ڕێگەی هەق لە کوێیە؟

Tuesday, 16/11/2021, 0:36

2662 بینراوە


بەیانیت باش جەنابی دادگا...

من کەیسێکم ناوم ژەهرە، ژەهر خواردکردن. هێندەی ناوەکەم ترسناکم بۆ سەرخۆم و بۆ سەر ژەهرخواردکراو و ژەهرخواردکەریش، ئەگەر ساغم بکەیتەوە. وە ئەگەر نا، ئەوە لە کەیسەوە ئەبم بە لاوازترین سیناریۆی فیلمی سەردەم کە کۆتاییەکەم لە سەرەتاوە ئەبینرێت. بەڵام ئەوەی گرنگە بەلای منەوە ئەوەیە کە بە خۆشحاڵییەوە مەفعولەکەم کاریگەرنەبوو و کەسیش نەبووە بە قوربانی. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە بۆ دواجار ئاگادارت بکەمەوە، کە مەترسی من لە سەر هەموو ئەوانی دیکە بۆ تۆ زیاترە. گەر لە ئاستی کەیسی من و سەرجەم کەیسەکانی دیکەش، هێندەی مەسیح ڕاستگۆ نەبیت. 
ئێستا من خەریکی خۆ ئامادەکردنی خۆمم. پەڕاوی خۆمم کۆکردۆتەوە، پەڕە لە سەر پەڕە کونیان تێدەکەم و دەیانکەم بە قەیتانی فایلەکەمەوە. خەریکم قەڵەو قەڵەو ئەبم. بەر لەوەی بێمە لای تۆ، من خەریکم قسە بۆ میدیاکان ئەکەم. چەند مانگێکیشە، میدیاکان و سۆشیال میدیا و خەڵکیشم بە خۆمەوە سەرقاڵ کردووە. دەمێک وەها دەنگم هەڵبڕیوە وەکو ئەوەی ژەهرم چەند کەسێکی کووشتبێ و دەمێکیش وەها بێ دەنگیم لێکردووە وەک ئەوەی هەر ژەهریش نەبووبم. 
ئێستا هێندە دەزانم کە لە هەموو جارەکانی دیکە سوورترم تا بێمە بەر دەستت و لە تەنیشت چەکوشە دارەکەتەوە دامبنێی. ئێستا خاوەنم زۆرن و بەڵگە و شاهیدەکانیش ئامادەن. زۆرێک پێکەنینیان بە من دێ و ئەڵێن کە گوایە من سیناریۆم و نووسراومەتەوە. هەندێکیش زۆر جدی لە من دەڕوانن. ئەوەی سەیرە من لەم زۆنەی ئەم بەر ڕووم داوە، کەچی بووم بە بابەتی دەیان چاوپێکەوتن و ڕاپۆڕت و شیکاری ڕۆژانامەوانی زۆنەکەی ئەو بەر. نەک هەر ئەمان بگرە دەوڵەتی گەورەی ئەقلیمیش پێمەوە خەریکە. من کەیسێکم ناوم ژەهرە و ژەهرخواردکراوەکانم دیارن بەڵام ناکۆکن لە سەر ژەهر خواردکەر. ئەگەرچی بە گشتی چاوەکان لە سەر کەسێکە لە زۆنی ئەم بەر بەڵام کەسێکی دیکەی زۆنی ئەو بەریش ناوی هاتووە. بۆیە ئەپرسم ئاخۆ هەردوو بە یەک چاو سەیر ئەکەیت یاخود چاوێکت دادەخەیت و چاوێکیش زەق ئەکەیتەوە؟ ژەهرخواردکەری ئەم بەر و ئەوبەریش وەک یەک بانگ ئەکەیت! یاخود یەکیان ئەکەی بە ئەهریمەن و ئەوی دیکەشیان ئەهورامزدا و تۆش دەبیت بە بانێک و دوو هەوا؟ ئەو کات کێ بەهێزبێ تەرازووەکەت ئەدەیتە دەستی و عەباکەشت ئەدەی بە شانیا و کێش بێهێز بێ ئەخەیتە ئەودیو شیشەکان یاخود هەر دەری ئەکەیتە دەرەوە. جا با بزانم چی لە متمانەی خۆت ئەکەیت دادگا؟
بەڕای من ئەگەر تۆی دادگا و دادورەکانت لە جنسی عەدالەتن، ئەوا ڕاست بن و بەلای شێردا بڕۆن. لە سبەینێوە فایلی هەموو کەیسەکان هەڵبدەنەوە. دووبارە بە هەموویاندا بچنەوە. کەیسی ئەو ڕۆژنامەنووسەی بادینان کە لە چۆڵەوانیدا بە تیرۆرکراوی دۆزرایەوە و یاخود ئەوەی هەولێر کە بە بەرچاوی زانکۆکەیەوە ڕفێنرا و دواتر لە موسڵ بە شەهیدکراوی دۆزرایەوە. یان ئەوەی کەرکوک و ئەوەی گەرمیان، کاتێ ئەمیان بە بەرچاوی خوشکەکەی و ئەوی دیکەشیان لە باوشی دایکیدا ساردکرانەوە. ئەنجا وەرنەوە بۆ زۆنی ئەم بەر و بە کەیسی قایمقامە خنکاوەکە و حیمایە کوژراوەکە و فڕۆکەوانە ئازادکراوە ژەهر بارانەکەرەکەی هەڵەبجەش بچنەوە. ئەنجا هەڵمەت بەرنەوە بۆ زۆنەکەی ئەو بەر و بە کەیسی هەموو مردنە تەم و مژاوییەکانی سەرکردەکاندا بچنەوە. کەیسی مەلا و سەرجەم ئەو ڕۆژنامە نووس و چالاکوان و مامۆستایانەی کە بە ناهەق کران بە تیرۆریست. هەر مافێک کە خورابوو بە ناهەق بیگەڕێننەرەوە بۆ خاوەنەکانیان. چونکە خاوەنەکانیان ئێستاشی لە گەڵ بێت مەمنوون بوون بە مشتێ ژەهری بێ کاریگەر لە بری گووڵەی جەرگ بڕ. ئەنجا وەرە دانە دانە پەڕاوەکانی منیش هەڵبدەرەوە، تا لە خزمەتدابم. ئێمە داستانێکین لە تیرۆر و مەڕگ کە پێکەوە گرێ دراوین و دەبێت پێکەوەش شیتەڵ بکرێینەوە. بۆیە گەر قورسایی بڕیارت بخەیتە سەر کەیسی من کە ژەهرێکم بێ کاریگەر و بێ پرسی تۆ گەیشتوومەتە دەیان وڵات بۆ پەیداکردنی بەڵگە و بەڵام دەیان کەیسی کوشتن و مردن و تیرۆرت، بە سیناریۆیەکی لاواز تێپەڕاند و داتخستن، بە بێ ئەوەی دینارێک لە سەلماندنیان بە بێلایەن سەرف بکەی!؟ ناچارم ئەکەی بیری گۆرانییەکەی زنجیرەی تەلەفزیۆنی ژاڵەت بخەمەوە، کاتێ عەدنان کەریم ئەیووت: لەوڕۆژەوەی کە بازوویەک لە بازوویەک بەهێزتر بوو...ئەڵێن هەق وا لە سەر نووکی شمشێرەوە...ئاخۆ ئەم بڕگەیەی ئەکەی بە تایتڵی پشتی سەرت ئەی دادگا یاخود ئەوەی دیکەیان کە دەڵێت: نەخێر ئەڵێن هەق هەر هەقە، شمشێر هەبێ یاخود نەبێ.!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە