سەردار حەمەڕەش

https://www.facebook.com/sardar.hamarash.1


ئەنفا ل و گرفتی گوزارشتی ڕۆژهەڵاتیەکان لە هونەری شیوەکاریدا

Saturday, 12.11.2021, 16:19

946 بینراوە


لە بەر ئەوەی ئێمە ئاژەڵ نین، مرۆڤین ، بۆیە ناسکریمان بە تامی شکست هەیە، ئێمە لە دەرئەنجامی شکستا زمان دەگرین و داستانی شکستی مرۆڤایەتی دەگێرینەوە بۆ نەوەکانمان، هەر ئەو خەسڵەتەیە زمانی پێ بەخشیوین، لە بەر ئەوەی ئاژەلان نازانن شکست چیە، بۆیە ئێمە ( بەستە – زمان) نین وەک ئەوان، دەزانین بدوێین و گوزارشت لە هەست و نەستمان بکەین، گوزارشت لە هەقیقەتی ڕوداوەکان بکەین.  ئەگەر ئێمە بە جەستە لە ئەنفالدا نەژیاوین، ئەوا بێ شک لە ژیانماندا بە ئاگا هاتوینەتەوە لە دەرئەنجامی شکستێکدا، ئەگەر نا تۆ هەگبەکەت بۆشە و هیچت نیە بۆمانی بگێریتەوە. خۆ ئەگەر تۆ تامی شکستت نەکردبێت، بۆ ساتێکیش خۆت وون نەکردبێت، ئەوا ئانفال وەک گەشتی سەیرانگایەک وەهایە بۆ تۆ، تەنها وشەیەکە، دوو بارە و سێ بارە و حەوت بارەی دەکەیتەوە بە دەم ڕێگاوە،  بە ىێ ئاگایی وەک ئاوازێکی لاوەکی، دانشگا و شەهادەی دکتۆریش هەرگیز ناتوانن بە ئاگات بهێننەوە.
جگە لە کوردستان لە هیچ ولاتێکی ئەم جیهانەدا نەم بیستووە هونەرمەندێک دکتۆر بێت، ئەمەش هەستی خۆ بەکەم زانینە لە بەردەم زانستا، هەر ئەم هەستەیە دەمان خاتە تەڵەوە، دەمان خاتە هەڵەوە، چونکا لە بەر ئەوە نیە من دەخوێنم کەواتە دەتوانم ببمە هونەرمەندێک، دەتوانم گوزارشت لەهەستم بکەم بە شکڵ.  بەهرەی هونەرمەندی وەک تامی شکست لە دانشگادا فێر نابین. تۆ کە مێژوی هونەرت خوێندووە، تەکنیکی پەیکەرسازیت خوێندووە،  ساڵ و سەردەمی ڕوداوەکانت لە بەر کردوون بە پێی سەردەم و کاریگەری ئابوری و سیاسی کۆمەڵگە، ئەوا ئەو زانیاریانە ناتوانن ببن بە هەستێکی هونەری، دەتوانن مێژوی ڕوداوەکانی ئەنفالمان بۆ بگێرنەوە، بەڵام ناتوانن گوزارشت لە ئازاری ڕوداوەکان بکەن، گوزارشت لە ئازار لە ترس و لە ون بوون  لە دابڕان بکەن بە شکڵ. ناتوانن ڕاڤە بۆ هەقیقەت بکەن بە شکڵ.
کاری هونەرمەند؛ دکترۆر بەیان نامی بۆ ئەنفال
ئەو پەیکەرەی سەرەوە پرۆژەی دکتۆر بەیان نامیە وەک مۆنیمۆنتێک بۆ ئەنفال، وام دەزانی بۆ دایەنگەیەک کراوە، پێ دەچێت کاکی دکتۆر پێمان بڵێت؛ ئەنفال وەک مندالێکی ساوا وەهایە لە باوەشماندا، خۆشەویستە، یان لە دایک بونێکە، ئەی کەواتە کاکی دکتۆر لە دایک بوون چیە ؟ 
منداڵ و لە دایک بوون، ئازار و ڕوداوی ئەنفال نین. هیچ پەیوەندیەک ئەو وێنەیە نابەستێتەوە بە هەقیقەتی ئەنفال و ئازاری ئەنفالەوە، جگە لە کارێکی هاسان و بێ سەر ئێشە نەبێت. دەزانم وەک زۆر لە ڕۆژهەڵاتیەکان تەنگژی گوزارشتت هەس، ئەگەر منداڵیکمان خۆش گەرەکە لە بەر ئەوەی بەردەوامی بە ژیان ئەدات، بەردەوامی بە بوون ئەدات، ئەمەش بە ئەنستات و بە بێ ڕاڤەکردن بریتیە لە خۆشەویستی و شادی، بەڵام ئەنفال پێچەوانەی بوونە، بۆیە وەک هەموو ڕۆژهەڵاتیەکان لە ئەشکەوتەکەی ئیفلاتوندا بەستراونەتەوە و ناتوانن روتان وەرگێرن، ڕوداو و شکڵەکان بدەنە بەر پریار، بەراوردیان بکەن، بۆیە نازانن باسی جەوهەری ڕوداوەکان بکەن، بە روکەشی و بە بێ بیرکردنەوە لە جەوهەر  گوزارشت لە روداوەکان دەکەن، لەبەر ئەوەی گەڕان بە دوای هەقیقەتا سەر ئێشەیە بۆ ئێوە، کاری ئێوەش لەوەڕینە، لە بەر ئەوەی فەرشی سورتان بۆ داخراوە، کەستان ڕوبەروی دژ و ڕەخنە نابنەوە لەو سیستەمەدا . 
ئەنساتالسیۆنی هونەرمەند؛ عەلی ڕەزا

هەمان هەڵەی گوازارشت لە کاری ئەنساتالاسیۆنی هونەرمەند؛ کاک عەلی ڕزا دەبینین . ووشەی؛ ئەنستالاسیۆن بە مانای ؛ دامەزارندن دێت، هونەرێکی داهێنراوی سەردەمی سالانی شەستە، بریتیە لە پرکردنەوەی شوێنێک، ژورێک، هۆڵێک باخچەیەک بە ئۆبژە، بە مەبستی ڕازاندنەوە یان دەربڕین و گوزارشتکردن لە باسێک. کاری ئەنستالاسیۆن کارێکی کاتیە، دەتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە و لە شوێنێکی تردا جێگیر بکرێتەوە وەک خۆی.
  وەک دەبینین لەم ئەنساتالسیۆنەدا کاکی هونەرمەند بە جل و بەرگی ڕەش، گوایە جل و بەرگی ئەنفالکراوەکانن، شکڵی کەعبەی دروستکردووە لە ناوەڕستی ساڵێکدا، دەیەوێت پێمان بلیت ؛ وەک چۆن ئیسلام کەعبە دەپەرستن، کەعبەی ئێمەی کورد ئەنفالە، یان کەعبە وەک ئەنفال پیرۆزە بۆ ئێمە. 
چواندنی ئەنفال بە کەعبە کارێکی هەڵەشەییە، گەوجیە، لەبەر ئەوەی جەوهەری کەعبە و ئەنفال یەکتری ناگرنەوە، چونکا ئەگەر کەعبە بۆ موسڵمانان پیرۆزە، خۆشەویستە، لە بەر ئەوەی بەهایەکی سپیریتوێڵی هەیە، دورە لە ئازار و ون بوون و لە ناوچوون. کەعبە بەردێکی ڕەشی پیرۆزە و لە خوداوە بۆمان هاتۆتە خوارەوە وەک دیاریەکی بە نرخ، وەهمێکە و هەقیقەتیش نیە، بۆیە دەی پەرستین، بۆیە پیرۆزە بەلامانەوە، بەڵام کاتێک ئێمە دەڵێین ئەنفال پیرۆزە و ڕیزی لێ دەگرین، یان ڕێزمان بۆ کەسانی ئەنفالکراو هەیە، بە هەمان جەوهەری ڕیز و پەرستنی کەعبە نیە، ئەوە زیاتر زمانی قسەکردنە، بە هەمان ئامانج خۆشمان ناوێت، ئەگەر هەموو ساڵێک یادی ئەنفال دەکەینەوە بۆ ڕێزگرتن لە دێهاتیە ئەنفالکراوەکان، ئەوا ئاواتە خواز نین دوبارە ببێتەوە، کاری ئەنفالکردن خۆی لە خۆیدا کارێکی پیرۆز نیە، کارێکی سپیریتوێڵ نیە، بە پێچەوانەوە تاوانێکە، پڕە لە ئازار و ئەشکەنجە، کە زمان ناتوانێت گوزارشتی لێ بکات، کەواتە چۆن دەتوانیت ئەنفال ببەستیتەوە بە کەعبەوە ؟
تەنگژی ڕۆژهەڵاتیەکان لە هونەری شێوەکاریدا، گوزارشتە، نازانن چۆن گوزارشت لە باسێک بکەن بە شکڵ، زۆر جاران سەرنجمان داوە  زمانی وشە تەرجومە دەکەن بۆ زمانی وێنە بە شکڵیکی سادە بە بێ بیرکردنەوە لە جەوهەری باسەکە، زۆر جاران واهەست دەکەین ئەو گوزارشتانە بریتین لە کارێکی هەڵەشەیی و بەرپەرچدانەوەی کەسێک، روداوێک، لە دژی ئایدیۆلۆژیەک یان کۆمەڵە کەسێک، لە کاتێکدا هونەر بریتیە لە واڵاکردنی هەقیقەت، هەڵماڵینی هەقیقەت لە ژێر روداو و شکڵی نمیاش کراو، شکڵی بە ڕوکەش. بەلام ئەوان نەک ڕوکەشی ئۆبژە و ڕوداوەکان پیشان ئەدەن، ئەوا زمانی قسەکردن و نەخش تێکەل دەکەن، وەک ئەوەی ئیولستراسیۆن بۆ ڕستە بکەن. 
ئەم کارانە هیچ پەیوەندیەکی ڕاستە و خۆ و ناڕاستەخۆیان نیە بە ئەنفال و گوزارشت لە ئەنفال، ئەگەر لە کاری ئەنستالاسیۆنەکەدا پێ دەچیت بە بینینی جل و بەرگەکان، بینەر بیر لە ئەنفال بکاتەوە بەبێ ڕاڤەیەکی ژیرانە، ئەوا ئەو مندالە لە باوەشی ئەو ژنەدا، هیچیمان وەبیر ناخەنەوە کە پەیوەندی بە ئەنفالەوە هەبێت.  ئەمیان دەیەوێت پێمان بڵێت ئەنفال وەک کەعبە پیرۆزە و ئەوی تریان پێمان دەڵێت ئەنفال وەک منداڵێک وایە لەباوەشماندا. ئەم  جۆرە گوازرشتکردنانەش بەرهەمی هزری سادەن، ئەو هزرەی ناتوانێت لە پشت ئۆبژەی نمایشکەرەوە هەقیقەت ببینێت، شانۆیەکی بێ ئاگایە.
ئەمانە بەرهەمی ئەقڵی سادەن، ئەقڵی سادە ئەو ئەقڵەیە کە تەنها یەک ڕوی روداوەکان، یەک ڕووی ئۆبژەکان دەبینن، لە بەر ئەوەی بیرۆکەکان ڕوبەروی دژ ناکەنەوە، هزریان ڕاستەوخۆ خۆی نمایش دەکات بە بێ شک، بە بێ ڕاڤەکردن وەک ئەوەی تێ پەڕیوە بە هزری هونەرمەندا. ئێمە مرۆڤی خاوەن هۆشین، ئاگایی ئەو خەسڵەتەی پێداوین کە بیرۆکەکانمان ڕوبەڕوی دژ بکەینەوە، لەبەر ئەوەی لە دایک بوونی هەر بیرۆکەیەک بە لۆژیک روبەروی دژ دەبێتەوە، هیچ بیرۆکەیەک ناتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت ئەگەر بە دژدا تێ نەپەڕیت، هەر بۆیەش بیرمەند و فەیلەسوفان هێندە درێژە ئەدەن بە باسەکانیان، لەبەر ئەوەی بیرۆکەیەکی نوێ دەهروژێنن، تێروانینێکی نوێ، هەڵمالینی هەقیقەتێکی نوێ، درێژەدان بە باسەکانیان بە مەبەستی بازدانە بەسەر ئەو دژانەدا کە روبەروی بیرۆکەکانیان دەبنەوە لە هزریاندا، ئاستی چەندایەتی دژەکان بەستراونەتەوە بە ئاستی ئاگایی بکەرەوە؛ چەندە ئەو کەسە بە ئاگا بێت هێندەش دژەکان زۆر تر دەبن. ئەوەی پێی دەڵێن ؛ تێز ئەنتی تێز سەنتێز، واتە هیچ کارێک و هزرێکی نوێ ناتوانن بونیان هەبێت بە بی ئەوەی بە دژدا تێ نەپەڕن، دژیش لەم کارانەدا چەندەها پرسیارن روبەروی هونەرمەند دەبنەوە ؛ هەقیقەتی ئەنفاڵ چیە ؟ جەوهەری ئەنفال چیە ؟ مداڵێک لە باوەشی کەسێکدا چی دەهروژێنێت لە هزری ئێمەدا ؟ چۆن دەتوانین ئاکتی ئەنفال و کەعبە و منداڵیکی ساوا لەباوەشدا ببەستینەوە بەیەکەوە ؟ کەعبە چیە ؟ بۆچی موسڵمانان دەی پەرستن، شکڵێ کەعبە لەکوێوە هاتووە ؟ بۆچی بە جل و بەرگ کەعبە دروست دەکەم ؟ کاتێك بینەر ئەم کارە دەبینێت بیر لە چی دەکاتەوە ؟ چی لەهەستی ئەودا دەهروژێنم ؟ چ هەقیقەتێکم  واڵا کردووە لە ژێر ئەو کارە هونەریەوە ؟  
ئەتوانین بڵێین کە ئاستی هونەرمەندانی کوردستان لە ئاستی ئەقڵی ئەو سیستەمەدایە کە حوکمڕانی دەکات.