بۆچی مه‌سرور زه‌نده‌قی له‌رۆژنامه‌وان و راگه‌یاندنه‌؟!

Tuesday, 12.14.2021, 17:59

1404 بینراوە


7/12/2021 سكانداڵێكی مێژوویی بوو بۆ مه‌سروور بارزانی؛ له‌و سكانداڵه‌دا رۆژنامه‌وانی به‌ئه‌سڵ ئه‌مریكی مه‌له‌فێكی گه‌نده‌ڵی مه‌سرووری هه‌ڵدایه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش كڕینی باڵه‌خانه‌یه‌كه‌ به‌ بڕی 18 میلیۆن دولاری ئه‌مریكی. ها ئه‌مه‌ش كاری رۆژنامه‌وانه‌، ده‌رخستنی راستیه‌كان بۆ رای گشتی؛ واتا راگه‌یاندنكار و رۆژنامه‌وان چاو و گوێ كۆمه‌ڵگه‌ن و كۆمه‌ڵگه‌ش زۆر جاران ئاراسته‌ ده‌كه‌ن.
ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ مه‌سروور بارزانی به‌سیفه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ده‌یان رۆژنامه‌وان و راگه‌یاندنكاری له‌هه‌ریمۆكه‌كه‌ی باشوری كوردستاندا خستووته‌ كۆنجی زیندانه‌كان. ها ئێستا به‌راشكاوی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كه‌ بۆ چی مه‌سروور بارزانی زه‌نده‌قی چووه‌ له‌رۆژنامه‌وان و راگه‌یاندنكار.
مه‌گه‌ر ئه‌و رۆژنامه‌وان و راگه‌یاندنكارانه‌ی هه‌رێمی باشوری كوردستان كه‌ ئێستاكه‌ خراونه‌ته‌ كۆنجی زیندانه‌كانی مه‌سروور و ده‌سه‌ڵاته‌ ملهۆڕه‌كه‌ی چییان كردووه‌ كه‌ زیندانی كراون، ئاخۆ ماڵ و مۆڵكی بارزانی و مه‌سروریان دزیووه‌، ئاخۆ ده‌ستدرێژی سه‌ر نامۆسی بارزانیان كردووه‌، ئاخۆ رێگه‌یان كردووه‌ته‌وه‌ بۆ هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی سۆپای ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك بۆ سه‌ر خاكی باشوری كوردستان، ئاخۆ رێككه‌وتنی په‌نجا ساڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركدا واژۆ كردووه‌، ئاخۆ داهاتی ژێرخان و سه‌رخانی وڵاتیان به‌تاڵان بردووه‌ كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ وێزه‌یان و له‌كۆنجی زیندانه‌كاندا به‌ندكراون. 
مه‌گه‌ر هه‌ر خۆدی بارزانییه‌كان نه‌بوون كه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌شان و باڵی دانیال میترانی رۆژنامه‌واندا هه‌ڵده‌ده‌ن كه‌ گوایا قه‌زیه‌ی تێكۆشانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان به‌سه‌ركردایه‌تی مسته‌فا بارزانی گه‌یاندۆوه‌ته‌ وڵاتانی دنیا. ئه‌وه‌ نییه‌ له‌هه‌ولێر به‌ناو پایته‌ختدا هه‌یكه‌لی بۆ درۆست ده‌كه‌ن. ساڵانه‌ فیستیواڵی به‌ناوه‌وه‌ ده‌كه‌ن و خه‌ڵات دابه‌شده‌كه‌ن، كوڕه‌كه‌ی بانگی هه‌ولێر ده‌كه‌ن و له‌په‌رله‌ماندا گوێڕایه‌ڵی قسه‌كانی ده‌بن. ئه‌ی چی بووه‌ كه‌ ئێستاكه‌ كاك مه‌سرور به‌سیفه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌ت په‌لاماری رۆژنامه‌وانان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌دات.
ئێستاكه‌ بۆ هه‌موو عاله‌م دیار بوو كه‌ بۆچی مه‌سرور ئه‌وه‌نده‌ زه‌نده‌قی له‌رۆژنامه‌وانان و راگه‌یاندنكاران چووه‌ و ده‌چێت. بۆیه‌ ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر نرخێك ده‌بێت ده‌بێ هه‌م كاری رۆژنامه‌وان و مه‌ودای كاركردنیان به‌رته‌سك بكرێته‌وه‌ و هه‌میش رێگه‌یان نه‌ده‌ن له‌هیچ كام له‌كایه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی دا ده‌ستیان به‌زانیاری و به‌ڵگه‌ و دكۆمێنت بكه‌وێت، چۆن فه‌زاحه‌ت و سكانداڵه‌كانیان تری بارزانی زیاتر ئاشكرا ده‌بن و ئه‌ویش له‌پێشبه‌ری چاوی دنیا و خه‌ڵكی كوردستان ریسوا و زه‌لیل تر ده‌بن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان له‌وه‌ زیاتر روو قائیمن كه‌ شه‌رم و حه‌یا بیانگرێت؛ چونكه‌ بینیمان له‌وه‌ڵامی ئه‌و رۆژنامه‌وانه‌ و ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ی كه‌ راپۆرته‌كه‌ی له‌سه‌ر دزیه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی بڵاوكردبووه‌، به‌چی شێوه‌یه‌كی بێ شه‌رمنانه‌ هێرشیان كردبووه‌ سه‌ر كه‌رامه‌ت و ئابڕووی دوو كه‌سایه‌تی كورد و هاونیشتیمانی. 
دیاره‌ كاری رۆژنامه‌وانی و راگه‌یاندنكاری له‌م هه‌ریمۆكه‌ی باشوری كوردستاندا زۆر كارێكی زه‌حمه‌ت و پڕ له‌كێشه‌یه‌. كارێكه‌ كه‌ ئه‌ركه‌ ئه‌خلاقیه‌كانی و به‌جێ هێنانی ئه‌وه‌نده‌ زه‌حمه‌ته‌ به‌هیچ كه‌سێك زوو به‌زوو ناكرێت. ئه‌وه‌ ناڵێم كه‌ هه‌ندێك كه‌س كاری راگه‌یاندن ته‌نیا وه‌كو وه‌سیله‌یه‌ك بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیان ته‌ماشا ده‌كه‌ن و زۆر كاریان به‌درخستنی راستیه‌كان نییه‌. ئه‌و راگه‌یاندنكاران و رۆژنامه‌وانانه‌، ته‌نیا كاریان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێیان ده‌گۆترێت ته‌ماشای روودارو و دیارده‌كان بكه‌ن، زیاتر له‌وه‌ كاری ئه‌وان نییه‌.
به‌ڵام راگه‌یاندنی ئازاد و چاونه‌ترس و خاوه‌ن پره‌نسیپه‌ ئه‌خلاقیه‌كان، هیچ كاتێك چاو له‌ناعه‌داڵه‌تی، دزی و تاڵان و چه‌واشه‌كاریه‌كان داناخات و بگره‌ بنكۆڵ بنكۆڵ به‌نۆكی پێنوسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ ده‌یكۆڵێت تا بگاته‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كه‌ هه‌موو كه‌س پێ باوه‌ڕ ده‌كات و ماڵی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌.
به‌ڵی سكانداڵه‌ی فه‌زیحه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی باشوری كوردستان"مه‌سروور بارزانی"، له‌لایه‌ن راگه‌یاندنكارانه‌وه‌ و رۆژنامه‌نوسانه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و په‌ڕی گوێیه‌كان، خۆیان هیچ خه‌ڵكیشی كاس و مات و مه‌بهوت كرد. ئێدی با هه‌ر كه‌س به‌ باشی بزانێت بۆ چی حكومه‌تی هه‌رێمی باشوری كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی ملهۆری ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌راگه‌یاندنكاران ده‌ترسن و له‌هه‌موو كارو چالاكییه‌كدا پێش هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك په‌لاماری رۆژنامه‌وانان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ ئه‌و راستییه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی فاشیستی و دیكتاتۆر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێت كه‌س باسی ناعه‌داله‌تیه‌كانی بكات.
له‌ هه‌رێمه‌كه‌ی باشوری كوردستان و كوردستان به‌گشتی به‌سه‌دان رۆژنامه‌وان و ده‌زگای راگه‌یاندن هه‌یه‌ ده‌بێت هه‌ر رۆژه‌ سپاس و قه‌دردانی ئه‌و رۆژنامه‌وان و رۆژنامه‌نوسه‌ بكرێت كه‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی مه‌سروری كوڕی مه‌سعودی ئاشكرا كرد.