەستەمۆ لە خۆیان گرد ئەکەنەوە، چەندین پارت و گرووپ و ڕۆژنامەنووسی دەستەمۆ لەخۆیان نزیك ئەکەنەوە، دەیەها و سەدەها داد وەر و یاسا ناسی بێ دەم و دەنگ لە لایانەوە مەڵاس ئەدرێن،، کەچی لەتەك ئەمانەشدا پێچەوانەکەی بەدی ئەکرێ و ووڵات ئەبێ بە زیندانێکی گەورە و گەل بە هەموو چین و توێژ و هەردوو ڕەگەزەوە،میوانی هەمیشەیین.
دیکتاتۆرەکان بەبێ جیاوازی بەچاوی دوژمن تەماشای گەلەکانی خۆیان ئەکەن و بە دوژمنی سەرەکی خۆیانیان ، ئەزانن. ئەوەندەی لەگەڵ گەلانی خۆیان پەیوەندیان خراپە، ڕەنگە بە ئەندازەی ئەوە لەگەڵ هی تردا وا نەبن.. ئەم جۆرە لە پەیوەندی ئەبێتە هۆی دروست بوونی کەلێن و دەلاقەی گەورە و دواجار لەشێوەی کوو دەتا وەیان ڕاپەڕینی جەماوەری کۆتایی بە دەسەڵاتیان دێت، ڕەنگە لە هەندێ باری تایبەتی،، بەهۆی هیزی کاریگەری دەوڵەتانی هەرێمی و دەرەوە بتوانن ببنە هۆکاری لاواز بوون و دواتر کۆتایی پێهاتنی ماوەی سەرۆکایەتیان و لابردنیان.
ئەردۆگان هیچ لەسیاسەت نازانێ لەبەرئەوەی بڕیاری دا 10 باڵویز لە تورکیا دەربکا بە هەنجەتی ئەوەی دەستیان خستۆتە کاروو باری ناوخۆیی تورکیا. ئەم باڵوێزانە تەنها داوای ئازادکردنی چالاکوانێکیان داوە بە ناوی عوسمان کافانی کە ئەردۆگان بە نەیاری خۆی ئەزانێ و بەیەکێ لەو سەرکردانەی کوودەتای ساڵی 2016 بڕیاری زیندانی کردنی بۆ دەرکرد. ئەردۆگان بێ گوێدانە ئاکامی ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ کە ئەبێ باش بزانێ ئەوە جۆرێکە لە شێتی و خۆکووشتن ، دەنا ووڵاتێکی وەك ئەڵمان و ئەمریکا لەوەتی هەن چاویان نووقاندوە لەئاست هەموو تاوان و هەڵە و خراپەکاریەکانی دەوڵەوتی تورك بەرانبەر کورد و قوبرس و شوێنەکانی تر، کەچی ئەم دیکتاتۆرە دێت و بڕیاری دەرکردنی باڵوێزی ئەمریکا و ئەڵمانیا و کەنەدا و چەند ووڵاتێکی تری ئەوروپی ، دەرئەکا.
ئەردۆگان هەرچیەك بکا ناتوانێ بەگ بە مێژوو دابنێ و بمان گەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی سەردەمی عوسمانی و خۆی وەك والی و سوڵتان بئافرینێ.. سەردەم گۆڕاوە و ئەو جۆرە هزراندنە تەواو لەگەڵ ئەم سەردەمە ناگونجێ و کەس پێی هەزم ناکرێ. لەبەرئەوە مل نەدان بە دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی و مافی پێکەوە ژیان ، مانای کۆتایی هێنانە بۆ خۆی و دەسەڵاتەکەی.. دواجار تورکیا هەمان چارەنووسی ووڵاتە دیکتاتۆرەکان چاوەڕوانیەتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە