ژمارەی گەردیلەکانی گەردوون چەندە؟ ئایا زاناکان دەتوانن بە ژمارەیەکی وا بگەن؟

Sunday, 12.05.2021, 0:00

1513 بینراوە


گریمان کارەساتێکی گەورە، تێکڕای زانیارییە زانستییەکانی جیهانی لەناو برد، تەنیا تاکە یەک ڕستە لەو زانیارییانە دەکرێ بگوێزرێتەوە بۆ نەوەی داهاتووی بوونەوەرەکان، کامە ڕستە دەتوانێ زۆرترین زانیاری لەخۆ بگرێت بە کەمترین ژمارە لە وشەکان؟ پێم وایە ئەم ڕستەیە: هەموو شتێک لە گەردیلە پێک دێت (فیزیازانی ناودار ڕيچارد فاينمان) 


ئەگەر لە تاریکەشەوێکدا بڕوانینە ئاسمان، بێگومان دیمەنی نایابی درەوشانەوەی ئەو ملیاران ئەستێرەیە تووشی سەرسڕمانمان دەکات و ئەستەمە هۆشمان پەی ببات بە فرەوانییە لە ئەندازە بەدەرەکەی گەردوون. ئەو دەمەشی خوازیاری پتری بابەتگەلە زانستییەکان بین، دەشێ بپرسین، دەبێ چەند گەردیلە لەم گەردوونە مەزنەماندا هەبێ؟ ئایا زاناکان دەتوانن بە ژمارەیەکی ڕاستەقینە بگەن؟ کێ دەڵێ زاناکان هەر لە بنچینەوە دەکارن ژمێرەکردنێکی ئاوا ئەنجام بدەن؟
ئەوەی هەندێ شارەزایی هەبێ لە فیزیا، گوێبیستی ئەوە بووە کە گەردیلە تا چی ڕادەیەک بچووکە، تەنانەت تەنێکی یەکجار ورد بەڕەچاوکردنی بارستاییەکەی، بۆی هەیە بە ترلیۆنان دانە گەردیلەی لەخۆ بگرێت. کاتێکیش دێینە سەر ژماردنی گەردیلەکانی گەردوونە فرەوانەکەمان، ئاشکرایە پێمان ناکرێ بچینە دەرەوە و هەموو تەنۆلکەکان بژمێرین. بەڵام خۆشبەختانە بە پشتبەستن بە چەند بابەتێکی زانستی باوەڕپێکراو لەلایەن ڕێکخراوە زانستییە جیهانییەکانەوە، دەتوانین نێزیک ببینەوە لە ژمارەیەکی گونجاو. 
لێرەدا هەوڵ دەدەین ژمێرەکردنێک بۆ گەردیلەکان و کۆمەڵێک زانیاری گرینگ و بایەخدار دەربارەی گەردوون و پێکهاتەکانی پێشکێش بکەین. بە پێویستی دەزانین هەر لەسەرەتاوە بڵێین، ئەو ژمارەیەی بەدەستی دەهێنین، بەهاکەی بەوردی دیار کراوە و تەنیا ژمارەیەکی بێ بنەما و هەڕەمەکی نییە.

گەردیلە:

ئەوەی جێی سەرنجە، سەرلەبەری ئەم گەردوونە بە شتگەلە گەورە و بچووکەکانیەوە و بە ژیانی سەر زەوی و لەشی ئێمەشەوە، لە گەردیلەکان پێک دێن. ئەم یەکە سەرەکییانەش لە ناوکۆکەیەکی بارگە ئەرێنی و ئەلیکترۆنە بارگە نەرێنییەکانی لە دەوری ناوکۆکەدا هەن پێک هاتوون. 
ژمارەی نیۆترۆن و ئەلیکترۆن و پرۆتۆنەکانی هەر گەردیلەیەک پێمان دەڵێت، ئەم گەردیلەیە سەربە کامە توخمە لە خشتەی ڕیزبەندی توخمە کیمیاییەکان، هاوکات ئەم ژمارانە کاریگەرییان هەیە لەسەر کارلێکی گەردیلەکان لەگەڵ هی دی دەوروبەریان. واتە تێکڕای ئەوانەی لەم گەردوونەدا دەیان بینین، جگە لە ڕیزبوون و ڕێکخستنێکی ناوازەی کارلێککردن و پێکبەندی نێوان گەردیلە جیاجیاکان زیاتر هیچی دیکە نین.
ئێستەش با بێینە سەر پرسیارەکەمان، ئەگەر شتەکان هەر هەموویان لە گەردیلە پێک هاتوون، ژمارەی ئەو گەردیلانە چەندە؟
وەک پێشەکییەک دەمانەوێ ئاماژە بەوە بدەین کە لەشی مرۆڤێکی ئاسایی، نێزیکەی 7 ئۆکتیلیۆن (1 Octillion = 27^10، واتە حەفت لەپێشیدا بیستوحەفت سفڕ هەبێت) گەردیلەی تێدایە، ئەگەر تۆزێک بەچاکی لەم ژمارە فرە گەورەیەی گەردیلەکانی ناو لەشی تاکە یەک مرۆڤ ورد ببینەوە، ئەوا ڕاستەوخۆ ئەستەمبوونی دۆزینەوەی وەڵامێکی گونجاو بۆ پرسیارەکەمان بۆ بەدەر دەکەوێت. دەشێ ئەم بۆچوونەشمان ڕاست بێت، چونکە زۆر سەختە بەتەواوی قەبارەی ئەم گەردوونە فرەوان و مەزنەمان بزانین، بەمەش نەکارین بگەینە ژمارەی گەردیلەکانی. بەڵام هەرچۆنێکی بێت دەبێ هەوڵ بدەین بە بەکارهێنانی چەند بنەمایەکی گەردوونناسی و بڕێک لە ماتماتیک ئەو کارە ئەنجام بدەین.

گەردوونی بینراو:

گەردوونەکەمان پێش 13.8 ملیار ساڵ لە خاڵێکی ناوازەی لەڕادەبەدەر چڕ و گەرم سەری هەڵداوە، لەو دەمەوە هەتا ئەمڕۆکە گەردوون لە بۆشاییەکی بێسنووردا بەخێراییەکی یەکجار زۆر لە فرەوانبوون بەردەوامە.
لەبەرئەوەی تەمەنی گەردوون وەک گوتمان 13.8 ملیار ساڵە، بۆیە زۆربەمان پێمان وایە گەردوونی بینراو تا ئەو دوورییە کشاوە کە تیشک پێی گەیشتووە لە سەرەتای پەیدابوونییەوە. واتە فرەوانی گەردوون هێندەی بڕینی ماوەی تیشکە بە 13.8 ملیار ساڵ لە هەموو ئاراستەکانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا فرەوانبوونی گەردوون هۆکاری سەختی و ئاڵۆزی ژمێرەکردنی گەردیلەکان نییە.
کاتێک سەرنج بدەینە دوو ئەستێرەی دوور، ئەوەی دەیبینین لەڕاستیدا ئەو شوێنەیانە کە تێدا تیشکەکانیان ناردووە، نەوەک ساتی گەیشتنیان بە زەوی. بە بەکارهێنانی تیشکە پاشخانی مایکرۆوێیڤی گەردوونیی (Cosmic Microwave Background radiation)، دەتوانین خێرایی فرەوانبوونی گەردوون بپێوین، چونکە ئەم خێراییە چەسپاو و نەگۆڕە وەک لای زاناکان ناسراوە (هەرچەندە بە بۆچوونی هەندێکیان دەستی بە سستبوون کردووە)، بەمەش زانرا گەردوونی بینراو لە گشت لایەکەوە بە خێرایی 46 ملیار ساڵی تیشک کشاوە (بەگوێرەی ماڵپەڕی space.com).
لێرەدا دیسانەوە دەڵێین زانینی قەبارەی گەردوون هەموو شتێکمان پێ نادات دەربارەی ژمارەی گەردیلەکانی، بەڵکوو پێویستمان بە چەند زانیارییەک هەیە بۆ بڕی ماددە و چییەتی ئەو شتگەلانەی لەناویدان.

گریمانە و بیردۆزە گەردوونییەکان:

ئەوەی سەیرە کە ماددە لە گەردووندا تاکە شت نییە، تەنیا لە 5%ی گەردوون ماددەی ئاساییە پێی دەگوترێ، ماددەی باریۆنی (Baryonic Matter)، ماددەی تاریکیش (Dark Matter)، ڕێژەکەی خۆی لە 25% دەدات، ئەوەی دیکەشی ناو دەنرێ بە وزەی تاریک (Dark Energy)، ڕێژەکەی 70%یە. لەبەرئەوەی ماددەی تاریک و وزەی تاریک لە گەردیلە پێک نایەن، بۆیە نابنە بەربەست بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارە خوازراوە سەرەکییەکەمان.
لەسەر بنچینەی هاوکێشە بەناوبانگەکەی ئەینشتاین (E=mc^2)، بۆ پێوەندی و هاویەکی ماددە و وزە، دەبێژین کە وزە و ماددە دوو شێوەن بۆ یەک شت و دەکرێ بۆ یەکدی بگۆڕدرێن. بەمە دەتوانین وای دابنێین بڕی ماددەی بەبەرهەم هاتوو لە وزە، بەتەواوی یەکسانە بەپێچەوانەکەی لە ماددەوە بۆ وزە. هەموو ئەوانەش پێمان ڕادەگەینن کە لە سەرەتای دەستپێکردنی تەقینەوەی مەزن و سەرهەڵدانی گەردوونەوە تا دەگاتە ئەم چرکەساتە، تاکە یەک گەردیلە نە لەناو چووە نە هی نوێی هاتووەتە سەر (بە گوتەی Scientific American). گرینگی ئەمە لەوەدایە، تێڕوانینی ئێمە بۆ گەردوونی بینراو دیمەنێکی وەستاو و جێگیر نییە کە بە تێپەڕبوونی کاتیش گۆڕانی بەسەردا نەیەت.
زانیارییە هاوچەرخەکان پێمان دەڵێن، ئەو یاسا فیزیکییانەی گەردوون بەڕێوە دەبەن، لە تەواوی ئاراستە و شوێنەکانی گەردووندا هاوشێوەن و کاریان پێ دەکرێت، ئەم ڕاستییەکە و گریمانەکان و بیردۆزە زانستییەکان پاڵپشتییان لێ دەکەن. لەبەرئەوەی گەردوون بەردەوامە لە فرەوانبوون، وامان لێ دەکات کە بزانین ماددە لە گشت لایەکانی گەردووندا بەهاویەکی دابەش بووە (بنەمای گەردوونەکی)، بە دەربڕینێکی دی، هیچ جێیەک لە گەردووندا نییە ماددەی پتری تێدا بێت لەوەی دیکە. بیرۆکەیەکی ئاوا هەلێکی باش بۆ زاناکان دەڕەخسێنێت، تا بتوانن ژمارەی ئەستێرە و گەلەستێرەکانی گەردوون بەوردی دیار بکەن، ئەمەش شتێکی سوودبەخشە بۆ ژمێرەکردنەکەی ئێمە، چونکە زۆربەی گەردیلەکان لەناو ئەستێرەکاندا هەن.

ئاسانکردنی هاوکێشەکە:

وەک پێشتر ئاماژەمان پێی دا، زانینی قەبارەی گەردوون و بوونی زانیاری لەسەر ئەوەی ماددە بە یەکسانی و سنووردار تێیدا بڵاو بۆتەوە، ئاسانکارییەکی تەواومان پێ دەبەخشێت بۆ گەیشتن بە ژمارەی گەردیلەکانی گەردوون، بەڵام پێویستمان بە داڕشتنی چەند گریمانەیەک هەیە.
یەکەمیان، بڕیاردان لەسەر ئەوەی گەردیلەکان تەنیا لەناو ئەستێرەکاندا بوونیان هەیە، بەداخەوە گریمانەیەکی ناتەواوە. زانیارییەکانمان دەربارەی هەسارە، مانگەکان، بەرد و تەنەکانی بۆشایی ئاسمان لە گەردووندا ورد نین و کەمتر جێی متمانەن، بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی ئەستێرەکان. بۆیە بەلەچاوگرتن و زێدەکردنیان لە دوو توێی هاوکێشەکە کارەکەمان سەختتر دەکات. بەڵام لەبەرئەوەی جاری پێشووش گوتمان کە زۆربەی هەرە زۆری گەردیلەکانی گەردوون لە ئەستێرەکاندا هەن، دەکارین درێژە بە هەوڵی بەدەستهێنانی ئامانجەکەمان بدەین، هاوکات فەرامۆشکردنی هەموو ئەو شتگەلانەی دیکەی ناومان بردن، کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت لەسەر ژمارەیەکی پوختە بۆ کۆی گەردیلەکانی گەردوون.
دووەم، بەهەمان شێوە گریمانەی ئەوەی سەرلەبەری گەردیلەکانی گەردوون لە هایدرۆجن پێک دێن، ڕاست نییە. (ئەزموونگەی لۆس ئەلامۆسی نیشتمانی) دەڵێت، نێزیکەی 90%ی تێکڕای گەردیلەکانی گەردوون لە توخمی هایدرۆجنن، زۆرترین ڕێژەش لە ئەستێرەکاندا هەن. ئەمەش زانیارییەکی پڕبایەخە بۆ ئێمە، پاش کەمێکی دیکە زۆر بەچاکی سوودی ئەمەمان بۆ بەدەر دەکەوێت و ژمێرەکردنەکەمان ئاسانتر دەکات.

ژمێرەکردنەکان:

پاش ئەو چاوەڕوانییە درێژە، کاتی ئەوە هاتووە دەست بە ژمێرەکردنەکانمان بکەین تا بگەین بە وەڵامێکی گونجاو بۆ پرسیاری بنەڕەتی بابەتەکەمان.
بۆ دۆزینەوەی ژمارەی گەردیلەکانی گەردوونی بینراو پێویستە بارستاییەکەی بپێوین، واتە ژمارەی ئەستێرەکانی. گەردوونەکەمان نێزیکەی سەد ملیار تا ترلیۆن (ملیۆن ملیۆن) گەلەستێرە لەخۆ دەگرێت، زۆربەی گەلەستێرەکانیش هەمان ژمارە ئەستێرەیان تێدایە (بە ڕای ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەوروپایی). دەرەنجامی ئەمە 23^10، واتە سەد سێکستیلیۆن (Sextillion 1 = 21^10) ئەستێرەمان پێ دەدات. ئەم ژمارەیە ڕێژەیەکی ناوەندییە و خەمڵاندنێکی چاکە، چونکە ئاشکرایە گەلەستێرەکان تا ڕادەیەک جیاوازییان هەیە لە قەبارە و ژمارەی ئەستێرەکانیان، بەڵام کە نەتوانین یەکە بەیەکە بیان ژمێرین، ئەوا وەرگرتنیان بەو شێوەیە بەهەڵە داناندرێت.
بە وتەی (Science ABC)، کێشی ئەستێرەیەکی قەبارە ناوەنجی خۆی لە (32^10) کیلۆگرام دەدات، واتە سەد نۆنیلیۆن (Nonillion 1 = 30^10) کیلۆگرام، بەمەش بارستایی گەردوون دەبێتە (55^10) کیلۆگرام، یان دە سێپتێندیسیلیۆن (Septendecillion 1 = 54^10) کیلۆگرام.
لەبەرئەوەی ئێمە ئێستە دەزانین کە بارستایی گەردوونی بینراو و بڕی ئەو ماددەیەی تێدایە چەندە، دەمانەوێ ژمارەی گەردیلەکانی دیار بکەین. بەگوێرەی (ئەزموونگەی نیشتمانیی فیزیای تەنۆلکەیی لە فیرمیلابی ئیلینۆی ئەمریکا)، هەر گڕامێک لە ماددە نێزیکەی یەک سێپتیلیۆن (Septillion 1 = 24^10) پڕۆتۆن لەخۆ دەگرێت ، ئەم ژمارەیەش یەکسانە بە ژمارەی گەردیلەکانی هایدرۆجن (وامان دانا بۆ هاوکێشەکە)، چونکە گەردیلەیەکی هایدرۆجن لە تاکە یەک پڕۆتۆن پێک دێت.
هەموو ئەو زانیاری و ژمێرەکردنانەی پێشوومان ئەم وەڵامەمان پێ دەدات:
دە سێسفیگینتیلیۆن (Sesvigintillion 1 = 81^10) گەردیلە، یان بەم شێوەیە 82^10، یاخۆ یەک هەشتاودوو سفڕی لە پێشدا هەبێت:
10,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,000,
دواجار پێویستە بڵێین، ئەم ژمارەیە دەرەنجامی هەوڵ و لێکۆڵینەوەیەکی وردی زانستییە، ئەگەرچی پشتی بە کۆمەڵە گریمانەیەک و خەمڵاندن و بڕە نێزیکەییەکانیش بەستبێ، بەڵام بێگومان دوور نییە لە ژمارە ڕاستەقینەکەی گەردیلەکانی گەردوون.
===================

سەرچاوەکان؛