ھەقیقەت ئەوەیە و ئێمە ھێشتا ئاگادارین لەوەی بەسەدان ڕۆژنامەنووس و سیاسی ئەوروپایی ھەن، سۆزیشیان بۆ کێشەی کورد ھەیە!، لێ لەبەر سیاسەتی فەرمی وڵاتەکەیان کە بەرژەوەندی ئابووری نەخشی بۆ دەکێشێ! بەئاشکرا دەری نابڕن و ھەر وەک بەشێک لە کێشەی ناوخۆی تورک و فارس و عەرەب تەماشای دەکەن و بە خەسڵەتی تورکی و ئێرانی و عێراقی و سووریایی دەیدەنە قەڵەم.
دڵتەزێنترین و ئارازاویترین دیوی ئەم باسە بریتییە لەوەی : ئاخر چۆن سەدەیەکە ئێمە لەبەردەم دڕندانەترین و نامرۆڤانەترین سیاسەتی کۆلۆنیالیستی سیاسی و سەربازی و ئابووری و فەرھەنگی داگیرکەرانداین... بۆمبارانکردنی ھەڵەبجە و قەڵادزێ، تەختکردنی زیاتر لە 5 ھەزار گوند و ڕاگوێزان و بەعەرەبکردن، بێ سەروشوێنکردنی بارزانییەکان و کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفال و کوشتار و کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی شەنگال و خورماتوو، جارێکی تریش بەعەرەبکردنی کەرکووک و خانەقین و گەلێ ناوچەی تر ئێمە خاوەنی ئەم ھەموو کەیس و ئارگومێنتانەین، کەچی ھێشتا وەک پێویست ناتوانین ڕای گشتی جیھانی بەدەست بھێنین... دۆست و لایەنگر بۆ کوێرەوەییەکەمان پەیدا بکەین!.. ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتێک قەناعەت پێ بھێنین.
بەڵێ کورد بە « دەسەڵات، حیزب، کەسایەتی یاساناس و مێژوونووس و لێکۆڵەران و دیبلۆماسی و ئابووری و بازرگانان و نووسەر و ڕۆشنبیران و ڕەوەندەکە» دەبێت لە پشت ئەم کارەوە بێت و ھاوکاری بکەن!.