پێشمەرگەی هەموو سەردەمەکان لە تەمەی ١٠٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

Friday, 26/11/2021, 21:04

4068 بینراوە


پێش چەند ڕۆژێك لە ئۆردوگای زۆرەملێی مەلائۆمەر پێشمەرگەیەكی كۆنی كۆماری مەهاباد لە تەمەنی 106 ساڵی كۆچی دوایی كرد. ئەم پێشمەرگەیە ناوی حاجی عەبدوڵا ئەحمەدبەگ ڕوستاییە. لە ساڵی 1945 تا ساڵی 1975 پێشمەرگە بوو. لە كاتی ڕاگەیاندنی كۆماری مەهاباد چوو بۆ بەرگریكردن لەم كۆمارەی كورد. بەڵام كە كۆماری مەهاباد ڕوخا گەڕایەوە باشوری كوردستان بەڵام تا ساڵی 1958 لە شاخ نەهاتە خوارەوە و هەر بە قاچاخی مایەوە. واتە تا ڕژێمی پاشایەتیی عێڕاقی نەڕوخا حاجی عەبدوڵلا هەر لە شاخ مایەوە. كاتێك لە ساڵی 162 شۆڕشی كورد هەڵگیرسایەوە دیسانەوە بووە پێشمەرگە، تا ئاشبەتاڵی 1975. حاجی عەبدوڵا 9 كچی هەبوو لە گەڵ تاقە كوڕێك بە ناوی نەجات. نەجات پێشمەرگە بوو لە گەڵ خۆی. ساڵی 1973 نەجات تاقە كوڕی حاجی عەبدوڵا لە كاتی ئەركی پێشمەرگایەتیی لە گوندی بەرسیرین كوژرا و باوكی بێ كوڕ مایەوە. ساڵی 1977 ڕژێمی بەعس گوندی ڕوستی ڕاگوێستەوە بۆ ئۆردوگای سێبیران و دواتر مەلا ئۆمەر كە چەند دەقەیەك لە سەری ڕەش و مەسیف دوورە. ساڵی 1978 حكومەتی بەعس حاجی عەبدوڵای وەكو زۆرینەی پیاوانی گوندەكەی بە پلەی كرێكار لە بەشی زڕاعەت تەعین كرد و موچەی بۆ بڕیەوە. حاجی عەبدوڵا بەم موچەیە ژیا بە ژیانێكی زۆر دەردەسەریی و بێ نازیی. زیاتر لە 30 ساڵ پێشمەرگە بوو. كەچی ڕۆژێك لە ڕۆژان مەسعود بارزانی نەیبردە لای خۆی میدالیایەكی تەنەكە بخاتە سەر سنگی وەكو ڕێزلێنانێك كە پێشمەرگەی كۆماری مەهاباد و ئەیلول بووە. بە پێش چاوی حاجی عەبدوڵا مناڵانی مەسعود بارزانی و نەوەكانی و براو برازا و خوارزا و كەسە نزیكەكانی بە ملیۆنان دۆلاریان سەرف ئەكرد و بۆ هەر پیاسەیەكی توركیا و دوبەی و ئەوروپا ملیۆنان دۆلاریان تەڕاتێن پێ ئەكرد. حاجی عەبدوڵای پشتگوێخراویش بە خانەنشینی ڕژێمی بەعس ژیانی دەردەسەریی بردە سەر.  حاجی عەبدوڵا هەتا مرد هەر لە ناو ئەو خانووەی ئۆردوگای مەلا ئۆمەر ژیا، كە حزبی بەعس لە جیاتی تێكدانەی خانووەكەی گوندەكەی پێی بەخشی بوو. ماڵپەڕی كوردستان تیڤی باسی مردنی هونەرمەندانی سوری و میسری لە ماڵپەڕەكەی بڵاو كردۆتەوە وەكو سوهێر بابلی كەچی نە دوور نە نزیك باسی مردنی ئەم پێشمەرگەی كۆماری مەهاباد و ئەیولی نەكردوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە