سەردار حەمەڕەش

https://www.facebook.com/sardar.hamarash.1


نهێنی تەکنیکی نەخشی ئەشکەوتەکان و دەوری مێینە

Thursday, 12.02.2021, 22:54

2474 بینراوە


نزیکەی بیست هەزار ساڵ لە مەوبەر مرۆڤی ساپیان چەندەها نەخشی نایاب و سەرسوڕهێنەریان ئەنجام داوە  لە سەر دیواری ئەشکەوتەکان، زۆر لەو نەخشانە نەخشی ئاژەلانن. نەخشی ئاژەڵان بە هەڵەوگێراوەیی، یان یەک بە سەر یەکەوە؛ ئاژەڵێک بە سەر ئەوی تردا لە باری جیاوازدا، هەندێکیان درێژ یان گەورەتر کراون، لە سەر تەختی دیوارێکی ناڕێک و زبر، لە کاتێکدا دەزانین رەسم کردن لە سەر تەختێکی وەها نا لەبار هاسان نیە، بە تایبەتی هەندێک نەخشی ئاژەڵ لە بەرزاییدا کراون، بەلام ئەوان بە شیوەیەکی ئێجگار نایاب ئەو شکڵانەیان کردووە. چۆن ڕێی تێ دەچێت ؟ چونکە بۆ ئەوەی بگەین بەو ئاستە کارامەییە لە وێنە کێشاندا، پێوسیتمان بە ڕاهێنان و هێڵکاریەکیەکی زۆرە، ئایا ئەوان خوێندنگایان هەبووە بۆ فێربوونی وێنە کێشان ؟  لەبەر ئەوەی وەک دەزانین هونەرمەندانی سەردەمی مۆدێرن بۆ فێربوونی نەخشێکی لەو جۆرە چەندەها ساڵ کاریان کردووە بۆ وەدەستخستنی تەکنیکێک و ڕاهاتن بە رەسمکردن بەو جۆرە هونەریە نایابە. کەواتە مرۆڤی ئەشکەوتەکان لەسەر چی خۆیان ڕاهێناوە بۆ فێربوون ؟ لە کاتێکدا لەو سەردەمەدا نە قەڵەم نە کاغەز نە کارتۆن نە هیچ هەڵگرێکی تر هەبوون  ؟  ئایا ئەوان توانایان لە ئێمە زیاتر بووە ؟ کەواتە بە چ تەکنیکێک گەشتونەتە ئەو دەست ڕەنگینیە و چۆن ؟ چونکە ئەو نەخشانە جێگای تێرامان و سەرسوڕمانن.
ئەگەر ئەم کارە هونەریانە وەک مەتەڵێک وەها بوون بۆ لێکۆڵەرەوان،  لە بەر ئەوەی دەستڕەنگینیەکی بێ هاوتایان تێدا بە دی دەکرا، بۆیە بە دوای مەبەستێکی شاراوە و نهێنیدا دەگەڕان،  لە رووی تەکنیکی و لە ڕووی رەمزەوە چەندەها بۆچوون و لێکدانەوەیان بۆ کراون، هەندەک جار شکڵ و جۆری سازاندنیان بەستونەتەوە بە بورج و ئەستێرەکان و چیرۆکی جۆراو جۆر وەک حاڵەتی شامانیک و بۆچوونی تر، لەبەر ئەوەی ئەنجامدانی ئەو نەخشانە لە سەروی توانای ئێمەوەن، بە تایبەتی بۆ سەردەمێکی هێندە کۆن.
 بەڵام  وەک سەرنج ئەدەین، نەخشی زۆربەی ئاژەڵان چاویان نیە، هەندێک بەشی لەشیان،  وەک قاچ و گوێچکە و کلک، وردەکاریان تێدا نەکراوە؛ بە گوێرەی شکڵە ڕیالیستەکە بچوک بونەتەوە، لە ناو شکڵەکاندا هەرگیز ماسولکە نابینین، هەموویان شکڵی ئاژەڵانن، ئاژەڵەکان هەردەم لە سەر لا پیشان دراون، هەمان ئاژەڵ بە قەبارەی گەورە و بچوک، هەروەرها ئەوەی جێگای سەسوڕمانە ئەوەیە چۆن توانیویانە دەیەها هێڵکاری ئاژەڵ یەک بە سەر ئەوی تردا بکەن بە شێوەیەکی ڕێک و پێک؟ سەرنج ئەدەین کە شکڵی ئاژەڵەکان زۆر لە یەکتری دەچن، شکڵی هەمان ئاژەڵ دەبینین وەک خۆی چەند جارێک دوو بارە بۆتەوە، بەڵام تۆزێک لە ڕەنگکردنیاندا جیاوازن، هەروەها شکڵی هەمان ئاژەڵ ئەدۆزینەوە لە ئەشکەوتی جیاوازی دوور لە یەکتری، چۆن ڕیی تێ دەچێت؟
سێبەری پەیکەرێک چۆن دەبێتە رەسمێک
مەتەڵەکە ئەوەیە کە ئەم نەخشانە بە سێبەری ئۆبژە کراوون لە بەردەم ڕوناکیدا، ئەگەر سێبەری پەیکەرێک بخەینە سەر دیوارێک، شکڵیکی ڕیالیستمان بەردەست دەکەوێت، تەنها خەتێک بە دەوری سێبەرەکەدا دەکێشین ئەوسا رەسمی ئاژەڵەکە بە هاسانی وەدەست دەخەین. سەلمانادن بۆ ئەمەش ئەوەیە کە شکڵی نەخشی ئاژەڵەکانی سەر دیواری ئەشکەوتەکان وەک پەیکەر دۆزراونەتەوە، ئەو پەیکەرانەش بە هەمان ستایلی ئەو هێڵکاریانە کراون، کەواتە ئەو ڕەسمانە سێبەری پەیکەری ئەو سەردەمەن و لە باری جیاوازدا لە بەردەم روناکیدا دانراون هەتا شکڵی تۆزێک جیاوازتری هەمان ئاژەڵ وەدەست بخەن .
دوبارەبونەوەی هەمان شکڵ لەباری جیاوازدا
بێ شک لەسەرەتاوە یاریەک بووە بۆ بەرپەرچدانەوەی ترس لە بۆشایی شەوانی دور و درێژدا، یان  چیرۆک گیڕانەوە و خەریکردنی مندالەکانیان بووە شەوانە لە دەوری ئاگر، بە مەبەستی ئاڵ و گۆر و دیبەیت. لە کۆتاییدا بۆتە ڕازاندنەوە و داگیرکردن و ماڵی کردنی ئەشکەوتەکان بە مۆرکی خۆیان.
بێ دڕدۆنگی، دروستکردنی پەیکەرێکی سێ ڕەهەند ئاسانتر بووە، بە تایبەتی لەو سەردەمەدا دار و قور و بەرد لە بەردەستدا بوون بۆ داتاشین، لە کاتێکدا دەزانین رەسمکردنی شکڵێک بە دوو ڕەهەند هەروا ئاسان نیە و پێویستی بە ڕاهێنانی زۆرە، بۆیە ئەوان بە یەکەم داهێنەری رەسمکردن ناو دەبرێن. هەروەها نابێت ئەم کارە وەک کارێکی غەشکاری ڕەچاوی لێ بکرێت، ئەوان داهێنەری هێڵکارین لە سێبەری ئۆبژەوە، ئەوان داهێنەری رەسمن. بێ گومان  بۆ ئەو  سەردەمە وەک داهێنانێکی گرنگ ڕەچاوی لێ کراوە. 
هەرچەندە ئەم زانیاریانە نوێ نەبوون، چونکە لە سەردەمی ئەتیکێتێدا ئەو ڕاستیە زانرابوو کە سەرچاوەی داهێنانی رەسمکردن لە سێىەری ئۆبژەوە بووە، یۆنانیەکان و فیرعەونەکانیش بە هەمان شێوە باسیان لێوە کردووە. 
شوێن دەست، 30 هەزار سال لەمەوبەر لە ئەشکەوتی؛ Chauvet
بەڵام رەسمی جێ شوین دەستی مرۆڤ لە سەرد یواری ئەشکەوتەکان، بە سێبەری دەست نەکراون، بەڵکو  بە تەکنیکێکی تر کراون، بە دانانی دەست لە سەر دیواری ئەشکەتوکان و پرژاندنی بۆیە بە سەر دەستا، بۆ وەدەستخستنی شکڵێکی نەگەتیڤی دەست. پرژاندنی بۆیەش بە سەر دەستا، یان ئەوەیە بۆیەکەیان خستۆتە دەمیانەوە و بە فوو پراژاندویانە بە سەر دەستا، یان بە قامیش، هەرچۆنێک بێت تەنکنیکێکیان بەکار هێناوە بۆ پرژاند، بەڵام سەرنج دراوە، هەندێک لە دەستەکان، پەنجەیەکیان کورت ترە، یان هەندێکیان بە تەواوی لە شکڵی دەستی مرۆڤ ناچن، ئەمەش بە ڕیکەوت نیە چونکە لە چەند ئەشکەوتێکی دوور لە یەکتری هەمان دەست بە پەنجەیەکی بچوکەوە دۆزراونەتەوە، ڕیشی تێ ناچێت کە ئەوان پەنجەیەکیان کورتتر بوبێت، بۆیە وەک رەمزێک ڕەچاوی لێ دەکرێت بە بێ ئەوەی بزانین مەبەست لە چی بووە، یان وەک یاریەک، یان وەک ناساندنی دەستی خود و ناسینەوەی بە تەنیشت دەستێکی ترەوە، یان وەک نەخشێکی نوێ لەسەر بنەمای دەستێکی ڕیالیست.
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە هەندێک وتار دەخوێنینەوە، لەسەر سایتە کۆمەڵایەتیەکان، لە پەراوێزیاندا سەرچاوەی باوەڕپێکراویان داناوە، گوایە نەخشی ئەم دەستانە، هەمان ئەو کارەیە کە مرۆڤی مۆدێرن بە تایبەتی لە جیهانی ئیسلامیدا بۆ قوربانی کردن لە جەژنەکانیاندا دەیکەن؛ کاتێک دەستی خوێناوی خۆیان لە کاتی قوربانی کردنی ئاژەڵاندا وەک ڕیتوێلێک دەسڕن بە سەر دەرگا یان شوێنێکدا بۆ دیاری کردنی ئەو بۆنەیە. ئەم بۆچوونانە بەتاڵن و بێ بنەمان، چونکێ هەرگیز لە هیچ ئەشکەوتێکدا هەتاوەکو ئەم ساتە خوێن نەدۆزراوەتەوە لەسەر ئەو دەستانە، پاشان ئەو دەستە خوێناویانەی دەیانسڕین بە سەر دیواردا لە کاتی قوربانی کردندا، دەستی پۆزەتیڤن، لە کاتێکدا دەستی دیواری ئەشکەوتەکان نەگەتیڤن. ئەگەر کاری قوربانی کردن مێژویەکی کۆنی هەیە، ئەوا بە هیچ جۆرێک ڕیتوێلی دەستی خوێناوی هەتا ئێستاکە نەدۆزراونەتەوە لە ئەشکەوتەکاندا.
نۆوا هەراری، کتێبەکەی بە ناوی : ساپیانەوە، لە سەر مێژوی مرۆڤایەتی، بە نەخشی ئەشکەوتەکان دەست پێ دەکات. جەوهەری کتێبەکەی لە سەر یەکەم تەوتێمە کە لە ئەشکەوتی شاڤێ لە نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیا دۆزرایەوە، ئەم تۆتێمەی بۆتە نیشانەی شەریکەی ئۆتۆمۆبیلی پژۆی فەرەنسی.  ئەو شكڵە یەکەم شکڵی ئەفرێندراوی مرۆڤایەتیە، شکڵێکە بوونی نەبووە لەوە و بەر، بە یەکەم وەرچەرخاندنی شکڵ دەناسرێتەوە لە لایەن مرۆڤەوە، بە مەبەستی بەستنەوەی زۆرترین ژمارەی کۆمەڵگە لە دەوری تۆتێمێک لە دوای زمانی قسەکردن کە توانای نەبوو لە ژمارەی سەد و پەنجا کەس تێ پەڕێنێت، تەوتێم توانای زۆر تر بوو.  هەموو بیرۆکەی کتێبەکەی نۆوا هەراری لە سەر ئەم وەرچارخاندنە بەندە .
پاشان نۆوا هەراری، بە چاولێکەری لە شوێن دەستی مرۆڤی ئەشکەوتەکان، پەنجە مۆری خۆی لە سەر بەرگی کتێبی ساپیاندا بە ویست داناوە وەک ئەوەی پێمان بڵێت ؛ ئەو کتێبە ئەو نوسیویەتی، هی ئەوە، وەک چۆن  مرۆڤی ئەشکەوتەکان بە جێ شوێن دەستیان لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان پێمان دەڵێن ؛ من لەو کاتەدا لەویادا بووم، بەویادا تێ پەڕیم. بە هەمان شێوە و بە هەمان مەبەست ئەمڕۆ لە جیهانی مۆدێرندا ناوی خۆمان لەسەر دیوارێک، لە سەر دارێک دەنوسین بە مەبەسی ؛ من لەو کاتەدا بەویادا تێ پەڕیم.
لە کتێبی دووهەمدا ؛ ئۆمۆ دوس، نۆوا هەراری هەمان پەنجەی خۆی لە سەر بەرگی کتێبەکەی دائەنێتەوە بە پەنجە مۆرێکی ئەلەکترۆنیک. نۆوا هەراری خۆیمان پێ دەناسێنێت وەک مرۆڤێکی خاوەن تەکنەلۆژی، وەک پەنجە مۆری مرۆڤی داهاتوو، بەڵام هەموو ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ هەمان ئارەزووی مرۆڤی ئەشکەوتەکان و نۆوا هەراریش بە هەمان مەبەست و بە ئاگاییەوە پەنجە مۆری خۆی دانوە.
هەروەها دیاردەی جێی شوێن دەست لە سەر دیواری ئەشکەوتەکان و تۆمارکردنی ناوی خود و واژۆی خود لە جیهانی مۆدێرندا  لە سەرد یواری شارەکان، هەمان غەریزە و ئارەزوی ئاژەڵانە بۆ دیاری کردنی سنوری دەسەڵاتیان لە جەنگەڵێکدا؛ کاتێک ئاژەڵێک بە شوینێکدا دەڕوات، بە میز و بۆنی خۆی شوێنەکە دیاری دەکات وەک سنوری دەسەڵاتی خۆی. ئەمڕۆش سەرنج ئەدەین لە شارە گەورەکاندا گەنجان شەوان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە بۆ نوسینی ناوی خۆیان یان تەنها واژۆی خۆیان بە گەورەیی لە سەر دیوار و شوێنە دیارەکانی شاردا، بۆ دیاریکردنی ئەو شوێنە بە واژۆی خۆیان بە مەبەستی داگیرکردنیان، هەتاوەکو بۆ ڕۆژی دوایی بە  هاوڕێکانی بڵێت کە ئەوە ئەو کردویەتی، ناوی ئەوە لەسەر دیواری شار، ئەو بەویادا تێ پەڕیوە. هەر هەمان غەریزەیە بۆتە بنەمای نەخش و هونەر و مرۆڤی ساپیان لەگەڵ زەمەندا هەقیقەتیکی تریان کردووە بە بەردا. 
ئەبێت ددان بەو ڕاستیەدا بنێین کە ئەوان؛ مرۆڤی ئەشکەوتەکان، ئەگەر خاوەنی تەکنەلۆژی و زانستی وەک ئێمە نەبوون، ئەوا کاتی سەرنجدان و کارکردنیان لە ئێمە زۆرتر بووە، سەرنجدان و ئەزموون بنەمای زانین و تێگەیشتنن، بەڵام هەمان هەست و ئامانجیان هەبووە و لە ژێر کاریگەری هەمان هێزی هەژێندا بوون، لەو کاتەوەی ئەوان هۆشیان بە مردن و ژیان هێناوە. دەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەردەم بە چاوێکی سەرسوڕمانەوە ڕاڤەمە و پەیجۆریمان بۆ کارەکانی ئەوان کردووە، بۆ نمونە پەیەکەری مێینە قەلەوەکانمان بە خواوەندی مێینە هەژمار دەکرد، بەڵام بە لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە ئەو پەیکەران هەمان دەوری فیلم و وێنەی پۆرنۆی سەردەمی مۆدێرنیان بینووە، بۆ هروژاندنی هەوەسی نێرینە، چونکا ئەو پەیکەرانە سەریان نیە، لەو جێگایانەدا وەک مەمک و سمت کە جێی سەرنجی هەوەسی نێرینەن زیادە ڕۆییان تێدا کراون، هەروەها بە پشکنین دەرکەوتووە ئەو پەیکەرانە زۆر دەستکاری کراون لە کاتیكدا خاواوەندەکان لە شوێنێکدا دادەنرێن بۆ پەرستنیان، لە هەمان کاتا خواوەندەکان خاوەنی هێزێکی سپیریتوێڵ بوون نەک هێزێکی فیزیایی. کاتێک پەیکەری خواوەندی ئیشتار دەبینین ئەو زیادەڕۆییە نایبین لە شکڵی مەمک و سمتیدا، خشڵ و بازنگەکانی و شکڵی جەستەیی هیمای هێزی ئەو بوون . خواوەندە یۆنانیەکان باسێکی ترن.
پەیکەری ئیشتار و پەیکەری مێێنەی قەڵەو
ئەبێت ئەوەش بزانین کە لەو سەردەمەدا، واتە بیست هەزار سال لە مەوبەر، لە ئەوروپا، پلەی گەرما سی ( 30 ) پلە لە ژێر سفرەوە بووە، بۆیە نەخشی ئەشکەوتەکان لە قوڵایی ئەشکەوتەکاندان یان لە ئەشکەوتی ژێر زەمینیدا کراون بۆ خۆ پاراستن لە سەرما، لە هەمان کاتا وەک سەرنج ئەدەین جێ شوێن دەستی دەستی مێینە بە هەمان ڕێژەی نێرینەن، بەڵام نازانرێت ئایا نەخشی ئاژەڵەکان لەلایەن مێینەوە کراون یان نێرینە. ! ڕێی تێ دەچیت زیاتر کاری مێینە بێت، چونکە مێینە بە هۆی دوو گیانیەوە کەمتر بەشداریان لە راوکردندا کردووە و زیاتر لە ئەشکەوتەکاندا ماونەتەوە، کاتی بۆشاییان بە نەخشکردنەوە خەریک کردووە، لە بەر ئەوەی هونەر لە بۆشاییدا بە خەبەر دەبێتەوە، لە بۆشاییدا ترس و دەڵراوەکی سەرهەڵئەدات، بۆ بەرپەرچدانەوەی ترسە کە مرۆڤ پەنا دەباتە بەر هونەر، پڕکردنەوەی بۆشاییی ترسە. ئەگەر لە سەرەتاوە وەک یاریەک ئەو کارە کرابێت، ئەوا ئامانجیشی دیاریکردن و بە ماڵی کردنی ئەو ئەشکەوتەیە، ئەفراندنی سوژەیە بۆ پێکەوە بەستنی تاکەکان وەک کارێکی بە کۆمەڵ و گردبونەوە لە دەوری. 
ناساندنی دەستەکانی ئەشکەوتی : گواماسری دوو
ئەگەر لە سەردەمی مۆدێرندا زیاتر نێرینە ئەو ڕۆڵە دەگرێتە خۆی، هۆکاری ئەوەیە کە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی باوک سالاریدا دەژین و هەر لە مێژەوە گرنگیمان بە دەوری مێینە نەداوە لە  هونەردا، چونکە ژێرخانی مۆزەخانەکان پڕن لە تابلۆی هونەری مێینە، بەڵام هەرگیز نەخراونەتە بەردەم بینەران و گرنگیان پێ نەدراون، تەنانەت داهێنەری یەکەم تابلۆی ئەپستراکت لە لایەن کچێکەوە کراوە، پێنج سال پێش کاندینسکی و مۆندریان و مالڤیچ، بەلام مێژوو نوسان نایانەوێت جارێکی تر مێژوو بنوسنەوە.
بێ گوماون هونەرێک نیە بە ناوی هونەری مێینەوە، چونکە ئەگەر هونەرێک هەبێت بە ناوی هونەری مێینەوە ئەوا دەبێت هونەرێکیش هەبێت بە ناوی هونەری پیاوانەوە، کە دەڵێین ؛ هونەرمەندی ژن مەبەستمان لە هونەری مێینە نیە، وەک لەم دواییانەدا لە کوردستان پێشانگایەک کرایەوە بە ناوی ؛  (هونەری ژن) ەوە، ئەمەش گوازرشتیکی ناڕەوایە، چونکە ئەگەر هونەرێک میلیتانتیست بوونی هەبێت، واتە بەرگری لە مافی مێینە بکات، وەک هونەری سۆشیالیستی، ئەوا ناتوانین ئەوە ناوبنێین؛ هونەری ژن، بەڵکو ناوی دەنێێن ؛ هونەری فەمینیستی، چونکە ئەم ناونانە بە مەبەستی  کەمکردنەوەی توانای ئەوانن، گوایە ژن خاوەنی هونەرێکی جیاوازن، وەک ئەوەی کڵا و چنین و فەرش چنین هونەری مێینە بن، نەخێر ئەوانە کاری مێینەن نەک هونەری مێینە، لە بەر ئەوەی تەنها یەک هونەر هەیە ئەویش گوزارشتی مرۆڤە لە هقیقەتی بوون، لە هەیقەتی نمایشی ئۆبژە بە مەبەستی وەرچارخاندنی مرۆڤ. بەڵام وەک دەرکەوت ئەم پێشانگایە لەلایەن پیاوێکەوە ئامادە کرابوو، بۆیە ناونرابوو؛ هونەری ژن. وەک سیمۆن دبوڤار دەڵیت ؛ 
فێمینیزم  خۆی لە خۆیداهەرگیز بزوتنەوەیەکی سەربەست نەبووە، بەشیکی هەمیشە وەک چەکێک لە ژێر کۆنترۆلی پیاوانی سیاسیدا بووە، ڕنگدانەوەی  دیاردەیەکی زۆر لەوە قوڵتر بوو. هەرگیز ژنان چینێکی جیاوازیان لەوان پێک نەهێناوە، لە ڕاستیشدا هەرگیز هەوڵیان نەداوە وەک سێکسێک ڕۆڵێک ببینن لە مێژودا. ئەو  دۆکترینەی کە داوایان دەکرد، ئەوەی کە ژنان پێشوازیان لێ دەکرد وەک خۆی، لەشێک، ژیان، ململانێ، کە ئەو کەسێکی تر بێت، جیاواز بێت، ئەوە ئایدیۆلۆژی پیاوە و هەرگیز باوەڕ و داوای ئەو نەبووە.  زۆربەی ئافرەتان دوای ملکەچی ئەو دیاردەیە بوون، بەبێ ئەوەی هیچ بەرگریەک بکەن، ئەوانەشی کە هەوڵیان داوە بیگۆڕن وایان دەرخستووە کە نەک خۆیان دابخەن لە شازیان و سەرکەوتنیان، بەڵکو بازدان بە سەریا. کاتێک ئەوان هەڵیاندایە ناو  رەورەوەی ژیانەوە، بە ڕازیبوون لەگەڵ ئەودا و بۆهەمان ئامانجی نێرینە بوو.
ئەم بەشداریکردنە بە گشتی بە سەردەم و بە بەش بەش بووە. لەو چینانەدا کە ژنان هەندێک لە سەربەستی ئابوریان هەبووە و بەشداریان لە بەرهەمهێناندا کردووە، لە چینی ژێردەستەدا بووە، لەو کاتەدا ئەو وەک کرێکارێکیش زیاتر کۆیلە بووە، زۆر کۆیلەتر بووە لە کرێکارێکی نێرینە. لە چینی بەڕێوەبەرەکاندا ژنان وەک مشەخۆر وابوون  بە جێبەجێکردنی قانونی پیاوان، لە هەردو بارەکەدا ئەکسیۆن بۆئەو مەحاڵ بووە. قانون و ئەخلاق هەردوکیان پێکەوە هەڵناکەن : لەنێوان هەردوکیاندا هاوسەنگیەک دائەمەزرا بە شیوەیەک کە هەرگیز ژنان نەتوانن ئازاد بن .......