تاکحیزبی پارتی و پەتای پارتیبوون

Saturday, 27/11/2021, 16:40

2566 بینراوە


لە هەرێمی کوردستان تەنها پارتی دیموکراتی کوردستان فەرمانڕەوایی دەكات و هەموو جومگەکان لە بن دەستی خۆیەتی، بەڵام چەندین حزبی لاوازی دیكەش هەن، كە بە رەزامەندیی یان بەدڵی پارتی هەڵدەسوڕێن و  مافی هەڵسوڕاندنیشیان لە سنوورێكی دیاریكراودایەو  ژێر بەژێریش پاڵپشتیی تەواوی پارتی دەكەن، کێشەکە لەوەدا نییە کە پارتی فەرمانڕەوای حیزبەکانی ترە ، بەڵکو ئیشکالی گەورە خودی ئەو تێگەیشتنەی پارتییە بۆ هونەری بەڕێوەبردن و دونیای سیاسەت و مامەڵەی سیاسی لەکوردستان ، پارتی وەک تاكحزب و حزبی پێشەنگ لەدەرەوەی لۆژیک و مەنتیق و چوارچێوەی یاسایی بەبیرێکی تاکڕەوانە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیدا چ ویستبێت ئەنجامی داوەو زۆرجاریش هەنگاوەکان سەریکێشاوە بۆ توندوتیژی و کوشتنو لەناوبردن کەبە تەواوی چووەتە خانەی تیرۆری سیاسییەوە . 
عێراق لە سایەی سیستەمی تاکحیزبدا (حزبی بەعس ) بۆ ماوەی سی و پێنج ساڵ سەرباری ئەوەی خۆی خزاندبووە نێو هەموو ماڵێک و قوتابخانەیەک و فەرمانگەیەک چەندین جەنگیشی هەڵگیرساند و بوونە مایەی كاولكردنی وڵات و بە كوشتدانی هەزاران هاووڵاتی! بنەما فیکرییەکانى حزبی بەعس لەگەڵ بوونی سەدام حوسێن بە سەرۆک کۆماری عێراق لە ساڵى ١٩٧٩دا، بەرەو مەیلێکى ئاشکراى فاشیزم و چەسپاندنى دەسەڵاتى رەهاى دیکتاتۆرى و پاوانخوازى رۆیشت ، کۆڵەکەی بەهێزی بەعسییەکان توندوتیژی و کودەتا بوو پاساویان بۆ توندوتیژی و کوشتن و تیرۆری سیاسی و کوشتنی بەکۆمەڵ و جینۆسایدو ئەنفال و کیمیاباران دەهێنایەوە ، پیادەکردنى تیرۆرى جەستەیی و بڵاوکردنەوەى ترس و تۆقاندن هەمیشە کۆڵەکەیەکى بەهێزى مانەوەى دەسەڵاتى بەعسیەکان بووە و سڵیان لە پیادەکردنى نەکردووەتەوە تەنانەت بەرامبەر هاوڕێ و کەسە نزیکەکانى خۆشیان ! لایبەعسییەکان پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە بەسترابوو بە ڕۆڵی پاڵەوانانەو ئەفسانەی سەدام حوسێنەوە ، بەهەمان شێوەى مۆسۆلینى و هیتلەر .
ئەمە حاڵی هاووڵاتیانی عیراق بوو لە سایەی فەرمانڕەوایی حزبی بەعسدا ، دۆخی کورد دوای ڕزگاربوون لە دەستی تاکحیزب وحیزبی پێشەنگی بەعسیزم زۆر خراپتر بووە ،وەک لە پێش ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ ، کورد و سەرکردایەتییەکەی دوای ڕاپەڕین دونیایەکی پڕ لە ترس له‌یه‌كترو له‌كۆمه‌لگا، ترس له‌ده‌سه‌ڵات‌و سیاسییه‌كان، ترس لە جوڵاندنی هێزی تایبەت و میلیشیا ، ترس له‌یاریكردن به‌كایه‌ی ئابوری و بازرگانه‌كان، ترس له‌سێكته‌ری ته‌ندروستی‌و هه‌ڵه‌ی پزیشكی‌و ده‌رمانی به‌سه‌رچو، ترس له‌ده‌زگای شاراوه‌ونهێنی و سه‌ركوتكه‌ر، ترس له‌نه‌مانی موچه‌و قه‌یرانی ئاوو كاره‌باو نه‌وت‌و غازو دواجاریش ترس لە بەرتەسککردنەوەی پانتاییه‌كانی ئازادیی و ده‌ربڕین و بیروبۆچوونی ئازادو ڕیشەکێشکردنی پره‌نسیپ و پایەکانی دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ.
فەرمانڕەوایەتی پارتی پەتایەکی کوشندەیە ،پەتایەک کە خەڵكی کوردستانی تووشی دڵەڕاوكێ و خەمۆكی و جۆرەها نەخۆشیی دەروونی بوون ،پەتای پارتیبوون لە کۆرۆنا پیسترە ،ئەم فۆڕمی تاکحیزبی و فەرمانڕەوایەتییەی پارتی شکستی سیاسی و ئیداری بەرێوەبردنە لە کوردستان ، بەرپرسیاری ئەو دۆخە پارتیە چونکە سەرجەم سێکتەرەکان لە دەستی پارتیدایە و کۆنترۆڵی بازاڕو کەیسی نەوت و گازیشی کردووە ! هیچ کایەو سێکتەرکیش نەماوە کە پارتی ئیفلیجی نەکردبێت ،ئەم دۆخەی ئیستا تەنها لە قازانجی پارتیدایە و خەونی پارتیش خولقاندنی ئەو بازاڕە شێواوەیە کە بونیادی ناوە بۆ کۆمەلگای کوردی ، پەتای پارتیبوون هەناسەی لە یەکێتی و بزوتنەوەی گۆران بڕیووە و پارتاوی بوون و بونەتە گۆچانی پارتی ، ئەگەر دیوێکی ئەو کۆچەی ئیستا لە سنورەکانی بیلاروسیاو پۆڵەندا تاوانەکەی پارتی بێت کە هەڵهاتوون لەو تێگەیشتن و فەرمانڕەوایەتی پارتی !ئەوا دیوەکەی تری کۆچ بێ ئومێدبوونە لەو هێزە سیاسییانەی تر کە مایەپوچ و گۆشەگیر و پەراوێزخراون بە ناچاری دوای پارتی کەوتوون ! ئێستا یەکێتی وەکو پارتی چوارچێوەیەکی بۆ کۆیلایەتی داڕشتووەو وەکو پارتیش تووشی گرێی دەرونی بووە ، ئێستا یەکێتی هاوشێوەی پارتی هێزێکی دژبە بەها دیموکراسیەکان و ئازادییەکانە و بەشێکە لە گەمەو سیناریۆو شانۆگەرییەکانی پارتی و تاکی کورد بە نائومێدییەوە لە سبەینێ دەڕوانێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە