قوتابیانی ڕاپەڕیو، فریو مەدەن!

Wednesday, 11.24.2021, 12:02

1311 بینراوە


ئەزموونی خاوکردنەوەی خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایی خەڵک و چۆڵکردنی شەقام، لە دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١وە، بووە بە مودیلێکی سیاسی، کە لە باشووری کوردستاندا لە لایەن گەلێک لە سەرانی پارتکانی باشووردا چی ئەوانەی کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن هەژمار کردووە و  چی لەلایەن سەرانی ئەو پارتانەی کە بەشدارییان لە دەسەڵاتی حوکمڕانی کردووە، بە پراکتیک کراوە. لە ئەنجامدا ئەو هەڵوێستە لەرزۆکانە بەدرێژایی چارەکە سەدەیەک، چەپۆکێکی کوشندەی لە دەنگی ناڕەزایی شەقامی باشووردا داوە، ڕێگر بووە لەزێتر گەشەسەندنی ڕۆحی یاخی بوون، قۆزتنەوەی ئەو هەلانەی کە خەڵک بە لێشاو ڕووی لە شەقام کردووە، دەبێت ڕێبەرایەتی بکرێت و بە ئاقارێکدا ببرێت، کە لە بەرژەوەندیی گشتی بێت، دژ بە سیستەمی دەسەڵاتی حوکمڕانی بنەماڵە و خێزان و لە پەیکەرێکی سیاسی گەندەڵ و کرمێ بووی وەک هەرێم. 
ئەزموونی خەباتی گەلان ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێت، کە کاتێک هێزێکی سیاسیی دیاریکراو دژی دەسەڵاتێکی دیاریکراوی حوکمڕانی خەبات دەکات، خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵک ئەگەر خۆڕسکیش بێت، بەڵام وەک کەرەستەیەکی خاو بەکاردەهێنێت، بۆ تەکاندان بە بزوتنەوەی ئۆپۆزسیۆن و گەیشتن بە ئامانج و دەستەکەوتی سیاسی، بۆشایی نەبوونی ڕێبەر و دروشمی سیاسیی گونجاو پڕ دەکاتەوە. کاتێک کە خۆپیشاندان گەشە دەکات و هەموو سوچێکی وڵات دەگرێتەوە ئەو کاتە، خۆپیشاندان و خەباتی هێمن و مەدەنی، دەستکەوتی سیاسی دەبێت، نەک خامۆش کردنەوەی دەنگی ناڕەزایی شەقام وەک ١٧ی شوبات و دەیان خۆپیشاندنی دی کە لە باشووردا سەریانهەڵدا و دامرکانەوە، ئەم ڕاستییە بۆ سەرانی پارتی و یەکێتی و گشت حزبەکانی دی کوردستان و بۆ  هەرکەسێک کە لە ئەلفوبێ سیاسەت بگات، بە دڵنیاییەوە نامۆ نییە.  
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی نزیکی خەباتی گەلان بدینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەزموونی خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی دەستکەوتی هەبووە، ئەگەر توانرابێت بەرفرەوان بکرێت و هەموو کۆمەڵگەی تێوەبگلێت نمونە،  لە ساڵی ١٩٨٦دا لە شاری مانیلەی فلیپین، بە میلیۆنان خۆپیشاندەر شەقامی ئەو شارەیان تەنیوە، لە ڕۆژی چوارەمدا ڕژێمی ماکڕۆ چۆکی دادا. لە ساڵی ٢٠٠٣دا گەلانی جۆرجیا خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، بە گوڵەوە هۆڵی پەرلەمانیان داگیر کرد و ئەو جوڵانەوەیە ناوی نرا "شۆڕشی گوڵ". لە ساڵی ٢٠١٩دا سەڕۆکی سودان و ئەلجیریا بە فشاری خەڵکی ڕاپەڕیو و خۆپیشاندەر دەستیان لە دەسەڵات کشاندەوە.  
سیاسەتی خاوکردنەوەی دەنگی ناڕەزا، خۆدزینەوە لە سەرکردایەتی کردنی دەنگی ناڕەزایی شەقام، هەڵگرتنی دروشمی چاکسازی نەک گۆڕانی سیستەمی دەسەڵات لەلایەن سەرانی پارتەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە و ئەوانەی بەشدارن لە حکومەتی بنەکە فرەواندا، بەخۆڕایی نەبووە، بەڵکو لەسەر بیناغەی پاراستنی بەرژەوەندیی شەخسی سەرانی ئەو پارتانە بووە لە هەردوو بەرەدا، بۆیە لە واقیعی ئەمڕۆی باشووردا، بە ئاسانی دەرک بەوە دەکرێت، کە سەرانی پارتەکانی هەر دوو بەرە، ژیانێکی تێروپر بەسەر دەبەن، خۆیان و خێزانیان کێشەی خۆشگوزەرانیان نییە و تەبەرجوزیان کردووە، خاوەن خزمەتکار و شوفێر و مووچەی باش و سەرمایەی زۆرن، زۆر یان کەم لە میدیاکاندا دەردەکەون و فیز بەسەر خەڵکی هەژاردا لێ دەدەن، هەرگیز ئەوان لەوە زێتر هیچی دییان گەرک نەبووە، بۆیە چوونە پاڵ دەنگی ناڕەزا بۆ ئەوان ئەو زەمینەیان لێ خاپوور دەکات و لەسەر تەختی برجوازیەتدا وەدەریان دەنێت، لەبەرئەوە ئەو جۆرە کەسانە ئەمڕۆ نابێت جێگە متمانەی قوتابیانی خۆپیشاندەر بن!
هەوڵدان بۆ خامۆش کردن و کپ کردنی دەنگی ناڕەزا، خیانەتێکە سەنگی لە خیانەتاکانی دی کەمتر نییە، وەک جاشایەتی ١٩٦٦ ئاشبەتاڵی ١٩٧٤ و ١٩٨٨، ٣١ ئاب و ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و دەیانی دیکە. دەستتێکەڵاو کردن لەگەڵ میت و ئیتیلاعات، بە پێش سوپای داگیرکەران کەوتن و سازشکردن لە زۆربەی خاکی کوردستان بەنێوی ئەوەی سیاسەت دەکەن و دۆخی نێودەوڵەتی وا دەخوازێت. ئەزموونی ڕابردوو سەلماندویەتی کە هەموو هەڵوێستە لەرزۆکەکانی سەرانی پارتەکانی باشوور، لە دۆڕاندن، ئابرووبردن و شەرمەزاریی بەولاوە بۆ ئەمڕۆ و مێژوو هیچی دی لێ شین نەبووە، بۆ نمونە لە مفاوەزاتی بەرەی کوردستانی لەگەڵ بەعس لە ساڵی ١٩٩١دا، کە زۆربەی خەڵکی کوردستان ئاوارە و دەربەدەر ببوون، زەمینەیەکی لەبار هاتبووە کایەوە کە کۆڕەو دەنگی ناڕەزایی شەقام لە ئەوپەڕی بوو، هەموو دنیا و زلهێزەکان لەسەر هێڵ بوون بۆ پشتیوانی کە دەکرا ئەو ناڕەزاییە دەستکەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی بێ هاوتای لێ بەرهەم هاتبا، سەرانی حزبەکانی بەشداریی  بەرەی کوردستانی بە ڕێبەرایەتی ماڵی بارزانی و تاڵەبانی، کە ئەو کات تەنیا پارتی و یەکێتی دوو هێزی سەرەکیی بوون، لەگەڵ سەدام دانیشتن، لەو ساتانەدا جگە لە ماچوموچی نێوان جەلال تاڵەبانی و سەدام،  جەلال تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیارێک لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: 
"گەرەنتی نێودەوڵەتییمان ناوێت لەو مفاوەزاتە بەڵکو سەدام خۆی گەرەنتیە".
پەیڕەوکردنی ئەو جۆرە سیاسەتانە میللەتی کوردی لە باشووردا بەم ڕۆژە گەیاند، سەرانی پارتەکانیشی کرد بە میلیۆنێر و بۆ مێژووش لە سەرشۆڕی بەولاوە هیچی دی تۆمار نەکرد. ئیتر بۆ دەبێت هەندێک سەرکردە لە لێدوانەکانیان نەیانەوێت، دەنگی ناڕەزایی قوتابیانی کوردستان، کە ئەمڕۆ شەقامیان تەنیوە، نەوەی تازەن و ئەرکی گۆڕینی ئەو دۆخەی باشووریان لە ئەستۆیە ئاقارێکی دی وەرنەگرێت، گەشە بە ڕۆحی یاخی بوون و شۆڕشگیری نەدرێت، ئەو خۆپیشاندانە نەکەن بە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئەوەی هەموو سوچێکی باشوور بگرێتەوە، دەنگی شەقام بە سەنگ و هێزی لەبن نەهاتووی گەل، وەک گەلانی دی دنیا بەکارنەهێنن بۆ سەراوژوور کردنی سیستەمی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان؟  بۆیە ئەگەر هەر کەسێک کە ڕێبەرایەتی دەنگی ناڕەزایی شەقامی پێ ناکرێت، دەستی بە کڵاوی خۆی گرتووە مووچە و خۆشگوزرانی لەدەست نەدا، لەم ساتەدا باشترە کە دەمی داخات، لەوەی خیانەتێک لە مێژووی سیاسیی خۆیدا تۆمار بکات و هەوڵبدات بە گوتە، وتار و لێدوان سیاسەتی "نەشیش بسوتێت نە کەباب پەیڕەو بکات" و چارەی خۆی لای دەسەڵات ڕەش نەکات!