وێنەی پاشا لە توالێتدا

Saturday, 10.30.2021, 23:17

1301 بینراوە


ڕەنگە ئەگەر لە نەرویجییەک بپرسیت: بۆچی پاشاتان وەها خۆش ئەوێ؟ کەس نەتوانێ وەڵامێکت بداتەوە کە تینوێتیت پێی بشکێت. گەر بشپرسیت، ئەبێ سوودی هەبوونی پاشایەکی تەشریفاتی بێدەسەڵات، لە سیستمێکی دیموکراسی 24 عەیار چی بێت؟ ڕەنگە هەبن بڵێن: لەبەر ئەوەی کۆکەرەوەی هەمووانە. هەندێکی دێکەش بڵێن: خێزانی پاشایەتی نمایندەیەکی باشی نەرویج ئەکەن لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا. هەشبن بڵێن وەکو سیمبولێک پێویستمانن و بە گاڵتەشەوە بڵێن: پێمان خۆشە لە هەموو 17 ی ئایارێکدا و لە ڕۆژی بوون بە خاوەنی سەروەری و دەستور، لە بەلەکۆنەی کۆشکەکەیانەوە، خێزانی پاشا ببینین دەست بەرزبکەنەوە و سڵاومان لێ بکەن. لەم وەڵامانەش جدیتر ئەوەیە کە خێزانی پاشاکان لە مێژوودا ڕێزلێگیراو بوون و ئەمە وەکو کولتورێک ماوەتەوە. دوای ئەوە ڕەنگە باشترین پاشای دونیا خێزانی پاشایەتی نەرویج بووبێت بۆ میللەتەکەی. ڕەنگە بشڵێن: بیرمان نەچێت لە کاتی هاتنی نازییەکاندا، پاشای نەرویج بوو کە پێشنیاری نازییەکانی قبووڵ نەکرد، تا بە بێ شەڕ نەرویجیان ڕادەست بکات و حکومەت و دەسەڵاتێکی پاشکۆی نازی دابمەزرێنن. بە مەش دەکرا خۆی و خێزان و کۆشکەکەشی بە پێوە بمێنن. پاشا بێ دوو دڵی وەڵامی نازییەکانی بە نەخێر دایەوە. لەو ڕۆژگارەوە ئەو بڕیارە بە (نەخێرەکەی پاشا) ناسراوە. هەر ئەمەش بوو وای کرد، گەلی نەرویج ڕوو بە ڕووی نازییەکان ببنەوە و شەڕی پارتیزانییان بکەن و گەلێ زەرەری مادی و گیانی بە نازییەکان بگەیێنن. کە تا ئێستاش پاشماوەی کەشتییەکانیان وا لە ژێر دەریاکانی نەرویجە. هەرچەندە دواجار حکومەتی ئەو دەم، بڕیاری داوە کە خێزانی پاشا لە ڕێگەی دەریاوە ڕوو بکەنە لەندەن. بەڵام پاشا و خێزانەکەی دواتر و لە دوای کۆتایی هاتنی نازییەکان، بێ زیاد و کەم بە خۆیان و پارەکانی نەرویجەوە، دەگەڕێنێتەوە و لە دەست بە سەراگرتن دەیانپارێزن. پاشای نەرویج خاوەن چاکەیە و هیچ کردەوەیەکی خراپی دەرهەق بە میللەتەکەی نیە. دەوڵەتیش چاوپۆشی لە هیچ هەڵەیەکی ناکات. بۆ نموونە، پاشای ئێستای نەرویج لە ساڵی 2003 دا لە شەقامێکی زۆنی تیژڕەوی 60 دا، بە تیژی 70 لێیخوڕی. دواتر پۆلیس ڕایگرت و سزای دا، وەکو هەر کەسێکی دیکەی ئاسایی. بۆیە دەبێت چاوەڕوان بی هەر ئەم پۆلیسە ڕێزی پاشا بگرێ و خۆشیشی بوێ.
بیرمە لە ساڵی هەشتاکان لە شاری کەرکوکدا، دەبوو هەر خاوەن دوکان و فرۆشگایەک وێنەیەکی سەددامی لە چوارچێوە گیراو لە دوکانەکەی هەڵواسێت. موختاری گەڕەک و بەرپرسەکانی بەعسی گەڕەکیش کاریان ئەوە بوو چاودێری ئەم شتە بکەن. کوردەکانیش بە سروشتی خۆیان پێویستی نەکردایە هەڵیاننەئەواسی. واتا هەر بۆ دوورکەوتنەوە لە تەنگ و چەڵەمەی بەعسییەکان و چاوبەستەگی ئەم کارەیان ئەکرد. نەنکم دوکانی وردەفرۆشی و بایەعی هەبوو. وێنەیەکی سەددامی هەمیشە لە ژێر مێزی تەرازووەکە دانابوو. هەندێ جار هەڵیدەواسی و زۆربەی جاریش‌ بە دەم دوعای مەرگییەوە، تفی لێ ئەکرد و هەر خۆیشی دواجار بە ناچاری شووشەی وێنەکەی ئەسڕییەوە. هەمووان هۆکاری ڕقی ئێمەو تفی نەنکم لە وێنەکەی سەددام، ئەزانین کە چی بوو.
جا ئەگەر تا ڕاپەڕین بە کاڵی و کوڵاوی یەک وێنەی سەپاوی سەرۆک هەبوو، ئەوا ئەمڕۆ وێنەی سەرۆکەکان و کوڕانی سەرۆکەکان هێندە زۆرن بەشی دار و بەردی ئەم وڵاتە ئەکەن کە دایپۆشن. ئەمڕۆ لە کوردستان نەک لە هەر شارێک وێنەیەک موقەدەسە، بگرە لە هەر گرد و تەپۆڵکەی هەر شارێک وێنەیەکی تایبەتی موقەدەسە. قودسییەتی وێنەی سەرۆک و سەرگەورە و سیاسیەکانی کورد، نە لە چاکییانە و نە لە پای خەبات و خێریانە، بگرە بە زەبری پارە و مووچە و ئیمتیازاتە، ئەویش لە پارەی گەندەڵی و پیس خۆری. جا وای لێ هاتووە کام سەرۆک و کام سەرکردە پارەی زۆر بدات، وێنەی ئەو ئەبێ بە پرۆفایل و لە چوارچێوە ئەگیرێ و ئەنەخشێنرێ. تۆ بڕوانە لە وەزعی حزبەکانی کوردستان، خەڵکانێک ئەبینیت پێشتر وێنەی سەرگەورەی حزبێکیان کردبووە پڕۆفایل و لە ژێریدا نووسیبوویان: من بمرم و تۆ بژیت. ئەمڕۆ پرۆفایلەکەیان ڕەنگێکی دیکە و وێنەی سەرۆکی حزبی نەیار و دوژمنی دوێنێی پێوەیەوە و باقی تەمەنی بە قوربانی ئەم ئەکات. مەگەر لە خۆیان بپرسین چەنت وەرگرتووە بۆ ئەم وێنەیەش؟
بەڕای من پاشایەک و سەرۆکێک و سەرگەورەیەک شایەنی ڕێزە، کە خەڵکەکەی خۆرسکانە، بە هەژار و دەوڵەمەندەوە، بە لایەنگر و بێ لایەنەوە وێنەی بپارێزن و هەڵیواسن، نەک بە پارە، یاخود لە ژێر فشاری هەڕەشە و ترس، وەک وێنەی سەددام کە نەنکم بە دزییەوە تفی تێ ئەگرت و کابرا عەرەبەکەی بەغداش لە گەڵ کەوتنی بتەکەدا، وێنەی سەرۆکی لە ماڵەکی هێنایە خوارەوە و وەک بێ ڕێزی کردن، دایە بەر نەعل بە بەرچاوی کامێراکانەوە. 
ماوەیەک بەر لە ئێستا لە شوێنێکدا دوو توالێتی سەفەریم بینی. تەماشام کرد وێنەی پاشا و پاشاژنی نەرویج لە ناویاندا هەڵواسرابوو. بەبەر خۆمەوە وتم: خۆشەویستی پاشا لە کوێ و ئەم بێ ڕێزییە لە کوێ؟ بەڵام دواتر بە درێژی لە بارەیەوە خوێندمەوە. بۆم دەرکەوت کە هەڵواسینی وێنەی خێزانی پاشایەتی نەرویج لە نێو توالێتدا کولتورێکە و بۆ ڕێزلێنانە لەوان نەک بێڕێزی چونکە:-
بەر لە نزیکەی سەد و پەنجا ساڵێک کاتێک وردە وردە ڕۆژنامە و گۆڤار داهاتن لە نەرویج و لە چاپ دران. خەڵکی لە توالێتەکاندا پاشەڵیان بە کاغەزی ڕۆژنامە و گۆڤار ئەسڕی. چونکە هەموو کات لە بەر هەژاری دەسڕە کاغەزی پاشەڵ سڕین بەردەست نەبوو.  لەو کاتەدا گەر وێنەی پاشا و خێزانەکەیان بەرچاو بکەوتایە، لە ڕێز و خۆشەویستییان بۆ پاشا و خێزانەکەی، وێنەکەیان جیا ئەکردەوە لە پەنا خۆیان هەڵیان ئەواسی و بە پاشماوەی ڕۆژنامەکەش پاشەڵیان ئەسڕی. ئیتر ئەمە بوو بە کولتور و مایەوە. هەر بۆیە پێت سەیر نەبێ گەر جارێک لە جارەکان وێنەی خێزانی پاشایەتی نەرویجت بینی لە توالێتدا، ئەوە بێ ڕێزی نیە. ماوەتەوە بڵێم کە هیوادار نیم ڕۆژێک دابێت کورد کاری بە ڕۆژنامە بێت بۆ پاشەڵ سڕین، چونکە سەرکردە و سەرگەورەکان هێندەیان بێڕێزی بە میللەتی کورد کردووە کە بێ یەک و دوو پاشەڵی خۆیان بە وێنەکان جوان پێ ئەسڕی.