پەرلەمانی فەڕەنسا و جینۆسایدی باشوور، چیمان پێ دەڵێت؟!..

Tuesday, 30/11/2021, 0:36

3055 بینراوە


سەروەختێ شەمەندەفەری تورکی بەرەو ئەندام بوون لە یەکێتی ئەوروپادا کەوتبووە ڕێ، پەیوەندی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا لەباشترین دۆخیدا بوو.لەو سات و کاتەدا ڕۆژنامەنووسێکی دیاری فەرەنسی، داوەتنامەیەکی لە سەفارەتی وڵاتەکەیەوە لە ئەنقەرە پێ دەگات،بێتە تورکیا بۆ باسکردنی ئەم پەیوەندییە توندوتۆڵە و بایەخ و گرنگییەکانی... بەخۆشی و سەرکەوتنەوە وەرن، بەڵام ئەم تێبینییە لەبەرچاو بگرە: ھەردوو وشەی (کوردستان و ئەرمەن) نابێت بێتە سەر زمانت!...
ھەقیقەت ئەوەیە و ئێمە ھێشتا ئاگادارین لەوەی بەسەدان ڕۆژنامەنووس و سیاسی ئەوروپایی ھەن، سۆزیشیان بۆ کێشەی کورد ھەیە!، لێ لەبەر سیاسەتی فەرمی وڵاتەکەیان کە بەرژەوەندی ئابووری نەخشی بۆ دەکێشێ! بەئاشکرا دەری نابڕن و ھەر وەک بەشێک لە کێشەی ناوخۆی تورک و فارس و عەرەب تەماشای دەکەن و بە خەسڵەتی تورکی و ئێرانی و عێراقی و سووریایی دەیدەنە قەڵەم.
شایانی پێدا ھەڵدانە ، ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی فەڕەنسا لە ڕۆژی  26.11.2021 بۆ ناساندنی کۆمەڵکوژی کورد و سوتماککردنی کوردستان لەسەر دەستی دەوڵەتی عێراق دا، نموونەیەکی بێھاوتا و وەرچەرخانێکی گرنگی مێژووییە لەم ڕۆژگارەدا...
فەڕەنسا بە درێژایی مێژوو وڵاتێکی گەورە و خاوەن کاریگەرێتی لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیھاندا ھەیە. لەسەر شانۆی سیاسیش ڕۆڵێکی دیار و تا ڕادەیەک بە قازانجی چارەسەرکردنی کێشە زەقەکانی جیھان دەگێڕێ. دیارە حکومەت بۆ حکومەت سیاسەتیان پێ دشگۆڕێ. لە ئێستای حکومەتەکەی ( ئیمانۆێل ماکرۆن) دا فەڕەنسا باش کراوەتەوە بەڕووی کێشەکان و چالاکە بۆ چارەسەر کردنیان... پشتیوانی لە کوردی ھەر چوارپارچەی کوردستان دەکەن و بۆتە دەروازەیەکی باش بۆ کورد، دەنگ و ڕەنگی خۆی بگەیەنێتە دەرەوە. ئەم جموجوڵەی فەڕەنسا بەخۆڕایی نییە، وەک ھەر لایەنێک بەدوای دەستکەوتی خۆوەیەتی، بۆیە گومانی تێدا نییە کۆمەڵێ بەرژەوەندی خۆیشی تێوە ئاڵاندووە. لەڕووی بەرژەوەندی خۆیەوە بێت، یاخود ڕەنگدانەوەی پرنسیپ و باوەڕی فەڕەنسا، ھەردووکی دەرەتانێکی بۆ کورد سازداوە، ئەویش بێتە نێو یارییەکەوە و بلێزێ. ئێمە دەمانەوێ بە باشترین شێوە بلێزێ و دەستکەوت بەدەست بێنێ و براوە بێت.. زەمینەی سەرکەوتنەکانیش لەبەر دەستدا ، دەمێنێتەوە زرنگی و پیتۆڵی کورد..
ڕاستە پرۆژەکە دەنگی پێویستی بەدەست نەھێنا، لە  24دەنگ توانی  9 بەدەست بھێنێ... لێ وا پێدەچێ جارێ وەک تاقیکردنەوەیەک ھەنگاوی بۆ نرا بێت و چاوەڕێی پەرچەکرداری ئەوانی ترن ، لە دوژمن و نەیار و دۆستانی کورد و ئەم پرسە بکەن!... بە پێی ئاگاداریتەکان ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنەکانیش بەچەند ویستگەیەکدا تێپەڕی..
دڵتەزێنترین و ئارازاویترین دیوی ئەم باسە بریتییە لەوەی : ئاخر چۆن سەدەیەکە ئێمە لەبەردەم دڕندانەترین و نامرۆڤانەترین سیاسەتی کۆلۆنیالیستی سیاسی و سەربازی و ئابووری و فەرھەنگی داگیرکەرانداین... بۆمبارانکردنی ھەڵەبجە و قەڵادزێ، تەختکردنی زیاتر لە 5 ھەزار گوند و ڕاگوێزان و بەعەرەبکردن، بێ سەروشوێنکردنی بارزانییەکان و کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفال و کوشتار و کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی شەنگال و خورماتوو، جارێکی تریش بەعەرەبکردنی کەرکووک و خانەقین و گەلێ ناوچەی تر ئێمە خاوەنی ئەم ھەموو کەیس و ئارگومێنتانەین، کەچی ھێشتا وەک پێویست ناتوانین ڕای گشتی جیھانی بەدەست بھێنین... دۆست و لایەنگر بۆ کوێرەوەییەکەمان پەیدا بکەین!.. ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتێک قەناعەت پێ بھێنین.
ئێمە ئەوەش تێدەگەین جۆرەھا کەناڵی بەرژەوەندی ئەم دەوڵەتابە پێکەوە دەبەستێتەوە و تەنانەت ئەندام پەرلەمەنتارەکانیش بەدوور نین لە بەرژەوەندیخوازی خۆیان! ..لێرەدا دەبێت قورسایی 500 ملیۆن عارەبێک و نزیژەی دوو دەرزەن دەوڵەتی عارەبی لەبیر خۆمان نەبەینەوە. (تورکیا و ئێران) یش,ھەرچییان بۆ کرا بێت پێ بکرێ دژ دەوستنەوە.. 
ھەڵبەت ئەم ڕاستیانە لەو ھەقیقەتە کەم ناکەنەوە، پرۆژەکە چانسی لەبەردەم دا ماوە، چونکە بووە دۆسییەکی کراوە و بە دڵنیاییەوە ھەلومەرجی بۆ بڕەخسێ دێتەوە ئاراوە و ئەگەریش زۆرە لە زۆر وڵاتی دیکەی ئەوروپایی ھەمان شت ڕوبدات.. بە دەربڕینێکی تر پێویستە کورد ئەو زەمینەیە دەستبەر بکات لە وڵاتانی تریش ھەمان ھەوڵ و ھەنگاو دووبارە بێتەوە.
بەریتانیا، سوید، ھۆلەندا، نەرویج، ئەڵمانیا، دانیمارک و ئەمەریکا.. ھتد وڵاتگەلێکن دەرەتانی ئەوە ھەیە ئەم کەیسەیان تێدا بجوڵێندرێ و بخرێتە ئەجێندای کارەکانیانەوە. میکانیزمی سەرخستنی ئەم پرۆژەیەش بە پلەی یەکەم لەسەر پاڵپشتی تەواوی حکومەت و کاراکردنی کۆمیتەیەکی شارەزایە، بۆ ھەڵسوڕان و سەرخستنی . 
بەڵێ کورد بە « دەسەڵات، حیزب، کەسایەتی یاساناس و مێژوونووس و لێکۆڵەران و دیبلۆماسی و ئابووری و بازرگانان و نووسەر و ڕۆشنبیران و ڕەوەندەکە» دەبێت لە پشت ئەم کارەوە بێت و ھاوکاری بکەن!. 
ئایا چەند دەتوانن بە ھەمووان وزە ببەخشنە ئەم کەیس و ھەنگاوە!، چەند لە ڕووی یاساییەوە تۆکمە و بەھێزی دەکەن! و دەتوانن ڕەزامەندی ناوەندەکانی بڕیاردانی بۆ بەدەست بھێنن!، ئەوە ھەلومەرجی جیھانیش ڕۆڵی خۆی دەبێت.
لەسەرێکی ترەوە، بە جنۆساید ناساندنی کوشتاری کورد لەدەستی عێراق دا، دەکرێ زرنگانە سەرەداوەکەی بگێڕدرێتەوە بۆ پەیمانە شوومەکەی (سایکس - پیکۆ) و بێبەشکردنی کورد لە ماددەکانی پەیمانی (سیڤەر ) و جارێکی تر کەوڵکردنەوەی کوردستان بەپێی پەیمانی (لۆزان) و ئەو ھەموو تاوانانە ماکەکەی ئەو بڕیار و نەخشە نامرۆڤانەیە کە(ئینگلیز و فەرەنسا) خەتوخاڵیان بۆ کێشاوە...
بۆیەکا ئەو دوو دەوڵەتە زلھێزە جیھانییە بەرپرسن لەبەردەم ئەم چارەنووسە تراژیدیاییەی بەسەر کورد و کوردستاندا ھاتووە . ئەوەی جێی بایەخ و ئاماژە پێدانە ھێشتا لەم رۆژگارەشدا ئەم میکانیزمی کوشتن و برین و لەسێدارە دان و ڕاگوێزان و ئەنفالکردنە لە ئارادان و چالاکن و دەوڵەتە داگیرکەرەکان، بە پشتیوانگ نێودەوڵەتی بە چەکی مۆدێرن، کوردستان سوتماک دەکەن و دەستبەری سیاسەتی زەبروزەنگ و ئاگروئاسن بارین نابن.لە وتارێکی پیشوماندا بەدرێژی باسمان لەمە کردووە و لینکەکەی بریتییە لە
https://www.emrro.com/rasizimleperawezik.htm

ئا لەم دیدەوەیە، ھەر کەس و لایەن و دەزگایەک بیەوێ کۆتایی بەم مەرگەساتە تاڵ و خەمناکەی گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی جیھان بھێنێ، ئاشتی و ئاسایشی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین مەبەست بێت، پێویستە بە پەرۆشەوە کار لەسەر ئەم دۆسییە بکات و بەربەستێک بۆ تاوان و تاوانکاران دابنێن.
ئاشکرا ڕەوڕەوی مێژوو لە کار ناکەوێت و ھەمیشە بەرەو پێش دەڕوا. گۆڕان و پێشھات ھەمیشە چاوەڕوان کراوە، بە واتایەکی تر جیھان ھەر لەم قاڵبەدا نامێنێتەوە. کورد ھەرگیز دەستبەرداری مافەتە نەتەوەییەکانی خۆی نابێت، ئێستاش بێ دەسەڵات بێت و ژیان لەبەردەم چوار گورگی برسیدا بەسەر بەرێت، ئەوە چرکەساتێک ھەر دێت، کوردیش بێتە خاوەنی ھێز و دەسەڵاتی خۆی و پارێزگاری لە خۆی بکات.
بۆیەکا بۆ ڕێگرتن لە خوێن ڕژانی زیاتر و درێژەدان بە گرژی و ئاڵۆزی ناوچەکە و نێوان گەلانی دەوروبەردا وا باشترە، بە میکانیزمێکی ئاوەزمەندانە ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە ڕاستەقینەی ناوچەکە و جیھان بدرێ. ئەرکی نەتەوە سەردەستەکانە ڕۆڵی بەرچاو لەم ھاوکێشەیەدا بگێڕن و دەسەڵات و حکومەتەکانیان ناچاری دیفاکتۆکە بکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە