بەیت و بالۆرەی مێژوویەکی ساختە و ئاوەژوو

Saturday, 20/11/2021, 15:27

2743 بینراوە


ئێمە زۆر جار بەیت و بالۆرەی ئەوە، لە سەرکردەیەتی حیزبەکانی باشوور دەبیستین، کە فڵانە کەس و فڵانە ڕێباز، بوونە ھۆی ناساندنی کورد بە جیھان.
ئایا کورد پێش ئەم کەسانە، خێڵێکی نەناسراو بوون؟! یان ئەمە ھەڵبەستراوێکی شاخدارە؟! درۆیەکی ھەزارپاتەکراوەی سوواوە! کە بووشە ھۆی ئەوەی ھەزاران گیانی ڕۆڵەی کورد ببنە قوربانی ئەم درۆ بێ بنەمایە؟!
نەتەوەکان، ھەبوون و لە کتێبە ئاسمانییەکاندا ناویان ھاتووە و لە شەڕ و ئاشتیدا بوون و داگیرکراون و داگیریانکردووە و یاخی بوون و لێشیان یاخی بوون و ژێرکەوتوون و سەریشکەوتوون... ئەم مێژووە. کەسانێکیان تێداھەڵکەوتووە و ئەگەر دڵسۆزیی نەتەوەی خۆیان بووبن، ئەوا ھەموو دەرفەتێکیان بەکار ھێناوە بۆ دابینکردنی ماف یامافەکانی نەتەوەکانی خۆیان. 
من زۆر دوور ناکەومەوە و ناچمە ناو مێژووەوە، لە ڕووەکانی فکر، سیاسی، دبلۆماسی و ئەدەبییەوە سەرنجێک دەنووسم.
١-  پەیمانی لۆزان ساڵی ١٩٢٣ دوای پەیمانی سیڤەر بەسترا، کە مەسەلەی کورد بابەتێکی گرنگی ھەر دووپەیمانەکان بوون.
٢-  ساڵی ١٨٢٠ میستەر ڕیچ گەشتێک دەکات بۆ کوردستان و یادداشتەکانی لە کتێبێکدا بڵاودەکاتەوە.
٣-  ساڵی ١٩١٨ مێجەر نۆئێل دێتە سلێمانی و شێخ مەحموود دەکرێتە، حوکمداری سلێمانی.
٤- ١٩٥٨ تۆفیق وەھبی دەچێتە لۆندۆن و لەوێ لەگەڵ ئەدمۆندز، فەرھەنگی کوردی ئینگلیزی دەنووسن.
٥- ١٩٢٣ میر جەلادەت بەدرخان و کامەران بەدرخان دەچنە ئەڵمانیا و خوێندنی باڵا تەواو دەکەن.
٦- ١٩٣٢ میر جەلادەت بەدرخان، گۆڤاری ھاوار دەردەکات کە ٣-٤ لاپەڕەی بە زمانی فرەنسی بووە.
٧- ١٩٦٢ مامۆستا جەمال نەبەز  دەچێتە ئەڵمانیا.
٨- ١٩٥٦ کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا دروست بوو.
٩- ١٩٦٧-١٩٧٠ مامۆستا نەبەز و چەند ھاوبیرانی، یەکێتی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لە ئەڵمانیا دادەمەزرێنن.
١٠- ١٩٤٨ عیسمەت شەریف وانلی دەچێتە سویسرا.
١١- ١٩٢٢ بیرمەندی کورد مامۆستا ڕەفیق حیلمی بوویە ڕاوێژکاری سیاسیی شێخ مەحموود و ساڵی ١٩٣٩بوویە سەرۆکی حیزبی ھیوا، کە لەکۆمەڵەی ( دارکەر) وە ناوەکەی گۆڕی بۆ حیزبی ھیوا، کە یەکێک لە بزووتنەوەنەتەوەییە کاریگەرەکانی کوردستان بوو.
١٢- ١٩٧٣، ١٩٧٤، ١٩٧٦ بیرمەندی مەزنی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد، ھەر سێ بەرگی ( حاجی قادری کۆیە) ی بڵاوکردەوە. ١٩٧٦ چەپکێک لە گوڵزاری نالی، ١٩٨٤ مرۆڤ و دەوروبەر، ١٩٨٤ بۆ ئەمیری حەسەن پوورلەھەر کوێیەک بێت،١٩٧٧ اعادة التوازن الی میزان - مختل -، ١٩٧٧ التفسیر البشری للتأریخ، 
١٩٩٩ المجتمع البشری لماذا یشبە مستشفی المجانین.
١٣- ١٩٨٥ کاک فەرھاد شاکەلی گۆڤاری مامۆستای کوردی، لە سوید بڵاوکردەوە.
١٤- ١٩٧٤ مامۆستا ھێمن تاریک و ڕوونی بڵاوکردەوە.
١٥- ١٩٤٢ بیرمەندی کورد، عەبدولڕەحمان زەبیحی و ھاوبیرانی (کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان - ژ.ک) یان دامەزراند.
١٦- ١٩٧٧ بیرمەندی گەورە شەھید مامۆستا زەبیحی ( قاموسی زمانی کوردی) بڵاوکردەوە.
١٧- ١٩٧٧ بیرمەندی فرە ئینساندۆست، کاک ئەحمەدی موفتی زادە، قوتابخانەی مەکەتب قورئانی ئاوەدانکردەوە، کە ڕێبازێکی نوێ بوو، خوێندنەوەیەکی کوردیانەیە بۆ ئاین و تێگەیشتن لە خوا، کە زۆر لە تێگەیشتنە چەوتەکانی ڕاستکردنەوە و لێکدانەوەیەکی نوێی بۆ ئاین کرد و زۆر لە لێکدانەوە کۆنەکانی سەروبن کردن. 

خۆی نموونەی بەرجەستەی بیروبڕواکانی بوو.

کاک ئەحمەد، شاعیر، زمانناسێکی شارەزا و ڕەوانبێژێکی گفت شیرینە و  لە ھەرە دڵسۆزترین کەسایەتییە کوردییەکانە بۆ نەتەوەکەیی و سەرجەم مرۆڤایەتی. نموونەی فکر و دڵی ئاوا ڕۆشن، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، فرە دەگمەنن، ئەو باخەوانێکی فرە دڵسۆزی مەسەلەی نەتەوەکەیەتی. بە زاراوەی ئەردەلان و ئاخافتنی سنەی ئازیز، وتارەکانی دەبێژان. وشەی ( گیانەکانم!!) تەکیەگای قسەکانی بوون، کە زۆر دووبارەی دەکردەوە و فرە شیرین لە زمانی خۆی دەھات.
١٨-  ١٩٥٧ ئایەتوڵڵا مەردۆخی کوردستانی، فەرھەنگی مەردۆخی بڵاوکردەوە.  بزووتنەوەی ژینگەپارێزان 
( حیزبی موحیتی زیست) ی لە سنە، لە ساڵەکانی سی، سەدەی ڕابووردوودا دامەزراند.
١٩- ١٩٩٩ بە پیلانێکی نێودەوڵەتی، ڕێبەری تێکۆشانی نوێی ئازادیخوازیی کورد ( ئاپۆ)، دەستبەسەر دەکەن و بە بەرچاوی ھەموو مرۆڤایەتییەوە، تەسلیم بە ڕژێمی فاشی تورکیا دەکرێتەوە و لەو ڕۆژەوە، دەبێت بە سیمبۆلی مرۆڤە ئازادیخوازەکانی جیھان.
ئەو ھیوایەی فەرمانڕانیی جیھانی لەسەر زیندانی کردنی ( ئاپۆ) ھەڵی چنی بوو، ھەر زوو بووە مژێکی تەنک و لەئاسمانی، تێکۆشانی ئەفسانەیی ژنان و کچانی کوردی پەروەردەی ئەم جوامێرە بێ وێنە و سەربڵندەی کوردا، پەخشان بوویەوە و بەرھەمی بیست و دووساڵ زیندانی (ئەم سوارەی لە ڕەگەز و ڕەنگی ئاگرە) ش، زیاتر لە پەنجا کتێبە، کە تاکودێت، فکر و بیرکردنەوەی کەسانی عاقڵ و بیرمەندانی جیھان بە خۆیەوە مژوڵ دەکات، ئەو وەک 
( بیرێکی کوردستانیی ئازاد) لە زیندانی فاشییەکاندا، بۆتە بەنرخترین سەرمایەی مرۆڤە شەرافەتمەند و خەمخۆرەکانی بیریی مرۆڤایەتی. 
٢٠- ١٩٦٠ پەنجە ئاڵتوونییەکانی (موجتەبا میرزادە) و دەنگە گەوھەرینەکەی (حەسەن زیرەک) مان، پێک دەگەن و ماددەیەک دروست دەکەن، کورد لە ھەرکوێ بیبیستێ، ڕووی تێدەکات و لەگەڵیاندا، ڕۆحی دەگەشێتەوە.
٢١- ٢٠١٥ لەپاش بەرگرییەکی ئەفسانەیی ژنان و کچان و ئازادیخوازانی ھەر چوارپارچەی کوردستان وبەشداریی مرۆڤە شەرافەتمەندەکانی گەلانی جیھان ( کۆبانێ ) ڕزگارکرا و ئێدی ئەمە بوویە خاڵی وەرچەرخانی مێژووی کورد و کوردستان.

ئێستا تۆ پێم بڵێ یاری یاران:

ئەم ڕۆژانە و ئەم کەسانە و ئائەم فکر و بەرھەمانە، کە نە ئاشبەتاڵیان بە بەشێک لەنەتەوەکەیان کرد و نە دەستی دوژمنی دێرینەی کوردیان گرت بۆ سەر دڵی نەتەوەکە، شایان بەوەن، کە ڕێباز وڕێگامان بن، یا ڕێبازی ئەوکەسەی پشتی لە گەل کرد و ھیچ ڕەحمێکی بە ڕۆڵەکانی نەکرد و قیبلەی دوژمن لە کوێ بووبێ ڕووی ئەو لەوێ؟!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە