دووسه‌د ملیاره‌كه‌ی به‌غداو كراسه‌كه‌ى عوسمان

Saturday, 11.13.2021, 23:30

909 بینراوە


كاتێك عوسمانى كوڕى عه‌فان شه‌هید كرا ئه‌مه‌ویه‌كان  ڕوداوى  شه‌هید كردنى عوسمانیان  بۆ خۆیا قۆسته‌وه‌و ویستییان له‌و ڕێگایه‌وه‌ خه‌لافه‌ت به‌ده‌ست بهێنن چونكه‌ عوسمانى كوڕى عه‌فان له‌ ئه‌مه‌ویه‌كان بوو . بۆیه‌ هه‌ر كاتێك  ده‌یانوبست شه‌ڕێك بكه‌ن  ، كراسه‌ خوێناویه‌كه‌ى عوسمانیان به‌رز ده‌كرده‌وه‌و ده‌یانگوت ئێمه‌ غه‌درمان لێكراوه‌ . 
ئه‌وه‌نده‌ كراسه‌كه‌ى عوسمان به‌رزده‌كرایه‌وه‌  بۆ پاساو هێنانه‌وه‌ى شه‌ڕ ، تا ئێساش ئه‌مه‌ بۆته‌ قسه‌و باسى ناو جه‌ماوه‌ر . كاتێك زۆر له‌ شتێك ده‌گوترێته‌وه‌ وباس ده‌كرێت برینى ڕأبوردوى پێ ده‌كولێنرێته‌وه‌ ، ده‌ڵێن ها ها ئه‌مه‌شتان كرد به‌ كراسه‌كه‌ى عوسمان . مه‌سه‌له‌ێه‌كى تریش هه‌یه‌  هه‌ر له‌ بابه‌تى كراسه‌كه‌ى عوسمانه‌  كه‌  زۆر جار ده‌گوترێت ئه‌مه‌شتان كرد به‌ خوێنى سیاوه‌ش كه‌ له‌ كورده‌واریدا بۆته‌ سیاوه‌حش . ئه‌مه‌ش چیرۆكێكه‌ له‌ بابه‌تى  شه‌هید كردنه‌كه‌ى  عوسمان . 
له‌ سه‌رده‌مى نێچیر بارزانیدا بۆ ئه‌وه‌ى موچه‌ى خه‌ڵك كه‌م بكه‌نه‌وه‌  پاساوێكى باشیان داهێنا و موچه‌ى خه‌ڵكیان كه‌م كرده‌وه‌ به‌ ناوى پاشه‌كه‌وته‌وه‌ . واته‌ ئێمه‌ موچه‌كانتات نابڕین و كه‌مى ناكه‌ینه‌وه‌ و بۆتان پاشه‌كه‌وت ده‌كه‌ین  به‌ڵام به‌ دوو مانگ جارێك و ده‌درا .  تا ئێستاش كه‌س ئه‌و موچه‌ پاشه‌كه‌وتانه‌ى وه‌ر نه‌گرتۆته‌وه‌و كه‌وته‌  قورگى شێره‌وه‌ . 
له‌م باره‌یه‌وه‌ یادگاریه‌كى خۆشم هه‌یه‌ له‌سه‌ر پاشه‌ كه‌وت . دیاره‌ پاشه‌كه‌وت  لاى پارتى مێژویه‌كى كۆنى هه‌یه‌ و له‌ كاتى ئاشبه‌تاڵیش  پاره‌ى پاشه‌كه‌وتمان زۆر بوو ئه‌وه‌ش هه‌ر بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ده‌زانن چیلێكراوه‌ . ساڵى 1988 دواى ئه‌نفاله‌كان چوینه‌ ناو ئێران . ژماره‌یه‌كى زۆر ماڵه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ شارى سه‌قز بون . من ئه‌و كات به‌رپرسى  ئیداره‌ى مه‌كته‌بى سیاسى بوم له‌ قاسمه‌ ڕه‌ش  .
ڕۆژێك له‌ سه‌قز پێشمه‌رگه‌یه‌ك هاته‌ لام و پێی وتم چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كى یه‌كێتى له‌و چایخانه‌یه‌  كردویانه‌ به‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ و جنێو ده‌ده‌ن  حه‌یامان چوه‌.  منیش چوم بۆلایان و لێم پرسین كێشه‌تان چییه‌ . وتیان مانگى 2500 تمه‌نمان هه‌یه‌ و مال َو مناڵمان هه‌یه‌و به‌شمان ناكات . پێم وتن  یه‌كێتى هیچ پاره‌ى نه‌ماوه‌  بڕیار وایه‌ مانگى داهاتو 2000 تمه‌نتان پێ بده‌ن . هه‌ر به‌ڕاستیش پاره‌ نه‌بوو . سه‌یرم كرد پێشمه‌رگه‌یه‌ك  له‌و په‌ڕه‌وه‌ دووره‌ په‌رێز دانیشتبوو گوێی گرتبوو . وتم برا بۆچى تۆش نایه‌یته‌ پێشه‌وه‌و قسه‌یه‌ك  بكه‌ى . وتیان لێی گه‌ڕى ئه‌و پێشمه‌رگه‌ى پارتییه‌ .
 لێم پرسى ئه‌ى ئێوه‌ موچه‌تان هه‌یه‌. وتى به‌ڵى هه‌مانه‌. وتم هه‌موو مانگێك وه‌رى ده‌گرن . وتى نه‌خه‌یربارزانى بۆمان كۆده‌كاته‌وه‌و بۆمان پاشه‌كه‌وت ده‌كات .  كه‌واته‌ پارتى هه‌میشه‌ كار قایم بوه‌و  ئه‌وان مێژویه‌كى كۆنیان هه‌یه‌ له‌ پاشه‌كه‌وتكردندا . 
 كاتێك  مه‌سرور بارزانى  براگه‌وره‌ بوو به‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت  دریژه‌ى به‌و پاشه‌كه‌وته‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دا له‌ ژێر ناوى لێبڕینى موچه‌دا . واته‌ ڕێك وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ ده‌ڵێن : شه‌ل نییه‌ پاى شكاوه‌ . 
پاساوى ئه‌م دوو سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ كه‌ئامۆزاى یه‌كترن  بۆ پاشه‌كه‌ت كردن و لێبڕینى موچه‌ ئه‌وه‌یه‌  كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم زیاتر له‌27 ملیار دۆلار قه‌رزداره‌و نرخى نه‌وت زۆر دابه‌زیوه‌ . لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌ دوو خاڵى زۆر گرنگ بده‌م :
1-تا ئێستا جگه‌ له‌ سه‌رانى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانى   نه‌ په‌ڕله‌مان و نه‌حكومه‌ت و كه‌س نازانێت  ئه‌م قه‌رزانه‌  بۆچى كراون ، له‌ كوێ كراون  ، كه‌ى كراون و كێ كردونى .  ئه‌وه‌ نه‌ بۆ خه‌ڵك ڕون ده‌كه‌نه‌وه‌و نه‌ ڕێگاش ده‌دن  په‌ڕله‌مان به‌ دوادا چون بكات . زۆر به‌ى بۆچونه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕان  ئه‌گه‌ر له‌ هه‌نده‌رانیش پاره‌ قه‌رز كرابێت   نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌ بۆ كوردستان و خراوه‌ته‌ سه‌ر حسابى سه‌رانى هه‌ردو بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانى . بۆچونى تریش  هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن: له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و پارانه‌ هه‌ر پاره‌ى خه‌ڵك  بوه‌و كردویانه‌ به‌ پاره‌ى خۆیان و ئێستا كردویانه‌ته‌ قه‌رز به‌سه‌ر میلله‌ته‌وه‌ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ى  هیچ حساباتێكى ئه‌م هه‌رێمه‌ ئاشكرا نییه‌ بۆیه‌ هه‌موو گومانه‌كان ڕاستن .  
دووه‌م: گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان  به‌ شێوازێكى  زۆر سه‌قه‌ت كراون . زوربه‌ى داهاته‌كان بۆ كۆمپانیكانى نه‌وته‌و ئاسانكارى زۆریان بۆ كراوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌وه‌ى ژێر به‌ ژێر سه‌رانى هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ش  بونه‌ شه‌ریكى كۆمپانیاكان  له‌سه‌ر حسابى میلله‌ت .
 تا چه‌ندین ساڵ هه‌موو وه‌زاره‌تى نه‌وت له‌ جانتاكه‌ى ئاشتى   هه‌ورامیدا بوو  تا ئێستاش كه‌س نازانێـت ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ چۆن كراون و ڕێگاش نادرێت كه‌س به‌ دوادا چون بكات . 
ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌شتان وه‌بیر بهێنمه‌وه‌ كه‌ كۆمپانیاى دانا غاز بڕى یه‌ك ملیار و سه‌د ملیۆن دۆلارى له‌ حكومه‌تى هه‌رێم وه‌رگرت وه‌كو سزا له‌ برى ئه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى ڕێگاى نه‌دا دانا غاز كارى كۆمپانیاكه‌ى له‌ ده‌ڤه‌رى گه‌رمیان فراوا بكات و  به‌رهه‌مى غاز زیاد بكات  به‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى ئه‌م كۆمپانیایه‌ ده‌كه‌وێته‌سنوورى یه‌كێتى و بۆ ئه‌وه‌ى داهاتى ئه‌م سنووره‌ زیاد نه‌كات . كه‌واته‌ ده‌بێ ئێمه‌ چ ئومێدێكمان به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌بێت ؟. 
 دواى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌رێمى كوردستانیان  ڕو به‌ڕوى قه‌یڕانێكى دارایی زۆر سه‌خت كرده‌وه‌ ، به‌ ناچارى ڕویان كرده‌وه‌ به‌غداو ماوه‌ى چه‌ندین مانگ قوباد تاڵه‌به‌انى  به‌ سه‌رۆكایه‌تى  وه‌ڤدێك چه‌ندین جه‌وله‌ى مه‌كۆكى بۆ به‌غدا كرد . 
قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرا كه‌ هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێك كه‌وتون  كه‌ به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم بنێرێت و له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌رێم  رۆِژانه‌ بڕى 250 هه‌زار به‌رمیل ڕاده‌ستى به‌غدا بكات  له‌گه‌ڵ نیوه‌ى داهاتى گومرگ و ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى تا ئێستا هه‌رێم نه‌ نه‌وت و نه‌داهاتى گومرگى ڕاده‌ستى به‌غدا نه‌كردوه‌ ، به‌غدا ڕازى بوو تا كۆتایی ساڵى 2021 مانگانه‌ بڕى 200 ملیار دۆلار بۆ هه‌رێم بنێِرێـت. 
به‌ڵام به‌غدا كه‌ى بیه‌وێت  بۆى هه‌یه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ببڕێت .  بۆیه‌ حكومه‌تى  هه‌رێم هه‌موو مانگێك كه‌ كاتى پێدانى موچه‌ دێت  سه‌ره‌تا باسى 200 ملیارد دیناره‌كه‌ى به‌غدا  ده‌كات و موچه‌ خۆران  وه‌كو گیسكه‌كه‌ى هه‌یاسى خاس لێ ده‌كه‌ن و توشى نا ئومێدى و دڵه‌ ڕاوكێیان ده‌كه‌ن  . ده‌ڵێن كه‌ پاره‌كه‌ى به‌غدا گه‌یشت موچه‌ دابه‌ش ده‌كه‌ین . تا ئێستا پاره‌كه‌ نه‌گه‌یشتوه‌ ، هه‌فته‌ى داهاتو ده‌گات ، موژده‌تان لێبێت گه‌یشت . ئێ جارى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ دابه‌شى بكه‌ن  و كه‌ى ئه‌وه‌ى به‌غداش هات  دابه‌شى بكه‌ن . ده‌زانن بۆچى ئه‌مه‌شیان كرده‌ كراسه‌كه‌ى عوسمان بۆ ئه‌وه‌ى  كه‌ پاره‌كه‌ى به‌غدا وه‌ستێنرا، ئه‌مانیش لێره‌ ده‌ست بكه‌نه‌وه‌ به‌ لێبڕینى موچه‌ . واته‌ ئه‌مان كارامه‌ن بۆ خۆیان و به‌هانه‌ى لێبڕینى موچه‌یان هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ . 
سه‌یركه‌ن چۆن ئه‌مانه‌ خه‌ڵكى هه‌رێمیان له‌ ڕوى ده‌رونییه‌وه‌  ناڕه‌حه‌ت كردوه‌و دوارۆِژیان به‌ستونه‌ته‌وه‌ به‌و 200 ملیاره‌ى به‌غداوه‌ . 
له‌ كاتێكدا  ئه‌مانه‌ پێدانى موچه‌یان به‌ستۆته‌وه‌ به‌و 200 ملیاره‌كه‌ى به‌غداوه‌ ، كاتى خۆى كه‌پاشه‌كه‌وتى موچه‌ ده‌ستى پێكردوه‌ به‌رمیلى نه‌وت له‌ ده‌ورى 40 دلاردابوو ، دواجار گه‌یشته‌ 25دۆلار . به‌ڵام ئێستا  نرخى به‌رمیلێك نه‌وت به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ 85 دۆلار .
 له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ حكومه‌ت به‌ناوى چاكسازیه‌وه‌  موچه‌ى پله‌باڵاكان و تایبه‌ته‌كانى  كردۆته‌ نیوه‌و ئه‌وانه‌شى له‌ موچه‌یه‌ك زیاتریان هه‌یه‌  بڕیویه‌تى  . باجى هه‌موو شتێكى زیاد كردوه‌ كه‌ هاوڵاتیان ئه‌و زیاده‌یه‌ ده‌ده‌ن  جگه‌ له‌ كۆمپانیاكانى هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ كه‌ هیچ جۆره‌ باجیك ناده‌ن .  كه‌واته‌  قسه‌كه‌ى ئاشتى هه‌ورامى زۆر ڕاسته‌ كه‌ باسى پاشه‌كه‌وتى موچه‌ ده‌كرا ده‌یگوت ئه‌گه‌ر به‌رمیلى نه‌وت  ببێته‌ 100 دۆلاریش  هیچ له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ناگۆڕێت  و پاشه‌كه‌وت به‌رده‌وام ده‌بێت   كه‌واته‌  ئه‌گه‌ر به‌رمیلى نه‌وت ببێته‌ 120 دۆلاریش هه‌تا 200 ملیاره‌كه‌ى به‌غدا نه‌یه‌ت  هه‌ر لێبڕینى موچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت  .
ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێت له‌ كۆتایی ئه‌م نوسینه‌دا باسى بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ 29 ساڵى حوكمڕانى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ى ئێستادا به‌رده‌وام كه‌سانى ڕۆشنبیر و دڵسۆز و نوسه‌رو ڕۆژنامه‌ نوس  كه‌م كورتیه‌كانى حوكمڕانییان باس كردوه‌و داویان كردوه‌  كه‌ چاكسازى بكرێت و  هه‌رێم به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رن ، به‌ڵام نه‌ك باشتر كراوه‌ ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژ خرابتربوه‌ .
ئێمه‌ هه‌مومان كاتێك بابه‌تێك ده‌نوسین و ڕومان له‌ ده‌سه‌ڵاتدارنه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ گوێمان لێ بگیرێت و  به‌ قسه‌مان بكرێت و ده‌سه‌ڵاتداران  هه‌ست به‌ هه‌ڵه‌كانى خۆیان بكه‌ن و خۆیان چاك  بكه‌ن ، چونكه‌ ئه‌وان خۆیان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتن و گۆڕانكارى هه‌ر به‌ خۆیان ده‌كرێت .  به‌ڵام له‌ ماوه‌ى هه‌موو حوكمڕانى خۆیانیاندا  نه‌ چاویان هه‌بوو نوسینه‌كانى دڵسۆزانى ئه‌م گه‌له‌ بخوێننه‌وه‌ و خه‌ڵك ببین ، نه‌گوێشیان هه‌بوو كه‌ ئاگادارى ڕه‌خنه‌و پێشنیاره‌كانى خه‌ڵكبن . 
له‌ڕاستیدا ئه‌مانه‌ شایسته‌ى حوكمڕانى نین و رۆِژگار ئه‌وانى سه‌پاندوه‌و دواڕۆژى  ئه‌م هه‌رێمه‌و ئه‌م میلله‌ته‌یان  خستۆته‌ به‌رده‌م مه‌ترسى گه‌وره‌وه‌و ئه‌مانه‌ ته‌نها بیریان له‌وه‌یه‌ كه‌ داهاتى ئه‌م وڵاته‌ بۆخۆیان تاڵان بكه‌ن و ئاماده‌ش نین ده‌ستبه‌ردارى ده‌سه‌ڵات ببن . پرسیارى گرنگ لێه‌دا ئه‌وه‌یه‌ : ئایا ته‌نها ده‌سه‌ڵات تاوانباره‌ به‌رامبه‌ر به‌هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ى به‌سه‌ر ئه‌م هه‌رێمه‌دا هاتوه‌ ؟. 
له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێم : نه‌خه‌یر ئێمه‌ى هاوڵاتیش تاوانبارین چونكه‌ به‌ هه‌موو بڕیاره‌كانى حكومه‌ت ڕازین و گوێڕایه‌لى فه‌رمانه‌كانى ئه‌وانین . سامانى ئه‌م وڵاته‌یان تاڵان فرۆش كرد ده‌نگمان نه‌كرد . موچه‌یان بۆ پاشه‌كه‌وت كردین ، ده‌نگمان نه‌كرد . موچه‌یان بڕین ده‌نگمان نه‌كرد . نیوه‌ى خه‌لكى كوردستانیان ڕاده‌ستى  به‌غدا كرده‌وه‌  به‌ناوى ڕیفراندۆمه‌وه‌ ، ده‌نگمان نه‌كرد .  هه‌رچى باسى ئازادى بكات  حوكمى ده‌ده‌ن  قسه‌ناكه‌ین  ،ئه‌وه‌تا كۆڕه‌وى گه‌نجانمان ده‌ستى پێكردوه‌و سه‌یركه‌ن له‌ بیلاڕوسیا توشى چ كاره‌ساتێك بون فزه‌مان لێوه‌ نایه‌ت و ده‌بوو ئێستا هه‌موو میلله‌ت بڕژانایه‌ سه‌ر شه‌قام . هه‌موو كاردانه‌وه‌كانمان به‌رامبه‌ر به‌وهه‌موو تاوانانه‌ى  ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه‌ : 
به‌خوا ئه‌م جاره‌  نه‌چوم بۆ ده‌نگدان  تۆڵه‌ى خۆم لێكردنه‌وه‌ .   به‌ڵام تۆ بچیت یان نه‌چێت بۆ ده‌نگدان  ئه‌و سواره‌و تۆش پیاده‌و بار به‌ر . ئه‌گه‌ر سه‌یریش بكه‌ن ڕۆژانه‌ به‌ سه‌دان نوسین له‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ له‌سه‌ر شاشه‌ى سایته‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان بڵاو ده‌كرێته‌وه‌و  ڕه‌خنه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌گیرێت و  ڕێنمایی به‌ حكومه‌ت ده‌درێت . به‌ڵام ئه‌وه‌ ماوه‌ى 29 ساڵى حوكمڕانى ئه‌م ده‌سته‌مافیایه‌ به‌ڵام ئه‌وان نه‌ له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى چاویان هه‌یه‌ هه‌ڵه‌كانى خۆیان ببینن نه‌ گوێشیان هه‌یه‌ داواكاریه‌كانى خه‌ڵك ببیستن . كه‌واته‌  نوسین وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ ئاسنى سارد بكوتى . 
به‌ بۆچونى خۆم سه‌ره‌تاى قۆناغێكى نوێی گۆڕانكارى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق  له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى ئه‌م جاره‌ى په‌ڕله‌مانى عێراق  خه‌مڵیوه‌و  كۆمه‌ڵگا  له‌ ژانێكى گه‌وره‌دایه‌ . كاتى ئه‌وه‌یه‌ هه‌مومان خۆمانى بۆ ئاماده‌بكه‌ین و به‌ كردار به‌شدارى بكه‌ین سنوورى قسه‌و نوسین و گله‌یی تێپه‌ڕێنین و نه‌فه‌س درێژ و كۆڵ نه‌ده‌ربین و  بێ ئومێد نه‌بین  چونكه‌ هه‌موو وڵاتانى پێشكه‌وتوى جیهانیش به‌م قۆناغى ئێستاى ئێمه‌دا گوزه‌ریان كردوه‌ له‌ نوسینى داهاتومدا باسى ئه‌وه‌ ده‌كه‌م  چى پێویسته‌ و چى باشه‌ له‌م قۆناغه‌دا  ئه‌نجامى بده‌ین و كارى بۆ بكه‌ین.