گەشتکردن بە ژیاندا (بەشی یەکەم)

Tuesday, 07/12/2021, 21:36

4669 بینراوە


زیاتر لە هەزاران دەمژمێر لەگەڵ کاک کەمال جەمال موختاردا قسەم کردووە، چ بە بینین و سەردان، یان بەتەلەفۆن، لێرەو لەوێش و لە ووڵاتانی جیاواز یەکترمان بینیوە. کاک کەمال بۆ خۆشی چەندجارێک هاتۆتە لامان و ماڵەکەی ئاوادانکردوومەتەوە. ئەو کەسێکە گەشتی درێژ و سەرنجڕاکێشی بەناو ژیاندا کردووە، پڕ پڕە لە چیرۆکی سەرسوڕهێنەر و ڕووداوی بەچێژ و لە نزیکەوە زۆربەی نووسەر و هونەرمەند، مامۆستای زانکۆ و خاوەن قەڵەمەکان، هەروەها سیاسی و ناودارەکانی بینیوە، هاوڕێی سەفەریان بووە، لە وردەکاری ژیانە ئاڵۆزەکەیاندا، کە پڕە لە شتگەلی پڕنهێنی بە ئاگابووە، یان لە نزیکەوە کە ڕووداوەکە قەوماوە لەگەڵیاندا بووە،  گفتوگۆی لەگەڵدا کردوون.
هەموو جارێک چیرۆکێکی بۆ دەگێڕامەوە و منی دەبردە ناو خەیاڵێک و گەشتێکی سەرنج ڕاکێش، لە دوایدا پێم دەووت: "کاک کەمال، ناکرێ ئەم ڕوودانە بۆ من تەنها گێڕانەوە بێت، وەرە با بیکەینە کەرەسەی کتێبێک و تۆش ئەو بارگرانیەت لەکۆڵبێتەوە.
کاک کەمال بەڕووە خۆشەکەیەوە لە وەڵامدا دەیووت: ئایا ئەم چیرۆکانە بەڕاستی شتگەلی سەرنج ڕاکێشنین، یان تۆ دەتەوێت واپیشانی منی بدەیت، کە لە ژیاندا شتگەلێکم دیوە و شایستەی ناو کتێب و گێڕانەوەیە...! ؟
ئەم گفتوگۆیەمان درێژەی کێشا و زیاتر لە 10 ساڵە لە بیری ئەوەدام کە دەکرێت ئەم چیرۆکانەی دیوێتی بکرێتە کتێبێک و بخرێتە بەر چاوی خوێنەران، چونکە لە ڕێگەی ئەم چیرۆکانەوە  دەچنە خانەی گێڕانەوەی مێژوو، هەم قسەگەلێکە، کە پڕن لە ئەزموون و وێنەیەکی زیندووی سەردەمێک، کە ئێمە کەمترین زانیاریمان لەسەری هەیە ... من بۆخۆم ئارەزوومە کە نوسینی کەسێک دەخوێنمەوە پێمخۆشە بەر لە نووسینەکەی ژیانی کەسەکەش بزانم و بۆم ئاشکرابێت داخۆ نووسەر لە هەر بوارێکدا بێت لە کوێی نووسینەکەی خۆیدایە و چەنێک لەکەسایەتیی خۆیەوە نزیکە؟
پاشان ئەو هۆکارەی، کە هانیشی دام بۆ ئەم کارە ئەوەیە کاک کەمال تەمەنەکەی هیچ نەیتوانیوە بیرەوەرییەکانی لەبیربەرێتەوە و ڕووداوەکان زیاتر بەگەنجی هێشتویانەتەوە، نەک پێچەوانەکەی ... ئێستاشی لەگەڵدا بێت ڕۆژانە چەندین پەیوەندی گەرم و گوڕی هەیە لەگەڵ دەیان خەڵکی تردا و بەردەوام لەکارکردندایە ... ڕۆژێک ووتم: کاک کەمال کە سەیرت دەکەم مامۆستا یابانییەکەم بیردەکەوێتەوە، کاتێک بۆی باسکردین و  ووتی : لای ئێمە تەمەن تەنها ژمارەیە ... کاک کەمالیش بەپێکەنینەوە ووتی: ڕاستی منیش هەروا دەیبینم هێندە سەرقاڵم بیرم نە لەلای تەمەنمە، نە لای ژیانم .. ڕاستی هەموو ڕۆژێک هەست بەگەنجبوونەوە دەکەم، چونکە پێویستە وابم من خەونێکم هەیە بۆی دەژیم ... ئەی تۆ قەت بیستووتە جەنگاوەرێک بەنەخۆشی مردبێت ؟ 
کاک کەمال ئیستا بەرپرسی سایتی کوردستانپۆستە، یەکێکە لە سایتەکانی تۆڕی ئینتەرنێت، یەکەم سایتە کە فۆنتی کوردی بۆ نووسین بەکار هێنا، لە ساڵی 2001ەوە بە بەردەوامی کاری تێدا دەکات.. 

پ: گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی و ڕاچڵەکاندنت بەڕووداوێک، کە باپیرت ڕۆحی خۆی بە گوللەیەک دەکێشێ و خۆکوژی باپیرت چیدا بەگوێتا و چی لا جێهێشتی و چۆن لەگەڵ گەورەبوونتا ئەو ڕووداوەت بەرخورد دەکرد؟

- پێش وەڵامدانەوە با سەرەتا لەوێوە دەست پێبکەم، کە زۆر جار قسەم لەسەر نووسینەوەی بیرەوەریی و یادداشت کردووە، لە نووسینیشدا ئاماژەم پێی داوە، بەوەی کاتێک ژیاننامەی زۆربەی ئەم سیاسیی و بەرپرسانەی کوردم خوێندۆتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی سەردەمی دوای راپەڕین، هەستێکی سەیر لەلام دروست بووە، گەیاندوومێتە ئەو ئەنجامەی بڵێم: کاتێک ئەوانە بیرەوەیی و یادەورییەکانی خۆیان دەگێڕنەوە، دوور لە بەرپرسیارێتی مێژوو، وا خۆیان پیشان دەدەن، کە تەنیا لە شکستەکاندا چاودێرێک بووبن، هەر بەو نەفەسەش قسەیان کردووە و رەخنەیان گرتووە، هەر تاوان، هەڵە و کەموکورییەک رووی دابێت تەوێڵی خۆیانی نەگرتۆتەوە، خۆیان خستۆتە دەرەوەی رووداوەکان، لە هەندێک کاتیشدا بازیان بەسەر هەندێک لە رووداوەکاندا داوە و قسەیان لە سەر نەکردووە، یاخود لایەنگیرییان تێدا کردووە،  بۆ نمونە لە هەندێک کاتدا وایان پیشان  داوە، ئەگەر بە قسەی ئەمیان بکردایە، ئەوا بەو شێوەیە رووی نەدەدا، زۆربەی راستیی رووداوە مێژوویەکانیشان فەرامۆش کردووە و بە لایەکی دیکەدا شکاندوویانەتەوە، بۆیە لێرەدا منیش دەڵێم هەموو کەس ناتوانێت بە سەرکەوتویی یادەوەریی و مێژوو بنووسێتەوە. بەتایبەتی کاتێک کەسەکە سانسۆری خۆی بکات و هەموو شتێک نەگێڕێتەوە، کە بزانێت زیان بە پەزی خۆی، یان ئەو لایەنەی کاری لەگەڵدا کردووە، گێڕانەوەی مێژوو لەسەرەتادا دەبێت تێگەیشتنی نووسەرەکە بێت لە پێناسەی مێژووتا نەکەوێتە هەڵەوە و بە شێوەیەکی زانستیانە  رووماڵەی ئەو مێژووە بکات، کە خۆیان تێێدا ژیاون، نەک تەنیا نمایشی بازووی خۆیان تێدا بکەن، ئەمەش منی راکێشا کە پێش هەموو شتێک ئەو پرسیارە بە دوایاندا بکەین و بڵێین کەوابوو مێژوو لە رووی زانستییەوە دەبێت چۆن پێناسە بکرێت؟
"مێژوو بریتییە لە گێڕانەوە و نووسینەوەی ئەوەی لە رابردوودا روویداوە، لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری رووداوەکە، شرۆڤەکردن و بەستنەوەی بە کات و سەردەمی خۆیەوە، بەراوردکردنی لەگەڵ ئیستا و پێشبینی کردن بۆ داهاتوو. هەر لێکۆڵینەوە و قسەکردنێک لەسەر مێژوو بە هزر و بیرکردنەوە بنووسرێتەوە، بایەخی زانستیی نابێت"
من نازانم لە کوێی ئەو رووداوانەدا خۆم بدۆزمەوە، چونکە بۆ خۆم لە شەڕ و هەراوهوریاکانی سەردەمی بارزانی و دوایی ئەوەی تالەبانیدا نە رۆڵم هەبووە و نە کەسێکی دیار بووم ، هەروەها بەرپرسیارێتییەکیشم نەبووە، کاری سیاسییشم لەگەڵیاندا  نەکردووە، من  وەکو نووسەر و رۆژنامەنووسێک بە عەقڵی ئەو سەردەمە کەسێکی چاودێربووم، خەمی من، خەمی نیشتیمان  بوو، نەک کارکردن لەگەڵ حیزبەکاندا، بەڵام لە بەشێکیدا و لە کات و سەردەمێکی دیارییکراو  و کورتدا وەکو زۆربەی خەڵکی تێیدا ژیاوم، وەک بینەر و چاودێرێک دەتوانم قسەی لەسەر بکەم، چونکە تا ئەم کاتەش بڕوام وایە، کە کار کردن لەگەڵ ئەمانەدا خیانەتە نەک خەبات،  بە وشیارییەوە مامەلەم کردووە، چونکە کوردبوون جگە لەوەی ناسنامەی منە،  ئەرکێکی ئەخلاقیشە بە چاوی مرۆڤبوونی خۆمەوە  سەیرم کردووە. کووردبوون و مرۆڤبوون دوو یەکەی لە یەکتر دانەبڕوان، ناتوانرێت لە یەکتر جیابکرێتەوە. ئەوەی خیانەت لە کوردبوونی خۆی دەکات، خیانەتی لە هەموو مرۆڤایەتییش کردووە، ناتونرێت وەکو مرۆڤ سەیر بکرێت. من بۆ تاکە رۆژێک چییە خیانەتم لەو ناسنامەیە نەکردووە، بۆیە نە پارتیی و نە یەکێتیی و سەر بە هیچ رێکخراوێکی سیاسیی کوردیی نەبووم، هەر لەسەرەتاوە گومانم لەسەریان هەبووە، گومانم لەسەریان هەبوو کە ئەمانە رێکخراوی کوردیی نیین و وەکو دەزگای سیخوڕیی کاریان بۆ داگیرکەران کردووە، هەرچەندە لە نزیکەوە هەندێک لە بەرپرسەکانم ناسیوە، تەنیا لە تەمەنێکی هەرزەکارییدا  لە ساڵی خوێندم لە ناوەندی و ئامادەیی وەکو کوردێکی نەتەوەیی، کەم تا زۆر کارم لەگەڵ (کاژیک)دا کردووە، بەرپرسیارێتییەکیشم هەبووە، دوایی کە بۆم دەرکەوت ئەم رێکخراوە لە نەتەوەییبوونەوە دوورن، بۆشم دەرکەوت بەشێکیان سەر بەدەزگای پاراستن و ئیدریس بارزانی بوون، زۆربەی ئەنداامەکانی کاژیکیان کردبووە، گەمەی دەزگای پاراستن، ئیتر وازم لەمانیش هێنا.
بە کوردی و بە کورتییەکەی دەمەوێت ئەوە بڵێم کە نازانم بەڕیزتان چیتان لە مندا دۆزیوەتەوە کەوا دەتانەوێت ئەم گفتوگۆ و قسەکردنە لەسەر لێدوان و باسەکانی من بکەنە بەشێکی لێکچووی بیرەوەریی و ژیاننامە. هەرچەندە لەسەرەتای باسەکەتاندا ئاماژەتان پێیداوە.
راستە تەمەنی هەموو مرۆڤێک بەشی ئەوەی تێدایە، کە ئەزمونی ژیانی خۆی وەک یادەوەرییەک بگێڕێتەوە، لێکچووی رۆژژمێرێک کە سەرنجی رۆژانەی تێدا دەنووسرێتەوە، تا لە خاڵێکدا کۆی بکاتەوە و گرێی بدات بەو رووداوە مێژووییانەوە، کە تێیدا خۆی و کۆمەڵگاکەی تێیدا ژیاون و بەراورد بکرێت بەوەی کە یەکێکی تر لەسەر هەمان رووداو باسی لێوەکردووە. هەروەها وەک شایەتحاڵیک لێکچوونێک قسەی لەسەر بکرێت. ئەگەر ئەوەتان مەبەست بێت ئەوا بە خۆشحاڵییەوە دەتوانین درێژە بە باسەکەمان بدەین، هەڵبەت ئەمەی نووسیومە درێژەی دەبێت و رەنگە لە کاتی نووسینەوە و قسەکردنیشدا  باسی دیکەمان بێتەوە یاد، ئەگەر کردمان بە کتێب دەوڵەمەندتریشی بکەین.
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەتان جارێکی تر لەوێوە دەستپێدەکەمەوە ، کە هەرچەندە تەمەنی منداڵی وەک خامەیەکی سپیە، کەسایەتییەکی سەربەخۆی نییە، لەگەڵ گەورەبوونیدا  کەسێتی بۆ دروست دەبێت، هەست بە بوونی خۆی دەکات، کاتێک بەرەو گەورەبوون هەڵدەکشێت، ئەو هەستە  وەک قەڵایەک گەورەتر دەبێت، دەتوانێت نهێنییەکانی کەسایەتی خۆی تێدا حەشار بدات، واتا گیان (رۆح) دەچێتە ناو جەستەوە، هەست دەکات ئەوە خۆیەتی کە بوونی تێێدا هەیە، بە شێوە و لێکدانەوە فەلسەفییەکەی هەست بەوە دەکات  ئەمیش دروست بووە، جیاوازتر لە مرۆڤێک و زیندەوەرێکی تر، تەنیا گۆشت و خوێنەکە نییە، جیاوازتر لە سەردەمی ساوا و منداڵی، کە هیچ لە هزریدا جێگیر نەبووە، تا وەکو گێڕانەوە لە خانەکانی مێشکیدا جێگیری بکات، جیاوازتر لە گیانەوەرەکانی تر، کە سروشت رۆحی مرۆڤبوونی نەکردووە بە بەردا، تەنیا لاشەیەکی بچوکە و دەجوڵێتەوە و گیان نەچۆتە ناو  هزرییەوە، تا تێیدا بینێت و بیستێت، هەست و  زەوق و کۆمەڵیک تایبەتمەندی تر لە ناو ئەو لەشەدا هەیە لەوانی دیکە جیاوازترە، ئیدی هێدی هێدی مێشکی دەبێتە تۆمارگەیەک و وەریدەگرێت،  بەردەوام  لە خانەکانی مێشکیدا تۆماریان دەکات، دەوروبەری خۆی دەبینێت و دەیانناسێتەوە.
بەڵی لەو تەمەنی منداڵییەدا  هەموو بەدوای ئەوەوە دەبن، ئەرشیفی کەسێتی خۆی بکاتەوە و تۆماریان بکات لەگەڵ ئەوانەی لە چواردەورین وەکو دایک و باوک و براو خوشک و کەسوکاریی،  ئەوەندە سەرقاڵی گەران دەبێت بە دوای خۆیدا نایپەرژێتە سەر ئەوەی پرسیار لەسەر کۆمەڵێک شتەگەلی گرنگتر بکات ،کە لەگەڵ گەورەبوونیدا ئەو کاتە هەستی پێدەکات و دەزانێت لە دەستی داوە و پرسیارەکان بە بێ وەلام لەلای دەمێنێتەوە، چونکە ئەوانەی وەڵامیان پێیە لە ژیاندا نامێنن. کە دەبوو بەدواداچوونی بۆ بکات و پرسیاریی لە لا دروست ببێت. من لەو تەمەندا بەدوای ئەوەوە نەبووم ، کە ئەمڕۆ هەست دەکەم لە دەستم داوە و ئەوانەی مردوون دەبوو  بە قووڵی پرسیارم لێیان بکردایە، بە نمونە وەک پێویست من بە تەواویی نازانم باپیرم کێی بووە؟ لە کوێوە هاتووە؟ بۆ چی خۆی کوشت!؟ ئەوانە لە تەمەنێکی گەورەبووندا دەبنە پرسیار، بەڵام ئەوانەی کە وەڵامەکانیان پێیە وەکو بەڵگە و دۆکۆمێت دووردەکەونەوە و لە ژیاندا نەماون.  لەو بارەیەوە من زانیاریی کەمم لەلایە ئەوەندە دەزانم وەکو بۆیان باسکردووم، کاتێک تەمەنم  شەش مانگ بووە باپیرم خۆی کوشتووە، ئەویش لەسەر دەمەقاڵێ لەگەڵ خێزانەکەی واتا(نەنکم)دا .. لەسەر چی؟! نازانم؟ بۆچی؟ ئەوەش هەر نازانم بەڵام لەلای خۆمەوە  کە گەورەتر بووم  بە خەیاڵ وەڵامم وەرگرتۆتەوە!
باپیرم بە منداڵی لە کۆتایی سەدەی 1800  لە باکوری کوردستان وەکو باسیان کردووە لە ناوچەی (وان و باشقەڵان) رایکردووە و هاتۆتە سلێمانی، بۆچی و لەبەرچی هاتووە، دیارنییە ! چۆن بەو منداڵییە  گەیشتۆتە سلێمانی و لە کوێ ژیاوە! ئەوەشیان نازانم، کورد بووە و زمانی تورکیشی زانیوە، هەر بەو منداڵییە، خوێندەوارییەکی باش فێر بووە، ئەو کاتە نووسین و خوێندنەوە بە پیتە عەرەبییەکان بووە، واتا  نووسینی لاتینی نەبووە.

پ: هەردوو باپیرەت، یان باپیرە گەورەت، مێژوویەکی ناوازە و جیاوازیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە، یەکێکیان لە باکورەوە کۆچ دەکات و ئەوی تریان لە ڕۆژهەڵاتەوە دێت و گەڕەکێک لەسلێمانی بەناویەوە دەکەن "دەرگەزێن " کە کەس ئەم ڕاستیە نازانێت .. دەکرێ قسەی تۆ چیبێت و چۆن خوێندەوەی بۆ دەکەیت؟ 

وەڵام: بابانەکان  وەک لە کتێبە مێژووییەکاندا باس کراوە، رەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ گوندی  (داریشمانە). شاری سلێمانی لە ساڵی (1784ز) بەرامبەر بە (1199ه) لەلایەن (ئیبراھیم پاشای بابان)ـەوە دروست کراوە، کردوویانە بە پایتەختی ئیماراتی خۆیان و ماوەیەکی زۆری ویستووە تا وەکو شار پێناسە بکرێت و ئاوەدان بێتەوە، بۆیە لە ناوچەکانی تری کوردستانەوە خەڵکی روویان تێکردووە، وەک لە کەسوکاری خێزانەکەشم بیستووە، برایم پاشا زۆر هەوڵی داوە کەسانی دەسترەنگین و بەتوانا لە هەموو بوارەکاندا رابکێشێت و بیانهێنێتە سلێمانی، بەنمونە باپیرە گەورەی خێزانەکەم گێڕاویەتەوە، کە ئیبراهیم پاشا کتێبێکی دەبێت، بەرەو ئەوە چووە پەرەکانی بدڕێت، دەیەوێت چاکی بکات و بەرگی تێبگرێت، تا لە فەوتاندن رزگاری بکات، دەگێڕنەوە، کە ناردووشێتی بۆ لوبنان، بەڵام کاتێک بۆی هاتۆتەوە درزی دڕاوییەکەی هەر دیار بووە، ئەمە بە دڵی برایم پاشا نەبووە، هەرچەند دەکات کەسێکی وای دەستناکەوێت ئەو کارەی بە دڵی خۆی بۆ بکات و بەرگەکە چاک تێیبگرێتەوە، تا باپیرە گەورەی خێزانەکەم بە ناوی (مەلا برایمی سەحاف)، کە بنەماڵەیەکی ناسراوی سلێمانیین، بنەماڵەیەکی دیندار بووە،  ناوی ئەویان بۆ هەڵداوە، کە بەرگتێگرێک (سەحاف)ێکی زۆر لێهاتووی ئەو سەردەمە بووە، ئەویش بانگ دەکات و دێتە سلێمانی، لە گەڕەکی دەرگەزێنی ئێستا دادەنیشێت و کتێبەکەی بۆ چاک دەکات و لەبەرگی دەگرێتەوە، بە دڵی ئیبراهیم پاشای بابان دەبێت، دەڵێن مەلا برایم سەحاف پێی دەڵێت  بیدەرە بەر تیشکی خۆر بزانە درزەکانی دەبینیت. لە پاداشتی ئەمەدا  ئیبراهیم پاشای بابان لە قۆڵەڕەش نزیکەی 25 دۆنم زەوی پێدەدات، کە تا ئیستا نەوەکانی ئەو زەوییەیان ماوە. 
ئیتر لە دوای ئەمەوە بنەماڵەی (سەحافەکان) لە سلێمانی ناوبانگ دەردەکەن و لە رووی مادییەوە دەستڕۆیشتووش دەبن،  لەو سەردەمەدا کوڕەکەی مەلا برایم سەحاف چەند  زەوییەکی نزیک سلێمانی دەکڕێت، کە دوایی بە گردی سەیوان دەناسرێت،  کە  شاری سلێمانی بەرەو گەورەبوون دەچێت مردووەکان زیاد دەکەن، گردی سەیوان دەکەن بە خێر بۆ ناشتنی مردووەکان.واتا گردی سەیوان موڵکی سەحافەکان بووە.

باپیرە گەورەی من لە دایکەوە بە ناوی (رەزا ) بە چوار پشت، ئەویش لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەمەدان لە پێش ساڵانی 1850کاندا هاتۆتە سلێمانی، هەموویان لەو گەڕەکە نیشتەجێ بوون کە دوایی ناویان ناوە (دەرگەزێن)، ئەمەش بەڵگەیە، کە هەمادان پێشتر شارێکی کوردیی بووە و زۆربەی دانیشتووانی کورد بوون، ئیستاش گەڕەکێک لە هەمەدان بەناوی دەرگەزێنەوە هەیە، لەسەر رەچەڵەکی باپیرە گەورەی  نەنکم لە باوکمەوە، هەندێک لە خزمان پێیان وابوو ، نەخێر باپیری باپیرم لە دایکەوە، لە سنەوە هاتووە و دوایی ئەو گەڕەکەی سلێمانیی کە ناونراوە (دەرگەزێن) نیشتەجێ بووە لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق یەکەم موختار، کە بۆ ئەو گەڕەکە دانراوە. باپیری باوکم بووە لە دایکەوە، بەناوی (رەزای موختار).

پرسیار و وەڵامەکان درێژەیان دەبێت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە