جنێو و جنێودەر لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە

Monday, 22/11/2021, 15:19

4815 بینراوە


جنێودان دیاردیەکی دزێو و ناشرینی ناو گۆمەڵگەیە، یەکێکە لەو ڕەفتارە چەوت و نابەجێیانەی کە دژ بە داب و نەریت و بنەماکانی کۆمەڵ و ئازادییەکانی تاکە. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤەکان لەسەرجەم کۆمەڵگە جیاوازەکاندا بەڕێژە و بڕی جیاواز پەنای بۆ دەبەن. جنێودان خۆی لەنرخ کەمکرنەوە و بێ ڕێزیکردن و سوکایەتی کردن بەکەسێک یان دەستە و گروپێگی ئیتنیکی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و .......دا دەبینێتەوە، ئەویش بە بەکارهێنانی ووشە و دەستەواژەی نەشیاو و ناشرین یان هەڵسوکەوت و ئاماژەی مانادار، بەمەبەستی شکاندن و ئازاردانی لایەنی بەرامبەر.
دیاردەی جنێودان سەرنجی زۆر لەپەروەردەکاران و دەروونزانانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، پسپۆرانی دەروونی بەهەڵچونێکی نێگەتیڤی دادەنەن، پێیان وایە کاتێک درووست دەبێت کە کەسەکە نەتوانێت بەرگری بوێرانە لەبابەتێک بکات، یان ووڵامێکی مەنتقی و گونجاوی نەبێت بۆ لایەنی بەرامبەر، پەنای بۆ دەبات. ئەلفرێد ئەدلەر دەروونزانی نەمسایی پێی وایە: جنێودان نیشانەی شکست یان کەموکوڕی کەسێتییە، کەسەکە دەیەوێت لەڕێگەی جنێوەوە قەرەبووی ئەو کەموکوڕییە بکاتەوە و هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە. لەبەرامبەردا سیگمۆند فرۆید پێی وایە: جنێودان شەڕانگێزی خەفەکراوە لە نەستدا، دژ بەو شتانەی کە کۆمەڵگە لەتاکی قەدەغەکردووە.
واتە لەڕوانگەی دەروونزانانەوە، ئەو کەسانەی کە پەنا بۆ جنێو دەبەن، بیرکردنەوەیان یارمەتیان نادات تابەشێوەیەکی بابەتیانە کێشەکان چارەسەر بکەن، بۆیە بۆ داپۆشینی کەموکوڕییەکانیان و قەرەبوو کردنەوەی هەستکردن بەکەمییان و هێورکردنەوەی توڕەییان جنێو دەدەن.
هەروەها توێژەرانی بواری دەروونی و پەروەردەیی دەیان توێژینەوەیان لەم بوارەدا ئەنجامداوە، لێرەدا چەند ڕاستییەک لەژێر ڕۆشنای دەرئەنجامی توێژینەوەکان دەخەینەڕوو :-
٭مرۆڤ هەتاوەکو ئاستی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی بەرزتربێت، کەمتر جنێو دەدات، بەپێچەوانەشەوە ڕاستە.
٭ ئەو مرۆڤانەی کە کەمتر پەنا بۆ جنێو دەبەن، توانای کۆنترۆڵکردنی کەسێتییان زیاترە.
٭هەتاوەکو ئاستی سترێس و دڵەڕاوکێ و تووڕەبوون بەرزبێتەوە، ئاستی جنێودان بەرزتر دەبێتەوە، بەپێچەوانەشەوە ڕاستە.

ئاشکرایە جنێودان لەڕووی یاساییەوە کارێکی قەدەغەکراوە و یاسا بەتاوان دایناوە، لەیاسای سزادانی عێراقی لەمادەکانی (٤٣٣) و (٤٣٤) دا، ئاماژە بەتاوانی جنێودان کراوە، لەحاڵەتی ساغبوونەوەی تاوانەکەدا، سزای بەندکردن کە زیاتر نەبێت لەساڵێک و غەرامەیەک کە زیاتر نەبێت لە (٢٢٥) هەزار دینار، یان یەکێک لەو دوو سزایەی بۆ دانراوە. هەروەها لەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، ژمارە (٦)ی ساڵی (٢٠٠٨) لەمادەی (٢)دا،  سزای بەندکردنی بۆ داناوە کە لەنێوان (٥ - ٦) ساڵ و سزای مادی (١) ملیۆن تاکو (٥) ملیۆن غەرامە یان یەکێک لەو دوو سزایەی بۆ دانراوە.

ئەگەر لەمیدیای کوردی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڕوانین، دەبینین پاشاگەردانییە، بانگخوازەکان جنێو بە کچە شاجوانەکان دەدەن. کچە شاجوانەکان گلەی لەبەختی خۆیان دەکەن و سوکایەتی بە کچە مۆدێلەکان دەدەن. کچە مۆدێلەکان جنێو بەمەلاکان دەدەن و بەکۆنە پەرستیان دەزانن. مەلاکانیش جنێو بەسیاسییەکان دەدەن. سیاسییەکانیش کە لەخێرو بێری ووڵات سوودمەندن و لەناز و نیعمەتدا دەژین، جنێو بە حکومەت و خاک و ئاوی کوردستان دەدەن. بەڕاستی کۆمەڵگەی کوردی تەواو شێواوە، هەر گەڕەکە تەلەفزیۆنی خۆی هەیە، هەر کوچە و کۆڵانە پەیج و ئەکاونتی تایبەت بەخۆی هەیە، کە کار و پیشەیان شکاندن و سوکایەتی کردنە بەیەکتر، دەیان بەرنامەی تەلەفزیۆنی و سەدان پەیجی سێبەر لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵاتەوە سپۆنسەر دەکرێن بۆ برەودان بەجنێو و جنێودەران. حیزبەکانی دەسەڵات هەریەکە، یەک لەشکر جنێودەریان هەیە، بەناونیشان و تایتڵی جیاوازەوە، هەیانە ڕۆژنامەنووسی قەڵەمفرۆشە، هەیانە چاودێری سیاسی خۆفرۆشە، هەشیانە ناشارەزای سیاسی و پسپۆڕی جنێودانە..... هتد، ئیتر بەو شێوەیە بەجنێودان و شکاندنی یەکتر ئەو خەڵکەیان بەرداوەتە گیانی یەکتر. بەداخەوە گەنجان و تازە پێگەیشتوان لەنەزانی و بێ پارەیی ملکەچی بەکارهێنان بوون، وەک کەرەستەیەکی خاو، بۆ ئەم ڕووح کوژییە.
بێگومان جنێودان و قسەی نەشیاو کاریگەری درێژخایەن لەسەر  دەروونی منداڵان و هەرزەکاران تەنانەت گەنجانیش بەجێ دەهێڵێت و ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر بیرکردنەوە و ڕەفتاریان دەبێت. کاریگەری ئەم چەند ساڵەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەئاشکرا هەستی پێ دەکرێت، گەنجان هیچ ئینتیما و خۆشەویستییەکیان بۆ خاک و نیشتیمان نەماوە، گاڵتە بەهەموو شتێک دەکەن، جڕت بۆ هەموو مەسەلەیەک دەکێشن و بەگەورە و بچووک ڕادەبوێرن. شەوانە چەندین گەنج دەبینی لەفەیسبوک و تیک تۆک و سناپ چات .... لایڤ دەکەنەوە، بەهەر چوار لادا جنێو دەدەن و دەڕشێنەوە. بەبێ بەهاکردنی خۆیان، بێزاری خۆیان لەژیان پیشان دەدەن، بەبێ نرخ کردنی کەسێتیان و بێ ڕێزی کردن بەکەسانی تر ڕقەکانیان دەردەبڕن.  کۆی ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە ژیان لەکۆمەڵگەی کوردیدا تەواو ئاڵۆز بووە، ئاسایشی دەروونی تاک لەئاستێکی زۆر نزمدایە، کۆمەڵگە تووشی گرفت و پشێوی بووە، دەبێت حکومەت و وەزارەتی پەروەردە، پەروەردەکاران و مامۆستایان، دایکان و باوکان، ئەوانەی خەمی دواڕۆژی ئەم میللەتەیان هەیە ڕاچەڵەکێن، ڕێگە لەحیزبەکانی دەسەڵات بگرن کە سپۆنسەری ئەو هەموو بەرنامە ناپەروەردەی و پەیجە سێبەرانە دەکەن، کۆتای بەو پاشاگەردانییە بێنن، ئەو بەرنامە و پەیجانە بەداخستن بدەن. لەجێی ئەو بەرنامە ناپەروەردیی و پەیجە سێبەرانە، پشتگیری دەیان بەرنامەی پەروەردەی و دەروونی بکرێت کە لەجێگەی یەکتر شکاندن...یەکتر قبووڵکردن، لەجێی سوکایەتی کردن...ڕێزگرتن، لەجێی ڕق و تۆڵەکردنەوە.....لێبووردەیی بکەنە شیعار و بەرنامەی خۆیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە