چیرۆکەکانی شار، تابوتێک و تەرمێکی سێ قاچ

Sunday, 12/12/2021, 13:39

5976 بینراوە


گەڕەکەکەمان پڕبوو لە هەموو ئەو خێزانانەی کە هەریەکەیان چیرۆکێکی سەیر لە کارەکتەریاندا خۆی شاردبۆوە هەریەکەیان لە جێگەیەوە هاتبوون ئەوان ژیانیان پڕ پڕبوو لە نهێنی شاراوە ...! بۆیە زۆرجاران کە بەکۆڵانەکاندا دەڕۆیشتن لەبەر خۆیانەوە دەمیان دەجوڵاند و قسەیان دەکرد بێ ئەوەی کەس ووشەیەکیشیان لێ ببیستێت . ئەوان لەگەڵ خۆیاندا مشتومڕیان دەکرد . لە گریانەکانیشدا بێدەنگ بوون چونکە بێدەنگی هونەرێک بوو کە سەریانی بە پارێزراوی ڕاگرتبوو هەربەڕاستی دەتووت ئەوان ڕێک لە ئەستێرەیەکی ترە وە بەربوونەتەوە .
 من باسی باوک و دایکی ڕەمزی ژن و پیاوە هیندیە عەرەبەکە دەکەم کە ژیانیان پڕ پڕبوو لەشتگەلی شاراوە دوو مرۆڤی سادە و ساکار بوون. نایەتە بیرم هیچ کەس لەو کاتانەدا فێریان کردبین و پێمان بڵێن :
" ئەوکەسانەی هەمیشە خەندەیەک لە سەر لێویانە ئایا دەزانن ئەوانە خەمێکی شاراوەشیان هەیە...!؟" 
 یان بەئێمەیان نەووتبوو: "مرۆڤێکت بینی بێدەگ بوو مانای ئەوە نییە کە لاڵ بێت " .
 ئەم ژن و پیاوە باریک و چاو زەرد و لاوازە هەمیشە زەردەخەنەیەک لە سەر ڕوخساریان بوو دایک و باوکی ڕەمزی هەردووکیان جگەرەکێش بوون کە بەڕێگەدا دەڕۆیشتن بەردەوام دووکەڵ هاوسەفەر و هاورێیان بوو گرنگ نەبوو با یان باران بوایە، ئەوان هەمیشە جگەرەیەک بەدەمیانەوەبوو هەموو جارێک بیرم دەکردەوە و لەخۆم دەپرسی ڕەنگە لەجێگەی ئاو خواردنەوە کە نانیش بخۆن دوکەڵی جگەرە هەڵمژن .... دوایش بەکوردییە تێکشکاوەکەیان کە قسەیان دەکرد، هەستت دەکرد خزمەکانی "داراماندەر و ئەمیتا باباجان " * قسەت بۆدەکەن، چونکە فۆنەتیکی ئاخاوتنیان هندیی بوو ووشەکانیان کوردیەکی تێکشکاو بووبەڵام ڕوویان خۆش بوو شەکر لەزاریان دەباری کورد ووتەنی .
بیرمە ئەوان بە فۆنەتیکی هندیی و ووشەگەلی عەرەبی و کوردی گفتوگۆیان دەکرد لەگەڵ یەکتریشدا ... بەڵام هەمیشە ڕوویان خۆش بوو هەتاو ئەوانی داخ کردبوو، هەربۆیە ڕەش ئەچوونەوە ئەوان هەمیشە بەشەقامەکاندا دەهاتن و دەچوون .. قژە خۆڵەمێشێکانیان و سەروچاوە ماندۆکەیان چیرۆکێکی نهێنی و تراژیدیایی ئاڵۆزی دەگێڕایەوە ئەوان نەک هەژاریی بەڵکو ژیان هاڕیبوونی ...
باوکی ڕەمزی هەمیشە زەمیلەیەکی بە کۆڵەوەبوو لەگەڵ پەرەمێزێدا کە بەدەستێوە بوو ... ئەوپیاوە بابۆڵەی باینجان و پەتاتە و تەماتەی لەسەر پەرەمێزەکە سوردەکردەوە و دەیفرۆشت ...دایکی ڕەمزیش لە کارگە کاری دەکرد ...ئەوان ئەو تاکە کوڕەیان هەبوو کە لە دایک و باوکی خۆی درێژتربوو لاواز و ڕوویەکی خۆش هەمیشە لەگەڵ باوکیدا کاری دەکرد و بەکۆڵانەکاندا دەڕۆیشتن. ڕەمزی دانەکانی سەرەوەی لەپێشەوەبوو کە پێدەکەنی لە کەروێشکێکی ڕووخۆش دەچوو هاوڕیێیەکم هەبوو دەیووت : ئەوەندە بەهارات دەخۆن بۆیە وا لاوازن ئێمە کەسمان نەمان دەزانی تەمەنی چەندە ....!؟
 هەربەڕاستی کەی جاران باسی تەمەن لە گۆڕێدا هەبوو.... !؟
 یەکێک لەنیوەڕۆ گەرمەکانی هاوین ڕەمزی بەخۆی وجانتایەکی ڕەشەوە و بەرگی سەربازییەوە دەرکەوت ... هێندەمان لاسەیربوو کە ڕەمزی بۆتە سەرباز ...! 
ڕەمزی سیمایەکی ماندوو ترساو پاشانیش ڕەش داگەڕابووی هەبوو کە دەڵێم ڕەش ڕەشتر ببوو ... ئەو بە مۆڵەت لەسەربازییەوە گەڕابۆوە ڕەنگی مردووی لێنشتبوو ...نە پێکەنین نە قسە کردن نەڕووەخۆشەکەی و پیشاندانی دانەکەروێشکێکەی لەو ڕۆژەدا دیار نەبوو ... چەند سەیربوو لامان ...کە ڕەمزی لەپڕێکدا گەورەبوو..! ئەو ئیتر ببووە پیاوێکی بەرخۆر ڕەشتر و ڕەشتر بوو....
شەڕی ئێران عێراق تا دەهات گەرمتر دەبوو لە هەردووکەناڵی تەلەفیزۆنەکانەوە بەیان دوایی بەیان بڵاودەکرایەوە .. سەدام بەرگی سەربازی پۆشی و زووزوو لە بەرەکانی شەڕەوە یان گوللە تۆپی دەتەقاند و گوریسی گوللەتۆپەکانی ڕادەکیشا، یان ئاربیجی دەتەقاند .. دووایی چەند ساڵێک زانیم ئەوە هاوشێوەکەی سەدام بوو کە دەچووە ئەوشوێنانە بۆ بەرەکانی جەنگ نەک سەدام خۆی .. هەموو شەوێک لە کەناڵەکانەوە دەیان لاشەی ڕۆحکێشراویان نمایش دەکرد ئاگاداری هیچ خێزانێکیشیان نەدەکرد کە چاوی منداڵەکانیان بگرن ... ئێمە هەموومان بۆ جەنگ ئامادەدەکراین .... یان مەدالیایی ئازایەتی دەکرایە بەرۆکی سەربازە تۆقیوەکانی جەنگدا و ستایش دەکران ... دیوێکی تری جەنگ سەربازانی بێناو یان ترسنۆکەکان بوو کە دەبرانەوە بۆ خێزانەکانیان لەتابوتەکەیان دەنوسی "جبان" ترسنۆک خێزانەکەش نەمافیان هەبوو داوایی ڕوونکردنەوە بکەن نە بۆیان هەبوو بۆ ترسنۆکەکەی کوڕیان پرسە دابنێن ... کێ پۆڵۆنی ئازایەتی یان ترسنۆکی سەربازەکانی دەکرد.... !؟ ئەوە پرسیارێکی بێ وەڵام بوو .... 
گەڕەکی ئێمە کەمترین ئۆتۆمۆبیلی پیا دەڕۆی هەربۆخۆی ئۆتۆمبێل کەم بوو بەڵام چەند تراکتۆرێک و هەندێک عەرەبانە و چەند گوێدرێژێکی نانەوردەش بەرچاو دەکەوت لەگەڕەکەکەماندا تراکتۆرێک خۆڵ و خاشی دەبرد بیرمە چەند ساڵێک پێشتر بە ئەسپ و عەرەبانە خۆڵ وخاشەکان کۆدەکرایەوە .... تراکتۆرێکیش غازی دەهێنا ... ئیتر ئۆتۆمۆبێلی تر بە ڕێکەوت لەو ناوەدا گوزەریان دەکرد ... بیرمە دراوسێیەکمان دەمپەڕێکی پێبوو کە لم و بلۆک و چیمەنتۆو قیری سەربانی پێدەگواستەوە ...
هەمووی چەند مانگێک بوو شەڕی ئێران و عێراق هەڵگیرسابوو ئیتر تارمایی شەڕ لەهەموو جێگەیەک بوو دێتەیادم گڵۆپی شەقامەکانیان بەشەو دانەدەگیرساند لەبەرهاتنی فڕۆکەکانی ئێران بەردەوام سەربازی تر بانگ دەکرایەوە .. گەنجەکان و پیاوانی گەرەکەکەمان زۆریان گەڕانەوە بۆ سەربازی هێشتا هەڵهاتن لەسەربازی دەستی پێنەکردبوو ... ڕۆژێکی پایزبوو هەور ئاسمانی گرتبوو بەڵام باران نەدەباری .. ئێمە هەمیشە لەکۆڵان خەریکی یاری کردن و ڕاکەڕاک بووین گەر لەقوتابخانە نەبووینایە ... ووتیان بە پاسێکی کۆستەر تابوتیان هێناوەتەوە بۆگەڕەکەکەمان .. لاشەی ناوتابوتەکە ڕەمزی بوو ڕەمزی دان کەروێشک .. ئەوە هەر ناوی تابووت بوو بەڵام سندوقێکی ناشرین و بۆر لەسەرو لاتەنیشتەکانی بە بۆیەیەکی سور لێی نوسرابوو "جبان " ترسنۆک لەکەوانەیەکی خوارو خێچدا ....
 جاران نەتۆڕی کۆمەڵایەتی هەبوو نە ئەو مێدیا جەنجاڵ و ئەختەبوتیانەی ئێستاکە ... بەڵام هەواڵەکان بێئەوەی ترش و خوێ بکرێت.... بەخێرایی لەچەشنی ئاگری لە پوش و پەڵاش بەر دراوو بڵاو دەبۆوە ... سەربازێک کە ناسنامەی ترسنۆکیان بەباڵایدا کرد بوو لەبەردەم ماڵی ژن و پیاوە غەریبەکەدا دانرا ..... ئاگاداریان کردنەوە کە بۆیان نییە پرسەی بۆ دانێن و کوڕەکەیان لەشەڕدا ترسنۆک بووە و ئامادە نەبووە شەڕبکات بۆیە وەک ترسنۆکێک مردووە ... 
 لەگەڕەکەماندا هەر کەسێک لە کارێکدا شارەزابوو ... قومریە ڕەش مامانی دەکرد و دەرزی لە خەڵک دەدا ... خونچە شبر بەرگدرووبوو... سمایلە چاوباشقاڵ مجەوربوو جارناجاریش بانگی دەدا چاوەکانی دایم ڕەش دەکرد و سمێڵ و لاجەنەکانی هەمیشە قیراتاوبوو ... سۆفیەک هەبوو گۆچانێکی پێبوو دایم لەبەرخۆرەکەدا بوو سەبیلی دەکێشا ... ئەو مردووی دەشت و کفنی دەکردە بەر مردۆکاندا ...سۆفی هێندە مردووی شتبوو خۆی لە مردوو دەچوو ڕیش و سمێڵی بە دوکەڵی سەبیلە درێژەکەی زەرد ببوون .... کە مام سۆفی تابوتەکەی هەڵدابۆوە لاشەیەکی هەلاهەلای چاوپێکەوتبوو لەتێک سەر و سێ قاچ و هەندێک ناوقەد و باڵێک و دوودەست .... ئیتر بەسەر تابوتەکەدا کەوتبوو چونکە لاشە هەنجن هەنجنەکە بۆنی کردبوو کرم تێدابوو ...مام سۆفی ئیتر نەیتوانیبوو لەوە زیاتر مردوو بشوات و ئەو پیشەیەی بۆ هەتاهەتایە جێهێشت .... ڕەمزیە دان کەروێشک بووە ئەفسانە و هەموو گەڕەکەمان ماوەیەکی زۆر خەوی کابوسمان دەبینی ... دایک وباوکی ڕەمزیش پیرتر داماوتر ببوون تا ڕۆژێک بۆ یەکجاری ڕۆیشتن و هیچ ئاسەوارێکیان لەدوایی خۆیان جێنەهێڵا .... نەبەکەسیان ووتبوو بۆ کوێ دەچن ... نەکەس دەیزانی ئەوان ڕوویان لەکوێ کردووە...!
 پاش وونبوونی ئەم خێزانە داماوە مەنیجە سەر زێڕ کە ژنێکی جانانەبوو نهێنیەکی درکاند ..... چونکە حەوشی ماڵەکەیان نزیکی ماڵی دایک و باوکی ڕەمزی بوو ...مەنیچ لای ژنانی گەڕەگ ووتبووی ... گەر خوا پێم نەگرێت ئەو ماڵە شەیتان چووبۆ ناو مێشکیانەوە کە کوڕە هەلاهەلاکەیان گەڕابۆوە ... شەو لەحەوشی ماڵەکەیان ئاگریان لە لاشە و تابووتەکەبەردابوو ... ئێمە ووتمان چەنێک بێهەستن ئەمڕۆ لاشەی کوڕەکەیان هاتۆتەوە کەچی گۆشت دەبرژێنن... !؟
 پورە مەنیجی سەر زێڕ ووتبووی ئاخر زەمانە .. بەخوا ئاخرزەمانە ... حەمە ومینی مێردم هەموو شتێکی دیبوو لە سەربانەوە چاوی لێکردبوون لاشەی کوڕەکەیان تا نەبوو بە خۆڵەمێش وازیان لێنەهێنابوو هەرئاگرەکەیان جۆش دابوو ..... بۆ بەیانیەکەشی من لەدەرگاکەیانم دا ... پێئەچوو لەماڵ نەبووبن ...دەرگایان نەکردەوە لێم بەڵام لەکونی ئەڵقەڕێزەکەوە سەیرم کرد لەو جێگەیەی ئاگریان لە لاشەکە بەردابوو هەموویان کردبوو بەگوڵ و گیا و حەوشەکەیان شۆردبوو ..... کە ئەم هەواڵە بڵاو بۆوە ...ئێمە دەترساین بەڵام هەندێک لەمنداڵە گەورەکان دەچوون بەردیان دەگرتە پەنجەرە و دەرگاکان .... ئەوان تازە ڕۆیشتبوون خۆیان و خۆڵەمێشی کوڕەکەیان بۆهەتاهەتایە وونبوون لەگەرەکەمان ..... دایک و باوکی ڕەمزی و ڕەمزی دان کەروێشک سێ مرۆڤی میهرەبان بوون ... ئەوان بەدوایی کابوسی ژیاندا وێڵ بوون ... لە گەورەبووندا حەزم دەکرد لەدەمی خۆیانەوە ئەوە ببیستم کە چی ئەوانی هێنا بۆ ئەم مەملەکەتەی ئێمە ....!؟

*دوو ئەکتەری سینەمای هیندین 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە