مەهێڵن کەس بڕوات

Friday, 12/11/2021, 0:12

3667 بینراوە


نامەیەکی کراوە لە هەموو سەرۆک و سەرکردە و بنەماڵە سیاسیەکانی ئیمپراتۆری عوزمای کوردستانەوە بۆ هەردوو حکومەتی بیلاروسیا و پۆڵەندا...
مەهێڵن کەس بڕوات و بیانگەڕێننەوە ئەو چەند هەزار‌پەنابەرە کوردە سەرلێشێواوە. ئەوان سەریان لێ تێکچووە، دەنا ئێمە باشین و لە هیچمان کەم نیە. 
خوا شاهیدە لەو ڕۆژەوە سەرۆکی مەزنمان، چاوی بە غەزەتە و شاشەکانی تەلەفزیۆن کەوتووە، لە دیوەخانە تەنگەبەرەکەی خۆیدا، هەردوو دەستی لە پشتی داناوە و دێت و دەچێت، بە بێ ئۆقرە.
پۆچ پۆچ موتەسەریف و وەزیر و گوزیر و ئەمین و مامون و والییەکان بانگ ئەکات. لە پێشەوە بڕێک بە ڕەخنە و جوێن دایان ئەشۆرێت، ئەنجا ئەپرسێت لە کەم و کوڕی و هۆکاری زویر بوونی ئەو چەند هەزار ڕەعیەتەی مەملەکەت. داخی گرانم هەموو ئەو کاربەدەستانە تەنها هۆکار و کەم و کوڕییەک شک نابەن تا چاکی بکەن. 
مەهێڵن کەس بڕوات و بیانگەڕێننەوە ئێمە باشین و لە هیچمان کەم نیە.
لەو ڕۆژەوە ئەم هەواڵی ئاوارە بوونە گشت غەزەتەکانی کەون و کائیناتی گرتۆتەوە، خاتوونەکەی سەرۆکی مەجلیسی شورامان لە هۆش خۆی چووە و ئیغما بووە. بۆنی هەرچی مسک و عەنبەر هەیە هۆشی ناهێنێتەوە سەر. ئەندامانی مەجلیسیش تەعزێ بارن. وەها بڕوا ئەمساڵ یەک دانە دەستور و قانونمان بۆ ڕێک ناخرێ.
مەهێڵن کەس بڕوات و بیانگەڕێننەو ئێمە باشین و لە هیچمان کەم نیە. 
لەو ڕۆژەوەی ئەم خەبەر و فاجیعەیە نەشر بووە بە دونیادا، بەڕێوەبەری عالیولمەقامی مەملەکەت، هیچ سرورێک لە لێوی نابینرێ و مەحزوونە نەک مەسروور. نانی بۆ ناخورێ و بە توێی کراسێکەوە لە بەر هەیوانی بارەگای پیرۆزیان هەڵئەلەرزێ، ڕازی نیە کەس پاڵتۆکەی بداتەوە بە شانیا. بە بەر خۆیەوە هەر ئەڵێت: چۆن ئەبێ لەو مەرزانە چەند هەزار ڕەعیەتێکم سەرما و برسی بێ و منیش لێرە لە تەڕ بخۆم و لە وشک بنووم. ئەو ئەگری و وەزیرەکانیش بە کۆرس بۆی ئەسەننەوە.  وا بڕوات ئەوێش فت نەخۆش ئەکەوێت. کێشەکە ئەوەیە هیچ کەم و کوڕیەکیش شک نابەن تا دەستی ئیسڵاحی بدەنێ. وەها بڕوا هەموو شٶونەکانی مەملەکەت تەوەقوف ئەکات.
مەهێڵن کەس بڕوات و بیانگەڕێننەوە ئێمە باشین و لە هیچمان کەم نیە. 
لەو ڕۆژەوەی ئەم دەنگ و باسە، وا لە هەیاسە، عالیولمەقامی سەرۆکی تەشریفاتی وڵاتیش تووشی خەمۆکی بووە و لە ژوورەکەی نایەتە دەرەوە. مەسئولی یەکەمی دەفتەری مەواعیدی ئەڵێت: هەموو دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لە گەڵ مەبعوس و عالیولمەقامەکانی دونیا وەستاوە و مەملەکەتمان بە هۆی ئەم ئەزمە ئنسانییەوە لە تەواوی دونیا دابڕاوە.
مەهێڵن کەس بڕوات و بیانگەڕێننەوە ئێمە باشین و لە هیچمان کەم نیە.
هەوامان هێندەی هەوای ئایسلاند و کەنەدا پاکە و ئاویشمان هێندەی ئاوی دورگەکانی هاوای سافە. کارەبامان بە تاقەی شەمسی گەرمیان و ڕەشەبای سلێمانی و ئاوی دوکانە، نەوت و گازیشمان بۆ فرۆشتنە و داهاتەکەی ئەچێتە سنوقی داهاتە نەوتییەکان و لەوێشەوە، هەموو ٢٩ی مانگێک هەر خێزانێکی بەشی خۆی بۆ ئەچێتە سەر حیسابەکەی، هەر بە یەکسانی وەک قاشە شووتی. ئیکتیفای زاتیمان لە کشتوکاڵ و پیشەسازیش هەیە و هەرچیش کەمی کرد هاوردەی ئەکەین، بەڵام پاش ئەوەی بە کواڵیتی کۆنتڕۆڵدا تێئەڕێت. ئەوە باسی فروعی شەریکاتی باڵەفڕی بۆینگ و تڕومبێلی  تێسلا و ماریسێدس هەر ناکەم. گەندەڵی مادی و ئیداری شکور عەیامێکی زۆرە نەماوە، ڕەعیەت مەگەر لە فیلمی وەسائیقی گوێی لەو وشانە بێت. سیاسەت و سیاسییەکان بێ کار دانیشتوون. یەکسانی و مافەکان وەها پارێزراون مەڕ و گورگ پێکەوە ئەنوون. هەرچی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوان هەیە خەریکی نووسینی شیعری ڕۆمانسین چونکە شتێک شک نابەن لە مەملەکەت تا لە سەری بنووسن. نە سیاسییەک ئەکۆکێ و نە عەسکەرییەک سەرسم ئەدات. نە سەرۆک زەلەیەک ئەکات و نە سەرکردەش پێی لە شتێک هەڵئەکەوێت. تاوان و ستەم نەماوە، ڕۆژ نیە دادگایەک دانەخرێ و زیندانێک نەکرێ بە دایانگا یان باخچەیەک بۆ ساوایان. 
مەهێڵن کەس بڕوات و بیانگەڕێننەوە ئەو چەند هەزار‌پەنابەرە کوردە سەرلێشێواوە. ئەوان سەریان لێ تێکچووە، دەنا ئێمە باشین و لە هیچمان کەم نیە، تەنها زەڕڕەیەک شعور نەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە