پیاوەکانی بارزانی لە شنو داوادەکەن خەڵکی دەستبداتە چەک، تا رۆژهەڵات ببێتە گۆمی خوێن


هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌چێت بۆ پاریس

Tuesday, 10.26.2021, 16:12

1672 بینراوە


جانتا پڕ هه‌ناره‌كه‌ی كونسڵی فه‌ڕه‌نسا كه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ پاریس ، ره‌نگه‌ سه‌رنجی زۆربه‌مانی راكێشابێت ، ئۆلیڤیه‌ هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه‌ی بردوه‌ته‌وه‌ بۆ پاریسی هونه‌رو جوانی ، هه‌ڵبه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌ له‌و هه‌ناره‌ جوانتری هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر من بمزانیبا لانی كه‌م ده‌مبرده‌ لای جوتیارێكی ده‌ستڕه‌نگینی وه‌ك حاجی حامید كه‌ له‌ نزیك سیروان و له‌ ته‌په‌كوڕه‌ له‌ خه‌می پێشخستنی كشت و كاڵ و كه‌لتورو فه‌رهه‌نگدا ده‌یه‌وێت ئه‌فراندن بكات و هه‌ر لای ئه‌و من بۆ یه‌كه‌مجار باینجانی زه‌ردو سپیشم بینی ، بۆ من بردنه‌وه‌ی هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن ئۆلیڤیه‌ دیكۆنتینیۆوه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی جێی ستایشه‌ و سوپاسی ده‌كه‌م كه‌ لانی كه‌م ده‌یه‌وێت له‌ڕێی هه‌ناریشه‌وه‌ بێت چیرۆكی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ پاریسیه‌كانی هاوڕێی و خانه‌واده‌ی بگێڕێته‌وه‌ ، لێ‌ له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌ بوو له‌ ته‌ك بردنه‌وه‌ی هه‌ناره‌كه‌دا چه‌ند وێنه‌یه‌كی عومه‌ری خاوه‌رو كۆرپه‌كه‌ی بۆ هاوڕێ‌ و كه‌س و كاری بردباوه‌ .
پاریس بۆ من ماناو وێنه‌یه‌كی جیاوازتری هه‌یه‌ له‌ هه‌ر شارێكی تری دنیا ، من جگه‌ له‌وه‌ی خۆم یه‌ك دوو رۆژی كه‌م له‌ پاریسدا ماومه‌ته‌وه‌ ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ رێی هه‌ڵنانه‌كه‌ی هاشم ساڵحه‌وه‌ پاریسم لا جوانتر بووه‌ ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ سه‌راسیمه‌ی من بۆ شیعره‌كانی ئارسۆر رامبۆ ، هه‌روه‌ها  پاریس دوازێدی هه‌ر یه‌ك له‌ گۆنه‌ی ، كایه‌و ساكینه‌و هاوڕێكانیشێتی ، ئه‌مانه‌ هه‌موو جۆرێك له‌ گرێدراوی منی به‌و شاره‌وه‌ به‌ستوه‌ ، گه‌رچی هێشتا پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كه‌م بۆچی پاریس به‌ هه‌مان به‌ ده‌نگه‌وه‌ چوونی ئه‌رمه‌ن به‌ ده‌نگ شه‌ریف پاشای خه‌ندانه‌وه‌ نه‌چوو ، بردنی هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ئه‌وێ‌ ، ئه‌گه‌ر له‌ گه‌ڵیدا ئازاره‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ ، فرمێسكه‌كانی ئاراس عابد و ، شیعره‌كانی عومه‌ر عه‌بدول و گۆریان وبرایم هه‌ورامی ، هه‌روه‌ها خه‌مه‌كانی هۆشیاری مینی بردباوه‌ ، ده‌كرا ئه‌وه‌ ببوایه‌ته‌ پردێكی گرنگ له‌ نێوان پاریس و هه‌ڵه‌بجه‌دا .
به‌ هیوام رۆژێك بێت به‌ڕێز ئۆلیڤیه‌ ئه‌و پردی په‌یوه‌ندیه‌ دروست كات ، هه‌ڵبه‌ت بونی كونسڵ له‌ هه‌ر شارو شوێنێكی دنیا هه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ سه‌روی خۆی له‌ دۆخی سیاسی و روداوه‌كانی ناوچه‌ ئاگادار كاته‌وه‌ ، ده‌كرێت ببێته‌ پردێكی په‌یوه‌ندی گه‌وره‌ی نێوان كه‌لتوره‌كانیش ، هه‌ڵه‌بجه‌ چیرۆك و داستانی شیرین و خه‌مناكی زۆری هه‌یه‌ ، با خه‌ڵكی پاریسیش كه‌مێك ئه‌و چیرۆكانه‌ ببینن ، له‌ هه‌مووشی بایه‌خدار تر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مجاره‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بچێت بۆ پاریس ، چونكه‌ هێشتا له‌ به‌غدا برینه‌كانی وه‌ك پێویست نابینرێن .