هاوپەیمانیی جەهل

Thursday, 11/11/2021, 23:44

3041 بینراوە


ژنکوژیی کۆمەڵگای ئێمە، ڕەگێکی لای خێڵە، ڕەگێکی لای دین. بیرکردنەوەی خێڵەکییانەو بیرکردنەوەی فیقهییانە، هەردوکی بریتییە لە بە پلەدووکردن و بە موڵککردنی ژن. هەر ئەمەشە سەر ئەکێشی بۆ ستەم و کوشتنەکان.
پارتی و یەکێتیش وەکو دوو سەرەتانەکەی سەر جەستەی ئێمە، کێشەکەیان هەر لە دزی و گەندەڵی و شەڕو شۆڕو میلیشیاگەری نیە. بەڵکو فەشەلە فیکریی و عەقڵییەکەیان زۆر قورسترو قووڵترە لە فەشەلە سیاسی و ئیدارییەکەیان. 
ئەوان وەکو دوو حیزبی گەندەڵی مافیایی کە تەنیا پارەو دەسەڵات ئەفامن و لەوە زیاتر نابینن، ئەم کورتبینییەیان وایکرد کە عەقڵی کۆمەڵگا بەجێبهێڵرێ بۆ ئیسلامییەکان و بۆ نەریتی خێڵکەی و ئەم دووانەش عەقڵەکە تاکو ئەوپەری دواکەتن و تاریکیی ببەن.   
خۆی عەقڵی کۆمەڵگا خێڵەکییە، لەبری ئەوە دەسەڵات بەرنامەو پلانی هەبێت، بۆ ئەوەی عەقڵی کۆمەڵگا بەڕووی مۆدێرنەدا بکاتەوە، کەوتنە مونافەسە لەسەر بوژاندنەوەی خێڵ و چەکدارکردنی خێڵ و ئاوەدانکردنەوەی دیوەخان و ڤیستیڤاڵی خێڵ!
ئیسلامییەکانیش هەرچی بیرە تاریك و توندەکانی سەدە کۆنەکانە، هێنایان و هەڵیانڕشتە ناو کۆمەڵگاوەو ئیتر تێکەڵەیەك لە عەقڵی خێڵەکی دینی دروستبوو کە جگە لە تاوان و توندوتیژی، هیچی تری لێ چاوەڕوان ناکرێ.
پارتی و یەکێتی جگە لەو هەموو تاوان و فەسادەی کە دەرهەق بە کۆمەڵگای ئێمە کردیان، دوو تاوانی تریشیان بۆ ئیزافەکرد. ئەویش یەکەمیان لێگەڕانی کۆمەڵگابوو بۆ خێڵ و ئیسلامییەکان. دووەمیشیان پڕکردنی کۆمەڵگابوو لە چەك. کە ئەم دووانەش ڕێك یەعنی تاوان و ئینسان بە گشتی و ژن بە تایبەت باجەکەی ئەدات.
بەکورتی هاوپەیمانییەك هەیە کە تەرەفێکی بریتییە لە پارتی و یەکێتی و تەرەفێکی بریتییە لە خێڵ و ئیسلامیی. ئەکرێ ناوی بنێین هاوپەیمانی جەهل، یان هاوپەیمانی تاریکیی، یان هاوپەیمانی نەفرەت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە