ڕێگەی پارتی بوون کورتترە، ئیتر بۆچی...؟

Wednesday, 10/11/2021, 2:03

3728 بینراوە


لەدوای ئاشبەتاڵی 1975ی پارتییەوە، یەکێتی نشتیمانی بە چەند باڵ و ڕەوتێکەوە خۆی لە دووتوێی رێکخراوێکی مۆدێرنی پڕ خوێنەواری چەپڕەوتدا ڕێکخست، تاوەکو لە پارتی نەچێت. یەکێتی هەم بە دروشم و هەم بە خەبات و هەم لە شێوازی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردندا، بە جیاوازی دەرکەوت بۆ ئەوەی دیسان لە پارتی نەچێت. هەر رێک دوای ئەمە قیادەی موەقەتەی پارتی، بە درێژایی ساڵانی کۆتایی حەفتاکان و تەواوی هەشتاکان، چ بە تەنها و چ لە دووتوێی بەرەی جۆراوجۆردا، دژ بە یەکێتی ململانێ سیاسی و مەیدانی کرد. تا هیچ حزبێکی جیاواز لە خۆی دروست نەبێت و نەکەوێتە سەر پێ. یەکێتی بەرگەی هەموو ئەمانەی گرت دیسان لە سۆنگەی ئەوەی کە نابێت و نەیئەویست لە پارتی بچێت. ڕوحی یەکێتی بریتی بوو لە مافی مرۆڤ، مافی چارەی خۆنووسین، ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دیسان بۆ ئەوەی لە پارتی نەچێت. کە بە بڕوای ئەوان پارتی، نە باوەڕی بە ماف و نە بە ئازادی و نە بە دیموکراسی و دادپەروەری هەبووە و نە باکی بە چارەنووسی کورد (جگە لە چارەنووسی بنەماڵە و حزب)هەبووە. یەکێتی بۆیە بوو بە یەکێتی حەفتاکان و هەشتاکان و نەوەدەکانیش (تا ڕادەیەکی باش) چونکە لە پارتی نەئەچوو یاخود ئەیویست لە پارتی نەچێت. یەکێتی بۆیە یەکێتی بوو چونکە نەیدەویست یان وای نیشانداین کە نایەوێت، حزبی قۆرخکاری سیاسی و حوکمڕانی و ئابوری و چی و چی بێ. هەر بۆیە لە ڕاپەڕیندا بە پاڵ و ڕاکێشان پارتی هێنایەوە سەر سفرەی ڕازاوە. لە سەرەتای نەوەدەکانیشەوە ئەگەر پارتی بە ڕێگەی ناڕەوە و قۆرخکاری و گەمە ناشرینەکانی سیاسەت و جەنگ دیواری کەڵەگایی سیاسی و سەربازی و ئابوری خۆی هەڵچنی بێت، ئەوا یەکێتی هەوڵی داوە یان وای نیشانداوە کە هەوڵ دەدات، لە ڕێگەی دروشمەکانی سەرەوە دیواری بتەوی خۆی هەڵچنێ، ئەمەش دیسان بۆ ئەوەی جیاواز بێت لە پارتی. بەڵام ئاخۆ بۆچی ئەو حزبە کۆنکریتییە پڕ پرنسیپە، بوو بەم کارتۆن و تەبەتۆرە هەڵوەریوەی ئەمڕۆ؟
وەڵام ڕوون و ئاشکرایە. یەکێتییەک کاتێک دژ بە قۆرخکاری ئیبراهیم  خەلیل وەستایەوە دژی پارتی و شەڕی نەگریسی ناوخۆی لێ کەوتەوە، بە چ لۆژیکێک لێی قبووڵ بکرێت کە لە جیاتی خەبات بۆ چاکسازی ئابوری ڕیشەیی، خۆی لاسایی پارتی بکاتەوە و ببێ بە قۆرخکاری ئابوری لە سنوری خۆی تا ڕۆژی ئەمڕۆ و لە بری وەدیهێنانی خەونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بووە بە کۆپییەکی لێڵی پارتی لە قۆڕخکاری ئابوری و ئیداریدا!
یەکێتییەک ڕۆژ بە ڕۆژ پەیڕەو ئەخاتە ژێر پێی و ئازادی بەر تەسکتر ئەکاتەوە و ستەمی سیاسی و حزبی دەرهەق بە ناوخۆی و خەڵکی دەرەوەی خۆی ئەکات، چۆن ئەتوانێ لافی پاراستنی ئازادی لێبدات کە یەک تاکە هەڵوستی ڕوونیشی نیە، دەرهەق بەو هەموو نادادی و ستەم و خنکاندنی ئازادیەی کە پارتی ڕۆژانە ئەنجامی دەدات بەرانبەر ئازادی خوازان و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی، بگرە تەنانەت دەرهەق بە کادیرانی خۆیشی لە سنوری پارتیدا. ئەگەر یەکێتی هەڵوێستی توندی بەرانبەر ئەمانە نەبێت، باشترە دروشمی ئازادش وەکو دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە خۆی بکاتەوە؟
لافێکی تری یەکێتی، بۆ ئەوەی جیای بکاتەوە لە پارتی، هەوڵدان و بانگەشەی بوو بۆ فەراهەم کردنی دیموکراسی، پێمان ناڵێن سەرکوتکردنی چەند جارەی خۆپیشاندن لە سنوری یەکێتیدا بۆ ڕازی کردنی پارتی و چاوپۆشی کردنی لە تەزویری بە لێشاوی پارتی لە پێناو تەزویری کەمی دیاری حەیابەرەی خۆی و دەیان بڕیاری حزبی دوور لە گیانی دیموکراسی و پێچەوانە بە خاڵەکانی پەیڕەوی خۆی... هتد. گشت ئەمانە لە کوێی دیموکراسی جێیان ئەبێتەوە؟  هەر بۆیە باشتر‌نیە وشەی دیموکراسیش لە خۆی بکاتەوە؟ 
حزبێک ئەتوانێت دروشمی مافی چارەی خۆنووسین هەڵگرێت، پارێزەی جدی ئەو مافە بێت. کاری ستراتیژی بۆ بکات، سازشی لە سەر نەکات. هەڵوێستی هەبێت لە هەمبەر یاری کردنی پارتی، بە چارەنووسی گەلێکەوە، بگرە یاری کردنی تاکە کەسێک بە چارەنووس و ئەزموونی میللەتێکەوە. یەکێتی کە نەک ئەمە نەکات بەڵکو ببێت بە هاوکار و گەمەکەرێکی یەدەگی ناو ئەم یارییە و تا لایەکی حزب بڵێ نەخێر، سەد لای دیکەی ببێ بە کەواسوری بەر لەشکری موجازەفە سیاسیەکانی پارتی و بارزانی. سەرباری ئەمەش تازە بە تازە، بە نیازن  بە خاوخێزانەوە بچەنە ناو هەژموونی پارتی و تورکەوە. ئایا مافی خۆی نیە، دروشمی مافی چارەی خۆنووسینیش لە خۆی بکاتەوە؟ 
گەر باس لە دواخاڵی بەتاڵبوونەوەی سیحری یەکێتی بکەین لەوەی کە جیاواز بێت لە پارتی، شەڕە دەنووکی چەندین ساڵەی یەکێتی بوو بە پارتی، بەوەی کە حزبی بنەماڵە و عەشایەر و میراتی سیاسیە. ئاشکرایە دوای تاڵەبانی باوک، بۆ کەمترلە دووساڵ تاڵەبانی کوڕ چاوی سیاسی بەرایی هات کە جێگەی باوک نەک کەسایەتییەکی دیکەی غەیرە تاڵەبانی پڕی بکاتەوە بگرە بە ئامۆزایەکی هەمان بنەماڵەشی ڕەوا نەبینی. پێم ناڵێن لەمە میراتی سیاسی و عەشایەری و بنەماڵەیی بوونی دەسەڵات چ مۆدێلێکی دیکە هەیە؟ لە کاتێکدا دەیان سەرکردەی موخەزرەمی ئەو حزبە بە بێ شەرم، بە کۆڵێک خەبات و بڕوانامەوە ئەڵێن یەکێتی هی مامجەلال بووە و ئێستاش هی کوڕەکانێتی. جا بۆیە کە ئێوە نەک نەتانتوانی جیاواز بن لە پارتی بگرە بوون بە ڤێرژنێکی بێکەڵکی پارتی. جا ئەگەر ڕێگەی گەیشتن بە پارتی عەیارە ٢٤ کورتتر بێت، بۆچی خۆ خەریک ئەکەن بە پارتییەکی ١٨ عەیار لە ژێر ناوی یەکێتی نشتیمانی کوردستاندا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە