ئەوان پێویستیان بە چارەسەرە

Tuesday, 02/11/2021, 18:09

3627 بینراوە


لەم ڕۆژانەی ڕابووردوودا، لەو شوێنەی کە ناوی ( پەرلەمانی کوردستان)ە !! قسەگەلێک کران و وتران کە شایان بەنەتەوەیەکی ئازادیخوازیی وەک کورد نین، ھەڵبەتە جێگاکە خۆی جێگایەکی کۆنی سەردەمی ڕژێمی ڕابووردووە.
سەرکردەیەتی حیزبەکانی باشوور، نەتەوەکەیان بە شایانی ئەوە نەزانی، کە باڵەخانەیەکی نوێ، ھیچ نەبێت تا 
لەڕووی مەعنەوییەوە مانایەکی تری ھەبێت، دروست بکەن بۆ پەرلەمانی نەتەوەیەکی شەھیدکراو!!.
سەدان باڵەخانەی ڕەنگاوڕەنگیان، بۆ سەرۆک حیزب و بەرپرس و کوڕ و کچیان و یاری کۆن و دۆستی تازەی خۆیان و منداڵەکانیان دروست کرد.
تەنانەت بۆ سوزانیی و مۆدیلە ھێنراوە بێیانییەکانیش، ئەپارتمان و باخ و سەیرانگایان ڕازاندەوە، باوکەکان ھەمووسەرگردەکانیان گرت و منداڵەکانیشیان داوێنی چیا و کەناری دەریاچە و ڕەز و باخەکان.
ئێوە ھەمووتان، بینەر و بیسەری، دەیان چیرۆک و سەربووردەی، وێرانکردنی نیشتمان و مرۆڤی کوردن، 
بۆ نموونە: تێ ھەڵدان، دارکاریی و هەڵکووتانە سەر کەس و ماڵانای خەڵکی شار و گوندەکان...ھتد. 
سوکایەتی پێکردن بە جەستە و دەروونی تاکی کورد، بۆتە بەشێک لە ڕابوواردنی کچان و کوڕانی بەرپرسەکان،
وەک دەڵێن: مەزەی شەرابی شەوان و جەفەنگی ڕۆژەکانیان.
ڕابوواردن بە بەردەست و پاسەوان و باخەوان و گۆشتبرژێن و پیاوەکانیان، سەرگەرم و دڵخۆشیان دەکات و 
مایەیقاقای پێکەنینیان.
جوێندان و سوکایەتی کردن بە مرۆڤبوونی تاکی کورد، دەردی ئێستا نییە، لەو ھەڵاوبگرەوبێنانەشدا کە پێیاندەووت شۆڕش، زۆرمان بینی و زۆرمان ژنەڤت کە چۆن سەرکردە و بەرپرس، دادەباری بەسەر پێشمەرگەدا وجوێنی 
دایک و باوک و خوشک و ژنی لە دەم دەھاتە دەر، وەک ئەوەی ئەو کوڕە لاوە کە گیانی خستبووە سەر لەپی دەستی ئەم خەلقی کردبێ و قەرزارباری باپیرەی ئەو بێی و لە ناچارییدا بووبێتە نۆکەری ئەم کە لە زۆرحاڵەتەکاندا، بەھەموو شتێک، بە فکر، بە ڕەوشت، بە تێکۆشان، بە خۆشەویستی پاک بۆ ئازادی نەتەوە و نیشتمان،پێشمەرگەکە سەد بارتەقای کابرای سەرکردە، باڵاتر بوو. چوونکە ڕیسکی خیانەتکردن بە ئامانجی نەتەوەکە، لای بەرپرسانی حیزبەکان، زۆر زیاترە تا پێشمەرگەیەکی سادە، کە بکەوێتە ناو ئەو زەلکاوەوە، ئەزموون و مێژووی سەرکردە و بەرپرسەکانی باشوور و ڕۆژھەڵات ئەمەمانبۆ دەگێڕنەوە.
یادی ھەموو ئەو ھاوڕێیانەی، کە ستەمی دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەست و گیانی ئازادیخوازیی بۆ 
سەربەخۆیی گەل، ناچاری کردن چەک ھەڵبگرن و ڕەفتاری ناشایستەی سەرکردایەتی حیزب ناچاری کردن 
چەک فڕێ بدەن ولەبەینی ئەم دوو بەرداشەشدا بوونە قوربانی، چ بە گەڕانەوەیان بێت بۆ ژێر ستەمی دەسەڵاتی 
نەتەوەی سەردەست، یا سەرچڵی کردن لە بەرەکانی جەنگدا بۆ ڕزگار بوون لەم ژیانە پووچەی تێی کەوتبوون، یا کۆتایی ھێنان بە ژیانی خۆیان، وەک کاردانەوەیەک دژ بە ڕەفتاری سەرکردەیەتی حیزب، تارمایی ئەو تاوانە زۆرانەن، کە بە ناوی ڕزگاریی کوردەوە سەرکردەیەتی حیزبەکان لە لاوانی کوردیان کردن.
ھەمووتان مێژووی حیزبەکانتان بەجۆرێک خوێندۆتەوە و  لە باوان و ھاوڕێیانی خۆتانتان بیستووە کە 
سەرەتای شۆڕشی چەکداریی لە باشووردا، بە تیاچوونی باشترین کەسایەتییەکانی نەتەوەکە دەستی پێکرد، چ 
ئەوانەی ڕاستەوخۆ کەوتنە بۆسەکانی دوژمنەوە، چ ئەوانەی سەرکردەیەتی حیزبەکان بۆ مەرامی دروونیی 
خۆیان، زەمینەیلە ناوچوونیان ڕەخساندن، کە زۆرینەیان بەھۆی خاڵی دووەمەوە بوون، بەھۆی ئەو تەڵانەوە بوون کە ھاوڕێکانی خۆیان لەسەرکردەیەتی حیزبدا بۆیان دەنانەوە، گیانیان بەخشی.  
کلتووری حیزبایەتی لە باشوور و ڕۆژھەڵاتی نیشتماندا ( کە بە بڕوای من ئەوەی باشوور کاریگەریی زۆر 
خراپی لەڕۆژھەڵات کرد و چەواشەی کرد، دەنا ئەو دەیتوانی بە ڕێڕەوێکی دروستتردا ھەنگاو بنێت و ئەو 
پۆتێنسیاڵەی تێدابوو، گەر کەسایەتیە واقعبیننەکانیان زوو گیانیان لە دەست نەدایە).
 دەلیلم بۆ ئەمە ئەوەیە، کلتووری حیزبایەتی لەباشوور و ڕۆژھەڵاتدا بریتی بوو لە کۆمەڵێک ڕق و قین و بەربەرەکانی و ناکۆکی کە کەس نامەی ئەویتری نەدەخوێندەوە و بە دوو بەرەکی و جوێن بە بەرانبەر دەستی پێکرد.
جوێن بە یەکتر، جوێن بە نەتەوەکە و جوێن بە ڕێکخراوەکە، خاڵی دەسپێکی سەرکردەیەتی حیز بوو، « من دەبمەسەرۆکی قەحبە نابمە سەرۆکی پارتی»، ئەمە سەرەتای ئەو ڕێبازە بوو کە سەرکردەیەتی حیزب، 
ئەندامەکانی خۆی لەسەر پەروەردەکردن، تا گەیشتە ئەوەی بە گۆچان لێدان و سوکایەتی بە ئەندامانی باڵای 
حیزب وپێشمەرگە بووە کارێکی ئاسایی و زاراوەی بۆ داتاشرا، تڕۆکردن و تڕۆ تەرفیع و خائین و پیاوی فڵان لەو زاراوەزۆرانە بوون کە لە داھێنانی سەرکردەیەتی حیزبەکان بوون.
خۆ!! پێکدادانی دوو لاوی یەک نەتەوە کە ھەمان چارەنووس پێکەوە گرێی دەدان و ڕشتنی خوێنی یەکتر، ھەروا لەبۆشایی و لابەلا یەخەی نەتەوەکەی نەگرت، ئەمە ئەنجامی ئەو کلتوورەی سەرکردایەتی حیزبەکانە، کە وەک مەکینەیەکی زەبەلاح لە ناو شۆڕشی چەکداریدا کاری بۆ دەکرا، کە کێشای بۆ دروستکردنی دەستەجات و  جا پیاھەڵدان و نەمرکردن و ھۆنینەوەی ئەفسانە بە دەوری کەسەکاندا، کە چڕکرایەوە لە بنەماڵەکانیشیاندا، واتە: 
ڕێژێمێکی پاشایەتی بچووک بە ئەندازەی قەوارەی حیزب و ئەو ناوچە جوگرافییایەی بن دەستیان.
ئەم مەکینەیە ھێدی ھێدی ئەندامی تێکشکاو، بۆشکراو و گۆشکراوی بەرھەم ھێنا، کە ئەڵقەکانی دەوری
سەرکردەیەتی حیزبیان پێک دەھێنا، ئەمەش لوتکەی لەزەتی دەسەڵاتە، کە بتوانی بەسەر کۆمەڵێک خەڵکدا
فەرمانڕانیی بکەیت.
لە خۆڕا بزووتنەوەی گەلێکی ڕاپەڕیوو، چۆن دەبێتە تۆزی بەر با و بانگی ئاشبەتاڵ دەدات؟!.
لە سووڕانی دەوراندا، وەک کورد دەڵێ: جاروبار لە بەختی یارۆش گەزۆ دەبارێ.
ئەم گەزۆیە باریی و شۆڕبوونەوە بۆ ناو شارە وێرانەکانی نیشتمانێکی ماندوو و خەڵکێکی تامەزرۆی ئازادیی 
کە لە ماوەی ٢٦ ساڵی ژێر دەسەڵاتێکی ئاسنیندا، ھەر چرکە ساتێک خوێنی کوڕێک یا کچێکی پێشکەش بەم 
بووکەی خەونەکانی کرد بوو.
 چاوچنۆک و چاوبرسی و بەو فکرەی بنەماڵە و خێڵەوە، جوگرافیای فەرمانڕانییان تا کورسی سەرەک کۆماریی ووەزیری دەرەوەی وڵاتێک و سەرۆکی لێنەپرسراوی ھەرێمێک درێژبوویەوە.
بۆ ئەو بەشە لە نەتەوەکە، بوو بە مەستییەک کە وێنەی لە مێژووەکەیدا ھەرگیز نەدیترابوو، تا ڕادەی ئەوەی کە بۆھەندێک کەس، تا ئێستاش ئەو مەستییە بەری نەداوە و ھەرچەندە لێی بووە بە کۆیلایەتی و دروستکردنی  خوایەک ولەژێر پێی ئەم بتە پەرستراوەی سەرکردەیەتی حیزبدا، ھەر ڕۆژەی بەجۆرێک ورد دەکرێت، بەڵام بەخەبەر نایە وگۆرانی بۆ ئەو ئازادییە دەڵێت، کە لە ڕاستیدا شکاندنی شکۆی مرۆڤ بوونییەتی و ئەم خووی  پێوەگرتووە. چوونکە مرۆڤ، بەر لەوەی جەستە بێت، نەفسێکی سەر بەرز و سەرکەش و یاخییە، ھەم کاری مرۆییانەی 
زۆر بەرزو لۆجیکیانەی لێ چاوەڕوان دەکرێت و ھەم کاری زۆر سوک و بێ نرخ کە شایان بە مرۆڤ بوونی  ئەگەر نەفسە مرۆییە سەربەرزەکەی شکا، ئەوا جەستەی بەھەموو ئامڕازەکانی دەربڕینییەوە، دەبێتە (پارچەپەڕۆیەک) ی ھەڕاجکراو ھەر ڕۆژەی بە تەنافێکەوە دەیبینی.
ئایا! ئەم مێژوو و کلتوورە زاڵە کە بۆ ماوەی حەفتا ساڵە، بەشێک و دوو بەشی نەتەوەیەک، بەدەوری خۆیدا
دەخولێنێتەوە و سەرکردە بۆتە تەوەرە و بندەستەکانیشی خولاوەی دەوری ئەو، چاوڕوانیی ئەوەی لێدەکرێت 
مرۆڤی ئاوەز تەندروست، ڕۆشن، ڕەخنەگر و ئازادیخواز بەرھەم بێنێ، کە نموونەیەکی باڵای زمان پاکیی و 
داوێنپاکیی وتێکۆشانێک بن شایان بە نەتەوەکە و حاڵ وباری زۆر ئاڵۆزکراوی نیشتمانێکی داگیر و دابەشکراو؟!..
دەردەکەش لەوێدا قووڵ دەبێتەوە، کە نەخۆشییەکە، تەنیا دەروونی خەڵکانێکی سادەی کۆمەڵگاکەی نە تەنیووە،
بەڵکە چنگی لە بیرکردنەوە و خەیاڵی، بە ناو پێشەنگانی زانست و ئاین و ھونەریی، کۆمەڵگاکەیش گیرکردووە، کەئەوان بەر لە سەرکردەی جڵەو بچڕاو و سەرەڕۆکانیی، دێنە قسە و پاسا و ھێنانەوە و بەھانە داڕشتن بۆ گەوجێتی بتی داتاشراو..
لێرەوە دەگەینە ئەوەی کە قسەی پەرلەمانتارانی حیزبێک و دوو حیزب و گرووپێک و دەگرووپ، لەو بازاڕە 
شەمزاوەی باشووری نیشتماندا،ئاوێنەی ڕێبازی حیزب و سەرکردە و بیرکردنەوەی نەفسێکی نەخۆشە و ئازاریی دەروونی ئەو ڕەفتارانەی چەندین ساڵی سوکایەتی پێکردنە بە مرۆڤبوونی و شکاندە کەڵەکە بووەکانی ژیانە پڕ لە نەھامەتییەکانی خۆیەتی کە ئێستا وەک فەرمانڕانێکی بچووکی سوککراو، پلەکەی دەریچەیەکی بۆ کردۆتەوە، کەگرێ دەروونییەکانی واڵا بکات و بەو قسانە، ئەگەر چی لە سەریشی ببێت بە ماڵ، ئاھێک بە دەروونی جەنجاڵی نەخۆشی بدات و چۆن دەیان جار چاویان لێ سوور کردۆتەوە، ئەمیش بەو بەشە لە نەتەوەکەی بڕێژێ و چاویان لێ سوور بکاتەوە و سوکایەتیان پێبکات و گوێلەمستیی خۆشی بۆ ڕێباز و حیزبێک فەرامۆش نەکات و قسەکانی بخاتەقاڵبی بەرگریکردن لەھەمان سەرکردە و حیزبەوە کە سەرچاوەی یەکەمینی ئەم گرێ دەروونییەی ئەون ....
ئەمجۆرە کەسانە، بە ھەموو پێوانەکانی زانستە دەروونییەکان، تووشی نەخۆشی دووتایی ( شیزۆفرینیا) بوون و دەروونیان ناجێگیر و نادرووستە، بۆیە پێویستیان بە چارەسەر ھەیە و جێگای بەزەین و دەبێت لەو ژینگە
نادرووستەی حیزب و سەرکردەی خوا و بنەماڵە دوور بخرێنەوە...
ئەمەش تەنیا بە گۆڕانکارییەکی سیاسی دەکرێت، کە وەھمی حیزبی پێشڕەو و سەرکردەی تاقانە و بنەماڵەی
پیرۆزکراو و ڕێبازی ئەسلاف گسک لێبدات و شکۆی مرۆڤ بوون، بۆ تاکی کورد بگێڕێتەوە و خاڵی دەستپێک: ئازادیی مرۆڤ و ھەڵبژاردنەکانی بێت لە ڕووی بیروڕای سیاسی، ئاینی و پیشەییەوە...کە مرۆڤەکە پەروەردە بکات،وەک بوونەوەرێکی چاکەکاری بەرپرسیار، ھەم بەرانبەر بە ژیانی خۆی ھەم مرۆڤەکەی بەرانبەری.کلتووری نەخۆش، حیزبی نەخۆش، سەرکردەی نەخۆش و پەرلەمانتاری نەخۆش، ناتوانن و باری دەروونیان ڕێگەیان پێنادات، یاساگەلێک بۆ کۆمەڵگایەکی یاسایی و دادپەروەر دابڕێژن....
بۆمبارانکردن و داخستنی پەرلەمان بە ئارەزوو و سوکایەتی کردن بە نەتەوەکە، لە ( ماڵی خەڵکدا/ پەرلەمان)، ڕەفتاریی حوکومەت و سەرکردەیەتییەک و پەلەمانتاری دەروون جێگیر نیین!!.
لە کۆتایدا دەڵێم، بۆ ئێستای، وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کە مەبەستم زیاتر نیشتمانی خۆمانە، من بڕوام 
بەوفۆڕمەی بەڕێوە بردن نییە( حیزب و پەرلەمان و ھەڵبژاردن)، بڕیارم وابوو لەم دوو ڕۆژەی پشووی 
کۆتای ھەفەتەکەمدا، ئەو وتارەم پاکنووس بکەم، ( فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن)، بەڵام وا ئەم وتارە 
پێشی کەوت، کەدەتوانێ وەک درێژەدان بێت، بۆ بەشی پێشەکی لێکۆڵینەوەی ئەو فۆڕمە نوێێە، کە  لەوەو بەر بڵاوم کردۆتەوە، فریابکەوم، پاکنووسینیی دەکەم....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە