خیانەت لە خاک و نیشتیمان لێبوردنی نییە

Monday, 13/12/2021, 9:07

3562 بینراوە


- ڤێتنامییەکان لاکی خائینەکانیان فڕی دەدایە ناو دەریاکانەوە، دەیان گوت، ئەوەی خیانەتی لە خاکی خۆی کردبێت، نابێت لەژێر ئەو خاکەدا بنێژرێت.

---------------------

- پێناسەیەک بۆ ئەو خائینانەی کە جێمان دەهێڵن.

ماوەی سێ ساڵە کەمتر یان زیاتر (هێرۆی برایم ئەحمەد) ژنی جەلال تالەبانی، رەنگ و دەنگی نییە و هیچ باس ناکرێت. وەکو لەم لاو لەولا دەیبیستمەوە، کە تووشی دەرد و نەخۆشییەکی قورس بووە، لەناو جێگادا کەوتووە، ناتوانێت هەڵبستێت، خواردنی بە دەمەوە دەکەن و پاکیشی دەکەنەوە.
کۆسرەت رەسوڵیش، بە هەمان دەردی (هێرۆ) چووە، ئیستا لە خەستەخانەیەکی ئەوروپا کەوتووە و چاوەڕوانی هەواڵی لاربوونەوە و کۆتایی ژیانی دەکرێت.
من لێرەدا مردن بۆ ئەمانە بەکار ناهێنم، چونکە مردن لە هەموو زمانەکاندا پێناسەیەکی سروشتییە، کە کاتێک  مرۆڤ ژیان بەجێدەهێڵن وشەی مردن بەکار دەهێنرێت. ئاینی ئیسلام وشەی (تۆپین) بە شایستە دەزانێت کە بۆ ئاژەڵ بەکار بهێنرێت، چونکە ئاینی ئیسلام ئاژەڵی لە خوارووی  مرۆڤ داناوە، جگە لەمە ئیسلامی لە سەرو هەموو مرۆڤەکانی تر پێ بیرۆزترە. پیاوی لە ژن و کچ و مێینە بە نرخترە، ئاوا  دەبێت  ئێمەش لە سیاسەتیشدا وشیارانە پێناسە و مامەڵە ڵەگەڵ پیاوی نیشتیماپەروەر و خائیندا بکەین، پێناسەی دواکۆتای ژیانیان جیاوازبێت بەپێی تەمەنی سیاسیی و خزمەت و دڵسۆزییان بەڕێیان بکەین، نەک بە گۆترە هەموویان وەکو یەک چاولێبکەین.
پێش مانگێک بەر لە ئیستا مەلا بەختیار و چەند بەرپرسێکی هاوشانی خۆی، وایان راگەیاند کە ژارخواردووکراون، ماوەی یەک دوو هەفتە سەری خەڵکیی و راگەیاندنەکانیان پێوە قاڵ کردبوو، دوایی هیچ بەڵگەیەک نەیسەلماند، کە بە راستی ئەم نێرکە بەرپرسانە دەرمانخوارد  کرابێتین، تەنیا مەبەستێکی سیاسیی و پلانی دەزگا ئەمنییەکان ئەم سیناریۆیەی بۆ دروست کردبوون.
 ئەم ژارخواردنە ئەوەی هێنایەوە بیرم، کاتێک منداڵ بۆ ئەوەی سەرنجی  دایک و باوک و ئەندامانی خێزانەکەی رابکێشێت، هەندێک جار بە گاڵتەوە خۆی نەخۆش دەخات و ئازار و هاواری لێبەرزدەبێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو رۆژە نەچێتە قوتابخانە، یان داوای شتێک دەکات و ئەوە دەکاتە بیانوو، تا نازی بدەنێ و بۆی بکڕن، یاخود هەر هۆکارێکی تر.  ئەم بەرپرسە کوردانەش  کە ئیستا لە تەمەنێکدان و دەزانن کۆتا ژیانیان نزیک بۆتەوە، وەکو کەسایەتیی بوونەتە بارێکی قورسی پڕ تاوان و خیانەت بەرامبەر بەو میللەتە، لە ناخەوە ئازارییان دەدات، بۆیە بەشێکی هۆکاری سینارۆی ئەو ژارخواردنەش، رەنگە ئەو هەستەشی تێدابێت، بە بەڵگەی ئەوەی  کاتێک مەلا بەختیار بڕیار دەدات بگەڕێتەوە، رادەسپێرێت لە خانەقینەوە کەسانی بەستەزمان و سادە بچنە سلێمانی و پێشوازی لێبکەن، پێی وایە بەمە ئارامییەکی دەروونی بۆ دەهێنێت و نرخی کەسێتی خۆی پێ بەرز دەکاتەوە، لەهەمان کاتدا پێشبینی نەمانی خۆشی دەکات، ئاخۆ ئەگەر لە ژیاندا نەما دوایی چی و چۆنی بۆ دەکەن! ئەو خەو بە مردنێکی وەکو نەوشیروانەوە دەبینێت، کە چۆن ئاپورەی خەڵکی ساویلکەی سلێمانی بە پیر تەرمی نەوشیروانەوە چۆن، ئایا ئەمیش هەمان کاری بۆ دەکەن!، پەلەیەتی دەیەوێت بە زیندویەتی ئەوە ببینێت، لە ناخەوە کوڵک دەگرێت بۆ رێزگرتن و  پێی ئاسودە دەبێت. بەڵام مێژوو رەحم بە کەس ناکات و خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی لێبوردنی نییە، ئەوانەی خیانەت و ناپاکییان کردبێت لەکاتی نەمانیاندا دەبێت پێناسەی تایبەتیان بۆ بکرێت، لە کەسانی بێوەی و دلسۆز جیابکرێتەوە. پێویستە وشەی (مردن) و (خوا عەفوی کرد) و (شەیتان دەستی لێهەڵگرت)، (رەوانی شاد) و ئەم وشە باو و سواوانە بۆ ئەوانە بەکار نەهێنرێت. ئێمە تا تێگەیشتنمان بۆ ژیان و مردن، بۆ چاک و خراپ، بۆ رەش و سپیی نەبێت، ناتوانیین هیچ کام لەویتریان جیابکەینەوە و خەڵاتی پیاوچاکان، یان سزای پیاوخراپان بدەین. کاتێکیش نەمانتوانی ئەو جیاوازییە دروست بکەین،  دەبێ ئەوەش قبوڵ بکەین، کە کاتێک دەسەڵات جاشێک و باشێک، پێشمەرگە و پاشمەرگەیەک، وەکو یەک تێکەڵ دەکات، نابێت چیدی بە تاوان و هەڵەی بزانین، چونکە لە سەرەتاوە ئێمە خۆمان ئەوەمان قبوڵ کردووە.
کاتی  خۆی، کە هێشتا جەلال تالەبانی لە ژیاندا مابوو، (گۆڤاری هۆنا) لە کوردستان دەردەچوو، چەند پرسیارێکیان ئاڕاستە کردم، یەکێک لەو پرسیارانە ئەمەی خوارەوە بوو:
- لەكاتی نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییدا هەموو یار و نەیارەكانی هیوای چاك بوونەوەی دەكەن، بەڵام ئێوە بە پێچەوانەوە بۆچی؟
وەڵامی منیش ئەوە بوو:
-  مردن گەڕانەوەیە بۆ سروشت، من وەک نووستنێکیش دەیبینم، ئارامیی و رزگاربوونە لە ئازار و ئەشکەنجە، هیوادارم تالەبانی تا 50 ساڵی دیکەش بە ئازارەوە بژی، بۆ ئەوەی سەرەنجامی ئەو کارانەی، کە کردوویەتیی بە چاوی خۆی بیبینێت، تا بزانیت چ زوڵمێکی لە نەتەوەکەی خۆی کردووە، ئێمە هیوای مردن بۆ هیچ کەس ناخوازیین، بەڵام دەمانەوێت گەلی کوردیش وەک گەلی فەڕەنسا بێت، چۆن دوای سەرکەوتنی شۆڕش دادگایی ئێسک و پروسکی "میرابۆ"یان کرد! ئێمەش بۆ وا نەبین؟
تالەبانی بەر لە هەفتەیەک، پێش ئەوەی جەڵدەی مێشک لێی بدات، لە ڕۆژنامەیەکی کوێتیدا ووتی ئەو کوردەی بیر لە ئازادیی دەکاتەوە بێمێشکە.
ئێمە سیاسەت دەکەین، کەسێک بەرامبەر بەگەلەکەی خۆی هەڵوێستی ئاوا بێت، دەبێت ئەو کەلتورە لە بناغەوە تێک بدەین، ئەوەی لەسەریشی نووسراوە و دەنووسرێت، غەدر و ناهەقی نییە کە بەرامبەری کرابێت، تەنها گەڕانەوەیە بۆ رابردووی خۆی، ئەو خەڵکە کە بیرکردنەوەیان کورتە، دەبێت بە بیریان بهێنینەوە، ئەمڕۆ گەنجێکی زۆر ئاگاداری مێژووی گەلەکەی خۆیان نیین، کارێکی باشە ئەو مێژووە بخوێننەوە.

لە کۆتاییدا مرۆڤێکی ئاسایی کە هیچ زیانێکی بۆ کۆمەڵگا و خەڵکی نەبووە، خزمەتی کردوون، کاتێک ژیان بەجێدەهێڵێت و دەگەڕێتەو بۆ نێو سروشتی خۆی، پێی دەڵێن: (کۆچی دوایی کرد، مرد.... هتد). ئەوە دوایی دەمێنێتەوە دەگوترێت: لاشە. یان تەرم، بە دەیان وشەی جوان و رێزلێنان بەڕێ دەکرێت وەکو: خوالێی خۆش بێت، رەوانشاد ... هتد
بەڵام ئاژەڵێک کە لە ژیاندا نامێنێت موسڵمان پێی دەڵێت: تۆپی (طۆپی).. بە پاشماوەکەی دەگوترێت: (لاک)ی ئاژەڵ.
ئەی ئەم خائینانە، کە جگە لە زیانگەیاندن بە مرۆڤایەتیی و خیانەت بە گەل و نیشتیمان، بە چ پێناسەیەک بەڕێیان بکەین. 
ڤێتنامییەکان لاکی خائینەکانیان فڕی دەدایە ناو دەریاکانەوە، دەیان گوت، ئەوەی خیانەتی لە خاکی خۆی کردبێت، نابێت لەژێر ئەو خاکەدا بنێژرێت.
کوردیش کاتێک خائینەکانی ژیان جێ دەهێڵن، دەیانبەنە سەر کردێک و بەرێزەوە دەیاننێژن، وەکو نیشتیمانپەروەر و دڵسۆز و خەمخۆری خۆیان فرمێسیان بۆ دەڕێژن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە