زۆر سوپاس بۆ دار و بەرد و ڕەنگ و ڕووی دادگا کەتان، ڕووە زەردییەکەی گۆڕاوە بۆ پرتەقاڵییەکی زەرد باو. (چونکە دادگای سەروەر دەبێت ڕەنگ و ڕوو سوور و بێلایەن و سەربەرز بێ).
زۆر سوپاس بۆ دادوەرە بەڕێزەکان، کە توانیان بڕیارێکی دروستی نادروستی نا کامڵی نوقستانی بێ تام و بێ بۆ هەڵکرووزێنن، تا کەمێک دەسەڵات لەو قوڕاوەدا، دەربهێنن.
چش لەو ساڵەی تەمەنیان کە لە خراپترین گۆشەی وڵات تێیان پەڕاند، بە بێ قەرەبوو. چش لە ساڵێکی گریانی مناڵ و دێوەزمەی خەوی ناخۆش و فیغانی دایک و باوک و خوشک و برا و جەژنەکانی خەمۆکی، بە بێ قەرەبوو. چش لە هەڕەشە و گوڕەشە و جنێو و ئەشکەنجەکانی بێ قەرەبوو. چش لە بێ نانی و بێ ئاوی و ئازاری جەستەیی و دەرونی و گازگرتنی پلایس و کێبڵی کارەبایی و فەلاقەی سۆندەی دوای تەڕکردن، بە بێ قەرەبوو. چش لە ساڵێکی مانگرتن و بەدخۆراکی بوون و خۆپیشاندان و ناڕەزایی و ...هتد، بە بێ قەرەبوو.