بڕوانامە و ئەخلاق

Wednesday, 08/12/2021, 23:24

3234 بینراوە



بڕوانامە و ئەخلاق

یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی چینی خوێندەوار ئەوەیە کە: هەر بڕوانامەیەکی باڵا و نازناوێکی زانستی و وەزیفەیەکی بەرزی هەبوو، ئیدی پێی وایە ئەو لە چینی پەریان و باڵایە و ڕەخنەکردنی کفری زانستییە، پێی وایە قسەی ڕاستی یەکەم و کۆتایی لای ئەوە، ڕا جیاوازی بە دژبەری دەزانێت، هەمیشە بەڵێ و لەگەڵ ئەو بوونی پێ قبوڵە، نەک جیاوازی! ئەمە کاریگەری گەورەی نەرێنی لە سەر پڕۆسەی خوێندن لەم وڵاتە دا هەبووە...

سیفەتی سەرکردەیی مامۆستا و مامەڵەی مامۆستا لەگەڵ خۆی و لە نێو ژینگەی فێرکردن لەگەڵ خوێندکاردا، جگە لەوەی بابەتێکی زانستییە، بابەتێکی ئەخلاقیشە، ئەخلاق بەمانا فەلسەفییەکەی نەک بە مانا گشتییەکەی. مامۆستا چۆن و چ جۆرە سەرکردەیەکە؟ چۆن مامەڵە دەکات؟ ئامانجە پەروەردەیی و زانستییەکانی چین؟ مامۆستا چ کاریگەرییەکی لە سەر خوێندکار دەبێت؟ چ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ قوتابییەکانی دا دروست دەکات؟ پەیوەندییەکانی لە سەر چ بنەمایەکە؟ هەموو ئەم پرسیارانە و زیاتریش پەیوست بە مامەڵەی مامۆستا بابەتی ئەخلاقین. 

ئەخلاق سێ بنەمای هەیە

1- فەزیلەت
2- وەزیفە
3- ئەنجام

ئایا مامەڵەی مامۆستا لەگەڵ خوێندکار دا لە سەر بنەمای سیاسییە، ئایدۆلۆژییە، یان ناوچەگەرایی و پەیوەندیی تایبەتییە؟ چونکە گەر مامۆستا لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندی لەگەڵ قوتابی دا دروست بکات کە هەمان بیرکردنەوەی سیاسیان هەیە، یان سەر بە یەک ئایدۆلۆژیان، یان هاوناوچە وهاوخوێنن، یان پەیوەندییەکی نادروستیان هەیە، لەسەر بنەمای پەیوەندیی ڕەگەزی نێر بۆ مێ، یان بە پێچەوانەوە، ئەوە دواجار نادادپەروەری و نایەکسانی دروست دەبێت، واتە (ئەخلاق)ی مامۆستا دەبێتە جێگەی ڕەخنە و هەڵوێستە لە سەر کردن، خراپی (فەزیلە)ی مامۆستاش کاریگەری لەسەر (ئەنجام) دەبێت لەسەر ئەو بنەما سیاسی و ئایدۆلۆژی و پەیوەندییە تایبەتییەی کە باسمانکرد، واتە مامەڵەی نائەخلاقی لەگەڵ خوێندکاران دا دەکات، جیاوازی لە نمرەی قوتابییەکان دا دەکات، کاتێک ئەنجامیش گۆڕدرا بەهۆی ئەخلاق و فەزیلەتی خراپی مامۆستاوە وەزیفەش بەهای نامێنێت، ئەخلاقی پیشەییانە گرنگ و بایەخی نامێنێت، ئامانجی وەزیفە نابێت بە خزمەتکردن و پێشخستنی هۆشیاری تاک و کۆمەڵگە، بەڵکو ئامانجی وەزیفە دەبێت بە ئامانجی تایبەتی سنوردار.
ئێمە کاتێک دەڵێین: مامەڵەی مامۆستا بابەتێکی ئەخلاقییە بە مانا فەلسەفییەکەی، هۆیەکەی ئەوەیە کە: خراپی مامەڵەی هەندێک مامۆستا و میزاجی شەخسی و خراپی ئەدا و ئەتەکێتی هەندێک مامۆستا، ئاڕاستەی ژیانی زۆر خوێندکار و قوتابی گۆڕیوە و دووچاری چارەڕەشی کردون، خراپی مۆڕاڵ و ئەتەکێتی پەروەردەیی هەندێک مامۆستا خەون و خولیای چەندین قوتابیان لە گۆڕ ناوە، کارەساتی ئەخلاقی ڕوویداوە و فەزیلەت و وەزیفەیش دووچاری گرفتی گەورە بوونەتەوە. ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی سیستمی خوێندنی لەم ووڵاتەدا دووچاری خەلەلی گەورە کردۆتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە