بیرۆکە و بانگەشەی پێغەمبەرایەتی لە نێوان ڕاستیی و درۆدا

Sunday, 21/11/2021, 12:30

2875 بینراوە


بەدرێژای مێژوو کەسانێک هەبوونە و هەن کە خۆیان بە ووتەبێژ و پەیامبەر و پەیامگەینەری خوا ناساندوە و دەناسێنن. بەهەر جۆرێک و بەهەر ڕادەیەک بووبێت، بەڕێژەی جیاواز لەلایەن ئەوانیتریشەوە دواتر بە پێغەمبەری خوا و پەیامگەینەری خوا بۆ مرۆڤایەتی دانراون. پاشان بەم شێوەیە نەوە دوای نەوە ئەم کەسانە بەڕادەیەک پیرۆزکراون و گرنگکراون، کە نەک هیچ گومانێک و هیچ پرسیارێک لەلایەن زۆربەی هەرەزۆری شوێنکەوتووانیان درووست نەبووە و نابێت و ڕێگەیان نەداوە و نادەن کە هیچ پرسیارێک لەبارەی ڕاستی و درووستی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی لەلایەن ئەو کەسانەوە لە مێشک و بیر و هۆشیان درووست ببێت، بەڵکو بەڕادە و شێوەی جۆراوجۆریش دژی ئەو کەسانەش وەستاونەتەوە و دەوەستنەوە کە هەوڵدەدەن هەڵسەنگاندن بکەن و پرسیار و گومان بکەن بۆ ئەم بیرۆکە باوە و بۆ بانگەشەی ئەوانەی کە ناویان لەخۆیان ناوە پێغەمبەر و لەڕاستی و درووستی بانگەشەی ئەوانەوە تێبگەن. 
 ساددەترین نموونەش ئەمن و ئەم ووتارەی منە، بەڵام خەڵک بۆچوون و هەست و پەرچەکرداری هەرچۆنێک بێت، ئەوا ئەمن پێم وایە پێویستە ئێمە هەموومان کە بیرۆکەی پێغەمبەرایەتیمان گوێ لێبووە و لە مێشک و بیر و هۆشمان چەقێندراوە، جارێکی تر هەڵسەنگاندنەوە بۆ ئەم بابەتە بکەینەوە و مێشک و بیر و هۆشی خۆمان پاکبکەینەوە و ئەم بابەت و بیرۆکەیە بپرسێنین و بە ووشیاری و بە ئاگاداریەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەینەوە و لەسەرخۆ و ووردە ووردە بەرەو وەڵامەکان بچین، ئەگەر وەڵاممان هەبوو، وە دەستمان کەوت، ئەگەرنا پەلەپەلی نەکەین و خۆمان نەخەینە بارێک کە خۆمان خۆمان ناچاربکەین بە قبوڵ کردنی وەڵامێک، بەبێ ئەوەی زانیاری پیویستمان هەبێت...هتد.
پێم وایە ئەم پرسیارانە یارمەتی دەردەبن بۆ هەڵسەنگانەوەی بیرۆکەی پێغەمبەرایەتی؛ ئایا سروش و وەحی ڕاستە و بنەمای هەیە؟
ئایا خوا کەسی هەڵبژاردوە کە لەڕێگەیەوە پەیامی خۆی بگەینێت بەمرۆڤایەتی؟
ئایا ئەو کەسانەی کە بەدرێژایی مێژوو هەتا ئێستاش بانگەشەی پێغەمبەرایەتیان کردووە و دەی کەن، هەر بەڕاست لەلایەن خواوە بە پێغەمبەر هەڵبژێردراون و ڕاسپێردراون؟
ئایا ئەو کەسانە چۆن توانیوویانە کە بانگەشەیەکی لەم شێوەیە بکەن و چی وای لێکردوون کە ئەم بانگەشەیە بکەن و خۆشیان بخەنە مەترسی و...؟
ئایا بیرۆکەی پێغەمبەرایەتی هەر بەڕاست بیرۆکەیەکی مەعقوڵ و درووست و لەجێیە؟
ئایا ڕێگە و شێوازێکی تری باشتر و گونجاوتر نەبوو کە خوا بەهۆیەوە مرۆڤەکان ئاگاداربکاتەوە لە پەیام و یاسا و ڕێسا و ڕێنمایەکانی خۆی هەر لەسەرەتوە تا ئێستا؟
پرسیارەکان زۆرن، بەڵام ئایا وەڵامەکان چەندن و چەند هەن و ئاسانن و دەکرێت دەستبخرێن!
چۆن دەکرێت دەستبخرێن و لەڕێگەی چیەوە؟
ئایا وەڵامەکان و سەرچاوەی زانیاریەکان چین و تا چەند درووست و جێگای متمانەن؟ 
ئایا دەتوانرێت و لەتوانادایە کە بزانرێت ئاخۆ ئەمانە هەر بەڕاست لەلایەن خواوە بە پێغەمبەر هەڵبژێردراون و ڕاسپێردراون، یاخود ڕاستیان نەکردوە و شتێک بووە بۆ خۆیان و لەلای خۆیانەوە دروستیان کردووە و مێشکی خۆیان و هی خەڵکیشیان پێیەوە سەرقاڵ کردوە؟
ئایا دەکرێت و مەعقوڵە کە باوەڕمان بە بیرۆکەی پێغەمبەرایەتی هەبێت؟
لەدوای بیرکردنەوە و تێڕامان بۆ ماوەی چەندین ساڵ، من لەئێستادا خۆم پێم وایە و واهەست ئەکەم کە وەرگرتنەوەی وەڵامی یەکلاکەرەوەی زۆرێک لە پرسیارەکان ئاسان نیە، بەتایبەت لەلایەن خودی خۆمەوە و بەهۆی خودی خۆمەوە، چونکە من بە درووستی و بەتەواوی نازانم ئەوان چیان ئەزموون کردوە و چی وای لێکردوون خۆیان بە پێغەمبەر و ووتەبێژی خوا بزانن..هتد.
من لەگەڵ ئەوان نەژیاوم و نەم بینیوون و لەنزیکەوە ئاگاداری ئەوان و ژیان و سرووست و کەسایەتی و لایەنی دەروونی و بیرکردنەوەی ئەوان نیم و نایانناسم و نازانم کێن و چۆنن و...هتد. هەروەها ئەوان خۆیان لێرە نین و ئاماددەنین، هەتا هەوڵبدەین بیانناسین و ڕاستەوخۆ پرسیاریان لێبکەین و هەوڵدەین وەڵامی پرسیارەکان دەستبخەین و بتوانین بیانبینین و قسە و گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین و پێیان ئاشنابین...هتد. بۆیە من هیچ وەڵامێکی ئەم پرسیارانەم پێنیە کە بە خودی خۆم دەستم خستبن لە ئەنجامی تێبینی ڕاستەوخۆی خۆم بۆ ئەوان و هەڵسوکەوت و ژیان و لایەنی دەروونی و بیر و هۆش و...هتد.
لەبارەی سەرچاوە مێژووییەکانیشەوە، ئەوا جگە لە ژمارەیان و دەستپێگەیشتنیان و ئەو زمانەی کەپێی نووسراون و ناکۆکی و دژبەیەکی نێوانیان و...، ئەوا سەرچاوە مێژووییەکانیش ناتوانن هەموو شتێک تۆماربکەن و لەتوانایاندا نیە و ئاسان نیە ڕاستی و واقعی ئەو کات بە درووستی و بەفراوانیەوە وەک خۆی دەرببڕن، هەتا بزانرێت کە چۆن بووە، بەتایبەت کاتێک سەرچاوەکان دژبەیەکن و بیر و بۆچوونی جیاواز دەخەنەڕوو کە ئەمەش خۆی دەبێتەوە کێشەیەکی گەورە کە کامیان ڕاست ئەکات و کامیان ڕاست ناکات و چۆن بزانین کامیان ڕاست ئەکات و...هتد. جگە لەمانەش، خاڵێکی تر لەبارەی سەرچاوە مێژووییەکان و مێژنووسەکان ئەوەیە کە ئەوانیش بەشێوەیەک تۆمارناکرێن کە بە تەواوی بێلایەن و بابەتی بن و بەدووربن لە هەست و سۆز و...هتد. بۆنموونە سەرچاوە ئیسلامیەکان لەدوای سەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی ئیسلام و دەسەڵات گرتنە دەستی موسڵمانان و کەوتنە لێژی گڵۆڵەی دژە ئیسلام و دژە موسڵمان نووسراونەتەوە . جا ئەمەش بابەتێکی ترە کە هەتا چەند ئەم مێژوونووس و نووسەرە ئیسلامیانە بەمە کاریگەربوونە و...هتد.
ئەمانە هەمووی بەربەست و ڕێگرین لەوەی کە من خۆم هەتا ئێستا نەگەیشتووم بەوەی کە بە بەڵگە و زانیاری درووستەوە باوەڕی تەواوم هەبێت کە بیرۆکەی پێغەمبەرایەتی و سرووش و وەحی ڕاست بێت و خوا ئەم کەسانەی هەڵبژاردبێت بە پێغەمبەر و ووتەبێژ و پەیامبەر و پەیامگەینەری مرۆڤایەتی!
هەروەها کاتێک ووردەبمەوە و تێڕادەمێنم لەوەی کە بە قسە و پەیامی خوا دادەنرێت و گوایە لەڕێگەی پێغەمبەرانەوە بۆ مرۆڤایەتی هاتووە و بە ئێمە گەیشتووە، ئەوا دیسان چەندین ئاماژەی ئەوەم پێدەگەن کە ئەمانە ڕاستەوخۆ قسەی خوانین کە خوا چی ووتووە وەک خۆی بەئێمە گەیشتبێت، بەڵکو بۆ نموونە ئەوەی محمد گوایە لەڕێگەی فریشتەیەک بە محمد گەیشتووە و دواتر ئەویش بە چەند کەسێکی دەوورووبەری خۆی ڕاگەیاندووە، ئینجا دواتر لەدوای چەندین نەوە و سەدە ئەم قورئانەی ئێستای لێدرووستکراوە، نەک خوا خۆی ئەم قورئانەی بەم شێوەیە نووسی بیت و ناردبێت و...، بەڵکو لەڕێگەی فریشتەیەکەوە کە من نازانم خوا چۆن قسەی کردووە و چۆن ئەو فریشتەیەیی تێگەیاندوە و چۆن و بەچ زمانێک ئەم فریشتەیە محمدی تێگەیاندوە و چۆن محمد بەوانیتری گەیاندوە و...هتد. هەروەک شوێنکەوتووانی ئەم پەیامانەش هەر خۆیان لەنێوان خۆیاندا جیاوازن و دژ بەیەکن و...هتد. بۆنموونە موسڵمانان و شوێنکەوتووانی محمد و قورئان، پەیامی ئەوانیتر کە خۆیان بەپێغەمبەر ناساندووە ناڕاست، یاخود بە دەستکاری کراو دەزانن . وە هەر لەناو خودی موسڵمانانیش و لەسەرچاوەکانیش دیسان جیاوازیان هەیە لەبارەی قورئان و نووسینەوە و...هتد. 
ئەم شوێنکەوتووانەی پێغەمبەر و پەیامبەرە جیاوازانە  قسەیان هەر چیەک بێت لەنێوان خۆیاند و لە دژی یەکتریدا، ئەوا کاتێک من بۆ خۆم لەناوەڕۆک و ڕستەکانی ناو ئەو پەیامانە ووردەبمەوە، ئەوا قسە و چیڕۆک و ڕستەی وام دەکەوێتە بەرچاو کە لەقسە و پەیامی خوایەک ناچن کە هێندە زانا و دانا و تەواو و بێکەموکوری بێت کە ئەمانە لەداهاتوودا هەوڵدەدەم لە ووتاری تر و لە کتێبدا باسیان بکەم.
وە ئەگەر هەندێک لەو شتانە ڕاست بن کە لەبارەی محمد و پێغەمبەرانی ترەوە دەووترێت بۆنموونە لەلایەن خودی قورئان و موسڵمانان و مێژوونووسە موسڵمانەکانەوە (وەک مارەکردنی کچی منداڵ و کەنیزەک و هەوڵی سەربڕینی منداڵەکەی لەلایەن ئیبراهیم و...)، ئەوا سەرم سووڕدەمێنێت لەو خوایەیی کە ئەمانەی بە پەیامبەر و پەیامگەینەر و ووتەبێژی خۆی دانابێت و پەیامی بۆ مرۆڤایەتی لەڕێگەی ئەوانەوە ناردبێت، هەتا ئەگەر گریمان هەر بەڕاست خوا ئەوانەی هەڵبژاردبێت بە پێغەمبەر. خۆ ئەگەر واش نەبووبێت و خوا ئەوانەی هەڵنەبژاردبێت، ئەوا دەکرێت ئەمانە وەک ئاماژە بەکاربێن لەسەر ئەوەی کە ئەو کەسانە درۆیان کردوە کە خۆیان بە پێغەمبەر و ووتەبێژی خوا ناساندوە و خۆیان لە خۆیان و لەخەڵکی کردۆتە ووتەبێژ و پێغەمبەری خوا!
خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئەم کەسانە چ خۆیان وەک تاکە پێغەمبەر دانابێت بۆ هەموو مرۆڤایەتی، جا لەهەر تەمەن و ڕەگەز و نەتەوەیەک دابن و لەهەر کات و سەردەم و شوێنێکدابن، یاخود خۆیان وەک تەواوکەری کەسانی پێش خۆیان دانابێت، بۆنموونە وەک محمد کە خۆی بە تەواوکەری کەسانی پێش خۆی و بە کۆتا پێغەمبەر داناوە کە بۆ هەموو مرۆڤایەتی هاتبێت لەهەر تەمەن و ڕەگەز و نەتەوەیەکدا بن و لەهەر کات و سەردەم و شوێنێکدابن، ئەوا ئەمە چەندین پرسیار و گومان لە بیر و هۆش و خەیاڵ و دڵ و دەروونی من درووست دەکات لەبارەی ڕاست و درووستی بیرۆکە و بانگەشەی پێغەمبەرایەتی . بۆنموونە:
بۆچی خوا دەبێت کۆمەڵە کەسێک لە کات و شوێن و کۆمەڵگە و نەتەوە و ڕەگەزێکی دیاریکراو هەڵبژێرێت و بیان کاتە پێغەمبەر بەسەر ئەوانیترەوە، جا لەهەر تەمەن و ڕەگەز و نەتەوەیەک و، لەهەر کات و سەردەم و شوێنێکدابن؟
بۆچی خوا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەموو مرۆڤایەتیەوە نەدەکرد و ناکات لەهەر کات و لەهەر سەردەم و شوێن و ڕەنگ و نەتەوە و ڕەگەز و تەمەنێکدا بووبێتن و بن؟
ئایا کامیان مەعقوڵترە، کامیان دادپەروەرانەترە؛ هەڵبژاردنی کەسانێک لە کات و شوێن و کۆمەڵگە و نەتەوە و ڕەگەز و تەمەنێکی دیاریکراو، یاخود خوا خۆی پەیوەندی بەهەموو مرۆڤێکەوە بکات لەهەر کات و لەهەر سەردەم و شوێن و ڕەنگ و نەتەوە و ڕەگەز و تەمەنێکدا بن؟
ئایا خوا چۆن پەیام و فەرمان بەسەر هەموو مرۆڤایەتی دەچەسپێنێت و بەرپرسیاریان دەکات لەم دونیایەدا و پاداشت و سزایان دەداتەوە لە ڕۆژی دواییدا، لە کاتێکدا کە خوا خۆی پەیوەندی بە هەموو مرۆڤایەتیەوە نەکردوە یەک بە یەک و دانە بە دانە لەهەر کات و لەهەر سەردەم و شوێن و ڕەنگ و نەتەوە و ڕەگەز و تەمەنێکدا بووبێتن و ببن؟
ئایا خوا و مرۆڤایەتی چ سوودێک لە خستنە مەترسی ژیانی مرۆڤێک دەبینن کات و سەردەم و لەشوێن و کومەڵگەیەکی دیاری کراو کە تووشی لێدان و سووکایەتی و ئێش و ئازار و ئەشکەنجەدان و لەناوچوون بێتەوە لەلایەن مرۆڤەکانی ترەوە، بەهۆی بانگەشەکردنی کە گوایە پێغەمبەرە و لەلایەن خواوە هەڵبژێردراوە و پەیامی بۆ نێردراوە بۆ ئەوەی بە مرۆڤایەتی بگەینیت؟
ئایا مرۆڤەکانی پێش ئەو کەسە و هاوسەردەمی ئەو کەسە و ئەوانەی دوای ئەو کەسەش، جا لەهەر تەمەن و ڕەگەز و کومەڵگە و نەتەوە و زمان و شوێنێکی تری سەر ئەم زەویە دابن، هەتا هەتایە چۆن دەکرێت بەشێوەیەکی واقعی و لەکرداردا، سوود لەم پەیامە وەربگرن، لە کاتێکدا کە ئەو کەسە زۆر دوای ئەوان بانگەشەی پێغەمبەرایەتی کردووە، یاخود زۆر پێش ئەوان، یان زۆر دوور لەشوێن و کۆمەڵگەی ئەوان؟
بۆیە لەکۆتایی ئەم ووتارەمدا، ئەم بابەتە بەتەواوی لەلایەن منەوە بۆ خودی من یەکلانەبۆتەوە کە هەر بەڕاست خوایەک هەبێت و ئەو کەسانەی هەڵبژاردبێت وەک پێغەمبەر و پەیامبەر بۆ گەیاندنی پەیام بە هەموو مرۆڤایەتی، بۆیە ناتوانم لەخۆمەوە بەبێ بەڵگە و هۆکار و پاڵنەری بەهێز ئەم بیرۆکەیە بەڕاست بزانم و باوەڕ بە بانگەشەیەکی لەم شێوەیە بکەم . وە ئەگەر خودی بیرۆکەکەش ڕاست بووبێت و بنەمایەکی هەبووبێت و هەبێت، بەڵام من بەڵگەم نەبێت لەسەر ڕاستی و درووستی بیرۆکەکە و بانگەشەکە، ئەوا دیسان من چەندین پرسیار و گومان و تێڕوانینم هەیە وەک لەسەرەوەدا باسکران لەبارەی ئەو بیرۆکەیە و ئەو بانگەشەیە کە پێم وایە کەموکوورتی هەیە لەم بیرۆکەیەدا، هەتا ئەگەر لەلایەن خواشەوە نێردرابێتن. ئەمن پێم وایە دەبوو خوا بەشێوەیەکی تر پەیوەندی بە هەموو مرۆڤەکانەوە بکردایە و بکات و یەک بە یەک و دانە بە دانە ئاگاداریان بکاتەوە لە پەیام و فەرمان و یاسا و ڕێساکانی خۆی، جا لەهەر کات و لەهەر سەردەم و شوێن و ڕەنگ و نەتەوە و ڕەگەز و تەمەنێک بوونایە و ببن، نەک بە هەڵبژاردنی چەند کەسانێک لە شوێن و کۆمەڵگە و نەتەوە و ڕەنگ و ڕەگەز و تەمەنی دیاری کراوەوە . وە ئەگەر ئەم بانگەش و ئەم بیرۆکەیە درۆبێت و هیچ بنەمایەکی نەبێت و ئەو کەسانە لەخۆیانەوە بانگەشەی پێغەمبەرایەتیان کردبێت و خۆیان لە خۆیان و لە خەڵکیش کردبێتە ووتەبێژی خوا و پەیامبەر و پەیامگەینەری خوا وەک هەندێک لەئاماژەکان کە لەسەرەوەدا باسکران، ئەم هەستەم لەلا درووست ئەکەن و ئەم گومان و بیرۆکانەم بە مێشک و بیر و خەیاڵدا دەهێنن، ئەوا سەیر و جێگەی سەرسووڕمانە کە ئەم کەسانە توانیبێتیان ئەو بانگەشەیە بکەن و ئەو درۆوە بەگوێی خەڵکیدا بدەن و لەمێشکیاندا بچەقێنن و ئەو هەموو خەڵکە لەو هەموو ماوەیەدا لەسەرتاسەری دونیادا بەم درۆ گەورەیە فریووبدەن و هەڵبخەڵەتێنن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە