بیرکردنەوە بە عەقڵی خۆمان

Tuesday, 11.02.2021, 21:54

1100 بینراوە


بیرکردنەوە پێشکەوتووترین و ناوازەترین کردارە ، کە مێشکی مرۆڤ پێی هەڵدەستێت ، بە مەبەستی تێگەیشتن لە جیهان و ئەو دەورووبەرەی تێیدا دەژی و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو ، بۆ کیشەکانی و گەیشتن بە هیوا و ئامانجەکانی .  دیارە تا مرۆڤیش بە ئاگا و زیندووبێت ، ئەم کردارەش لە مێشکدا بەردەوامی هەیە و کۆتایی نایە .  بێگومان بە پێی جموجۆڵەکانی مێشکیش ، بیرکردنەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە .  پاشان بیرکردنەوەی ڕەخنەییش ( التفکیر الناقد )  ، بیرکردنەوەیەکی ژیرانەی بەکارهێنانی عەقڵە ، دوور لە سۆز و باوەڕ و بۆچوونی کەسانی تر . بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری ورد ، دەربارەی بابەتێکی دیاریکراو ، کە لەبەر ڕۆشنایی عەقڵی خۆماندا ، ڕەخنەگرانە سەیری دەکەین ، تا بگەین بە ڕاستی و دروستی ئەو بابەتە .  ئەمەش فیرمان دەکات ، کوێرانە هیچ شتێک لە ژێر کاریگەری سۆز و بۆچوونی بێ بنەما و باوەڕی کۆن و نەگۆڕی کەسانی تردا پەسەند نەکەین و نەکەوینە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگا و پڕوپاگەندە و قسەی زلی ئەو سیاسییە تەپۆ و تەمبەڵانەی توانای بیرکردنەوەیان نییە ،  یان لە پێناوی دەستکەوت و بەرژەوەندی تایبەتییدا عەقڵی خۆیان سڕکردووە .  هەروەها فێرمان دەکات چۆن بۆ چارەسەرکردنی کیشە و گرفتەکانی ئەمڕۆمان سوود لە مێژووی کارەساتەکانی ڕابووردوومان وەربگرین .  پاشان ڕزگاربوونە لە کۆیلایەتی و دوورکەوتنەوەیە لەو  بیروباوەڕە باو و بڵاوانەی ، کە بەرهەمێکییان نەبووە و نەیانتوانیوە گۆڕانکاری بکەن و یەک بکەن بە دوو .  واتە پەسندکردنی باش و ڕەتکردنەوەی خراپ .  تا لە ئەنجامدا بگەین بە  بڕیارێکی ڕاست و دروست .  لەم باریەوە زانای گەورەی کورد مامۆستا مەسعود محەمەد دەفەرموێت : ( مرۆڤ نابێ جڵەوی عەقڵی خۆی بداتە دەست عەقڵ و ئارەزووی کەسانی تر ) .  هەر بۆیە پێویستە خۆمان لەسەر بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ڕابهێنیین و بەردەوام پەرەی پێبدەین  ، تا بتوانیین  ئەوەی تەنها بە چاوی خۆمان دەیبینیین و بە گوێجکەکانی خۆمان دەیبیستیین بخەینە ژێر پرسیار و وردبینی عەقڵی خۆمانەوە ، نەک وردبینی و بۆچوونی کۆمەڵگا و کەسانی زۆرزانی هەلپەرست و ئەوانەی توانای بیرکردنەوەیان نییە . چونکە بیرکردنەوەی ڕاست ، دەمانگەیەنێتە سەرکەوتن و بیرکردنەوەی چەوتیش ، ڕووبەڕووی ئاکامێکی خراپی بێ ئەنجامی وەک ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردیمان دەکاتەوە .  بێگومان بیرکردنەوەی هەڵەش هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە ، کە بە گشتی بریتین لە : ١ -  زاڵبوونی سۆز بەسەر عەقڵدا . ٢ -  باوڕهێنانی خێرا بە بانگاشە و  درۆ و خرافات و ئەو باسانەی پێمان دەگات ، بەبێ ئەوەی ڕەخنەی لێبگرین و وردبوونەوەی تەواویان  بۆ بکەین .  ٣ -  پێداگرتن بۆ تەنها باوەڕێک ، یان لایەنگریی بۆ تەنها لایەنێک و ڕەتکردنەوەی هەموو باوەڕ و بۆچوونی لایەنەکانی تر ، کە دیارە ئاکامی ئەمجۆرە پێداگرییە کوێرایەنەیەش بە خراپ بە سەر خۆمان و کەسانی تر و کۆمەڵگادا دەشکێنەوە . ٤ -  گرنگی نەدان بە  بابەت و کێشەی چارەنوسساز . وەک کێشەی ناوچە داگیرکراوەکان و دواڕۆژی وڵات و میللەتەکەمان ، لە ژێر کاریگەریی و هەژموونی داگیرکەراندا ، کە هەمیشە سەرکردەکانییان دەست و دەم بەستکردووە .  
ئەوەی شایانی باسە بە گشتی کۆمەڵگای کوردی و بە تایبەتیش  سەرکردە و ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکان ، بە درێژایی مێژوو وەک پێویست گرنگییان بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی نەداوە و لەسەری ڕانەهاتوون ، بەڵکو گیرۆدەی دوو بیرکردنەوەی سەقەتی جیاواز بوون ، کە هۆکاری سەرەکی هەموو نسکۆ و شکست و بە فیڕۆدانی خەبات و خوێنی هەزاران هەزار شەهید و سەدان ساڵیشە ئێسقانی کـورد دە‌هاڕێت .  یەکەمیان :  بیرکردنەوەی ڕابەر و سەرۆکە خۆسەپێنەرەکانە ، کە تەنها خولیای گرتنە دەستی دەسەڵات و مانەوەی خۆیان و نەوەکانیان بوون ، ڕێگایان نەداوە کەسێک جیگایان بگرێتەوە ، توانیویانە زۆر زیرەکانە بە فیڵ و درۆ و پارە و  دروشمی کوردایەتی ، هەوادارانی خۆیان چاوبەست بکەن .  بەر لە مردنیشییان نەوەیەکی خۆیان بۆ جێگاکانییان ئامادەبکەن .. دووەمیشیان بیرکردنەوەی ئەندام و لایەنگران و سەرکردایەتی ئەو حیزبانەیە ، کە لە ژێر کاریگەریی سۆزی کوێرانە ، یان بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا  سەرۆکیان  وەک سەرۆکێکی زانا و زیرەک و تاقانەی بێ هاوتا زانیوە ، ئەگەر چیش بەردێکی نە خستبێتە سەر بەردێک ، یان هۆکاری دەیان کارەساتی وەک ئاشبەتاڵیش بووبێت . بەڵام لە هەموو هەنگاوێکدا هاوکار و پاڵپشتی بوون  ،  دوای مردنیشی نەوەیەکی ، ئەگەر ئەزموون و خەبات و پاشخانێکی فیکری ئەوتۆشی نەبووبێت ، یان دڵۆپێک ئارەقی بۆ نیشتمانەکەشی نەڕشتبێت ،  زۆر بە ئاسانی ڕێگایان بۆ چۆڵکردووە و لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دایان ناوە و عەقڵ و خەبات و  ڕیشی سپی خۆیانیان داوەتە دەستی و یاریان بە چارەنووسی ئەو میللەتە کڵۆڵە کردووە .  ئەمەش ڕێک وەک ئەوە وایە جنۆکە هاتبێ و دەستی لەو هەموو سیاسییە زرکانە وەشاندبێ و بە تەواوی عەقڵیانی جام کردبێ .  ئاخر ئەوەی سەرکردەی ڕاگرتووە و حیزبی کردووە بە حیزبێکی میراتی ، دەنگی ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەیە ، خۆ ئەگەر ئەوان بە چەپڵە و هاتوهاوارەوە  نەیکەنەوە بە سەرۆک ، بە ناچاری خۆی و نەوەکانی واز لە تەخت و بەختییان دەهێنن ، چونکە بە تەنها هیچیان بۆ ناکرێت . ئەوەتا هەر دوێنی بوو لە  هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عیراقدا ، گۆڕانخوازە دڵسۆزەکان  بە عەقڵی خۆیان بیریانکردەوە و دەنگیان بە کاندیدەکانی گۆڕان نەدا و گۆڕانیش نەیتوانی ببێت بە خاوەنی تەنها کورسییەک .  لە ژێر زەبری گەورە و گرانی ئەو دۆڕانەدا ، سەرکردەکانی گۆڕانی ناچارکرد بە کۆمەڵ دەست لە پۆستەکانیان بکێشنەوە ، بەبێ ئەوەی یادگارێکی جوان لە دوای خۆیانەوە بەجێ بهێڵن .  چونکە دەنگ نەدان بە پاڵێوراوەکانی گۆڕان ، ڕاستەوخۆ نیشانەی لەبیرچوونەوە و لەبیرنەمانی نەوشیروان مستەفا و دەنگ نەدان بوو بە رێکخەر و خانەی ڕاپەڕاندنەکەیان ، کە جڵەو و ڕیشی خۆیان دابووە دەستی کوڕە ملیونەرەکانی نەوشیروان و بەردەوام وەک مڵە لەسەر حسێبی ڕەنج و خەباتی خەڵکی ، هەموو خەون و خولیا و سیاسەتێکیان تەنها  وەرگرتنی پلە و پۆست بوو  ، بەمەش   هەزارانییان ڕەنج بە خەسارکرد .  هەر بۆیە ئەگەر ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبانە ، بە عەقڵی خۆیان بیربکەنەوە ، دەتوانن هەموو دیکتاتۆر و سەرکردەیەکی تاقانەی خۆسەپێنەر ، بە ناچاری تووشی ئاشبەتاڵ بکەن و بیانکەن بە بەشێک لە ڕابوردوو ...  لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵیم : هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عیراق و دابەزینی دەنگی هەموو حیزبەکان ، ئەوەی بۆ دەرخستیین ، لە کۆمەڵگاکەماندا ، توێژێکی زیرەک و دڵسۆزی نیشتمان پەروەر پەیدابوون ، کە ڕەخنەگرانە بیردەکەنەوە و کوێرانە و سۆزەکی دوای کەس ناکەون و هەموو هەنگاوێک لەبەر ڕۆشنایی عەقڵی ڕووناکی خۆیاندا دەنێین ، ئەمەش دیاردەیەکی هیوا بەخشە و تۆوی بڕوا لە دڵدا دەچێنێ و سەرەتای گۆڕانکارییەکی ئێجگار گــەورەیـــە .
********

تێبینی : بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە .