فشنبیرانی زۆنی زەرد و سەوز وەک مەکینەی بەرھەمھێنانی درۆ

Friday, 10.29.2021, 15:27

2711 بینراوە


مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت: " ھەر کە حوکومەتی عێراقی ھەستی کرد بیری کوردایەتی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە، لە تەشەکردن و گەشەکردندایە بەرەو باشووری کوردستان، دەستی کرد بە کڕینی تووتنی جوتیاران، جووتیار ھەبوو، گژووگیا و چیلکەی دەبرد و بە تووتنی سامسۆن بۆیان دەقەبڵاند و پڕ بەپشتێنەکەی پارەیان پێدەدا".
لەو ڕۆژەوە کە کوردایەتی ( تێکۆشان بۆ ئازادی و دادپەروەری، نیشتمانیی کورد)، کەوتە دەست بازرگانەکانی کوردایەتی، کۆمپانیای سیاسی دوای کۆمپانیای سیاسیان دامەزراند و ئەو خەڵکەش کە ھەر بەو گیانەوە تێکۆشا و بەئاواتی ئەوەی کە ڕۆژێک ئازادییان بۆ بەدی دێنن، لە خۆیان و ژیان و خوێنیان بووردن، تا خۆیان وێران کرد وکۆمپانیاکانی ئەوانیش ئاوەدان.
ئێمە لە باشووردا، بەناو سیاسەتمەدارمان ھەیە، ئەوسا و ئێستاش لەگەڵدا بووە و لە ڕیزی هەرە پێشەوەیش بووە، لێدوانێکی نابیستی کە نەڵێت: بەداخەوە دەبوو ئاوامان بکردایە، لە نموونەیان  د. مەحموود عوسمان.
من جارێک لە پێشمەرگەی کوردستانی، کاک قادر خەباتم پرسی: کاک خەبات لەم ھەموو ساڵانەی تێکۆشانتدا، چی ھەیە کە خۆزگە دەخوازی جۆرێکی تر بتکردایە؟!
وتی: "ھیچم نییە، تەنیا شتێ کە لە دڵمدا ماوە، ئەوەیە وەک دەبوو، نەمتوانی خزمەت بە نەتەوەکەم بکەم".
باشە د. عوسمانەکان، ئەو میللەتە، کاتێ ئێوە دەنێرێتە بەغدا، بۆ ئەوەیە لە بێ ئیشی ڕزگارتان بکات و ئیشێکی باشتان بۆ پەیدا بکات؟!.
شوورەیی نییە، دوای ئەو ھەموو ساڵە نەزانن بۆ لە بەغدان و دەبێ چی بکەن؟!.
عەیب نییە مرۆڤ پاش ئەوەی کارەکەی گەنگ کردووە، ڕوو لە میللەتەکەی بکات و بڵێت: بە داخەوە دەبوو وا بکەین؟!.
ھەر سیاسەتمەدارێکی کورد، بڵێت: بەداخەوە، دەبوو وا بکەین، ئەوە لە بەر گەندەڵی فکر، پەیوەندییە گەندەڵییەکانی و خەریک بوون بە خۆیەوە، ئەرکە کوردستانییەکی ئەنجام نەداوە وفەرامۆشی کردووە و فرۆشتوویەتی، ئێستا بۆ تەفرەدانی میللەت، قسەی باق و بریق دەکات.
گەل دەبێت دادگایی ئەم کەسانە بکات، نەک بە ناوی سیاسەتمەداری گەورەی کوردەوە، کەناڵە تەلەڤزیۆنییە نەخوێندەوارەکان لە میللەتەکەیان بکەن بە ڕۆستەمی زاڵ و چەرچێڵ و ھۆشی مینە!!.
دەستەیەکی گەورە لە فشنبیرایی حیزبەکان، پەیدا بوون، ھەر لە نەزانییەوە و بۆ دەسکەوتی چەور، کە زۆرجاران، ئەگەر بەریشیان بکەوێت، دەبێ بە بنكڕەکەش ڕازی بن، قەپاڵی گەورە دەگرن و بۆ گێلکردن و دڵخۆشی دانەوەی خۆیان، خەونی سەیر و سەمەرە دەبینن.
ھومێ خۆشناو: " پاریس دەستە خوشکی ھەولێرە".
کاک خۆشناو لە ھەولێرەوە پێی وایە، پاریس، شەقامی سەت مەتری و ماجدی مۆڵە!!.
سۆران جەمال تایەر: " حیزبی سوسیال دیموکراتی ئەڵمانیا دەستەخوشکی یەکێتییە " 
کاک سۆران پێی وایە، سوسیال دیمۆکراتەکانی ئەڵمانیا، حیزبن و لە ھەر سەری کۆڵانێکدا چایخانەیەکیان بۆسوسیالیزم و دیموکراسی بەڕێخستووە.
ئەڵمانەکان تەنانەت لە سەردەمی ھێتلەریشدا، داوای تۆمارکردنی ١٣٦٠٠٠ داھێنانی نوێیان پێشکەش بەفەرمانگەی تۆمارکردنی داھێنان کردبوو!!.
باشتر بوو پرسێکت بە کاکە حەمەی حاجی مەحموود بکردبایە، خۆ ئەویش، کۆمپانیای سوسیال دیمۆکراتی ھەیە، بۆ ئەوەندە دوور ڕۆیشتوویت!!.
• دەستەخوشک لە زمانی کوردیدا
لە زمانی کوردیدا ( سیاسی، دبلۆماسی) دەستەخوشک ھیچ مانایەکی نییە.
دەستەخوشک، دوو ژن یا دوو کچن، کە لە ڕۆژێکدا زیاتر لە نیوەی ڕۆژەکە پێکەوەن و زۆر جاران جل و مۆدێلی قژو جانتا و پێڵاوەکانیشیان وەک یەکە.
دوو زۆنی زەرد و سەوز وەک مەکینەی ڕستنی قسە و بەرھەمھێنانی درۆ، کۆمەڵێک فشنبیر و مامۆستای زانکۆی نەخوێندەواریان، بەرداوەتە گیان و فکری ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە باشووری نیشتماندا و چیلکە و چەوێڵ بە تووتنی سامسۆن بە خەڵک دەفرۆشنەوە سامان و قوتی منداڵەکانیان دەدزن و سیاسەتەکەی ئەو سەرەتایانەی حوکومەتی عێراق جێبەجێ دەکەن، کە ڕێگرن لەگەشەی فکریی و گیانی ئازادیخوازیی و کوردستانیی لاوەکانە.
ئەوەی بۆتە مۆتەکەی سەرشانی حوکومەت و سەرکردەیەتی حیزبەکان لە باشووردا، ئەو ترسیە لە گەلەکەمان کەڕۆژێک ێخەیان دەگرێت و بە دادگای گەلیان دەسپێرێ، پەلەقاژەی سەرکردەیەتی حیزبەکان لە باشووردا، بۆئێمزاکردنی پەیمان نامە و قەواڵەی ھەرزان فرۆشتنی خاکی باشوور و پەلکێشکردنیان بۆ سەر دڵی نەتەوەکە، بەئومێدی ڕەواندنەوەی ئەو ترسەیانە لە گەل.
 ئێوە بە وردی گوێ لە لێدوان و قسەکانیان بگرن، بزانن چۆن، شاخ و باڵ بۆ دەزگا سیخوڕییەکان و لەشکری دوژمنانی کورد دروست دەکەن و دەیانەوێ گەل بترسێنن و چاو بەژێر و ئیرادەی خەڵک ورد بکەن و پڕووپاگەندەی ئەوە دەکەن، کە ئەمە واقعە و ئەو واقعەش بە کەس ناگۆڕدرێت!!.
بڕوانن، ھەموو ھێزی چەکدار و دەزگا ھەواڵگرییەکانیان، تەنیا و تەنیا بۆ ڕاونان و تیرۆرکردنی ئازادیخوازانی کوردە لە باشووردا و پاراستنی خێزانەکانی خۆیانە، ئەوان ئەگەر گەنکار و نیشتمان فرۆش و  ئەجندای دوژمنان جێبەجێ ناکەن، لێشیان ڕوونە کە گەل ئەم ڕاستیانە دەزانێ، بۆ لە نیشتمان و ناو گەلی خۆیاندا، تەنیا لە ناو ئوتۆمۆبیلی گوللە نەبڕ و جامخانە و شاشەی تێڤێکانی خۆیانەوە دەیانبینیت؟!!.
تاکە پەیوەندی سەرکردەیەتی کورد بەنەتەوەکەوە لە باشووردا کە ماوە، تەنها ئەو کات وهۆڵەی دادگایە، کە ڕۆژبەڕۆژ نزیکتر و نزیکتر دەبێتەوە لێیان. 
ئەم پێچەش تەواو دەبێت، لە داگایەکی فراوانی گەلدا، لە وێدا گەل لێپرسینەوە، لە ورد و درەشتەکان دەکات، ستەم لەکەس ناکات و ھەموو کەس حەقی کارەکانی خۆی وەردەگرێ.
مافێک ھەیە ناوی مافی گشتە، لە دادگای ئایندەی گەلی ئێمەدا، ئەو دادوەر و ئەو سەروەر دەبێت.
سەرنجەکان/
مامۆستا مەسعوود محەمەد: بۆ ئەمیری حەسەن پوور لە ھەر کوێێیەک بێت.
قادر خەبات: تێکۆشەرێکی کوردستانیی فرە دڵسۆزیی نەتەوەی کورد، تەنیا تێکۆشەر و سیاسەتمەدار بوو، کەنامە بەناوبانگەکەی بۆ ڕێبەری بزووتنەوەی نوێی نەتەوەکەمان ( ئاپۆ) نارد و داوای لێکرد بێتە قەندیل و خۆی ئامادەکرد، بۆ دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی بەرگریی و پێشوازیی کردنی.
فشنبیر: وشەیەکی شاعیری گەل، مامۆستا پەشێوە و پڕاوپڕیی کار و پیشەی فشنبیرە حیزبییەکانە.