ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای وڵات چی پیلانێک هەیە!

Friday, 19/11/2021, 13:26

5699 بینراوە


سیاسەت و واقیعی ئەمڕۆ لە سوریا و ناوچەکە بۆ ئەمریکا ئەوەیە، کە ناتوانیت بۆ کورد دەستبەرداری تورکیا بێت، هەروها ڕوسیا دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئەسەدا هەیە و سیاسەتەکانی دیمەشق بەرامبەر مەلەفی کورد و ڕوداوە هەنوکەیەکانی سوریا و ناوچەکە پیادە دەکات، بۆیە بۆ چارەسەر کردنی کێشەی سوریا، ئەمریکا لە حاڵی حازردا دەیەوێت کوردی ڕۆژئاوا لەگەڵ ڕوسیا و دیمەشق ڕێکبەکەون، کە ئەمە بە ڕووکەش و ژێربەژێر بۆ هەموو لایەنەکان گەمەیەکی سیاسی دییە، کە دەبێت نوێنەرانی کوردی ڕۆژئاوا بە وریایەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، چونکە ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاو دەکرێتەوە لوبی مەسەلەکان نین و ئەگەری  هەیە لەژێرەوە ڕێککەوتن و هاوپەیمانیەک پێکبهێنرێت لەنێوان زلهێزەکان و تورکیا و دیمەشەق، کە هەمان ئەزموونی شاری عەفرین دووبارە بێتەوە و دیسان گەلی کورد لەژێر ڕەحمەتی سوپا و میلیشیای تورکیادا بە تەنیا بەجێبهێڵن و گورگانخواردی بکەن. 
یەکێک لە گەورەترین کۆسپ لەبەردەم ئەمریکا و ڕوسیا کە تا هەنووکە ناگەنە ڕێککەوتن لە سوریا، بێگومان تورکیایە، کە دەیەوێت ئەجێندای دژە کورد و پاککردنەوەی نەژادی چۆن داڕشتووە هەر بەوشێوەیە ئەمەریکا و ڕوسیا قبوڵیان بێت و پەیڕەوی بکەن، بۆ ئەو مەبەستە سوپای تورکیا و میلیشیاکانی لە خاکی سوریان، وەک هەمیشە پیشەی تورکیا لە ماوەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەرکرد بۆ ئەوەی کاردانەوەیان هەبێت لەسەر سیاناریۆکانی داهاتووی سوریا، بەڵام ئەمریکا لەچەندین بۆنەدا و لە میدیاکاندا ڕایگەیاندووە، کە ئەو ڕێگە بە تورکیا نادات هێرشی سەربازیی بکاتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی خۆسەر. ئەم هەڵوێستی ئەمریکا ئەگەر بەردەوام بێت بۆ دۆخی کورد لە ڕۆژئاوا بەنرخە، بەڵام ڕێبەرانی کورد لەو دەڤەرەدا نابێت هیچ خەونێک لەسەر ئەو هەڵوێستە بونیات بنێنن، لەبەرئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سوریا لەسەر یەک وەتیرە ناڕوات، بەگوێرەی ئەوەش هەڵویستە سیاسی و سەربازییەکانی لە گۆڕان دان و جێگەی متمانە پێکردن نین.  هەڵوێستی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ ئەوەیە کە بەهێمنی ڕوسیا لەگەڵ حکومەتی خۆسەری ڕۆژئاوا بەگوێرەی بەرژەوەندیی ڕوسیا و ئەمریکا ڕێکبکەوێت، کە لە حاڵی حازردا پێویستی بە کاتە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەموو ئەو ئامرازانەی کە وەک فشار پێویستە بەکاربهێندرێن دژ بە دەسەڵاتی خۆسەر لە کاتی ڕەتکردنەوەی مەرجەکان، پێشوەخت ئامادە کراوە و ڕوسیا و ئەمریکاش لێی بێ ئاگا نین. 
ڕێبەرانی کورد لە ڕۆژئاوای وڵات، تا ئێستا توانیویانە تا ئاستێک بەلانسی پەیوەندییان لەگەڵ ڕوسیا و ئەمریکا بپارێزن، لەگەڵ ئەوەشدا خوێندنەوەی ڕووداوەکان، پێمان دەڵێن کە ڕوسیا ئەوەندەی لە دیمەشق نزیکە، ئەوەندە لە حکومەتی خۆسەر نزیک نییە، هەروها بەدرێژایی جەنگی سوریا، ڕوسیا ئەوەی ئەو بۆ ئەسەدی کرد، بۆ حکومەتی خۆسەری ڕۆژئاوای نەکرد و پارێزگاری لە مانەوەی حکومەتی ئەسەد کرد، بۆیە ئاسایە لە سیاسەتدا کە ئەمڕۆ ڕوسیا هەموو هەوڵەکانی چی لە ڕێگەی دەزگەی هەواڵگری خۆی، چی لە ڕێگەی سوپا و هەوڵە دبلوماسیەکانی هەوڵبدات هەموو خاڵ و مەرجەکانی بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندیی دیەمشق بێت. بۆ نمونە بە گوێرەی هەواڵەکان بێت لە یەکەم هەنگاودا ڕوسیا داوای لە حکومەتی خۆسەر کردوە کە ٣٠ هەزار سەربازیی ئەسەد بێنێتە کۆبانی بە بیانوی ئەوەی ڕووبەڕووی سوپای تورکیا ببنەوە، بێگومان ئەمە لە یاریەک بەولاوە هیچی دی نییە و ڕوسیا بە خشکەیی دەیەوێت کۆبانێ و شارەکانی دیی کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی خۆسەرن بگەرینێتەوە بۆ دیمەشق. تورکیا بۆ کورد هێزێکی زەبەلاحە بەڵام بۆ سوپای ڕوسیا ئەو هێزە نییە کە مۆسکۆ لێ سڵکاتەوە، هەروها ئەوە ڕوسیا بوو کە لە ئەفرین کشایەوە و ڕێگەی بە تورکیا دا بێت و بەشیکی زۆری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکات، شانەبەشانی ئەوە ڕێککەوتنی سوچی کە گشت خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندیی کورددا نییە و لەنێوان تورکیا و ڕوسیا و ئیران واژۆ کرا، بۆیە لەمیدیاکانەوە ئاماژەکان دیارن کە دیمەشق، ڕوسیا و تورکیا دووبارە خەریکن قۆرتێکی دی بۆ میللەتی کورد لە ڕۆژئاوا هەڵدەکەنن.
 لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دووبارە نوێنەرانی دەسەڵاتدارانی تورکیا و ڕوسیا لە کۆبونەوەدا بوون بۆ تاوتوێکردنی نیگەرانیەکانی تورکیا لەبارەی هێزی یەپەگە، کە کەس نازانێت لەو کۆبونەوەیانەدا و لە ژوورە تاریکەکاندا چی دەگوزەرێت و چ ڕێککەوتنێک ئەنجام دەدرێت دژی حکومەتی خۆسەر و هێزی چەکداری یەپەگە، بەگوێرەی هەواڵی میدیاکان بێت، ئەنقەرە ئەگەر ڕازی بێت بەشێک لەو ناوچانە جێبهێڵێت، ئەوا ئەگەر بۆ ئەسەدیشی جێنەهڵێت ئەوا  بۆ ڕوسیای جێدەهڵێت، کە لە ئەنجامدا مانای گەڕانەوەی سوپای سوریایە بۆ ئەو ناوچانە و بۆ جێگرتنەوەی سوپا و میلیشیای تورکیی، واتە بۆ کورد چی "کەچەل حەسەن یان حەسەن کەچەل"  بێت هەر یەکە. 
ڕوسیا لەژێر ناوی بوونی پەیوەندیی باش لەگەڵ هێزی سوریای دیموکرات و بێلایەنی لە کێشەی نێوان کوردی ڕۆژئاوا و ئەنقەرە، دەیەوێت کڵاو بخاتە سەر حکومەتی خۆسەر کە هەنووکە لەگەڵیاندا لە گفتوگۆیە و دەیەوێت بڵێت، لەبەر مەترسی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە، دەبێت هێزەکانی یەپەگە لە هەندێک ناوچەی وەک کۆبانێ و ئەلریفات و مەنبیج ڕۆژئاوای فورات و عەین ئەلئەسەد و ئەلتەمر بکشێنەوە، بێگومان ڕوسیا کاتێک ئەو داوایە ئاراستەی حکومەتی خۆسەر دەکات، لە سنووری ئەو ناوچانەدا گشت سوپا و میلیشیاکانی تورکیا کە لە ناوچەکەدا هەن خراونەتە ئامادەباشی، کە وەک فشار ڕوسیا و تورکیا بۆ سەپاندنی مەرجەکانیان بەسەر حکومەتی خۆسەر و هێزی یەپەگە وەک چاوسوورکردنەوە بەکاریدەهێنن و ئەمریکاش لە دوورەوە چاودێرە و دواتر بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی بڕیاری خۆی دەردەکات کە چرای سەوز بۆ کام لا هەڵبکات. 
ساتێکی پڕ هەستیارە بۆ ڕۆژئاوای وڵات،  ڕوسیا هەوڵی خۆی دەدا کە کورد ئەو ناوچانە ڕادەستی سوپای سوریا و ڕوسیا بکەن، ئەگەر بە خۆشی ئەوە نەکەن، ئەوا وەک ئەوەی لە ئەفرین کردی، دەکشێتەوە و ڕێگە بۆ هێڕشەکانی تورکیا خۆش دەکات. خوێندنەوەی گشت ڕووداوەکانی ناوچەکە و ئەزموونی کۆن و تازە دڵنییامان دەکاتەوە کە هەرچی هێرشێکی سەربازیی تورکیا لە ناوچەکە ئەنجامی دەدا بەبێ ڕەزامەندی ئەمریکا و ڕوسیا نییە. 
ڕێککەوتنی نێوان دیمەشەق، تورکیا، ڕوسیا و ئەمریکا کارێگەری زۆری هەیە لەسەر ئەزموون و چارەنووسی گەلی کوردستان لە ڕۆژئاوای وڵات، بەتایبەتی ڕوسیا و ئەمریکا، هەمیشە بەوە ناسراون کە بەگوێرەی بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازیی و سیاسییەکانیان یاریان بە بزوتنەوەی گەلی کورد کردوە لە ناوچەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەرگری ناوەخۆ، خۆڕاگرتن، پێداگرتن لە پارێزگاری کردن لە دەستکەوتەکان، بڕیاری سیاسی و پتەوی هێزی یەپەگە، وەک هێزێکی سەربازیی شەڕکەری خۆڕاگری کوردی ڕۆژئاوا، کاردانەوەی دەبێت، لە دیاری کردنی ئەو چارەنووسە،  سیناریۆکانی کە ئەو هێزە دەرەکییانە بڕیاری لەسەر دەدەن، بە واتایەکی دی زلهێزە ناوچەیەکان و دنیا هەموو کاتێک هەموو شتێکیان بۆ ناچێتە سەر، ئەگەر گەلانی ئەو ناوچەیە، لەسەر ڕێڕەوەیەکی ڕاستدا جوڵانەوە و شۆڕشەکانیان پیادە بکەن و خاوەن سەرکردەی دڵسۆز و خاوەن کاریزما و هەڵگری بیروباوەڕی پتەو بن و ڕۆحی بەرەنگاری بوونەوەیان هەبێت و لەژێر هیج فشارێکدا ئاڵای سپی هەڵنەکەن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە