پێناسەی چەمکی ڕێکەوت و هەڕەمەکییەتی لە زانستدا (بەشی دووەم)

Friday, 11.19.2021, 1:14

743 بینراوە


بەشی دووەم: تێگەیشتن لە چەمکی هەڕەمەکییەتی

بنەمایە هەرە سەرەکییەکەی گەردوون

هەڕەمەکییەتی (Randomness)، نەبوونی شێوازێکی ڕوون، یاخۆ توانای نەبوونی پێشبینیکردنی ڕووداوەکانە. ڕیزبوونی نیشانە و هەنگاوی دیاردەکانی سروشت بەهەڕەمەکیی دادەندرێن، ئەگەر هیچ ڕیزبەندییەکی دیارکراو، یان ئەندازە و شێوەیەکی ئاشکراو و ناسراویان نەبێت.
هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە چەمکی هەڕەمەکیی بۆ ڕۆژگارێکی گەلەک کۆن دەگەڕێتەوە، چەندان فەیلەسووف و زانا لە مێژوودا بایەخێکی زۆریان پێی داوە. ترۆپکی گرینگیدان بەو بابەتە بە شێوەیەکی زانستی لەلایەن زانای ماتماتیکی ناوداری فەڕەنسایی لاپلاس (1749 – 1827) دەستی پێکرد. کاتێک بیردۆزێکی فەلسەفی سەرنجڕاکێشی دانا و تێیدا گوتی، گشت ڕووداو و دیاردەکانی گەردوون بە هەڵسوکەوتی مرۆڤیشەوە ملکەچی زنجیرەیەکی پێکبەندن لە لۆژیک و هۆیەتی و ڕێسای لەپێشینەوە داڕێژراو، بەوەی هەریەکەیان بەگوێرەی چەند یاسایەک دەبێتە هۆکاری ئەوی دیکەیان. دەگێڕنەوە بۆ ئەو مەبەستە کاتێک ناپلیۆن لە لاپلاس دەپرسێت، بۆچی ناتوانین پێشبینی ڕووداوەکانی دواڕۆژ بکەین؟ لە وەڵامدا لاپلاس دەڵێت، گەورەم ئەگەر دەتوانیت زانیاریم پێ بدەی دەربارەی هەلومەرجە سەرەتاییەکانی تێکڕای توخمەکانی سروشت، ئەوا بەتەواوی پێت دەڵێم سبەی چی ڕوو دەدات! ئەم بیرۆکەیەی لاپلاس ئەو دەمە سەری هەڵدا زانست خەریکی ڕاڤەکردنی دیاردەکانی گەردوون بوو، بە پشتبەستن بە یاساکانی نیوتن و زاناکانی دی. بەڵام کاتێک فیزیای کوانتەم هاتە مەیدان، خەونەکەی پاسکاڵ فەرامۆش کرا.
هاوشێوەی ئەمە دەبینین لەکاتی هەڵدانی دراوێکی کانزایی، یان زاری یاریکردن، ئاشکرایە دەرەنجامەکان پێشبینی ناکرێن و دەوەستنە سەر هەڕەمەکییەتی و ئەگەرییەکان، بەڵام دەبێ بزانین ئەو هەڕەمەکییە وەک هەندێک وای بۆ دەچن بنەمایەکی سروشتبەدەر و میتافیزیکی نییە. چونکە هەڕەمەکییەتی دواجار دەرەنجامی کردارێکی بێ ئامانج و بێ ڕیزبوونێکی ڕێکوپێکە، بەندە بە شتانێکی ماددەیی کە نازانین بڕە فیزیکییەکانیان چەندن. واتە ئەگەر بتوانین هاوکێشەیەک دابنێین بۆ کاریگەری گشت هەلومەرج و فاکتەرەکانی وەک، هێز و گۆشەی هەڵدان، بڕی ڕووی لێکخشاندن، کارتێکردنی هەوا و چەندان هۆکاری دیکە، ئەوا دەکارین پێشبینی دەرنجامی هەڵدانەکانمان بکەین. لەڕاستیدا ئەم هەوڵە دراوە لەلایەن هەندێ کەس، بۆ هەڵدانی زار و دراوی کانزایی لەڕێی ئامێری تایبەتی، توانیویانە بەتەواوی پێشبینی دەرەنجامەکان بکرێن. هاوشێوەی ئەمە لە نموونەی کەشوهەوادا بەدەر دەکەوێت و ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە هۆکاری جیاجیا ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، بەڵام لەوەیاندا کاریگەرییەکان هێندە زۆرن، بۆیە ناچارین پشت ببەستین بە هەندێک فاکتەرێکی دیارکراو بۆ ئەوەی پێشبینییەکی ئەگەریی بە ڕێژەیەکی سەدی گونجاو پێشکێش بکەین. کەواتە لێرەدا دەشێ هەڕەمەکییەتی بە نازانینی هەلومەرجەکان پێناسە دەکرێت.
بێگومان زانیارییە ئەگەرییەکان هەردەم بەند نیین بە هەلومەرجە سەرەتاییەکان، بگرە چەند یاسایەک هەن لەم سروشتەدا لە خودی خۆیاندا ئەگەرەکین. ئەمەش بنچینەی فیزیای کوانتەمە، لە جیهانی تەنۆلکەکانی وەک گەردیلە و بچووکتر، بەگوێرەی بنەمای ناجێگیری و نادڵنیایی هایزنبێرگ ڕەفتاری شتگەلە وردە بنەڕەتییەکانی پێکهاتەی تێکڕای گەردوون ئەگەرەکیین. لەگەڵ ئەوەی زانای هەرە مەزن ئەینشتاین خۆی یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی فیزیای کوانتەم، کەچی بیرۆکەی ئەگەرەکی بۆ یاساکانی گەردوونی لەڕێی گوتە بەناوبانگەکەی بەڕاست نەدەزانی (خوا یاری زارهەڵدان ناکات). بەڵام زانراوە کۆی زاناکانی هاوچەرخ هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەگەرەکی بنەمایەکی سەرەکی فیزیای کوانتەمە، دەرەنجامی ئەو ڕاستییە لە دۆزەوە و هەنگاوە گەورەکانی پێشکەوتن لە زانست و تەکنەلۆژیا بەدەر کەوت. لەمەوە دەزانین کە شارەزابوون بە یاسایە سروشتییە ئەگەرییەکان هەمان گرینگی و بەهای یاسایە جێگیر و چەسپاوەکان هەیە، چونکە بەندبوونی دەرەنجام بە هۆکارەکان، مەرج نییە هەموو کات پێوەندییەکی نەگۆڕی هەبێت، بگرە گەلەک جاریش یاساکان ئەگەرەکین.
ئەگەر بمانەوێت لە سەرچاوەی چەند بابەتێک بکۆڵینەوە، بەئاسانی هەڕەمەکییەتی و ناڕێکی و نەبوونی ئامانج زۆر بەزەقی دێتە بەرچاومان. بۆ نموونە، سەرهەڵدانی زمان لای مرۆڤ لەو دەمەدا هاتۆتە کایەوە، مرۆڤ لەخۆڕا و بەهەڕەمەکی دەنگێکی دەرکردووە بۆ دەڕبڕین لە دیمەنێک، یاخۆ مەبەستێکی دیارکراو، پاشان بە دووبارەکردنەی لای ئەو و کەسانی دیکە، بەرەبەرە جێگیر بووە و وشەیەک دروست بووە، بە چەندجارەبوونەوەی هەمان کردار ئەو کۆمەڵە مرۆڤانەی پێکەوە بوونە لە شوێنێک، لەسەر چەند وشەیەک پێک دێن و دەبنە خاوەن زمان. لەمەدا دەبینین زمانێک کە بەرهەمی گەلەکردارێکی هەڕەمکییە، چەندان بواری جیاجیای وەک ئەدەب و هۆنراوەی لێ دێتە کایەوە کە هەریەکەیان پابەندن بە ڕێزمان و ڕێسای تایبەت بەخۆیان. کەواتە شتەکان لە خودی خۆیاندا هەڕەمەکیین، بەڵام مرۆڤ ڕێکیان دەخا و واتا و مەبەست و بەهای جۆراوجۆریان پێ دەبەخشێت.
بەهەمان شێوە لە هونەری وێنەکێشاندا، وێنە لە بنەڕەتەوە لە ژمارەیەک خاڵ و هێڵی هەڕەمەکی و ڕەنگەکان پێک دێت، پاشان بە کۆبوونەوەی ئەو هێڵانە و تێکەڵکردنی ڕەنگەکان بە شێوازێکی دیارکراو دیمەنێکمان نیشان دەدات. ئێمەش دواجار پێکەوە بڕیار دەدەین لەسەر مەبەست و دەربڕینی تابلۆکان، گەرچی تا ڕادەیەک جیاوازی هەبێ لە تێڕوانینمان بۆ تابلۆکان. هیچ یەک لەو ڕەنگانە بەبێ بوونی ڕەنگەکانی دی مانایەکی نییە، هێڵێک، یان ڕەنگێک بەتەنیا ناتوانێت هیچمان پێ بڵێت، واتە ئەگەر هەبوون یەک ڕەنگ بوایە، ژیان بوونی نەدەبوو.
لە زانستیشدا شتیک نییە پێی بگوترێت خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون، ئەوەی هەیە دیاردەیەکی بێ ئامانجە لە سروشت ناومان ناوە بە کۆمەڵە، یان سیستەمی خۆر. هیچ مەبەستێک لە ڕوودانی گڕکان و بوومەلەرزەکاندا نیە، بەشێکی یەکجار بچووکە لە سروشت و سیستەمی زەوی. لە هەسارەکانی دیکەشدا کە هیچ بوونەوەرێکی زیندووی لێ نییە، گڕکان و بوومەلەرزە ڕوو دەدەن، کەواتە پێوەندی بە مرۆڤ و بوونی مەبەست نییە (وەک ئاینەکان دەیڵین).
گەردوونەکەمان لەسەر بنچینەی ئەگەرەکان کار دەکات، ڕوو لە هەر لایەک بکەیت کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای ئەگەرییەکان و ئەژمارەکییەکان دەبینیت، لە جیهانی ئاژەڵان، ڕوەکەکان، گەردوونناسی، زیندەوەرزانی، ترشی ناوەکی، بۆماوەزانی، کۆمەڵناسی، چەندان زانستی دیکە. واتە گەر بتەوێت لە گەردوون تێبگەیت پێویستە شارەزای یاساکانی ئەگەر و ئەژمارەکان بیت.

ڕێکوپێکی دیوێکی دیکەیە لە هەڕەمەکییەتی

کاتێک سەیری زنجیرەیەکی وەک ئەمەیان دەکەین: 101010101 ئەوا ڕاستەوخۆ دەزانین 0 ژمارەی داهاتووە، ئەمە هەڕەمەکی نییە. بەڵام ئەو دەمەی دەڕوانینە 1304320189 نازانین چی ژمارەیەک دێت ئەمجارەیان، لەوانەیە پاش ملیۆنێک ژمارەی دیکە دیسانەوە ئەم ژمارانە بەهەمان ڕیزبەندی دووبارە ببنەوە. ئەوەی گرینگە لێرەدا دەکارین ببێژین ئەمەیان دەشێ بەو شێوازە بێت تەنیا بۆ من، کەچی بۆ کەسێک، یان سیستەمێک بتوانێت بە یەک نیگا لە ملیۆنێک ژمارە پتر ببینێت، وەک زنجیرەیەکی دیارکراوی ڕێکوپێک بەدەر بکەوێت. ئاشکرایە گەردوونەکەمان لەهیچ شوێنیک شتانێکی دووبارەبووەوەی تێدا نییە، دابەشبوونی گەلەستێرە و ئەستێرە و هەسارەکان لە گەردووندا هەڕەمەکین، لە هیچ لایەکییەوە ژمارەیەک، یاخۆ یەکەیەک لە ئەستێرە و گەلەستێرە بەتەواوی هاوشێوە نین. کەواتە کۆمەڵە خۆرەکەمان بێکۆتا چەندجارە نابێتەوە لە گەردوون، ئەمەش پێمان دەڵێت، ئەگەری گەلەستێرەیەکی دیکەی وەک ئەوەی ئێمە و کۆمەڵە خۆرێکی هاوشێوە گەلەک بچووکترە لە بوونی شتگەلە جیاوازەکان.
ئێمەین ڕێکخستن و یاسا بۆ پێوەندی نێوان شتەکانی گەردوون دادەهێنین، ئەوانە لە سروشتی خۆیاندا هیچ نەخشەسازی و ڕێکوپێکییەکیان تێدا نییە، بگرە تەنیا دیمەنێکن لە سەدان و هەزاران هەلومەرج و بارودۆخی جۆراوجۆر، ئێمەین لێیان ورد دەبینەوە و دەیان خەینە بەر ڕۆشنایی، بۆ تێگەیشتن یاسایان بۆ دادەڕێژین. هەر کاتێکیش نەمان توانی پێوەندیی لەنێوان بڕەکانیان بدۆزینەوە، ئەوا بە شتانێکی هەڕەمەکی دایان دەنێین، واتە هەڕەمەکی و پشێوی و ناڕێکی پێناسەیەکی ڕاستەقینەی هەبوونە، ئێمەین ڕێزبەندییان پێ دەدەین و ناویان دەنێین بە ڕێکخستن و یاسا.
کاتێک بەشێوەیەکی گشتی دەڕوانینە بۆچوونێک کە پێی وایە گەردوون بە ڕێکوپێکییەکی لەڕادەبەدەر نەخشێنراوە دەشێ بەڕاستی بزانین، بەڵام ئەگەر بەتەواوی لە وردەکارییەکانی بکۆڵینەوە، ئەوا هەڵەی ئەو بۆچوونەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. ئەو دەمەی سەیری پێکهاتەکانی گەردوون دەکەین لە تەنە گەورە و بچووکەکانی، ڕاستەوخۆ ڕێکخستنێکی یەکجار جوانمان دێتە بەرچاو، چی لە جووڵەی بێت، یان لە کات و ساتی دیاردەکانی. ئەوەی سەرنج بداتە کڵوی بەفر، یان تۆوەکانی گوڵەبەڕۆژە لەسەر رووی گوڵەکەی، یاخۆ کاکڵە پێچپێچۆکە (Snail)، چەند شێوەیەکی ئەندازەیی گەلەک جوان دەبینێت، هەروەها ئەگەر ورد ببینەوە لە کلکی تاووس و ماسییە ڕەنگینەکانی بۆ ڕازاندنەوە بەخێو دەکرێن، ئەوا تووشی سەرسڕمانمان دەکەن. خوولانەوە بەردەوام و ڕێکەکەی زەوی لەسەر تەوەرەی خۆی کاتمان بۆ دیار دەکات، هاوکات سووڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆر ساڵ و وەرزەکانمان پێ دەناسێنێت. لەسەر بنچینەی ئەم ڕێکخستنەشە، زاناکان دەکارن چەند یاسا و ڕێسایەکی ماتماتیکی دابنێن بۆ ڕاڤەی سروشت.
بەڵام لە بەرانبەر ئەم هەموو ڕێکوپێکییە هەڕەمەکیی بوونی هەیە، ئەویش کاکڵەی گەردوون و پێکهاتەکانییەتی، ڕێکخستنیش هەر لە ناخی ئەودا سەرچاوە دەگرێت. ژمارەی نموونەکانی بۆ هەڕەمەکیی گەلەک پترە لەوەی دەربارەی ڕێکوپێکی هەن، وەک ئەوەی زانراوە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەڕێی ڤایرۆس و بەکتریاکان کردارێکی هەڕەمەکییە، بارودۆخی کەشوهەوا لە بابەتگەلەکانی هەور و بروسکە، باران و ڕەشەباکان هەڕەمەکین. بەهەمان شێوە: جووڵە و هاتووچۆی خەڵکی لە دەرەوە و بازارەکاندا هەڕەمەکییە، ڕووداوەکانی هاتووچۆ، خۆلەبەرگرتنەوەی (DNA)، تێکەڵبوونی گازەکان لەگەڵ یەکدی، وەرینی گەڵای دارەکان، جووڵەی ماسییەکان و فڕینی پۆلە باڵدارەکان، ئەوانەشی پێشتر ناومان بردن لە پەڕی تاووس و باڵندە ڕەنگینەکان و شێوەی ماسییەکان، کڵوی بەفر و تۆوی گوڵەبەڕۆژە، گەرچی ڕێکوپێک و جوانیش بن، گشتیان لە بنچینە و بنەمای هەڕەمەکییەتەوە سەرهەڵ دەدەن. ئەو گەردوونەی تێیدا دەژین، دەرەنجامی هەموو کارلێکەکانی نێوان یاسا و ڕێساکان هەڕەمەکیی و ناڕێکوپێکن، سەرلەبەری گەردوون بە شتگەلە گەورە و بچووکەکانی دووبارە و چەندبارە دەبنەوە، بە بەردەوامبوونی ئەم چەندجارەبوونە شتانێکی ناوازە و دەرئاسایان لێ دێتە کایەوە.
لە هەموو پێناسەکانی پێشووماندا دەگەینە ئەوەی هەڕەمەکییەتی و ئەگەرایەتی لە بنچینەدا پێوەندییان بەیەکەوە هەیە، بەوەی ئەگەرایەتی ئامرازێکی ماتماتیکییە بۆ بەیاساکردنی (formulize) هەڕەمەکییەتی لە سروشتدا. ئەوەی باوەڕی بە بوونی ئەگەرەکان و گرینگییەکەی لە ماتماتیکدا نییە، پێویستە باوەڕی بە بوونی هەڕەمەکییەتیش نەبێت، ئەو کاتە دەبێ بڵێت کەوتنی دڵۆپەکانی باران بۆ سەر زەوی بە هەڕەمەکیی نییە و بە ڕێزبەندییەکی ڕێکوپێکە، لێرەشدا ناچار دەبێت سەرچاوەیەکی زانستیمان بۆ دابنێت، ئەگەرنا ئەوا بۆچوونەکەی وەک گوتەیەکی بێ بنەما لێی دەڕواندرێت.

پەرەسەندن و هەڕەمەکییەتی

دواجار پێویستە ئاماژە بدەین بە بابەتێکی گرینگ و بایەخدار، بەوەی هەندێ لە ئاینداران و لایەنگرانی ئەوانەی بە نەخشەسازیی ژیر ناسراون، پێیان وایە ڕاستە پەرەسەندن بوونی هەیە، بەڵام بە بۆچوونی ئەوان کردارێکی هەڕەمەکی نییە، بگرە پەرەسەندنێکی ئاراستەکراوە لە لایەن خوایەک، یاخۆ داهێنەرێکی ژیر. ئایە بۆمان نییە بپرسین، کێ دەتوانێ ئەمە بسەلمێنێت؟ بێگومان کەس پێی ناکرێت، لەبەر یەک هۆکاری زۆر سادە، ئەویش کە هەڕەمەکییەتی بنەمایەکی هەرە سەرەکییە لە پەرەسەندندا.
بازدانە‌ جینەکییەکان لە کاتی خۆلەبەرگرتنەوەی ترشی ناوەکی (DNA)، بە‌بێ بوونی هۆکارێکی ئاشکرا دێنە کایەوە، مە‌بە‌ستیش لە‌ بەهە‌ڕە‌مە‌کی ڕوودانی بازدان ئە‌وە‌یە کە بەرەو ئاراستەیەکی دیارکراو ناڕوات، هیچ کاتێکیش بۆ ئە‌وە‌ نییە، داخوازی و پێداویستە‌کانی زیندە‌وە‌رێک لە‌ بارودۆخێکی تایبە‌تی بەجێ بگەینێت. ئەو بازدانە جینەکییانە زۆربەی جار زیانبەخش، یاخۆ بێلایەنن، بەدەگمەن ڕوو دەدات بازدانێک سوودی هەبێت بۆ زیندەوەرەکە. ئەو دەمەی سوودبەخش بێت، ئەوا لە بەرەی داهاتوودا پتر بڵاو دەبێتەوە، پاش ماوەیەک وای لێدێت تەواوی جۆرەکە دەبنە هەڵگری ئەو بازدانە. بەمەش هەڵبژاردنی سروشتی بازدانە چاکەکان دەهێڵێتەوە، خراپ و زیاندارەکانیش لادەبات.
گوتوومانە هەڕەمەکییەتی ڕووداوێکە نەتواندرێت پێشبینی شوێن و کات و ئاراستەکەی بکرێت، ئەمەش ڕێک پێناسەی کردارەکانی پەرەسەندنە لە شێوەی بازدانە جینەکییەکان و لادانە جینەکییە هەڕەمەکییەکان. ئێمە ناکارین هیچ یەکێک لەمانە بپێوین یان ڕێژەکەیان دیار بکەین پێش ڕوودانیان. پێویست بە سەرسەختی و داکۆکیکردنی بێ بەڵگە ناکات کە بڵێین ئەم میکانیزمە سەرەکییانەی پەرەسەندن هەڕەمەکی نین و بگەڕێین بەدوای هۆکارێکی لەسروشتبەدەر بۆیان. 
لێرەدا ئەگەر یەکێک یاسایەک، یان هاوکێشەیەکی داهێنا و توانی بە بەڵگەوە بسەلمێنێت بازدان و لادانە جینەکییەکان هەڕەمەکی نین، ئەوا بێگومان لە لایەن کۆمەڵگەی زانستی نرخ و بەهایەکی یەکجار زۆری دەبێت، خاوەنەکەشی پلەیەکی زانستی بەرزی پێ دەبەخشرێت. بەڵام بڕیاردان لەسەر ئەوەی خوایەک هەیە و پەرەسەندن بە ئاراستەیەکی دیارکراو دەبات، بیرۆکەیەکە هیچ شتێک ناگۆڕێت، چونکە گریمانەیەکە بەرئەزموون نییە و دیاردەکان هەر بە هەڕەمەکی بێ پێشبینیکردن دەمێننەوە.
گرەوکردن لەسەر ئەم بیرکردنەوەیە گومان لە دۆڕانی نییە، پێویستە کەس بیروباوەڕی ئاینی خۆی لەگەڵ ئەمەدا تێکەڵ نەکات، چونکە بابەتەکە پێوەندی بە ئاینییەکانەوە نییە. واتە کاتێک دەبێژین خوایەک هەیە ئاراستەی پەرەسەندن دیار دەکات، دیسانەوە ناتوانین پێوان و پێشبینی ڕێژەی بازدانە جینەکییەکان بکەین. لەڕاستیدا بەم شێوەیە دەروازەی گەڕان و پشکنین لەسەر خۆمان دادەخەین، وەڵامێکی گشتی و ئامادەکراو هیچمان بۆ ناکات، باشترە ئەگەر ئایندارین بڵێین، خوا مرۆڤی دروست کردوە و پاشان لێی گەڕاوە تا بەگوێرەی چەند بنەمایەک بەڕێوە بچێت.
...........................
سەرچاوەکان؛