ئێمە حەقیقەتێکی خودادادین

Wednesday, 11.17.2021, 10:06

731 بینراوە


ئێمە نەتەوەین، بەڵام دابەشکراوین بۆ چوار گەل، بە زۆر کراوین بە بەشێک لە وڵاتێک و ژێردەستەی نەتەوەیەکی تر. 
ھیچ پێویستیشمان بەوە نییە، تەئید بکرێن یا نا، حەقیقەتێکی خودادایین، وەک ھەموو نەتەوەکانی تر، ھیچ ھێزێکناتوانێت کورد بوونمان لێ بسێنێتەوە، ھەر چۆن کەس ناتوانێ سویدی بوون و دانمارکیی بوون لە سویدییەکان ودانمارکییەکان بسەنێتەوە.
کەواتە بوونمان ڕاستییە، دابەش کردنمان کاتییە، بەزۆر و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە.
لەم حاڵەتەی ئێمەدا، کە زۆر تایبەتە، دەبێت بەڕێوەبردنی خۆشمان بۆ خۆشمان تایبەت بێت، لەو ڕەگەز ومادەیە بێت کە گونجاوە، بۆ حاڵی ئێستای خۆمان.
بۆیە: نە  دوژمنی دێرینەی ( ھەبوونمان)، نە (جلخواری ناوخۆمان و بەچکەی جلخواران)، نەیان توانییوە/ ناشتوانن بمان کەن بە بەشێک لە خواستی دوژمنانمان.
نەتەوەیەکی زیندووین، ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر دەبزوێین، ئێستا ڕەگی بنیاتنانی فەرمانڕانی و دەسەڵاتێکی دادپەروەریی کوردی، لەھەموو سەردەمێک زیاتر و خێراتر دەبێتە فکر وگەشە دەکات و بە وشیاری ھەنگاو دەنێت.
سەرگەردانییەکی ڕواڵەتی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا دەبینین و ھەست پێدەکەین، کە ئەوە داڕمانی سەرکردەیەتی ژەنگ گرتوو، حیزبی ڕزیوو و کوردەوارییەکی بەکاڵاکراوی ئەو سەرکردە و حیزبانەیە کە لە پەلەقاژەی مانەوەدان، لەترسی مەرگێکی مەحاڵ.
بۆیەش وا دیار و لەبەر چاوانە، چوونکە ھەموو ئاوێنەکان ڕووی لەوانە و وێنەی ئەوان دەداتەوە.
تۆ بڕوانە: کەی دایک و خوشک و براژنی خۆمان ئاوا دیووە، دەستی باوک و برا و شووەکەی بگرێ و لەگلان ونائومێدی بیپەڕێنێتەوە، بۆ ھەستانەوە و گەشبینی؟!
تۆ بڕوانە: چۆن ئەو کوردەی دابەشکرا بوو بەسەر حیزب و نیمچە حیزب و دوکانی سیاسی ئاڵوواڵادا، ئێستا ھەمووساتێ ھاوبەشی خەمی گشتە و یەک مەسەلە و یەک خۆشەویستی و یەک ئەوین ڕایدەچڵەکێنێ و خوشک لەگەڵ براو برا لەگەڵ برادا گفتوگۆیانە.
تۆ ببینە: چۆن گرتە ڤیدیۆیەکی سیاسی درۆزن، دەبێتە گڕێک و لە کاو پووشوی مێژووە درۆزنەکەیان بەر دەبێت؟!
ئەوان ھیچیان نەماوە، تەنانەت، ئەو ڕۆژ و مانگ و ساڵانەشیان دۆڕاند، کە ئەگەر لە تەمەنێکی ھەرزەکاریدا،کارێکی چاکیشیان کردبێ، چوونکە تای تەرازووی خراپەکاریی تەمەنی پیرییان، ھێند بە خێرای قورس بوو، کەئێستا تەرازووەکە ھەر یەکتایە و ئەویش پڕ لە درۆ، دەستبڕین، دزی، گەندەڵی، تەفرەدان و بەدکارییە.
ئاوێنەکان، درزیان بردووە و ڕوخساری خۆیان ناشرین و تێکشکاو دەبینن، ئەوان دەزانن و دڵنییان، ئەوە وێنە ڕاستەقینەکەی کەسایەتی ئێستای ئەوانە.
ئێستا ئەوان لە قۆناغی ماخۆلاندان و جێ بەخۆیان ناگرن، زمانیان تەتەڵە دەکات، بۆیە بڕیارەکانیان، ھیستیریائامێزە و ئەمەش نیشانەیە:
 ھەر گەلێک فەرمانڕانەکانی تووشی ئەو حاڵەتە بوون، نیشانەی ئەوەیە، کە نەخۆشی و پەتا لە چوارپەل وفکری داون و گەلیش لە حاڵەتی بە خۆدا ھاتنەوە و بەدەستھێنانەوەی دووبارەی تەندروستی خۆیدایە.
چوونکە لە فەرمانڕانیی لەو جۆرەدا، ھاوکێشەی نێوان گەل و فەرمانڕان، ھاوکێشەیەکی پێچەوانەیە.
شادمان بە، نەتەوەکەم! 
ئەم پێچە نەقولەی شاکانە، فەتح نەکرێ،
نەستەمی سەددامەکانە، نەپسێنرێ!
ئەوانەی ئێستا، گاڵتەت پێدەکەن و نیشتمانەکەت، وەک موڵکی باوکیان، لەت دەکەن و ھەڕاجی دەکەن.
دەست لەسەر سنگی شاکان و چاوبەژێری سەددامەکان بوون، ئەوسا و ئێستایش، کاڵایەکی ھەرزانیان پێ بوو بۆفرۆشتن، کوردەوارییەکی ساختە، کە ئیدی نەلای تۆ ڕەواجی فلس و قڕانێکی ھەیە، نە دوژمنانی کورد بۆنی پێوەدەکەن.
ناچارن دەبێت، ئەم لاشە بۆنکردووە، بدەن بە کۆڵیاندا و ڕوخساری تاوان گرتوویانی، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی تریش،پێ بشارنەوە، تا لە ژێریدا دەتاسێن و دەبنە ئەو پەتایەی، ھیچ خاکێک لە خۆیان ناگرێت.
ڕۆژگارێک شاھەنشاکەیان وتی: خوایە بستێک زەویم دەست ناکەوێ، تێدا بمرم!!.
ئەم ڕۆژگارانە، لە مێژووی پڕ لە ستەمی فەرمانڕانە بنەماڵەیی و تاکفەرمانڕانیی و مەراجع و ئاوەزنەخۆشەکاندا،چەندین جار سەدبارەبوونەوە، کتێبەکانی ئەوسا وامان پێدەڵێن و دنیای ئێلیکترۆنی ئەمڕۆش سەدبەرابەری ئەوە تۆمار دەکا و داتە دەنە دەست منداڵانی دەساڵانە و نەنکە ھەشتا ساڵەکەیان.