تێگەیشتن لە ڕۆح و جەستە

Sunday, 11.28.2021, 14:02

2108 بینراوە


کابرایەک دوای ئەوەی خوێندنی تەواو کرد بیست ساڵ کاری کرد تا بتوانێت زەویەک بکڕێت..دوای ئەوەش بیست ساڵی تر کاری کرد تا بتوانێت خانویەکی خۆشی لەسەر دروست بکات..کاتێک خانوەکە تەواو بوو، هاوسێکەی هاتو پێی گوت تۆ خانوت لەسەر زەوی من دروست کردوە، زەویەکەی تۆ ئەم زەوییەی ئەم لاترە..(ئەم چیرۆکە چیرۆکی مەولەویە)

ئەم چیرۆکەی سەرەوە چیرۆکی هەمومانە لە ژیاندا، ئێمە لە ژیاندا دوو زەویمان هەیە یەکێکیان بریتیە لە زەوی جەستە ئەوی تریان بریتیە لە زەوی ڕۆح.

ئێمەی مرۆڤ زەوی ڕۆحمان وەلا ناوەو هەمیشە خەریکی دروسکردنین لە زەوی جەستەدا..

زۆرێک لە مرۆڤەکان ئێستا خەریکی نەشتەرگەری خۆ جوانکردنن، ددات دروست کردن، لوت بچو کردنەوە قژ ڕواندنەوە بۆیاخ کرد هتد.. بەڵام لە ڕاستیدا زەوی جەستە زەوی ئێمە نیە و دەبێت رۆژێک لە ڕۆژان بیگێڕینەوە بۆ خاوەنەکەی.

ئێمە بە بێ بیرکردنەوە لەم زەویەدا خانو دروست دەکەین، لە کاتێکدا زەوی ڕۆحمان وەلا ناوە کە زەوی خۆمانە و بۆ هەتا هەتایە ئێمە پاشای ئەو زەویەین.

هەر کارێک لەم ژیانەدا کە تۆ ئەنجامی دەدەیت، ئەگەر بۆ گەشە کردنی ڕۆحی خۆت نەبێت، وەک ئەوە وایە زەوی هاوسێکە بکەیتە خانو.

کاتێک مرۆڤ لەسەرەمەرگدا دەیەوێت وەسیەتنامە بنوسێت ئەو کەسەی کە کەمترین بەشی بەردەکەوێت خودی خۆیەتی، ئەو ساتە بۆت دەردەکەوێت کە تۆ تەواوی ژیانت خەریک بویت بۆ ئەوەی زەوی ئەوانی پاش خۆت بکەیتە خانو.. کاتی مردن تاکە ساتە بۆت دەردەکەوێت ئەو هەمو کێشمە کێشمی ڕۆژانەی ژیان بۆ پارەو دەسەڵات هیچی بۆ خۆت نەبوە..

ئێمە هاتوینەتە دونیا تا بە ژیان قیمەت پەیدا بکەین، نەک بە هەر قیمەتێک بێت بژین، ئێمە هاتوینەتە ئەم دونیا تا شتێک بین، نەک لەگەڵ خۆمان شێک ببەین. ئەم دونیایە کۆتا مەبەست و  وێسگەی ڕۆحی ئێمە نیە، بەڵک و ئێمە مەقسەدی کۆتایی دونیاین.

ئێمە هاتوینەتە ئەم ژیانە تا خۆمان و ڕۆحمان گەشە پێ بدەین ، نەک ئەم دونیایە بگەشێنینەوە و بەجێی بهێڵین لە کاتێکدا فێربونی ڕۆحی خۆمان وەلا ناوە.

ئەگەر خۆمان لەناخەوە جوان بین ئەوا دونیاش جوانتر دەبێت، ئەگەر تەنها لە فکری جوانکاری دونیا دا بین ئەوا جوانی ڕۆحی خۆمان لەدەست دەدەین، وەک ئەوەی دەبینیت شارەکانمان جوانترە لە سەدەی ڕابردو بەڵام مرۆڤەکان ناشرینتر بوو هەڵسوکەوتیان خراپترە بوە بەرامبەر یەکتری، هاوڕێیایەتی و متمانە نەماوە، ڕێز تەنها لە پارەدارو دەسەڵاتدار دەگیرێت..هتد...

کابرایەک منداڵەکەی دەخاتە قوتابخانە دوای تەواو کردنی خوێندن لێی دەپرسێت کوڕم ئەم هەمو ساڵە خوێندوتە چیت بەدەست هێناوە؟

کوڕ دەڵێت باوکە من ئێستا دوو سەیارەم هەیە ماڵێکم هەیە و چوار کەس کارم بۆ دەکەن.. باوکی لە وەڵامدا دەڵێت کوڕم من تۆم خستە بەر خوێندن تا گەشەی فکری و ڕۆحی بکەیت، ئەو  شتانەی تۆ بەدەست هێناوە منیش دەمتوانی بێ خوێندن بۆتی دابین بکەم!

ئەمە چیمان پێ دەڵێت؟ کەواتە خوێندن واتای ئەوە نیە ماڵ و سەروەت شەهادە بهێنیت، خوێندن واتای فێربونی ژیانە و گەشەکردنی ڕۆحە، مەبەستی درستکەر لە ژیان ئەوەیە کە لە واتای ژیان بگەیت نەک لە کۆکردنەوەی پارەو ماڵ  و لەیاد کردنی ئەرکی ڕۆح و ژیان.

زۆرینەی مرۆڤەکان لە ژیاندا هەمان چیرۆکیان هەیە، زۆر کەم مرۆڤ هەیە کە وانە لە ڕابردو وەرگرێتو  ڕابردو دوبارە نەکاتەوە..زۆر کەم کەس هەیە لە واتای ژیان بگات و ئەرکە سەرەکیەکانی خودی ڕۆح جێبەجێ بکات، ئەویش فێربونە و گەشەکدنی ڕۆحە بۆ ئاستێکی باڵاتر..

کاتێک دەمریت و دەگەڕێیتەوە بۆ لای کردگار لێت دەپرسێت من تۆم نارد بۆ گەشە کردنی ڕۆح تۆ تەنها ماڵ و ئوتومێل و پارەت وەدەست  هێنا لە کاتێکدا تێچوی تۆ لەسەر زەوی سەد هێندەی ئەوەیە کە تۆ بەدەستت هێناوە لە ژیاندا..من دەمویست ڕۆحی تۆ گەشە بکات نەک دونیاکەی من..

لە یادت نەچێت تۆ پاشای شتێکیت کە مردنیش ناتوانێت لێتی وەرگرێتەوە، تۆ پاشای ڕۆحیت و ڕۆح ژیانی هەتا هەتایی هەیە..

فێر ببە بژی بۆ گەشە کردنی ڕۆح نەک بۆ بەدەست هێنانی پارەو ماڵ، ئەرکی سەرەکی ژیانت لە یاد مەکە و هەمیشە ئەوەت لەیاد بێت ئەم دونیایە وەک ئەو زەویەی هاوسێکەت وایە هەرچی لەسەر بکەیت تۆ نابیتە خاوەنی، بەڵام ئەگەر خەریکی دروستکردنو  گەشە کردنی ڕۆحت بیت ئەوا خانوی ڕۆح لەگەڵ خۆتدا دەبەیت بۆ ناو ژیانی ئایندەت..