نموونەی گەنجێکی دی کە بە هۆی هەڕەشەی دەسەڵاتی کوردییەوە نیشتمانی خۆی بەجێهێشتووە.

Monday, 22/11/2021, 15:23

3549 بینراوە


 ڕەوا غەفور ناسراو بە ڕەوا ڕۆکستار بۆ هەڵهات؟

نموونەی گەنجێکی دی کە بە هۆی هەڕەشەی دەسەڵاتی کوردییەوە نیشتمانی خۆی بەجێهێشتووە.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەموو جیهان بیسەلمێنن گوایە خاوەنی حکومەتێکی دیموکراسی، مۆدێڕنن، خاوێنن و توانیویانە سەقامگیری و ئاسایش لە باشووری عێراق ڕابگرن. 
زۆرجار، سیاسەتمەدارانی کورد خۆیان بە ڕوکەش وەکو حوکمڕانی نموونەیی نمایش دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوە وەک یەکێک لەو کارتانەی بۆ زۆر مەبەست بەکاری دەهێنن لەسەر ئاستی جیهاندا، بە تایبەتی کە ئەوان بوون شەڕی دژی هێزە چەکدارەکانی داعشیان کرد و بەرنگارییان لە ناوچەکە و بگرە لە هەموو جیهانیش کردووە دژی تیرۆر و ستەمکاری. بۆ شەڕی دژی داعشیش خۆی لە خۆیدا نیشانەی پرسیارێکی لەسەرە: ئایا سیاسەتی کوردی هەتا چ ڕادەیەک ڕاستگۆ بووە لەو ڕووەوە؟ بەڵام ئەمە بابەتی ئێستا نیە، بەڵکوو دەمەوێت ڕووناکی بخەمە سەر ئەو ڕاستییە تاڵەی، کە بەهەزارەها کورد ڕیگەی مەرگ دەگرنە بەر بۆ ئەوەی دەرباز ببن لەو دۆزەخەی ناوی کوردستانە، یان عێراق!
ئەوەی جێگەی نیگەرانیە، زۆرێک لە ئەدیبان و نووسەران و هونەرمەندان، بە درێژایی حوکمڕانی کورد زیاتر و زیاتر بەرەو تاراوگە هەڵدێن. هەڵبەت پێویست ناکات پرسیاری ئەوە بکەین: ئاخۆ چارەنووسی نەتەوەیەک چۆن دەبێت ئەگەر زۆرینەی داهێنەران و کەسانی چالاک لە پیشەکەی خۆیاندا ناچاربن نیشتمانی خۆیان بەجێبهێڵن؟
ڕەوا ڕۆکستار، تەنها نموونەیەکە بۆ دەیەها هونەرمەند و دۆستانی چالاک و بەهەرەمەند، کە لانەی خۆیان بە هۆکاری سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و دەیان قەیرانی تر بەجێ دەهێڵن. بێگومان بەرپرسی یەکەمی ئەم قەیرانە فرە ڕەهەندە ئەو سیستەمە سیاسییەیە کە حزیبە کوردییەکان لەپێناو مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات پەێڕەوی دەکەن و بەردەوام کاری بۆ دەکەن. هیچ کاتێک ئەم هێزە سیاسیانەی باشووری کوردستان لە بەرنامەیاندا نەبووە دۆخێکی ئازادی ڕاستەقینە بۆ تاکی کورد برەخسێنن، تێیدا مرۆڤەکان گەشە بەتواناکانیان بدەن و تێیدا پێشکەون.
لێرەدا باس لەو تاکانەیە کە خاوەنی جیهان بینییەکی جیاواز و تایبەتن، ئەو مرۆڤانە لە هەوڵی ئەوەدان نوێگەرای و گۆڕین ببێتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگا.
ڕابەرانی حیزبە کوردییەکان هەمیشە ترسیان هەبووە لە کەسانی داهێنەر و خاوەن بیرکردنەوەی ئازاد. ئەو دەسەڵاتە کوردییە بە بەرنامە ئیشی بۆ ئەوە کردووە کە ڕۆژنامەنووس و بێلایەن و چالاکوان و نووسەران و هونەرمەندان بە ڕێگەی جۆراو جۆر لە نیشتمان دووربخەنەوە و بیانتۆقێنن، یان دەمکوتیان بکەن و بگرە ئامادەن زیندانیان بکەن، یان لەناویان بەرن. نموونەش زۆرە لە ڕابردووی دوور و نزیکیش، وەک (کاوە گەرمیانی)، (سۆرانی مامەحەمە)، (زەردەشت عوسمان) و (ئاسۆس هەردی) و چەندین کەسی تر بە نهێنی و ئاشکرا هەڕەشەیان لێ کراوە. هەروەها پێنج ڕۆژنامەنووسی شاری بادینان لەم دواییانەدا زیندان کران کە تومەتی خیانەتیان دایە پاڵیان. 
بەدیدی من، یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانەی بۆچی کورد لە ناوچەکانی خۆیدا نابێتە خاوەنی کەسانی بلیمەت و داهێنەر لەسەر ئاستی جیهاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو داپلۆسین و زۆردارییەی بە درێژایی مێژوو لەلایەن ئاغاو و بنەماڵە باڵادەستەکانی کوردەوە پەیڕەو دەکرێت. ئەو هاوڵاتییە کوردانەی توانیویشیانە لە جیهاندا لە بوارکەی خۆیاندا ناوبانگ دەربکەن، کەسانێکن کە زۆرینەیان جێگەیان نەبۆتەوە لە کوردستاندا. واتە ئەم کەسایەتیانە دەبووایە کوردستان بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی لە تاراوگە ئازادانە بەردەوام بن لە خەباتی هزری و ڕۆشنبیری و هونەری، یاخود زانستی. لێرەوە، ئەگەر (کۆچەر بیرکار) لە سنووری کوردستاندا بمایەتەوە هەرگیز خەڵاتی (مدالیای فیڵدس)ی Fields Medal وەرنەدەگرت؛ ئەگەر خاتوو (ڤانیا ئیسماعیل) لە هەولێر بەمایەتەوە نەدەبوو بە خاوەنی خەڵاتی باشترین داهێنەرانی خانمان لە بڕیتانیا؛ ئەگەر (بەختیار عەلی) شاری سلێمانی هەڵبژاردایە بۆ ژیان و هەڵنەهاتبایە بۆ ئەڵمانیا هەرگیز خەڵاتێکی وەک (نیلی زاکس)ی پێ نەدەبەخشرا. نموونەی تریش زۆرن... 
دواجار، دەمەوێ بڵێم، ڕەوا غەفور باشت کرد ڕۆیشتیت، بڕۆ و ئەم کوردستانی بنەماڵەکان بەجێبهێڵە و هەرگیز مەگەڕێوە بۆ ئەم شوێنە خاپوورەی کە بە زۆری زۆرداری دەیانەوێت ناوی بنێن نیشتمان. بریا هەموو داهێنەرانی کورد بیانتوانیبایە ئەم خاکە بەجێبهێڵن و لە دوورەوە بتوانن لە ڕێگای چالاکییەکانیانەوە ئابڕووی نەتەوەی کورد قوتار بکەن. بەهیوای ئەوەی کە ئێوە بتوانن بیسەلمێنن، کوردیش شان بە شانی داهێنەرانی جیهان بە بەرهەمەکانیان دنیاییەکی جوانتری پڕ لە هیوا بهێننە دی، دناییەک تێیدا هەموو نەتەوەیەک، هەموو تاکێک بەجیهانبینی جیاوازەوە بتوانن پێکەوە بژین.
لە کۆتاییدا، دەڵێم، کە لەو بڕوایەدام ئەگەر سنوورەکانی کوردستان بکرێنەوە تەنها حیزبەکان، سوودمەندەکان، بازرگانەکان دەمێننەوە. هەموو ئەوانی تر لەو دۆزەخە هەڵدێن.

دیدار حەمە غەریب


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە