مردنی کازمی چی دەگۆڕێت!

Wednesday, 10/11/2021, 2:06

4691 بینراوە


هەوڵدان بۆ تیڕۆر کردنی کازمی و بە ئەنجام گرتنی ماڵەکەی، کە لەنێو دڵی ناوچەی سەوز و نزیک بە بنەکەی ئەمریکا جێگەی سەرسورمانە. لە سی ئێن ئێن،  قسەکەری فەرمی حکومەتی ئەمریکا، نێد پرایس ڕایگەیاند: 
" کە ئەوان سەرکۆنەی ئەو کارە تیرۆریستیە دەکەن، بۆ پاراستنی سیادەی عیراقی هاوکاری هێزە عیراقیەکان دەبن بۆ لێکۆڵێنەوە لەم کارە تیرۆریستیە".
 ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە، کە ئەو ناوچەیە پارێزراوە بە نوێترین ئامرازی سەربازی، شانبەشانی ئەوەش ڕاداری ئەمریکی لەنزیک بنەکەی ئەمریکیەکاندا نزیک بە ماڵی سەڕۆک وەزیرانی عیراق هەیە، بەڵام زەنگی وریاکردنەوەی لێنەداوە، کاتێک کە درۆن بە ئاسمانی ناوچەی سەوزدا هەوڵی بە ئامانج گرتنی ماڵی سەڕۆک وەزیرانی عیراقی داوە، هەروها پرسیارێکی دی ئەویە کە ئایا دەزگەی هەواڵگری عیراقی و ئەمریکی چۆن پێشوەخت زانیارییان نەبووە لەسەر ئەم پیلانە؟  بەگوێرەی هەواڵەکان بێت، ڕاستە کە کازمی لەم هەوڵدا ڕزگاری بووە، بەڵام درۆنەکان ئامانجی سەربازییان بە وردی پێکاوە.
ئەمریکا و ئیران کۆک بوون لە دەستنیشانکردنی کازمی بە شێوەیەکی کاتی بۆ پۆستی سەڕۆک وەزیرانی کاربەرێکەر، هەروها ئێستا ئەو حکومەتە لە قۆناغی کۆتاییە، هەڵبژاردنێک بە ڕەزامەندی ئیران و ئەمریکا ئەنجام دراوە و بەم زووانە لایەنەکان خۆشیان بێت یان ترشیان بێت، لەژێر فشاری ئەمریکا و ئیران، دەبێت لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراقدا ڕێکبکەون، واتە مردنی یان ژیانی کازمی، هیج لە هاوکێشەکان لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراقدا ناگۆڕێت، ئەم ڕاستیەش بۆ ئەمریکا و ئیرانی خاوەن ئەزموونێکی دوورودرێژ لە سیاسەت، نامۆ نییە، لەلایەکی دی ئەگەر لەو ڕووداوە کازمی بکوژرابا ئەوا بۆ ئەمریکا و ئیران قوربانیەکی ئەوتۆ نەبوو کە شوێنی پڕ نەبێتەوە، بۆیە خوێندنەوەی ڕووداوەکە، پێمان دەڵێت، کە ئەو هەوڵدانە لە چاوسورکردنەوەیەک  و تاکتیکێک بۆ گۆڕینی سیناریۆکانی پێکهێنانی حکومەتی عیراقی بەولاوە هیچی دی نییە.  
بەکارهێنانی دڕۆن لە ئاسمانی ناوچەی سەوزدا، زەنگی وریاکەرەوەیە بۆ سەرانی کورد لە هەرێم، پەیامێکە بۆ ئەوان کە پێیان دەڵێت، ئەگەر ئێوەش سەرپێچی بکەن لەهەر بڕیارێک کە ڕەزامەندی ئیرانی لەسەر نەبێت، ئەوا ماڵەکانتان لەسەر بەرزایەکانی کوردستان لە سلێمانی و هەولێر بەقەدەر ناوچەی سەوزی بەغداد و ماڵی سەڕۆک وەزیرانی عیراق پارێزراو نییە،  خۆتان بپارێزن لەو بەڵایە تا لەنێو ماڵەکانی خۆتاندا بە دڕۆن لەنێوتان نەبەین،  بێگومان هەمان پەیامە بۆ سەرانی هەموو هێزە سیاسی عەرەبی بە سونە و شیعە مەزهەبەکانەوە، کە پێ درێژی نەکەن و حکومەتێک دابمەزرێنن، کە بە پلەی یەکەم خزمەت بە ئەجێندای ئیران و ئەمریکا بکات لە ناوچەکەدا. بەکارهێنانی دڕۆن بەوجۆرەی کە بەکارهاتووە لەم کارەدا، مەترسی ئەوەی هەیە کە ڕێگە پێشاندەری ئۆپۆزسیۆن بێت، کە دژ بە دەسەڵاتدارانی بەغداد و هەرێمن، کە بتوانن هەمان ڕێگە پەیڕەو بکەن بۆ ئەنجامدانی کودەتا و سەرەوژوور کردنی دەسەڵاتی حوکمڕانی! 
هەواڵی تیرۆر کردنی کازمی لە میدیاکاندا، هەوڵدانە بۆ سەرقاڵکردنی لایەنە سیاسیەکان و خەڵک، ئامرازێکی بەهێزە، بۆ کات کوشتن و لەبیربردنەوەی قبوڵنەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دامەزراندنی حکومەتێک کە هەموو داشەکانی ئەمریکا و ئیرانی تێیدا سەرکەوتوو بێت.  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە