دوا کۆمیدیاى حیزبە خەساوەکە: ژەهر خواردنى مەلا میمۆرى

Saturday, 13/11/2021, 16:34

6178 بینراوە


جارێکیان کۆمەڵێک مامۆستا و کەسانى بوارى وەرزش بۆلاى نەوشیروان مستەفا ئەچن و سکاڵا لەدەست بێئەخلاقى و نەزانى مەلا بەختیار ئەکەن، کە ئەوکاتە لێپرسراوى ڕێکخراوە دیموکراتیەکانى یەکێتى نیشتمانى بوو لە سلێمانى و خۆی لێبوبو بەپاشاى یۆنان و داهێنەرى ئۆلۆمپى.
 نەوشیروان لەوەڵامدا وتبوى : ئەم سەگ و سەگبابیە هەر بە مەلا بەختیار ئەکرێت. (مەبەستى ئیشو کارى ڕێکخراوە دیموکراتیەکانە).
ئەگەر چاوپۆشى لە وەڵامە بێکلک و گۆێکەى نەوشیروان بهێنین، بەڕاستى ئەم سەگ و سەگبابیەى حیزبەکەى باڤڵ باشتر بڵێین حیزبەکەى نورەدین، تەنها بە مەلا بەختیار ئەکرێت. لەلایەک بەهاوکارى پاراستنى پارتى و کودەتایەکى حیزبى ڕێک ئەخرێت، لەلایەکی ترەوە هەنگاو بە هەنگاو پاکانەى درۆینە و بێبنەماى بۆدائەتاشن، شانۆگەریى ژەهرخواردن ڕێک ئەخەن، ئەمجارە مەلا میمۆری پاڵەوانى سەرستەیجە و ئەڵێت بۆ سێ مانگ و بە سێ جۆر ژەهرى دەرخوارد دراوە! ئاخر ئەمە لەگەڵ (کەر و کەرکەدەن و کەنغەر)دا بکرێت وەک مۆمەکەى گۆران ئەتوێتەوە، لۆمە ناکرێین کە ئەو ڕۆژەمان بیر نەکەوێتەوە، هێلکۆپتەر ئاسمانى گرتبوو دنیا بوو بەسێبەر وامانزانى ڕۆژ گیراوە. 
مەسعود بەرزانى.. لە پەژارەى مەلاى پەراوێزخراودایە، کە بگەڕێتەوە ناو یەکێتى و سیناریۆکانى بێ کەموکوڕى بخاتە گەڕ و هەواڵەکانى بەگەرمى بۆ بنێرێت. مەلاش ئەم سیناریۆ پوچەڵە بە دەرچەیەک و هەلێک ئەزانێت خۆى بخزێنێتە لیتاوى حیزبەکەى دەباشان و بگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانى نەبەردیى و چالاکى و نرکەى شۆرشگێڕى نەک ٢٢ هێلیکۆپتر، بەڵکو تابورى هێزەکانى ناتۆش بهێنێتە لەرزە.
لەگەڵ دروستبونى یەکێتیدا کۆمەڵێک ئیدیۆمیش دروستبووە و لەوانە: (یاخوا یەکێتى بەشتێکەوە نەیگرێت) جاران بە فەرماندەوە گرتبوى.. هەموو یەکێتى فەرماندە بوون، پاش (ڕاپەڕین) بە دزییەوە.. دواتر زۆربەى بوو بە تاڵانچى و سەرانەسێن، یان بەڤیاگراخۆ، لایەکى یەکێتیی بوو بەڤیاگراخۆر و مارکەى ڤیاگرایان وەک دروشمەکانى یەکێتى لەبەر کردبوو، ئێستاش بە ژەهرخواردنەوە گرتوویانە.. ئیتر هەریەکێک هەڵئەستێت مەدالیاى ژەهر و نەبەردى بە بەرۆکى خۆیدا هەڵئەواسێت، پرۆسەکە شۆڕبۆتەوە بۆ لاى هەرزەکار و ڕووتەڵە سەوزەکان و ئەوانیش شەرابى ژەهریان نۆشیوە... لەوانە لە هەموى گرنگتر یەکێتى بە پارتیبونەوە گرتوویەتى، لایەک لەسەرکردە و بنکردەى سەنگەرى قەرسیلى سەوزیان چۆڵکرد و ئێستا لە پوشى لەوەڕگاى زەرددا ئەلەوەڕێن، وەک عەبدێکى ئەڵقە لەمل چاوەڕێیى مەرحەمەتێکى بەچکەیەکى بنەماڵەى بەرزانین. بەشێکیتریان لەناو پاشماوەى یەکێتى و گردى دەباشاندا ڕۆلێکیتریان بە سەوزى پێ ئەبینن، مەسعود بەرزانیش وریایانە گۆڵ لەسەر گۆڵ لە یەکێتى ئەکات، ئێستا لەناو گردى دەباشانەوە فوتبۆڵێنى سیاسی بە جوت کوڕو پورى بێچارەیان ئەکات.
پارتى زۆر لە مێژە و بەئاشکرا پەیامى فراوانکردنى پرۆسەى ژەهرخوارکردنى بۆ یەکێتیە تازەکەى باڤڵى جەلال تاڵەبانى نارد و پێی وتون هێرۆ برایم ئەحمەدى تێبهاون، کە بۆ دوو ساڵە بێدەم و زمان و بێچاو کەوتووە.هەر بۆ بیر هێنانەوە ڕۆژنامەنووسەکەى پاراستن و کۆنە بەعسى وجەیش شەعبى بەعس (عارف قوربانى) یەک دوو ڕۆژ پاش کودەتاکەى دەباشان ئەڵێت: تەحقیقى تیابکەن هێرۆخان دەرمانخواردکراوە. منیش پێم باشە شانازخانیش بخەنە ئەم گۆماوى ژەهرەوە، خۆ ئەویش لایەکى ڕوخسارى خوار بووە، هەر بە ڕێگەى لەندەنەوەیە بۆ چارەسەر و باشترە تاڵەبانیشى تێبهاون و شڵپەى گۆم ئاوازێکى دڵگیرى هەیە لەم خەمى بێبارانیەدا، خەڵک کوا ئەو زانیارییەى هەیە، کە جەلال تاڵەبانى پاش ئەو جنێو و سوکایەتیە گەورەیەى، کە نورى مالیکى پێیکرد توشى جەڵدەى دەماغ بوو. 
پارتى.. باشترە بڵێین مەسعود بەرزانى، چ یارییەکى سەرکەوتوو ئەکات، لەلایەک بە (سواربونێکى) جەڵال پەرێشان لە پەڕلەمان چۆن ئەم حیزب و حیزبۆکانەى پەڕلەمانى پەرێشان کردووە و سەرقاڵیکردون، ئەم پەڕلەمانە قابیلە پەرلەمانى نەمسا بێت؟ ئێ بابەتەکانى سواربون و دابەزینە، ئەبێت پەرێشان و بەندبێژ و دەستگێ رو نەخوێندەوار و غازفرۆش چى لەیاسا و چاودێرى حکومەت بزانن!؟
 لەلایەکی ترەوە لەناو یەکێتیدا کردویەتى بەشەرە سەگێک سەعدى پیرە شاناز ناناسێتەوە ئەسەسەردى لێبوە بە دەمە زەرد، لەپاڵ ئەمانەدا خۆى خەریکى سەودا و مامڵەیە لەگەل هێزە براوەکانى هەڵبژاردنى عێراق و بەنهێنى سەردانى تاران و ئەنقەرە ئەکەن، بۆمەزەى سیاسەت (مەلا بەختیار و سەرکۆمار) ئەخەنە جوملەى نەخۆش و لەڕو لاوازەوە و ختوکەى زاوا و خەزورى (باڤڵ + مەلا)ی پێئەدەن. 
ئێستاى یەکێتى.. نە بڕیار، نە شەر، نە ئاشتى، نە باڤڵ، نە ژەهر، نە کۆبونەوە، نە دەرکردن نە قوباد و نورەدین بەدەست یەکێتیەوە نەماوە. ئاژانسى ئانادۆڵى تورک و تەلەفیزۆن و سایتەکانى بنەماڵەى بەرزانى و پاراستن لە پێش هەموواندا هەواڵى یەکێتیە تازەکەى باڤڵ پەخش ئەکەن، ئەوەى ماوەتەوە بۆماڵى مام، دوگ و هێلکەیە، لەگەڵ قاقاى پێکەنینى باڤڵ و پێشوازى لە شادیلۆکەى نەوزاد کۆنە پەڕلەمانتارى شاسوار و نمایشى سەربازى بەخشینى دەمانچە بە ئەیوبە گەڕە (ببورن بەوە ناسراوە) کە سەرپەرشتیارى لیواکانى کۆسرەت دەکات، کە چاوەڕێى مردنین و یەکێتى تازەتر و تازەتر بکەنەوە.
 جەلال تاڵەبانى... کەسانى بێماهیەت و شکستخواردو و لاواز و شەڕواڵپیس و گیرفان دڕاوى هەڵبژاردووە هەمویانى بەچە ترسێن کردوە، ئەوە بوارى بۆ ژنەکەى و دواتر مناڵەکانى خۆشکردووە، کە بێنە سەر سفرەى ڕازاوە پر لە دوگ و هێلکەى سەوزى یەکێتى، ئێستا یەکێتیەکەى ماڵى مام بە پرۆسەى حیزبەکەى گوڵەخانە و گردى زەرگەتەدا تێئەپەرێت بەهەندێک جیاوازییەوە، ئەبێتە دوکانچەیەکى سیاسى و بێبازاڕ و مێش تێئالاو.
 ئەوە حیزبى خەسێنراوە کەسى خەسێنراو و کوڕى خەسێنراو و سەرکردەى خەسێنراو دروست ئەکات، خەریکە مێژوویەکى خەسێنراو بەرهەم ئەهێنێت.
 لەساڵى ١٩٥٩دا لە بەغداى پایتەختتدا مەلا مستەفا هێزى بردە سەر هەمزە عەبدوڵاى سکرتێرى پارتى و وەدەرینا و برایم ئەحەمەدى خستە شوێنى، لە کۆنگرەى چوارەمى پارتى دا، مەلا مستەفا ئەوەندە جنێو سوکایەتى بە برایم ئەحمەد ئەکات هەرکەسێکی تر بوایە یەک زەڕە کەرامەتى هەبووایە بۆ هەمیشە تفی لە سیاسەت و حیزبایەتى ئەکرد. کەلتورى خەسێنراو لە برایم ئەحمەدەوە دابەزیووە. 
لە دەوروبەرى ساڵى ١٩٦٨ دا بنەماڵەى برایم ئەحمەد خزمێکى خۆیان بە ناوی ( ک. ڕ ) بە ژەهرکردنە ناو خواردن تۆمەتبار ئەکەن و دواتر جەلال تالەبانی ئەیبات بۆ گەرەکى بەکرەجۆى شارى سلێمانى، کە بارەگاى جاشخانەکەى لەوێ بوو و بێ هیچ دادگایەگ گیانى لێئەسێنن. چیرۆکەکە زۆر لەوە کۆنترە و لەوێوە دەست پێئەکات. سەیرە.. ئێستا (ژەهر)ى خەسێنراو و ئێکسپایەریش بوو بە بەشێک لە سەروەرییەکانى یەکێتى. 
مەلایەک بەم هەموو نەخۆشى جەستەیە و دەرونیەوە و لەم کۆتایی تەمەنەیدا خۆیکردووە بە قەشمەرجار و سیناریۆی، ژەهرخواردن بۆخۆى دائەتاشێ، کۆمەڵێک جاشقەلەمى بێسەواد و پاشماوەخۆرى خستۆتە مەزادخانەى سۆشیال میدیاوە، هەریەکەى بەئاوازێک بۆڕە بۆڕیانە، ئەگەر شۆڕش و باروت و شاخ و هێلیکۆپتەر وەلا بنێین، یەکێکیان بە نووسەر و قلێکی تر بەبیرمەند و دانەیەکی تر بە میمۆرى دائەنێت، هەر مەلا میمۆرى مابوو.
ئەڵێت لەکاتێکدا توشى ئەم ژەهر خواردنە کراوە، سەرقاڵى بیروەرى نوسینەوە بووە. 
ئەگەر بیرەوەرییەکانى مەلا باسى دیل کوشتنەکانى بکات و بینوسێتەوە کە سەید کاکا چۆن کردویەتى بە گاڵتەجاڕى شاخ و شار، چەند لە هاوڕێکانى بەکوشتتدا، ئەگەر بیرەوەرییەکەى ئەوەى تێدا بێت، کە وتوویەتى مام جەلال پێلاوەکانت لە ئاڵاى شۆڕش بەرزترە، ئەگەر باسى (خەباتى عوسمانى حەمەگول) بکات، ئەو پێشمەرگە گەنجە سادە و خێر لەخۆنەدییوەى تێدا بێت، کە یارمەتى هەڵهاتنیدا لە زیندانەکەى یەکێتى لە دێی یاخسەمەرى شارباژێر و گوللەباران کرا. مەلا ئەوکاتەى هەولێر لەگیرفانیدا بوو دور لە ئێستاى کە لە ژێر پارتیدا نیخە نیخێتى، (ئاسۆ)ى براى خەبات جوانەمەرگ و (تەلار) ژنى بردە لاى خۆى...... دواتر یەکێتیانە بەبێ هیچ دادگاییەک هەردوکیانى کوشت. باسى نرکە و هەڵمەتى ترسنۆکانە و دۆن کیشۆتانەى شەڕى ناوخۆى تێدا بێت، باسى چوار لە ژنى پاسەوانەکانى تێدا بێت ئەوا بیرەوەرییەکى ڕاستگۆیانەیە. باسى دەستى خوێناوى و زمانى درۆ و ئەقڵى بۆش و بێ مەعریفە بکات، هەرهیچ نەبێت گەشتە چەور و قەڵەوەکانى ٣٠ سال حوکمڕانیان بۆ ئەوروپا و خەستەخانەکانى ئەڵمانیا، قیروسیا لە مۆدێرن شتى وا چی تێدایە بەراوردێکى دبڕانانەى نێوان خۆى و مەلا لەتیف سەلەفى بکات، کە خاڵى هاوبەشیان ژن دزینە.
مەلایەک.. یەکێکە لە پایەکانى شکستى ڕەوتى ڕۆشنبیرى و سیکۆلارە لە شارى سلێمانى، ڕەوتى پێشکەوتن و ژیانى شارستانى و خوێندن و مۆدێرن لە سەردەمى حەپسە خانى نەقیبەوە لە برەودا بوو و ڕۆڵێکى سەرەکى بینیوە بەردەوام بووە، هەتا حوکمى چەک بەشان و تفەنگچیەکانى یەکێتى دواى (ڕاپەرین) یەکێتى و خودى تاڵەبانى بەمەبەست ئەم کارەیان کردووە و بە بەرنامە مەلایان بۆ ئەوە داناوە و تاڕادەیک جۆرێک لەبەرەو پێشچونیان کردووە. ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان لەسەرشکستى ڕۆشنبیرى و پێشکەوتنى سلێمانى دادگایکردنێک دروست بکرێت ئەبێت یەکەم کەس ئەم مەلایە دادگای بکرێت.
 بەشێکی ترى ئەم شانۆگەرییە.. گەڕانەوەی مەلایە کە ٤٥ پاس خەڵکى گێل و نەفامیان لە خانەقینەوە بۆ پێشوازى هێناوە، بێجگە لە چەند چڵکاوخۆر و لاکەوتەى حیزبى گردەبڕاوەکەى دەباشان، کەسێکى موعتەبەرى سلێمانى لێنەبوو، کە پیشاندەرى ئەو ڕقە ئەستورەى خەڵکى ئەو شارەیە بەرامبەر ئەم پێوەندکراوەى پارتى، کەسێک ژەهر خواردکرابێت، کەواتە بەرگرى لەشى تەواو دابەزیوە و ئەبێت خۆى لە هەموو تێکەڵاوییەک بەدوور بگرێت، پێچەوانە سناریۆکەیە، کە بە قەڵەباڵغى دەستیپێکرد، تەنانەت مەلا دەمامکیشى نەکردبوو، لەوە بەولاوە مەلا وای ئەزانى مەلیک حسەینى ئوردنە - کە لە نەخۆشیەکەى لە ئەمەریکاوە گەڕایەوە - خۆى لە سەقفى ئۆتۆمبیلەوە دەرهێنابوو، لەهەموى سەیرتر فڕۆکەخانەى سلێمانى لەسایەى ئەم یەکێتیە کیلۆمەتر سفرەدا شیرازەى پچڕابوو ئەتوت سۆماڵ و ئەفغانستانە.
 مەلا ئەگەربە ڕێکەوتیش بێت و بۆ تەنها ساتێکیش بێت، تەنها بۆماوەى هەناسەیەکیش بێت گەردیلەیەک کەرامەتى بۆ بگەڕێنرێتەوە، ئەبێت خۆى خۆى ژەهر خوارد ئەکات، قیروسیا با (دابڕان)یش هەتیو بکەوێت و عێراقیش ڕەشپۆش و بەبێ سەرکۆمار بێت.. ها ها ها.

• بەهیوام ئەم نوسینە لێکدانەوەیەکى وەهاى بۆ نەکرێت کە بەرگریبێت لە باڵێکى حیزبەکەى نورەدین، لاهورى شێخ جەنگى ئەڵێت لەو بروایەدا نەبووم ئامۆزاکانم کارێکى وەهام لەگەڵدا بکەن، کەواتە زۆرى ماوە لەسیاسەت حاڵى ببێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە