پێناسەی چەمکی ڕێکەوت و هەڕەمەکییەتی لە زانستدا (بەشی یەکەم)

Friday, 11.12.2021, 0:19

1031 بینراوە


ئۆگست دی مۆرگان: "ئەوەی دەشێ ڕوو بدات، هەر ڕوو دەدات ئەگەر هەوڵەکان چەندجارە بکرێنەوە"


ڕێکەوت و هەڕەمەکییەتی دوو چەمکی بنەڕەتین لە چەندان بواری زانستی جۆراوجۆردا، لەگەڵ بوونی گرینگی و بایەخیان لە بنەما و یاسایە زانستییەکان، کەچی زۆربەمان بەشێوەیەکی وا تێیان دەگەین گەلەک دوور بێت لەو پێناسەیەی زانست بۆیانی داناوە.
بۆ ڕوونکردنەوە و جیاکردنەوەی ئەو دوو چەمکە زۆر بەکورتی؛
ڕێکەوت (Coincidence): ڕووداوێکی چاوەروان نەکراو، بێ پێشەکی، بێ هۆکار و بێ مەبەستە، بە واتای نەبوونی پێوەندییە لەنێوان هۆکار و دەرەنجام.
هەڕەمەکییەتی (Randomness): ڕوودانی دیاردەیەکە بەبێ بوونی شێوازێکی چەندجارەبووەوەی دیارکراو، ئەوەی هیچ ڕیزبەندی و نەخشەسازی و پلانێکی تێدا نابیندرێت.
لەڕاستیدا ڕێکەوت لە هیچ شوێنێکی گەردووندا بەتەواوی هەست بە بوونی ناکرێت، جگە لە ئاستی تەنۆلکە هەرەوردەکانی جیهانی کوانتەم، ئەو جیهانە ئەگەرییەی پڕە لە ڕێکەوت و دیاردەی بێ هۆکار. بەڵام لە ژیانی ڕۆژانەماندا شتێک نییە پێی بگوترێت ڕێکەوت، ئەوەی هەیە تەنیا هەڕەمەکییەتە. 
زۆربەی زاناکانی مێژوو تێڕوانینێکی هەردەبێییان (الحتمیة – Determinism) هەبوو بۆ سروشت و کرابووە بنەمایەکی بنچینەیی بۆ تێگەیشتن لە ڕووداو و دیاردەکان. ئەمەش بوو ڕای گالیلێیۆ و دیکارت کە بە شێوازێکی میکانیکی دەیان ڕوانییە سروشت و گەردوونیان وەک ئامێرێک دەبینی، وایان دەزانی گەردوون بەگوێرەی چەند یاسا و ڕێسایەک بەڕێوە دەچێت، ئەو دەمەی لێیان تێدەگەین، دەکارین دواڕۆژ بەتەواوی دیار بکەین. پاشان ئەم بۆچوونانە بەلاوە نران و نادڵنیایی و ئەگەرەکان شوێنیان گرتەوە، ئەمڕۆکە بەبەردەوامی ئەم دوو چەمکە لە زانستدا بەکار دەهێندرێت و بووەتە هۆی ئەوەی تەواوی فیزیای هاوچەرخ لە بنچینەیەکی چەسپاوی نەگۆڕەوە بگوازێتەوە بۆ ڕێکەوت و هەڕەمەکییەتی، ئەوانەی تێیاندا پێشبینیکردن و بیروڕای جێگیر جێیان نابێتەوە.
ڕێکەوت و هەڕەمەکییەتی دوو چەمکی یەکجار ئاڵۆز و تێکەهەڵکێشن، لە زۆربەی هەرە زۆری بابەتگەل و بوارە جیاجیاکاندا ئاماژەیان پێ دەکرێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە بەکورتی تێگەیشتنەکان لەو دوو زاراوەیە و جیاوازییان لەگەڵ واتای هەندێ وشەی دیکە، بە چەند نموونەیەک ڕوون بکەینەوە.

بەشی یەکەم: ڕێکەوت و ڕاستکردنەوەی بەهەڵە تێگەیشتنەکان

ئەگەر بەچاکی ورد ببینەوە لە واتاکانی ڕێکەوت، دەبینین بۆ ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە بابەتی جیاجیادا بەکار دەهێندرێت. ئەو کاتەی یەکێک لە یاری بەختدا (Lottery) بۆ نموونە، ملیۆنێک دۆلار دەباتەوە، پێناسەی ئەم ڕووداوە بە ڕێکەوت دەکەین، دیداری کەسێکی ناسراو بەبێ ویست و پلانی لەپێشینە ناو دەنرێت بە ڕێکەوت، لە ماتماتیکدا سەرهەڵدانی ڕێژە ئەگەرییەکانیش بە ڕێکەوت دادەنرێن، هاوکات ئەو دیاردانەی نازانین هۆکارەکەیان چییە، یاخۆ جارێ زانست ڕاڤەی تەواوی بۆیان نییە، بەهەڵە دەیان گەڕێنینەوە بۆ ڕیکەوت.

ڕێکەوت لە زانستدا

پێشتر ئاماژەمان پێی دا کە ڕێکەوت بە واتایە زانستییەکەی تەنیا لە جیهانی کوانتەمدا بوونی هەیە، ئەویش وەک ڕووداوێکی ئەگەری و بێ هۆکار و بێ ئامانج.
لەگەڵ سەرهەڵدانی فیزیای کوانتەم لەسەر دەستی زانایانی وەک، هایزنبێرگ و نیلز بۆر ڕوون بووەوە کە ئەلیکترۆن دەتوانێت لە یەک کاتدا لە دوو شوێنی جیاواز بێت، ئەمەش بووە هۆی داڕشتنی بنەمای ناجێگیریی، یان نادڵنیایی کە هەمووی دەوەستێتە سەر ڕووداوە ئەگەرییەکان و هیچ شتێک بەچەسپاوی ناکرێت بڕیاری لەسەر بدرێت. بۆ نموونە، ئەو پێوەندییەی لە نێوان خێرایی و شوێنی ئەلیکترۆنەکاندا هەیە، هەرگیز ناتواندرێت بەیەکەوە بپێورێن. شوێنی ئەلیکترۆنیش لە دەوری ناوکەی گەردیلەدا دەوەستێتە سەر ئەگەرەکان و ناکارین دەستنیشانی بکەین، تەنیا دەڵێین ئەگەری بوونی لەم خوولگەیەدا ئەوەندە لە سەدە و نەبوونی لە جێیەکی دیکەدا ڕێژەکەی هێندەیە لە سەد. هەروەها زانیوومانە ڕاهاتووین لەسەر ئەوەی کە هیچ شتێک لەخۆوە و بەبێ هۆ ڕوو نادات، گشت دیاردەکان دەبێ هۆکارێکیان هەبێ و بە کاتێکی دیارکراو پێشیان بکەوێت، بەڵام لە ڕەهەندە و ڕووبەرە وردەکانی جیهانی کوانتەم، هۆیەتی بەرەبەرە بەهاکەی نامێنێ، ڕووداوەکان هۆکاریان نییە و داهاتنی بەدوای یەکی هۆ و دەرەنجام نابیندرێت، یاخۆ هەندێ جار هۆکار پاش دەرەنجام بەدەر دەکەوێت. بەگوێرەی ئەم زانستە، بە بوونی تایبەتمەندی شەپۆلەکی تەنۆلکەکان، پێشبینی نەکردنی شوێن و خێرایی، دیاردەی تونێڵی کوانتەمی (Quantum tunnelling‏)، پێچەوانەبوونەوەی کات و گەلەک بابەتی دیکەی ناوازە، کۆمەڵە شتێکن بەبێ هۆکارێک ڕوو دەدەن.
نەبوونی هۆکار و هەرەسهێنانی بنەمای هۆیەتیی لە فیزیای کوانتەمدا ژمارەیەک بابەت لە فەلسەفە و بەتایبەتیش لە ئاینەکاندا دێنێتە کایەوە.
ئەو بۆچوونانەی وادەزانن گەردوون و ژیان پێویستیان بە داهێنەرێکی خاوەن ویست و پلانە دەبێژن، تۆ چۆن خانوێک ببینیت گومانت لێی نییە دروستکەرێکی هەیە و بەڕێکەوت نەهاتووە، هاوکات گەردوونی ڕێکوپێکیش هەردەبێ ڕێکخەر و ئەندازیارێکی هەبێت. دەکرێ بپرسین ئاینداران مەبەستیان لە ڕێکەوت چییە؟ بە سەرنجدانێکی کورت بۆمان ڕوون دەبێتەوە، ڕێکەوت لای ئەوان بە پلەی یەکەم واتای نەبوونی ئامانجە.
بە لێکۆڵینەوەمان لە ناوەرۆکی بابەتەکان دەبینین، ئەو دەمەی ناوی ڕێکەوت دەهێندرێت، ئەگەر مەبەست لێیانەوە ئاماژەکردنێک بێت بۆ کردارێکی بێئامانجی بێ ڕیزبوون و ڕێکوپێکی، کەواتە لێرەدا کێشەکە هەمووی دەوەستێتە سەر سەلماندنی بوون و نەبوونی ئامانج. بەوەی کاتێک باوەڕدار توانی بە بەڵگەوە بوونی ئامانج لە گەردوون و دیاردەکانی بسەلمێنیت، دەبێ باوەڕ بهێنین کە دروستکەرێکی خاوەن پلان و ئامانج بوونی هەیە، لەبەرانبەر ئەمانەش ئەگەر بێباوەر سەلماندی هیچ ئامانج و هۆیەتییەک لەم سروشتەدا نییە و زاراوەکانی مەبەست و نەخشەدان و ئامانج گشتیان چەند چەمکێکی مرۆیین، ئەوا پێویست بە هێنانی بیرۆکەی خوا ناکات.
بۆ بڕیاردان لەم کێشە سەرەکییەی ئایندار و بێئاین دەبێ هەموومان بگەڕێینەوە بۆ زانست، چونکە سەرهەڵدان و پەیدابوونی گەردوون و زەوی و زیندەوەران کاری زانستە، ئەویشە دەتوانێت ڕاڤەیەکی گونجاو و بەڵگەدارمان پێشکێش بکات. زانستی هاوچەرخ لە هیچ بابەتێکدا بوونی مەبەست و ئامانج لە ڕووداو و دیاردەکانی گەردووندا نابینێت، سەرلەبەری ئەو بیرکردنەوانە مرۆیەکین (بنەمای مرۆیەکی - Anthropic principle)‏. 
لە لایەکی دیکەوە پێویستە بزانین کە هەڵەیەکی گەورە دەکەین کاتێک چەمکی ڕێکەوت دەئاخنینە بابەتگەلەکانی سروشت، چونکە ڕێکەوت تا ئەو ڕادەیەی بە ئەگەری دەگمەنی چەندجارەبوونەی ڕووداوەکانیش پێناسەی بکەین، ئەوا هیچ پێوەندییەکی بە گەردوون نییە، لەبەرئەوەی ڕووداوێک هەرچەندە پلەی ئەگەرییەکەی یەکجار کەمیش بێت، بەگوێرەی بنەما ئەگەرییەکانی ماتماتیک هەر دەشێ ڕوو بدات.
لە زۆربەی گفتوگۆکانی نێوان ئایندار و بێئاینان، ئایندار وای بۆ دەچێت بێباوەڕ، یاخۆ بێئاین لەبری خوا باوەڕیان بەڕێکەوت هەیە، لە کاتی مشتومڕی بەم شێوازە دەری دەبڕن:
- تۆ بوونی خوا ڕەت دەکەیتەوە، ئەی باشە بوونی تۆ ڕێکەوتە، پێت وایە ڕێکەوت دروستکەری گشت شتێکە؟
- بڕوا نەبوونت بە هۆکاری پەیدابوونی گەردوون، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تۆ بڕوات بە ڕێکەوت هەیە وەک دروستکەرێک.
لەڕاستیدا ئەوەی بڕوای بە ڕێکەوتە خودی ئایندارانن، چونکە وشەی خوا لای ئەوان وەڵامە بۆ هەبوونی سەرلەبەری شتەکان، بەوەی دێن و چۆن خۆیان بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەک پەنا دەبەن بۆ وشەی (خوا)، لە بەرانبەردا وشەی ڕێکەوتیش دەدەنە پاڵ بێباوەڕان. کەچی ئاشکرایە زانست هەرگیز نەیگوتووە، گەردوون، یان زەوی، یاخۆ سەرهەڵدانی ژیان بە ڕێکەوت بووە. ئەوەی جێی سەرنجە ئایندار باوەڕی بە خوایەک هەیە، ئەوەی بەبێ بوونی هیچ شتێک دەتوانێت لە نەبووانەتییەوە شت بهێنێتە بوون. پێی ئاساییە و بەهیچ جۆرێک ناپرسێ چۆن و بەچی و لەبەرچی، خوا بڵێت ببە، دەبێ ببێت؟ بەهەمان شێوە ڕوودانی دەرئاساکانی پێ قەبوڵە، هەرچەندە دژی لۆژیک و یاسا و سروشتی ئەم گەردوونەمان بێت.

رێکەوت و ڕێژەی ئەگەرەکان

بە واتایەکی دیکەی جیاوازەوە ڕێکەوت لە زانستەکاندا گرینگی پێ دەدرێ، بەتایبەتی لە ماتماتیکدا دەبیندرێت و پتر لە بنەمای ئەگەرەکاندا خۆی دەنوێنێت.
سەرەتای تۆژینەوەکانی بیردۆزی (ئەگەرەکان لە لێکۆڵێنەوە زانستییەکان) بۆ داهێنانەکانی گیرۆلامۆ کاردانۆ (Gerolamo Cardano) دەگەڕێتەوە، یەکەمین هەوڵدان بۆ چۆنەتی ژماردنی ئەگەرەکان لەسەر دەستی ئەمەیاندا ئەنجام درا. کارەکانی کاردانۆ لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوە بوو، بگاتە ڕاڤەیەک لە هەلی بردنەوەی یارییەکان، لە شێوەی هەڵدانی زار و ئەو یارییانەی زیاتر دەوەستنە سەر (ڕێکەوت)، نەک کەسانی خاوەن ئەزموون و ژیر. 
پاشان بیرۆکەیەی ژماردنی ئەگەری بردنەوە لە یارییەکان پەرەی سەند و زیاتر خرانە نێو چوارچێوەیەکی زانستی، تا وای لێهات بە هەوڵەکانی زانای ڕوسیایی کۆلمۆگۆرۆڤ (Andrey Kolmogorov)، بووە بیردۆزێکی زانستی گشتگیر. ئەم زانایە پێشەوا و داهێنەری بیردۆزی ئەگەرەکانە، لەسەر بنچینەی تۆژینەوە ماتماتیکییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە گۆڕانە هەڕەمەکییەکان. هەرچەندە ئەم بیردۆزەی یەکجار ئاڵۆز و دژوارە و دەوەستێتە سەر کۆمەڵێک هاوکێشەی پتەوی لۆژیکی، بەڵام ئەو دەیبەستێتەوە بە چوار بنەمای گشتی و جۆری ناسراو: ئەگەرە مەرجدارەکان، ئەگەرە نەرێنییەکان، ئەگەرە سەربەخۆکان و ئەگەرە مسۆگەر و دوپاتکراوەکان.
چەمکی ئەگەرەکان و بیردۆزی ئەگەرەکی (Probability theory)،‏ وەک لکێک لە ماتماتیک بایەخ دەدات بە شیکردنەوەی ڕووداوە هەڕەمەکییەکان، ئەوانەی ناتواندرێت بە یاسا دەرنجامەکانیان بەتەواوی دیار بکرێن پێش ڕوودانیان، بەڵام دەشێ ڕێژەی ئەگەرەکان پێشبینی بکرێن. لەمانەدا ئەزموونە چەندجارەکراوەکان گرینگترین بنەمایە بۆ تۆژینەوە لە ئەگەرەکان، بەوەی ژمارەی چەندجارەبوونەوەی دەرەنجامەکان دەستنیشان دەکرێن، پاشان بە بەراوردی جیاوازییەکانیان لەگەڵ یەکدی، ژمارەی ئەگەرەکان بەدەست دەهێندرێن.
بۆ نموونە، لە شەقامێکی دیارکراودا ئەو ئۆتۆمبێلانەی سەرپێچی یاسای هاتوچۆیان کردووە ژمارەیان 12 بووە، لە کۆی 200 ئۆتۆمبێل کە لەو ڕۆژەدا بەو شەقامە تێپەڕیون. کەواتە دەرەنجامی ئامارەکی بۆ ئەو تاقیکردنەوەیە دەبێتە دابەشکردنی 200 بەسەر 12، بەو واتەیەی نێزیکترین ئەگەر خۆی لە %6 دەدات، ئەمەش ژمێرەکردنە بۆ دیاردەیەکی خاوەن پێناسەیەکی گۆڕاو و هەڕەمەکیی.
وەک لە هەڵدانی دراوێکی کانزایی دەبیندرێت، بەوەی لێرەدا هەر جارەی تەنیا دوو دەرەنجامی هەیە ئەوانیش، وێنە و نووسینن، ئەگەری هەریەکەشیان ٪50 یە. یاخۆ لە کاتی هەڵدانی زارێکدا هاتنی ڕووی 1 تا 6 ڕێژەکەی دەبێتە 1/6، ئەو دەمەی دوو زار پێکەوە هەڵدەدەین هاتنی دووجار 6 رێژەکەی دەکاتە 1/36 (1/61/6 x ). پێویستە بزانین ڕێژەی ئەگەرەکان گشت کاتێک لە نێوان 0 و 1 دایە، واتە پێوانێکە بۆ ئەگەری ڕوودان، یان ڕوونەدانی ڕووداوەکان. بەدەربڕینێکی دی، لە هەر هەڵدانی زارێک، هاتنی ژمارە 3 یەک لە شەشە، هاتنی یەکێک لە ژمارەکانی 1 تا 6 مسۆگەرە و یەکسانە ٪100، هاتنی ژمارە حەفت سفڕە!
لەڕاستیدا هەستکردن بە بوونی ڕێژەی ئەگەرەکان زانای ماتماتیکی گەرەک نییە، لەبەرئەوەی ئێمە بەبەردەوامی لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەکاریان دەهێنین. ئەو دەمەی دەبێژین، لەوانەیە ئەمڕۆکە باران ببارێت، ئەوا دەربارەی ئەگەرێک دەدوێین هەرچەندە بەتەواوی شارەزاییمان لێی نەبێت، چونکە وشەی (لەوانەیە)، ڕاستەوخۆ واتای ئەگەر دەبەخشێت، بەبێ ئەوەی بشزانین کە یاسایەکی ماتماتیکی بۆ ئەو بابەتە هەیە.
هەندێ جار کە خەڵکان تووشی ڕووداوی گەلەک دەگمەن دەبنەوە، پرسیار لەخۆیان دەکەن و نازانن چی پێناسەیەکی پێ بدەن، ناچار لەمەشدا دیسانەوە پەنا دەبەنە بەر وشەی (ڕێکەوت). وەک ئەو ژنەی چوار جار لە یاری بەخت براوە بوو، یاخۆ دەستەوەستان دەبین بۆ دۆزینەوەی ڕاڤەیەک بۆ خەونەکانی لینکۆڵن لەسەر کوژرانی خۆی! 
بەڵام کاتێک لە ڕوانگەیەکی ماتماتیکی لەو ڕووداوانە دەڕوانین، هەروەها ئەژماری بەشداربووانی یارییەکانی بەخت و ڕێژەی هەوڵی کوشتنی سەرۆکەکان دەکەوێتە دەستمان، بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ئەگەری ڕوودانیان زۆر پترە لەوەی بیرمان لێی دەکردەوە.
دەبێ بزانین کە ئەگەری گشت شتێک هەیە چەندە کەم و بچووکیش بێت، چونکە هەر دەبێ لای کەسێک لە کاتێکی دیارکراودا ڕوو بدات. یارییەکی بەخت ئەگەر هەموو جیهان بە 8 ملیار کەسمانەوە تێیدا بەشدار بین، ئەگەری دەرچوون بێگومان یەکجار کەمە (1/8000000000)، بەڵام هەردەبێ خەڵاتەکە بۆ یەکێک بێت، دەشێ من و هەتا سەد پشت مناڵی مناڵی مناڵم و ... و ... یاری بکەین و براوە نەبین، لەوانەشە سبەی بۆم دەربچێ، گەرچی یەکەم جاریشم بێت لە بەشداریکردن!
بەهەمان تێڕوانین، سەرهەڵدانی خانەیەکی زیندوو لە پێکەوەبوون و تێکەڵبوونی ئاوێتەی ماددە نازیندووەکان، لەسەرەتای بوونی زەوی تا دەگاتە پەیدابوونی یەکەمین خانە، نێزیکەی 700 ملیۆن ساڵی خایاندووە. ئەم ڕووداوە ناوازەیە دەشێ ڕوو بدات، چونکە ئەگەرێک کە کاتەکەی لەنێوان 0 و چەند ملیار ساڵیش بێت، دەکرێ دوای دوو ملیار ساڵ، یان پاش ساڵێک، یاخۆ 500 ملیۆن ساڵ ڕوو بدات.
بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر بە نموونە، ڕەخنەگران لە تیۆری پەرەسەندن دەبێژن، هاتنی زنجیرەیەک لە بازدانە جینەکییەکان بۆ گۆڕینی پیشەی جینێک لەڕادەبەدەر کەمە، بابڵێین بۆ یەک بازدان 1 لە ملیۆنە، واتە بۆ ڕوودانی 10 بازدان لەهەمان جین یەکسانە بە 1 لەسەر (1000.000)^10 ئەمەش ژمارەیەکی یەکجار بچووکە، بۆیە ڕێکەوت و هەڕەمەکیی ناتوانن چۆنەتی بوونی ئەو هەمەجۆرییە مەزنەی بایۆلۆژی بسەلمێنن، دەرەنجام دەڵێن، تیۆری پەرەسەندن هەڵەیە.
ئەوەی ئەم جۆرە ڕەخنانە ئارستەی پەرەسەندن دەکات، نازانێت جیاوازی نێوان ئەگەری ڕوودانی بازدانێک و ژمارەی چاوەڕوانکراوی چەندجارەبوونەوەی بازدانەکان چییە؟ پێی وایە بازدانەکان گشتیان پێکەوە ڕوو دەدەن، بەوەی ئەگەر ملیۆنێک تاکی جۆرە ئاژەڵێک بوونیان هەبێت، ژمارەی پێشبینیکراو لەو تاکانەی دووچاری بازدان دەبنەوە، یەکسانە بە لێکدانی ژمارەی تاکەکان (ملیۆن)، بە ژمارەی ئەگەری ڕوودان (1 لەسەر ملیۆن) کە دەکاتە 1، کەواتە یەک تاک بە لانیکەمەوە بازدانێک لای ڕوو دەدات، خۆ ئەگەر 10 بەرەمان پێویست بێت بۆ سەرهەڵدانی یەک بازدان، ئەوا 100 بەرەمان دەوێت لە کۆمەڵەی ئەو جۆرە ئاژەڵە، بۆ ئەوەی تاکێکمان هەبێت خاوەنی 10 بازدان بێت (بەگوێرەی نموونەکەمان)، بەڵام کاتێک بۆمان بەدەر دەکەوێت کە جۆرەکان بە سەدان ملیۆن ساڵیان بڕێوە و سەدان هەزار بەرەیان بەڕێ کردووە، بابەتەکەمان بۆ ئاشکرا دەبێ و دەزانین کە پەرەسەندن پێویستی بە هیچ کارێکی ناوازە و دەرئاسا نییە.
 

ڕێکەوت، یان هاوکاتەکی؟

بابەتێکی دیکە هەیە لای زۆربەمان پێناسەی ڕێکەوتی پێ دەدەین پێی دەگوترێت، هاوکاتەکی (Synchronicity). هاوکاتەکی، هاوکات و بەیەکەوە هاتنی دوو ڕووداو، یان زیاترە، بەبێ ئەوەی هیچ پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا هەبێت. 
هاوکاتەکی بەیەکگەیشتنی دوو دیاردەیە لە کاتێکی دیارکراو، دەشێ دەرەنجامەکەی ئەرێنی، یاخۆ نەرێنی بێت. بۆ نموونە، ڕووداوی هاتوچۆی نێوان دوو کەس، هۆکارەکەی ئەوەیە هەردووکیان لە هەمان کات و هەمان شوێندا خۆیان بینیووەتەوە، بەوەی ئەگەر یەکێک لەم دووانە چەند چرکەیەک دواکەوتبووایە، ئەوا دووچاری ئەم ڕووداوە نەدەبوون. دیداری دوو کەسی ناسیاو لە شوێنێکدا بەبێ بوونی پلان و نەخشەدانان، دیسانەوە دەوەستێتە سەر ئەو چرکەیەی یەکدی دەبینن، چونکە دواکەوتنی یەکێکیان، یان بڕیاری نەچوونی یەکێکیان بەهەر هۆکارێک، وای دەکرد بەیەکدی نەگەن. ئەمە دەتوانین لەسەر گشت بابەتیک پێڕەو بکەین، وەک دەرچوونی ڕستەیەک لە دەمی یەکێکمان، هاوکات کەسێکی دیکە ئەو ڕستەیە بڵێتەوە ڕێک بە ڕیزبەندی وشەکانیشەوە. یاخۆ بیرکردنەوەمان لەشتێکی تایبەتی، هەر لەو کات و جێیەدا کەسێک هەبێ هەمان بیرکردنەوەی هەبێت. لێرەشدا ئەگەر ژمارەی تێکڕای ڕووداوە بێکۆتاکانی کە مرۆڤانی سەر زەوی تووشی دەبن بزانین، ئەوا ڕوودانی شتە هەرە دەگمەنەکانمان لەلادا ئاسایی دەبێتەوە. 
لە ژیانی ڕۆژانەماندا ئەگەر نەتوانین بەڵگەی زانستی بۆ هۆکاری هەندێ بابەت بهێنینەوە، ناچار دەبین بیدەینە پاڵ شتگەلە پڕوپووچەکان. چەندان ڕووداوی دڵتەزێنمان بینیووە، ئەوانەی کەس نەیتوانیووە ڕاڤەیەکی گونجاویان بۆ بکات، یاخۆ بیستوومانە کەسانێک ڕزگار بوونە لە مردن، لەبەرئەوەی لە دواچرکەدا ڕای خۆیان گۆڕیووە بۆ گەشتێک بە فڕۆکەیەکی دیارکراو، پاشان گەشتکەرانی ناو هەمان فڕۆکە بە کارەساتێک بە سوتاوی ژیانیان لەدەست داوە. لە ئەنتەرنێت ژمارەیەکی یەکجار زۆر چیرۆکی سەیروسەمەرەی هاوشێوەی ئەمەمان بەرچاو دەکەوێت. گەلەک لە مرۆڤان گرینگییەکی بێهاوتا بە هاوکاتەکی دەدەن لەژیانیاندا، لەبەر بوونی ئەو ڕێکەوتە سەیرەی دروست دەبێ، هەرچەندە ڕووداوەکە تەواو پێوەندی بە خودی کەسەکەوەش هەبێت. هەندێ لەوانە بوونەتە هۆی هەڵگێڕانەوەی سەرلەبەری ژیانی کەسەکان. (ڕێکەوت) زۆر جار وەک هەڵەیەک، یان کردارێکی خۆویست دەردەکەوێت، کەچی دواجار هیچ کامیان هۆکاری ڕووداوەکە نین. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا چەند هاوکاتەکییەکی لەڕادەبەدر سەیر و ناوازە هەن، لەبەر سەختی و ئەستەمیی ئەگەری ڕوودانیان، بەو واتایەی چەندەی ئەگەری ڕووداوەکان کەمتر ببێتەوە، هێندە پتر سەرنجڕاکێش و سەرسڕکەر دەبن. 
لە لایەکی دیکەوە بە سەدان ماڵپەڕ هەن زانیاریمان پێ دەدەن دەربارەی ئەو زانایانەی بە کۆمەڵێک داهێنانی زانستی گەیشتوون بە (ڕێکەوت)، یاخۆ چاوەڕوان نەکراو و لەوانە نەبوون کە زاناکان هەوڵی دۆزینەوەیان بۆ داوە. هەندێ لە ماڵپەڕەکان دە دانە، هی واش هەیە سەد دۆزەوەی زانستیت بۆ دەژمێرێت کە بە ڕێکەوت دەستی زاناکان کەوتوون، لە بوارە زانستییەکانی وەک، فیزیا و پزیشکی و تەکنەلۆژی و ئەوانەی دی.
هەر کاتێک لە هاوکاتەکی دەدوێین، پێویستە ئاماژە بە هەندێ بیردۆز بدەین بۆ ڕاڤەکەی لە ژیانی مرۆڤدا، لەوانەش ئەو بنەمایەی لە لایەن پزیشک و دەروونناسی ناوداری سویسڕایی کاڕل یۆنگ (Carl Jung)، دارێژرا بۆ ئەم بابەتە. یۆنگ ئەو چەمکەی ڕێکەوت بە هاوکاتەکی پێناسە کرد و بە بیروڕا سەیروسەمەرەکانی خۆی دابڕی لە ڕێچکەی زاناکانی شیکاری دەروونی، بووە خاوەن شێوازی تایبەت بەخۆی، تێیدا باوەڕی بەو (زانست)ە هەبوو پێی دەگوترێت، (پاراسایکۆلۆژی) و بابەتی وەک، پەیوەندیکردنی هۆشەکی، ئەستێراندن و خوێندنەوەی ئایندە، جووڵاندنی هۆشەکی (بە هێزی هۆشەوە بتوانیت شتە ماددەییەکان بجووڵێنیت)، بابەتگەلە گیانییەکان. جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە هاوکاتەکیی بنەمایەکە دەمان بەستێتەوە بە ڕووداوە دەرەکییەکان، وامان لێ دەکات هەست بکەین بەندین بە کەسانی دی و دیاردە ناسروشتییەکانی گەردوون. پێویستە ئەوە بڵێین، کۆی ئەو بابەتانەی ناومان بردن کە یۆنگ بایەخی پێ دەدان، ئەمڕۆکە بە زانستی گەندە و ساختە دادەندرێن.
لەپاڵ ئەمەدا زانای زیندەوەرزانی ئۆستریایی پاوڵ کامڕەڕ (Paul Kammerer)، توانی چەند ڕوونکردنەوەیەک پێشکێش بکات بۆ هاوکاتەکی، لەڕێی کۆکردنەوەی کۆمەڵێک ڕێکەوت لە شێوەی چیرۆک و بەسەرهات، لە کتێبەکەیدا کە 100 دانە ڕیکەوتی لەخۆ دەگرت، ئەمە وای لێ کرد بگاتە داهێنانی یاسای زنجیرە، بۆ دۆزینەوەی هۆکارە یەک بەدوای یەکەکانی کە بوونەتە ڕێخۆشکەری سەرهەڵدانی ڕێکەوتەکان. ئەوەی شایەنی باسە، زانای فرە مەزن ئەینشتاین بەو یاسایانە سەرسام بوو و کارەکانی کامڕەڕی بە گرینگ و پڕبایەخ دەبینی.