ئۆكسجین نه‌ماوه‌ كوڕی هه‌ژار چی بكات

Friday, 11.19.2021, 1:06

341 بینراوە


مه‌حمود خدر

له‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌یه‌كی ته‌ندروستیدا كارمه‌ندی ته‌ندروستی، پارێزبه‌ندیه‌كی به‌هێزی هه‌یه‌و هیچ كه‌س ناتوانێت، ده‌ستدرێژی بكاته‌ سه‌ر، ئه‌مه‌ش به‌پێی یاسا رێكخراوه‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ئه‌ركی سه‌رشانیانه‌ سه‌لامه‌تی گیانی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی بپارێزن، ته‌نا له‌ كوردستانه‌ بێ یاساكه‌ی ئێمه‌ نه‌بێت، كه‌ هیچ كه‌س له‌ گیانی خۆی ئه‌مین نیه‌و كارمه‌ندی ئه‌منی ناتوانێ به‌رگری له‌خۆی بكات، نه‌ك له‌ كارمه‌ندێكی ته‌ندروستی، (م. م. ع) كارگوزاری گواستنه‌وه‌ی ئۆكسجین له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی رانیه‌، چ تاوانێكی هه‌یه‌ كاتێك ئۆكسجین نامێنێت، له‌كاتێكدا، كاری ئه‌و ته‌نا باركردن و داگرتنی ئۆكسجینه‌، بۆ ده‌بێت، كاتێك بتڵه‌كان به‌تاڵ ده‌بن و تووشبوێكی كۆڕۆنا كه‌ خزمی پیاوێكی خاوه‌ن حزب و عه‌شیره‌ته‌، به‌هۆی نه‌مانی ئۆكسجینه‌وه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌دات، په‌لاماری ئه‌و بده‌ن و بیانه‌وێت تۆڵه‌ له‌و بكه‌نه‌وه‌، له‌كاتێكدا هیچ به‌رپرسیارێتیه‌كی نیه‌و، كارگوزارێكی ئاساییه‌؟
بۆ ده‌بێت هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی نه‌توانن گیانی ئه‌و كارمه‌نده‌ بپارێزن و به‌هۆی نه‌بونی عه‌شیره‌ت و حزب و خه‌ڵكی به‌رپرسه‌وه‌، ئه‌و كارگوزاره‌ ژیانی بكه‌وێته‌ مه‌ترسی و كه‌س نه‌توانێ به‌رگری لێ بكات؟
ئه‌گه‌ر یاسا سه‌روه‌ر بێت و مافی مرۆڤ هه‌بێت، چۆن ده‌كرێت، ئه‌و هه‌موو سته‌مه‌ له‌ كه‌سێك بكرێت و پیاوی خاوه‌ن هێزو ده‌سه‌ڵات بیه‌وێ مردنی كه‌سێكی خۆی بخاته‌ ئه‌ستۆی كارگوزارێك، كه‌ هیچ به‌رپرسیارێتیه‌كی نیه‌و ته‌نها بتڵی ئۆكسجین ده‌هێنێته‌ نه‌خۆشخانه‌و كاتێك به‌تاڵ ده‌بن، ده‌یان نێریته‌وه‌ كۆگای سه‌ره‌كی؟
كوا ماف؟ كوا ئازادی؟ كوا ژیان؟ كوا مافی مرۆڤ؟