دژنوما (پارادۆکس) ی سەرۆکەکان

Wednesday, 12.08.2021, 23:00

1312 بینراوە


ئەگەر ئەم وتارە بە پێناسەیەکی کورتی فەیلەسوفی ئینگلیزی (مارك ساینبەری ١٩٥٦) دەست پێ بکەم بۆ دژنوما، ئەوا ئاوا پێناسەی پارادۆکسمان بۆ دەکات:
دژنوما یان پارادۆکس واتا کۆتاییەکی قبووڵ نەکراوە، کە لە هەندێك گریمانەوە هاتووە کە قبوڵکراو دیارە، لە ڕێگەی لۆژیکێکەوە کە لەوانەیە قبووڵکراو بێت.
گەر هەر بە سەرپێی و بێ لێکدانەوەی قووڵ سەیری هەڵسوکەوت و بیرکردنەوە و جموجووڵ و هەنگاوەکانی سەرکردە و سەرکردایەتی و کارێکتەرەکانی دەسەڵات و سیاسەتی کوردی بکەین دەگەینە یەک دونیا لە دژنوما ( پارادۆکس ، مفارقة). بۆ هەر یەکێکیان هەقی‌ هەڵوێستە لە سەرکردن و ڕاڤەکردن  و پەنجە بۆ ڕاکێشانە. بەڵام لە بەختی ئەم دەسەڵاتە گەلێکی دڵساف دەبەن بە ڕێوە کە تاوەکو ئێستاش بە عەقڵی  خێڵەکی لە سەردار و سەرگەورە ئەڕوانێت. ئەوان بە بێ ئەوەی بپرسن ئەبێ بۆچی تا دونیا دونیایە ئێمە مەمنوونی مەلا و مام و کاکە سەرکردە و نەوەی نەوەکانیشیان بین؟ ئێمە بۆ ئەبێت هیچ گومان و نیشانەی پسیاریان لە سەر دانەنێین؟ میللەتێک بە دەسیسە زەلیل و بێ مەعریفە کرا بێت، ئەوەندەی گومان لا دروست نابێت بە سەرگەورەکانی خۆی بڵێ نەخێر ئەمەت وا نیە و ئەوەت لە جێی خۆی نیە، یاخود جارێک لە جارەکان بڵێ لێرەدا ستۆپ، ئیتر لۆژیکەکە ئاوەژووە و سەرەی منە قسەیەکم هەبێت.
ئەگەر تۆ تەماشاکەری هەواڵی ڕۆژانەی سیاسەتی کوردی بیت ڕەنگە دەیان پارادۆکس لە هەفتەیەکدا بەدی بکەیت، کە تێدەپەڕن و بە هەندێ پرتە و پۆڵەی سۆشیال میدیا نەبێت کەس لە شوێنی خۆیدا قسەیەکی جدی نیە بۆیان.
لە تازەترین پاردۆکس و لە پاش پەلامارەکەی داعش بۆ گوندەکانی بناری چیای قەرەچووغ و پێشتریش لە گەرمیان، ئەمەمان بۆ دەرکەوت.
داعش وەکو گورگی برسی بەسەر ڕانە مەڕیدا دابێت، چەندین پێشمەرگە و خەڵکی بێکەس و هەتیوی ئەو سنورانە دەکەنە قوربانی و لە پاش ڕۆیشتنی ڕەوە گورگی جەهالەت لە گەرمیان و قەرەچوغ، فەرماندە و سەرکردە و کوڕە سەرکردەی سمێڵ ڕەش و جل ئوتووکراو دەردەکەون و دەبنە وێنەی یەکەمی لاپەڕەی هەواڵەکان و مانشێتە سورەکانی دوای بە پەلە. فڵانە سەرکردە هاتۆتە سەر خەت، سەرۆک خۆی لێرەیە. هەر وەک مارک ئەڵێت کۆتاییەکە لەم جێگەیەدا قبووڵکراو نیە و نا لۆژیکییە. بەڵام بەوەی کە دەبێت لە کارەساتە گەورەکان سەرۆک و کوڕانی سەرۆک و فەرماندە گەورەکان خۆیان بێنە سەر خەت، ئەم گریمانەیە خۆی لۆژیکییە لە ئەسڵدا. بەڵام  پارادۆکسەکە لەوەدایە کە سمێڵ ڕەش و سەرۆک و کوڕانی سەرۆک و جل ئوتووکراوەکان لە کوێ بوون لە کاتی هێرشەکان؟ ئەبێت بۆچی دایکێکی قوربانی دەستی عەقڵی خێڵەکی و نەخوێنەواری،  لە پاش له دەستدانی سێ جگەرگۆشەی هێشتا لە جیاتی گرتنی ئێخەی کوڕانی جل ئوتووکراوی سەرۆک، هێشتا ئەم بڵێ بە قوربانتان بم و پۆچ پۆچ زەلامێکیش وەکو ماستاوکردنێکی خەست لە دووری مایکەکەوە بڵێ بە هاتنی کوڕانی سەرۆک شەهیدەکانمان گەڕانەوە. لێرەوە پاردۆکس دیاری ئەکرێت. کۆتاییەکە کە سەردانی سەرۆک و فەرماندەکانە چەند مەفروز و قبووڵکراو بێت بەڵام لە بنەمایەکی نا لۆژیکییەوە هاتۆتە بوون، کە پێشتر لە کوێ بوون، بۆ هاوکار نەبوون؟ 
نموونەیەکی دیکەی پارادۆکسە سیاسیەکانی ئەم بەریش ئەوەیە، کە سەرکردەیەک کە بە وتەی خۆی ژەهر خوارد کراوە بەڵام وەکو تۆپ لێی دەرچووە، لە دوای دونیایەک  گەشت و تێچوو و پشکنین و چارەسەر سوورە  لە سەر بە دادگایی کردنی بکەرانی، لەولاشەوە فەرماندەیەکی ماندووی  خاوەن قوربانی و خەبات، بە غەدر ئەکوژرێ ئەیدات بە لیژنەی دیزە بە دەرخۆنە، بۆ دۆزینەوەی بکەرەکان کە دیارن. لە پەرادۆکسێکی دیکەشدا، کە هەر وابەستە بە کوژرانی ئەم فەرماندەیە کە عەقیدە، خانمە سەرکردەیەکی تازە پیاکەوتوو هیچ هەڵوێست و نقەیەکی نابێت بەڵام لە کوشتی نەقیبێکی پۆلیس لە کاتی ئەرک بەجێهێناندا، دەڵێت دەبێت بکوژانی دەم و دەست بدۆزرێنەوە. لێرەدا سپاردنی کوشتنی بە غەدری عەقیدێک بە لیژنەی لێکۆڵینەوە کە بکەران دیارن لە لایەک و هەرای ڕاگەیاندن و چوونە چەندین نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی بۆ پشکنین  بۆ تاوانێک کە سەری نەگرتووە، ئەمە ئەگەر بوونیشی هەبووبێت، پارادۆکسە لە هەڵوێست بەرانبەر بەو کوشتنە جەردە ئاسا پڕ غەدرە. بۆ خانمە سەرکردەکەش بە هەمان شێوە عەقیدێکی پۆلیس بە دەستی خودی حزب ئەکوژرێت دەدرێتە لیژنە و نەقیبێکیش بە دەستی تاوانبارێک، ئەمیان دەبێت دەست بەجێ  بدۆزرێتەوە و ئەویشیان بدرێ بە لیژنەی داپۆشینی ڕاستییەکان. بۆیە گەر هەر لێرەوە تا ساڵێکی دیکە لە پارادۆکسی ئەم دەسەڵات و حزبانە بگەڕێین، ناتوانین نیوەیان دەستنیشان بکەین و دەبێت دەست لە هەموو کار و کاسبییەکیش هەڵبگرین.