شەمەندەفەرە شڕەکەی حکومەتی ھەرێم

Saturday, 04/12/2021, 21:51

3618 بینراوە


جارێکی تر قوتابیانی بە تایبەت شاری داگیرکراوی سلێمانی، بەرانبەر بە ستەمی سەرکردەیەتی حیزب وحوکومەتەکەکەیان، بۆ داواکردنی سادەترین مافی خۆیان خۆپیشاندانیان کرد و ناچار بوون کە چەند ڕێگایەکی ناوشار  بگرن و ھاتووچۆی تێدا بووەستێنن تا گوێیان لێبگیرێت و بە دەنگیانەوە بێن.
لەبەر ئەوەش زمانی سەرکردەیەتی  ئەم دەستە و تاقمانە زمانی زبر و توند و تیژیی و شەق و بەکارھێنانی چەکە، قوتابیانی دەستبەتاڵی باشووری کوردستان، دەبنە قوربانی زەبروزەنگی ئەو ھێزە پڕچەکانە و ھەرچی سووکایەتی ھەیە، بە کەرامەتی ئینسانی و کوردبوونیان دەکرێت.
لە دوای ھەشتی تەمووزەوە، حوکمی عورفی و  حاڵەتی سەربازی لە دەڤەری سلێمانیدا ڕاگەێندراوە و ھەموو ھێزەچەکدارەکانی سەرکردەیەتی حیزبەکان ئامادەن، بۆ پەلاماردان، ڕاودوونان و تیرۆرکردنی ھەردەنگێکی ناڕازیی ودەرەوەی خۆیان، لە ژێر فەرمانی سەرکردەیەتی حیزبەکانیاندا. 
بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی میت و سەرکردەیەتی جلخواری باشووری نیشتمان، بە خەیاڵی لێدان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی باشووری نیشتمان و دەستوەشاندن لەگەلەکەمان و سپای ڕزگاریی نیشتمان لە قەندیل وڕۆژھەڵاتی کوردستان.
ئەم ھاوارانە، ھاواری بنەماڵەی شەھیدان و ئازادیخوازانی نیشتمانێکی داگیرکراوە لەلایەن دوو بنەماڵەی دژ بەنەتەوە و نیشتمانەوە، حیزب و سەرکردەیەتییەکەی کە بوونەتە پەڕۆیەکی کۆنی بۆنکرد و زەمینێکی بۆگەن بۆھەڵھێنانی ھەموو فەسادەکان، پاش سی ساڵ بەفیشەک وەڵامی داخوازیی ڕەوای قوتابیانی ھەژارترین خێزانەکانی باشوور دەدەنەوە.
ئەم سەرکردەیەتییە داڕزاوە فێرە بەھانەی پووچ بۆ تێکشکاندنە زۆرەکانی و پەلامارە دڕندانەکانی بھێنێتەوە،ھەموو تێکشکاندنەکانیان دەدەنە پاڵ ( پیلانی دەرەکی) و ھەموو پەلامارە وەحشییەکانیان بۆسەر خەڵکی دەستبەتاڵ دەدەنە پاڵ (دەستی دەرەکی), وەک ئەوەی ئەمانە لەگوێی گادا نووستبن، نەئاگایان لەخۆیانە لەدەرەوە پیلانیان بۆ ساز نەکەن و نەئاگایان لە نەتەوەکەیە، دەستی دەرەکی نەیان جوڵێنن!
ئەگەر وایە بوونی ئێوە، کە ئەوە حەفتاساڵە بوونەتە قورسترین بار بەسەر کۆڵی نەتەوەکەوە و ناقۆڵاترین وقێزەوونترین پێکھاتەی کۆمەڵایەتی ناو کۆمەڵگای باشوورن، چ مانایەکی سیاسی، یاسایی و کۆمەڵایەتی ھەیە؟!!.
لە خۆتان ناپرسن، حوکمداری  کوێ و حاکمی کێن؟!
بە چ زمانێک گەل تێتان بگەێنێ کە ئێوەی ناوێ؟.!
-  ئەگەر قەرزی لە شاخبوونتان لە گەل دەوێت، گەلی ئێمە ھەر پێنج ساڵی یەکەمی بەڕێخستنی ئەم ( شەمەندەفەرە شڕەی ناوی حوکومەتی ھەرێمە) دابەزی, و قەرزەکەی دانەوە و نرخەکەشی ئەو زەریای خوێنە بوو،کە لە شەڕی دامرکاندنەوەی خواستی دەروونیی سەرکردەیەتییەکانی ئێوەدا ( مەلایی، جەلالی و ئیسلامی) دا پێی دانەوە.
-  بەسەدان ئازادیخوازی ڕۆژھەڵات و باکوورتان، لە شار و گوندەکانی باشوور تیرۆرکرد.
-  بە دەیان کچان و لاوی کوردستانی پارچەکانی تری نیشتمانی داگیرکراوتان، بە قۆڵبەستراوی تەسلیم بەڕژێمەکانی داگیرکەری کوردستان کردەوە.
-  سەرکردەیەتی داڕزاوی ڕۆژھەڵاتتان کردە پاشکۆی خواستەکانی خۆتان و فەساد و بێبەندووباریتان، لە ناو ( لاوان و کچانی پارچەی ڕۆژھەڵاتدا) برەو پێدا و وەک گورگێک، (برسێتی و بێپەنایی) ئەواتان قۆستەوە و  جگە لەجەستەی ئەوان، خواستێکی ترتان نەبوو، کورد بوون و مرۆڤ بوونی ئەوانتان ورد کرد و تەنانەت لە بێ دەرەتانی ونائومێدیدا، ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا!
-  ئەوان کە ڕوویان لە پارچەیەکی بە ناو ئازادی نیشتمانەکەیان کرد بوو، گیانی خۆیان خستبووە سەردەستیان، بۆبەرگریی و پشتیوانی لە باشووریی ئازاد، بەڵام لێرە ڕووبەڕووی گەلەگورگێکی برسیی شەھوەت بوونەوە. 
-  داوای کام قەرەزەمان لێ دەکەنەوە؟! ئێوە تەنانەت کچ و کوڕ و خێزانەکانی خۆشتان، فاسد و گەندەڵ کرد وفێری تاوان ودزی و قاجاخچێتی کرد، بە جۆرێک ئێستا ھیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان: 
-  باوکی قارەمانی دوێنێ و کوڕی دزی ئەمڕۆیدا!
-  باوکی شۆڕشگێڕی دوێنێ و کوڕی شەقوەشێنی ئەمڕۆیدا!!.
-  باوکی ناڕازی چەک بەشانی دوێنێ و کچی تلیاکێشی باخ و ڤیللاکانی ئەمڕۆیدا!
-  لە نێوان مێردی شاخەوشاخکەری دوێنێ و ھاوژینی خاوەن کۆمپانیای ئەمڕۆیدا!!.
-  بەیەک چاو و دەبینرێن و بە یەک پەنجە ئاماژەیان بۆ دەکرێت و بە یەک بڕگەی یاسای گەل دادگایی دەکرێن، تاوان تاوانە، ژن بیکات یان پیاو، باوک بیکات یا کوڕەکەی، دایک بیکات یا کچەکەی.
نە نیشتمان بێ خاوەنە، نەگەل ناھوشیارە، نە پەتی ئارامیی و سەبووریی ھێندە ئەستوورە، نەپسێ.
ئەوەندەی گەل ئێستا وشیار و ئازادیخوازە، ھیچ قۆناغێک ھێندە دەربەست و ڕێکخراو نەبووە.
بە خۆپیشاندانەکانی قوتابیان لە سلێمانی و شارەکانی تر و کاردانەوە شێتانەکانی حوکومەتە شڕەکەی ئێوە، قۆناغێکی تری لێدانی زەنگی ( ئیتر وادەی ئازادی) ییە لێدرا و شەمەندەفەرە شڕەکەی ئێوە، ڕوو لە ھەڵدێر و لاربوونەوەیە بەرە و سیاچاڵی پڕ لە تاوان بەرانبەر بە نەتەوەیەکی ستەمدیدە، کە لە ھەوڵدان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی ماندوو نابێت.
ئێوە کتێبەکەتان، ئاوەژوو خوێندەوە، چوونکە زۆرینەی ئەو قوتابیانەی، حوکومەتە شڕەکەی ئێوە بە ( دەستیدەرەکی) ناوزەدیان دەکات، نەوەی ئەو ( شەھیدان)ەی، ھەر چوارپارچەی نیشتمانن، کە ڕۆژگارێک بەبانگەوازێکی ڕادێۆکانی ئێوە گیانیان دادەگیرسا و دەبوونە مەشخەڵی بەرەنگاریی دوژمنانی کورد.
کچ و کوڕی ئەو بنەماڵە شەریفانەی سلێمانین، کە ئێواران دەرگای حەوشەکانیان دانەدەخست، نەک پێشمەرگە، لەناو شار بن و پێویستیان بە پەنایەک بێت.
ئەو کۆڵانانەی شار، کە ئێستا داگیرکراون و کراونەتە مەیدانی شەقشەقێنی ئێوە، جێگای پریاسکەی پێچراوەی خواردنی دەستی دایکە کوردەکانی شار بوون، بۆ پێشمەرگەکانی تیپی ٤٧ ی پیرەمەگروون، بۆ ( ھاوڕێ جەبار) ەکان.
من لە ئێوە دەپرسم هاوڕێیانم، پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان
دڵدارانی ٤٧ی پیرەمەگرون
ئەوە نەبوو، وەسیەتەکەی هاوڕێ گیان!
کەی خەمی کاک سەلاح ئاوا بوو!
کوا ئەو ئاوا ئێوەی پەروەردەکرد؟!
کەی بینیتان هاوڕێ جەبار، ڕووی تفەنگی  بکاتە چڵەگیایەکی کوردستان؟!!
ئێوە لەهەموو کەس نزیکتر بوون لە هەناسەی 
شارەوە
خۆتان وتتان: بەو هەوایە دەژین لە سلێمانییەوە هەڵدەکا
ئەی نەتان پاراست وەکو چاوتان؟!
خۆشتان نەویست وەک دەزگیران؟!
بۆی نەمردن، ڕۆحتان نەکرد بە ئەڵقەی دەوری کەمەری؟!
خۆ هاوڕێ گیان هەر لەسەر پشتێنی دەوری کەمەری شار بوو، گیانی بەخشی بە نیشتمان!!.
کەی ئەمە بوو!
ئەمانەت و 
وەسیەتنامەی هاوڕێکەمان؟!

کاریکاتێرەکە دەستکردی (یاسر حەکیم)ــە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە