مێژوو وەکو خۆی دەنووسمەوە

Wednesday, 10/11/2021, 19:24

5966 بینراوە


ساڵی 1967-1968 دوا ساڵی کۆتایی خوێندنم بوو لە ئامادەیی، رێکەوتی ئەو ساڵەش بوو کە حیزبی بەعس بە کودەتا جاری دووەم دەسەڵاتی گرتبووە دەست، ساڵیکی ئاسایی نەبوو، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی بیانویستایە لە زانکۆ درێژە بە خوێندن بدەن، زۆربەی کورسی زانکۆکان بۆ بەعسییەکان تەرخان کرابوو، بەتایبەتی زانکۆ هەستیارەکان، لەوان زیاتر کەسی دیکە وەرنەدەگیرا، یان وەریان دەگرتن ئەگەر  (واستە)، یان پەیوەندیی و نامەی تایبەتی بەرپرسێکیان پێبوایە. 
من بۆ خوێندنی زانکۆ دوو شوێنم هەڵبژاردبوو، کۆلێژیی (سەربازیی) و دووەم (یاساناسیی)، ئەو ساڵە لە هیچیان وەرنەگیرام، بەبێ خوێندن مامەوە و لێیدانیشتم، سیستەمەکەش وابوو، بۆ هەر ساڵێک رێژەی ژمارەی بڕوانامەی ئامادەیی   10% دەهاتە خوارێ،  واتا ئەگەر  رێژەی نمرە 70% بووبێت ئەوا بۆ ساڵی داهاتوو  دەبووە 60%. لەمەدا شانسم کەمتر بوو، هەرچۆنێک بێت بۆ ساڵی داهاتوو لە کۆلێژی ئاداب وەرگیرام. ئەو ساڵەش باری ئابووری خێزانیم باش نەبوو، بیرم لەوە کردەوە، هەوڵ بدەم لەگەڵ خوێندندا لە بەغدا کارێک بدۆزمەوە، چونکە ئەو پارەیەی وەرم دەگرت ئەوەندە نەبوو تا بتوانم بەشی رێگای هاتووچۆ و گەڕانەوەم بکات، بۆ نمونە  ئەگەر بمویستایە بۆ سلێمانی سەردان بکەمەوە.
خەزوری  شێرکۆ بێکەس، کە ناوی ئەحمەد میرزا  عارف بوو، هاوڕێی باوکم بوو، نامەیەکی بۆ نووسیم تا لە بەغدا بیدەم بە (رەفیق چالاک) وتی هاوڕێی منداڵیمە، ئیستا  بەرپرسی رۆژنامەی برایەتییە. لەگەڵ گەڕانەوەمدا بۆ بەغدا لەگەڵ چەند برادەرێکدا پاش نیوەڕۆکەی چووینە بارەگای رۆژنامەی برایەتی (التاخی)، پاش هەواڵپرسین، نامەکەم گەیاندە دەستی، بە بینینی نامەکە کە هاوڕێیەکی منداڵیی و کۆنی خۆی بۆی نووسیوە، دەموچاوی گەشایەوە پاش کەمێک سەری بەرزکردەوە و وتی: بەیانی وەرە دەوام بکە. ئیتر لەوێوە دەرگای چوونە نێو کاری راگەیاندم بۆ کرایەوە، ئاشناییم لەگەڵ کۆمەڵێک کەسانی ئەدیب و سیاسیی و میدیاکاری ئەو سەردەمە پەیدا کرد، کە درێژەی ئەم باسە و ناوەکان بۆ نووسینێکی دیکە هەڵدەگرم.
ئەوەی بۆ ئەم بابەتە دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم، یادگارێکی رەفیق چالاکە، لێرەدا نامەوێت لەسەر  کەسایەتیی رەفیق چالاک زۆر قسە بکەم، بەتایبەتی ئەو کاتەی کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی حیزبی شیوعی عێراقی، پاش گرتنی، هەندێک نهێنی ئاشکرا کرد، من زیاتر لەسەر توانا هونەریی و  بەهرەکانی تری قسە دەکەم، کە ئەو وەکو کەسێکی (میدیاکار، بێژەر، راوێژکار، ئاوازدانەر، خەتیب، گۆرانیبێژ, ئەکتەر، وەرگێڕ، نووسەر ... هتد)، لە هەموو ئەوانەدا سەرکەوتووبوو.  ئەوەی منی لە رەفیق چالاک نزیک کردەوە، جگە لە کاری راگەیاندنەکە، ئەدەب و هونەر و راگەیاندن بوو، کە من زۆر سوودم لە ئەزمونەکانی وەرگرت، لەو بارەیەوە خۆم بە قەرزارباری دەزانم، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی خوێندنی زانکۆمدا، کە چوار ساڵی رێککەوتنەکەی 11 ئازاریش بوو،  لەگەڵ کۆمەڵێک برادەری دیکەدا لە هەندێک چالاکی هونەریی هەموومانی کۆکردبووەوە. ئەو ماوەیە زۆر لێوەی نزیک بووم ، تا گەیشتبووە رادەیەی ئەوەی، کە متمانەی تەواوی پێم بوو.
 پاش نیوەڕۆیەک کە لە زانکۆ تەواو بووم، چوومە بارەگای  رۆژنامەکە، ئەو لەوێ  بەتەنیا دانیشتبوو، خەریکی  چاککردنی ئەو وتارانە بوو، کە بەسەریدا دەچووەوە، (ئیستا یەکێک لەو چیرۆکانەم لەلایە بە ناونیشانی گەڕانەوەی هەیاسی خاس لە نووسینی م. ئارام، کە کەوتۆتە لای من بە دەستوخەتی خۆی چاکی کردووە و  واژووی لەسەر کردووە.) . نازانم چی وای لێکردم و جوڵاندمی کەوا پرسیارێکی لێبکەم، کە رای بەرامبەر بە مەلا مستەفا چۆنە؟ رەفیق چالاک، کە لە شەڕی 16ی ئەیلولدا ئەو خۆی چووبووە دەرەوە و لە رادیۆی دەنگی کوردستان کاری بۆ دەکردن،  هەر ئەوبوو گێڕایەوە، کە چۆن برایم ئەحمەد لە شاخ لەلای چادرەکەی مەلا مستەفاو چادریان بۆ هەڵدابوو، یەکسەر بە پێشمەرگەکانی وتبوو، چۆن کاری وا دەکەن، چادری من لەلای سەرۆک بارزانییەوە دادەنێن، بیخەنە خوار جادرەکەی سەرۆک بارزانی. ئەو رۆژە منیش ئەوەم لە خەیاڵدا بوو، بۆیە ئەو پرسیارەم لێکرد. کە رای بەرامبەر بە مەلا مستەفا چۆنە؟ رەفیق چالاک لە ماوەی ئەو چوار سالەدا کە لەلای کارم دەکرد، وەک وتم متمانەی پێم بوو، دەیناسیم و دەیزانی من پارتیی نییم و راو و بۆچوون و بیروباوەڕی ترم هەیە. (بە داوای لێبوردنەوە کە هەر دەبێت ئەو قسەیە وەکو خۆی بگەیەنم)، لە وەڵامدا زەردەخەنەیەک گرتی و وتی:
مەلا مستەفا  وەکو گونی قۆڕ وایە، دەیبڕی، دەتکوژێ، نایبڕی حەیات دەبا !.
ئیتر درێژەی بە قسەکانی دا و هەندێک شتی تری لەو بارەیەوە بۆ باسکردم، کە درێژەی ئەمە هەڵدەگرم بۆ نووسینێکی تر. 
 تا ئیستا لای چەند برادەرێکی نزیکم ئەمەم گێڕاوەتەوە، ئیستا کاتی خۆی بوو، کە لێرەدا باسی بکەم.

سرودی جێژنی نەورۆز هۆنراوەی: (ع.ع. شەونم)،  لە ئاواز و گوتنی: (رەفیق چالاک)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە