قۆپییم بۆ کوڕی شەهیدێکی ئەیلول کرد

Sunday, 23/05/2021, 18:46

3915 بینراوە


مامۆستای رەوانشاد کەماڵ موکورجی لە پۆلی دووی ناوەندی مێژووی پێ دەوتین، لەو کاتەوە دەمناسی، مامۆستایەکی دڵسۆز و لە پیشەکەیدا زۆر پێداگر بوو، سەرسام بووم بەم کەسایەتییە جوانە، ئەوەی سەرنجی منی راکێشابوو، ئەم مامۆستایە کەم پێدەکەنی کەچی هەمیشەش وەك رووخۆشێك دەهاتە بەر چاو، لە هەموویشی گرنگتر قوتابییەکانی خۆی پێگەیەکی تایبەتییان هەبوو لە لای بە تایبەتی ئەو قوتابیانەی کە لە ژیاندا سەرکەوتوو بوون.
ساڵی ١٩٨١ کرام بە چاودێر بەسەر قوتابیانی ناوندییەوە، کابرایەکی تورکومان لێپرسراوی تاقی کردنەوەکە بوو، یاریدەدەرەکەشی خانمێکی کورد بوو، مامۆستا کەمالیش یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردە بوو، لێپرسراوی گشتی تاقی کردنەوەکانیش بوو. قوتابییەك کوڕی شەهیدێکی شۆڕشی ئەیلول بوو، داوای لێ کردم یارمەتی بدەم، منیش ئەوەی توانیم یارمەتیم دا، مامۆستا عومەر ئاوەکەڵەییش کە ئەویش وەك من چاودێر بوو هات بۆ لام وتی: قوتابییەك داوای یارمەتی ئەکات و، منیش هیچی لێ نازانم، بەویشم وتەوە. خانمە یاریدەدەرەکە بە کابرای تورکومانی وت: ئەو دوو مامۆستایە بە قوتابییەکان ئەڵێنەوە، شیرازەی تاقی کردنەوەکەیان بچڕاندووە، ئەو رۆژە هیچ نەبوو، رۆژی دوایی بە هەمان شێوە بە قوتابیانمان ئەووتەوە، ئەوەندەم زانی کابرای تورکومان هات وتی تەڵەفۆن داوای تۆ ئەکات، منیش چووم تەلەفۆنەکەم هەڵگرت گوێم لە مامۆستا کەمال بوو وتی حەمە گیان چۆنی من کەمالم، بە مامۆستا عومەری ئاوەکەڵەش بڵێ هەردووکتان خۆتان ئامادە بکەن دێم بە شوێنتانا، وتم باشە مامۆستا، هاتم بە مامۆستا عومەرم وت: ئەو کدیشە شکاتی لێ کردووین، مامۆستا عومەر کەسێکی سەرگەرم بوو، وتی ئێسا یەك زلـلەی لی ئەدەم تاماوە بە ملخواری بژی، وتم نەکەی لەبەر خاتری من، ئیتر خاتری گرتم و، بەڵام هەر پیشی ئەخواردەوە تا مامۆستا کەمال گەیشت، مامۆستا کەمال وتی هەردووکتان وەرن لەگەڵم، ئێوە لێرە زیادن (دڵی نەهات راستیمان پێ بڵێت) لە رێگا هەر قسەی خۆشی بۆ کردین، بردینی بۆ ژوورەکەی خۆی، چای بۆ بانگ کردین و، بێ کێشە بەڕێی کردین.
ئەم بیرەوەرییەم ئەو کاتە هاتەوە یاد کە لە پەیجی سلێمانی ژیاننامەی ئەم مامۆستا مەزنەم خوێندەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە