داپۆشینی فەزیحە بە زمانی جنێوفرۆشی و لەکەدارکردن

Saturday, 11/12/2021, 0:10

3191 بینراوە


دوای سی ساڵ حوكمرانی كوردی كەچی ئەو کابینە بەهێزەی کە پارتی دوو ساڵ لەمەوبەر بانگەشەی بۆ دەکرد ناتوانێت ڕەخنە هاونیشتیمانییەک هەزم بکات ، بەدریژایی سی ساڵی حوکمرانیەتی خێزانە لە سیاسی کەوتووەکان ئازادی ئینسانەکان لە ژێر پرسیاردا بووەو لە کابینەی نۆیەم دا ئازادی ڕەخنەو ڕەخنەگرتن و روانینی جیاواز پاشەکشەی کردو بەرەو دۆخێكی مەترسیدارو نەخوازراو دەڕوات ، گرتنی چالاکووانان ڕۆژنامەنووسان و ئەشکەنجەدان ودانپێنان لە ژێر فشار و ستەمی توند و تیژیی و هەڕەشەی پڕ لە زەبر و زەنگ ،بەشێکە لە سیمای سیاسی کابینە بەهێزەکەی پارتی و برا گەورە کە تەنها پارتی لێی بەرپرسیار نییە بەڵكو یەكێتی و گۆرانیش سەھمی خۆیان بەردەكەوێت . 
لەدەرەوەی زیندانەکانیش پارتی لە ڕێگەی کابینەی نۆیەمەوە دۆزەخی بۆ هاونیشتیمانیان بونیاد ناوەو هەر مرۆڤێک دەردە دڵ ، گلەیی و گازندە ، ڕەخنە و ڕەخنەگرتن ، دیدوڕوانینی جیاوازی خۆی بخاتە ڕوو بەرشاڵاوی گرتن و هێرش و پەلاماردان و ڕاودوونان دەکەوێت و دەیان تۆمەتی بێ بنەمایی بۆ هەڵدەبەسترێت ،لە کاتێکدا مرۆڤ ئازادە پڕ بەگەرووی هاوار بکات بڕوخێ ستەمکار ! بڕوخێ گەندەلکار ! بڕوخێ و بڕوخێ و هەموو ئینسانێک ئازادە سیمای ناشیرینی ئێوە و گەندەڵی وهێرش و پەلاماردانەکانتان بۆ سەر ڕۆژنامەنوسان بە دونیای دەرەوە ئاشنا بکات . 
زمانی گوزارشتکردنی پارتی و کابینەی نۆیەم بەڕوونی هەست بە بوونی ڕقێکی گەورە دەکەیت بەرامبەر بە ئازادیخوازان و سیستەمی دیموکراسی ، لەمێژە پارتی کار لەسەر ناشیرینکردنی ئیرهابی فیکری دژ بە کەسایەتیەکان و چالاکوان و ڕۆژنامەنوسان دەکات ، هەر جارەو ڕۆژنامەنوسێک یان کەسایەتییەکی سیاسی لە ژێر میکرۆسکۆبی پارتی جنێوباران دەکرێت ، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر حکومەتێکی گەورە گران بۆ پینەکردنی فەزیحەی ١٨ ملیۆن دۆلاری براگەورە ! کە مشتێکە لە خەرواری گەندەلکاری خاتونێکی کوردی لەئەمریکا جنێوباران کردووەو تۆمەتی ئەخلاقی بۆ دەهۆننەوە ،لەکاتێکدا دەبوایە ئەم کابینە بەهێزە ! ئەم حکومەتە گەورەو گرانە ! ئەم برا گەورەیە ! لەبری هۆنینەوەی تۆمەت بوختانی ئەخلاقی بۆ خەڵک بەڵگەی قایلکەریان بخستایەتە ڕوو ، نەک بەو زمانە و بەو ئاستە نزمە گوزارشت بکەن ! ئێستا دەزانین کابینەکەی براگەورە ! نەک نەیتوانیووە بەرگری لەخۆی بکات بەلکو ئینفیعالی کردووەو رقی هەڵرشتووەو خۆی خاڵی کردووەتەوە ، هیچکات پارتی و کابینەکەی براگەورە! نەیتوانیوە بە زمانێکی شێنەیی و شارستانی ڕەش وسپی تێکەڵ نەکات و وەڵامی ڕەخنە بە ڕەخنە بداتەوە ، هەمیشە پارتی و کابینەی براگەورە !  ڕق هەڵگرتوو و كینەلەدڵ بوون ، لەوەڵامدانەوەشدا حەوسەڵە تەنگ و هەناسەسوار بوون ،غەڵبەغەڵب و هەراوهۆریا دەنێنەوەو پەنا بۆ زمانی زبر و هۆنینەوەی تۆمەت و بوختان دەبەن ، زمانی زبر و سووكایەتییکردن برینێکی ترە لە جەستەی کوردبوون کە کابینەی براگەورە پەنای بۆ دەبات . 
 ئاخر کابینەکەی براگەورە ! کە ئیمکانی هەزمکردنی رەخنەو ڕەخنەگرتنی نییە و وجودی خۆی لە فەنابونی ئەوی تردا دەدۆزێتەوە هەر ئەبێ چاوەڕێی ئەوە بكەین بەردبگرێتە ئینسانەکانی ترو کار لە سەر ناشیرینکردنیان بکات ،ئەم زمانەی کە ئیستا کانینەی نۆیەم و پارتی پەنای بۆ دەبەن زمانی شەڕفرۆشتنە بە خەڵک ، ئاخر شەڕ دوو جۆرە ، جۆرێکیان پەنا بردنە بۆ چەک و جۆرەکەی تر پەنا بردنە بۆ جنێودان و هۆنینەوەی تۆمەت بوختان ، شەڕی ئیستای پارتی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان  شەرە لە ڕێگەی زمان و سلوکی وەڵامدانەوە ، بۆیە پارتی وەک حیزبێکی شەڕەنگێز حکومەتی هەرێم وەکو حکومەتیکی بازرگان بۆ داپۆشینی فەزیحەکانی تەنیا زمان و ئامرازەكانی لەكەداركردن و جنێوفرۆشی شك دەبات بە ئامانجی ئەوەی زیاتر دۆخەکە بشڵەژێت و زیاتر بازاڕەکە بشێوێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە