ئەی کوڕی کورد :خۆت ئەدەی بەکوشت بۆ کێ؟!

Sunday, 05/12/2021, 0:20

3289 بینراوە


ئەم برادەرانەی خۆیان کردووە بە ئاغای دێم وا دەزانن ئەو چەکدارانەی دەوریان داون مێگەلن بە کوشیان دەدەن و دوای توهە و تاوان دەخەنە پاڵیان کە گوایە هوشیار نین و ناگونجێن بۆ ئەو کارە ( کە مردنە)، ئەم ئاغایانە تەنانەت عەقڵی شوانێکی پسپۆڕیان نییە  ( چونکە شوان پرینسیپی شوانداری هەیە کە نابێت هیچ گورکێک مەڕێکی بخوان یان دایببڕێت لە گەلەمەڕەکەی ، شەوانیش هەمیشە خەو تۆراوە لە چاوەکانیان تا ڕانە مەڕ دەگەڕێننەوە بۆ ناو دێ).خۆیان چاک لێدانەوەیان بۆ شتەکان کردووە هەموو گۆشەکانیان پێواوە و دەزانن چۆن میللەت دەگەوجێنن ،هەموو خیانەکانیان کردووە ( هەر ئاغاشن ، سامانی سەرزەوی و بن زەیان تاڵانکردووە بۆ خۆیان و بنەماڵەو چڵکاوخۆرەکانیان هێشتا هەر ئاغان ، شکۆیان ناگاتە  ئاستی پاژنەی پێڵاوی ئەو جوتیارە ڕوسییەی کە پێشوازی نەکرد لە ناپلیۆن.لە ٢٠١٤ ەوە بە فشووهوڕ مێشکی ئەو خەڵکە و ئەوروپاشیان سەقەت و بەلاڕێدا بردووە کە گوایە ئەم قارەمانانە ( کوڕەکانیان و دەستوپێوەندەکانیان وێنەیان نییە لە هیچ سوپایەکی جیهاندا وە هیچ هێزيک چۆکیان پێ نادات)  .لەم کورتە هێرشەی عەرەبی داعشدا دەرکەوت خاوەنی هیچ یاساوڕێساو پرینسیپی سەربازی نین تەنها درۆ و فیشاڵیان پێییە.
ئەم خاوەن چەکدارانە هاتوون لە باڵەکایەتی قەڵا و سەنگەریان لێداوە بە باشترین جۆری چەکەوە بەڵام لە  بەرەکانی بەرامبەر داعش   بێخەم لێی دانیشتوون و چاوەڕێی مەرگی ئەو کوڕە هەژارانە دەکەن کە هیچ باکێکیان نییە لە نەمانیان تەنانەت حسابی مووچەکەیان بۆ دەکەن وەک بەکرێ گیراو ، دەتوانم بڵێم هیچ پرینسیپ و ئەخلاقێکیان نییە ، دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی گورزی خۆی دەوەشێنت ئەمجا خەبەریان دەبێتەوە و دەست دەکەن بە چەلەحانێ و فشوهووڕ.من خۆم بۆ یەک چرکەش خۆم نادەم بە دەست ئەم کارەساتەوە  ، من بکوژرێم و خۆیان و کوڕەکانیان و خزمەکانیان و چڵکاوخۆرەکانیان بە دووربین تەماشامانکەن.ئەم پیاوانەی حیزب خۆیان بە هەمەری درع  و پارێزگارییەکی بێ وێنەوە بۆ وێنە چرکاندن نزیک دەبنەوە  لە سەنگەرەکان( گوێنی گڵ).
لە هێرشەکەی کەرکووک کە داعش و حەشدی وەحشی کردیان ،  چەند سرییەک لە پێشەوە شەڕیان دەکرد و دەبابەی عەرەبی بەسەر سنگیاندا دەڕۆشت و ووردوخاشی دەکردن لە دواوەش فەرمان کرابوو بە ئاشبەتاڵ ، پاریش لە ١٢ی شەوەوە هەڵهاتن بۆ هەولێر تا هەولێر بپارێزن  و کەرکووکیش بۆ حەشدی وەحشی , حسابی ئەوەیان کردبوو شەڕەکە بکەن بەگژ یەکێتیدا  ، هەر نەبێت شکستەکان بکەن بە ملی یەکێتیدا بە مەرجێک یەکێتی ٧٦ شەهیدی هەبوو جگە لە بریندارەکان،
ئیتر نازانم بۆ ، بۆ بڕێک دینار ، جەرگودڵی ئێمە و کەسوکاریشتان ڕەش دەکەن، با کوڕەکانیان دەستوپێوەندەکانیان پێش بکەون!با ڕۆژێک ببیسین کە کوڕێکیان یان خزمێکی نزیکیان کوژراوە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە