ھەر ھێزێک بێت! مۆڵەتی پێدراوە

Tuesday, 14/12/2021, 18:33

2916 بینراوە


دەمێکە و لە زۆر وتاردا باسی ئەوەم کردووە، کە تورکیا بەردەوام، بەشێک لەو مرۆڤە بەکرێگیراوانەی شەڕگە زۆرەکانی، دەگوازێتەوە بۆ باشووری کوردستان و بەردەوام لە پەلامارەکانیدا، بۆ سەر ناوەندی تێکۆشانی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان لە قەندیل، ڕاھێنانیان پێدەکات و ئامادەیان دەکات بۆ پەلاماردانی گوند و شارەکانی باشووری نیشتمان.
ئەو ھێزە ڕاھێنراوە لە ھەر جێگایەک بە ناوێکەوە مرۆڤ دەکوژن، ئەمەش شێوازێکی نوێی دەزگا ھەواڵگرییەکانە، بۆ ترساندن-، شێواندن-، تۆقاندن و دروستکردنی بێ متمانەیی خەڵک لە ناو خۆیاندا.
ئەو ھێزە وحشیانە، بریتین، لەو گەنجانەی لە ناوجەرگەی شەڕەوە گەورەبوون و لەدنیای ئەلیکترۆنی ئەمڕۆدا، لەخەیاڵی ئەوەدان کە یارییە ئەلکترۆنییەکان، لەبەرەی جەنگی دژ بە مرۆڤدا، بکەنە واقع و لەم شانۆی خوێنڕژانەشدا، وەک پاڵەوان و سووپەرمانێک خۆیان ببیننەوە.
ئێمە دەزانین کە دەزگا ھەواڵگرییەکانی چواردەورمان، بۆ تێکدانی بنەمای مرۆڤ بوونی بەکرێگیراوەکانیان، ھەمووئامڕازەکانی نابووتکردن بەکاردێنن و پەنا بۆ ھەموو ( وەحشیگەرییەک) دەبەن، بۆ گۆڕینی بیرکردنەوەی مرۆڤ لەمرۆڤ وەک:
بەکارھێنانی ڕەگەز
ئاین
درۆی مێژوویی ھەڵبەستراو
نیشتمان
لێکدانەوەی پووچ و خوار بۆ ڕاسپاردەکانی یەزدان
ڕابوواردنی سێکسی
گۆڕینی حەڵاڵ بە حەرام و حەرام بە حەڵاڵ
ماددە ھۆشبەرەکان
فتوای سەقەتی ڕێبەرەئاینییەکان بۆ ئاسایی کردنی کوشتنی بەرانبەر.
پارە
بەڵێنی حۆریی و پلەی شەھادەت.
لێکدانەوەی سەقەتی ماناکانی کفر و ئیمان، کە خوێنی خەڵکی پێ حەڵاڵ دەکرێت و .....ھتد.
ئەم ھەوڵدانانە، ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر دەکرێت و زەمینەی بۆ ساز دەکرێت.
ئێستا، سەرەتای ئەو ئاماژە و ئاگادارکردنەوانەی نووسەرانی ئازادیخوازیی نیشتمان باسیان دەکرد، دەرکەوتووە و ئیتر زەمینەی دەستپێکردن و جوڵاندنی ئەم ھێزە ڕاھێنراوانە کاتی هاتووە، ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابوورد و لەباشووری نیشتمان بەشێکی ئەو سەرەتایانەن.
لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەمێکە بەو ڕاستییە گەیشتوون، کە دەوڵەتانی داگیرکەری نیشتمانی ئێمە، ھەریەکە گرووپی لەو جۆرەی ھەیە و مووچەیان دەداتێ و ڕاھێنانیان پێ دەکات.
کە تەماشای بزوتن و پەلامارەکانی ئەم گرووپانە دەکەیت، بەیەک ئاڕاستە و شێواز، دەجوڵێنەوە، ئەوەش یەک بوونیسەرچاوەکە دەسەلمێنێ و یەک بوونی ئامانجەکەش ڕووندەکاتەوە.
ئەوەی بۆ زۆرکەس بوویە جێگای سەرسوڕمان، ئاشکرابوونی پەیوەندی ھێزگەلێکی دەسەڵاتدارە لە باشووریکوردستان، لەگەڵ ئەم ھێزە بەگرێگیراوە بێیانیانەدا، کە لە ڕاستیدا، جێگای سەرسووڕمان نییە.
خۆ ڕەفتارەکانی ھێزە فەرمانڕانەکانی باشوور لەگەڵ زۆرینەی خەڵکی باشوور، ھەمان ڕەفتارە، گا لە پێوانەیەکی بچووکدا و گا لە پێوانەیەکی گەورەدا وەک:
پەلاماردانی، مامۆستایان، قوتابیان و فەرمانبەران کە خەڵکی بێ چەک و سڤیلن( بڕینی مووچەکانیان، واتە برسیکردنیان)!!.
شەڕی نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعوود بەرزانی ( کە ناویان نابوو شەڕی براکوژی)!! کە ڕەشەکوژیی لاوانی کورد بوو، بە ناوی حیزب و ئامانجی حیزب و لەوەش ناشرینتر بەناوی نەتەوە و نیشتمانەوە، مانای لەو قەتڵعامەدا هەرچییەکان وت درۆیان کرد، بەڵام گەل لێپرسینەوەی لێنەکردن، هەروەک لێپرسینەوەی لە ئاشبەتاڵ نەکرد و ئەنفالی بەدوای خۆیدا هینا و لەوەش هەر لێپرسیەوەی نەکرد و هەڵەبجەیان قەوماند، ئێدی سەرکردایەتییەک هێندە سەرەڕۆیی و گەڵەگایی بکات گەلیش هێندە میهرەبان و بەخشندە بێت، بۆچی جێی سەرسوڕمان بێت، ئەگەر پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستتیەکان بکات، بە سوودی خێزانی خۆیی و بە خواستنی دوژمنانی دێرینەی کورد؟!..
بڵاوکردنەوەی فەساد و بێڕەوشتی ( ڕابوواردن و تێکدانی ڕەفتارە ئاساییەکەی نێوان نێر و مێ، چوونکە دەسەڵات  و ھێز و زێڕی تێدا بەکار دێت)!!.
چ جیاوازییەک دەبینی، لە نێوان ڕەفتاری ئەو ھێزە بەکرێگیراوانەی دەزگا ھەواڵگرییەکانی دەوروبەرمان و ڕەفتاری فەرمانڕانانی باشووردا؟!.
ئەوان بریتین لە کۆمەڵگەلێک لە گەنجانی بێکار و برسی کراو کە بە مشتێک دۆلار سەر لە لاشە جودادەکەنەوە وڕێبەرە سیاسی و ئاینییەکانیش فتوانی ڕەوابوونی کارەکانیان دەسەلمێنن.
جا برسیکردنی مرۆڤ، لە ھەرکوێەک و بەھەر ڕەنگێک بێت، یەک کاردانەوەی دەبێت، پەیدا کردنی خۆراک و نەمردنلە برسێتیدا.
ئەم برسی کردنە بە زۆر جۆر ئەنجام دەدرێت، وەک ئەوەی ھەموو دەرگاکانی بژێویی لە کەسێک بگرێت و تەنیا یەک دەریچەی پیشان بدەیت، کە لەگەڵ من بە لە برساندا نامریت!!.
ئایا ھەموو دەزگا ھەواڵگریی و فەرمانڕانییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە فەرمانڕانانی ھەرێمیشەوە، کار لەسەر ئەم بەشە لە نەستی مرۆڤەکان ناکەن؟!!.
ئێدی بۆچی سەرمان سووڕ بمێنێ، لەوەدا کە ھاوئاھەنگی مەرام و ڕەفتار و پشتیوانی، ھێزگەلێک لە باشوورئاشکرا ببێت لەگەڵ گروپە تیرۆرستییەکان؟!!.
ئەمڕۆ بەکرێدان و بەکرێگرتنی مرۆڤە ناچارکراوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بازرگانییەکی زۆر گەورە و فراوان وڕەواجدارە!!.
جا بە ناوی بەرگریی لە نیشتمان، لەسەروەریی ڕەگەزێک، لە فەرمانی ئاینێک و یا ھەرناوێکی ترەوە بێت.
ئەو ھێزانەی لە باشوور لە جموجوڵدان، بە ناڕاستەخۆ لەلایەن سەرکردەیەتی باشوورەوە ڕێگە پێدراون و مۆڵەتیان ھەیە کە کورد بکوژن و کوردستان بکەنە سووتماک، بە چاوپۆشی-، پشتیوانی- و خۆگێل کردن لێان وقەدەغەکردنی تەقەکردن و ھێرشکردنە سەریان، فەرماندە مەیدانییەکان زۆر نھێنی ئەم خیانەتە نەتەوەییەیەیان ئاشکرا کرد. 
ئەمەش بەو مانایە دێت، کە ھەر پێشمەرگەیەک لەم شەڕانەدا شەھید دەبن، دەبنە قوربانی ئەو پەیوەندەیە قڕێژەی سەرکردەیەتی باشوور، کە حەفتاساڵە نەتەوەکە و مەسەلەکەیان بۆ بەرژەوەندی خێڵ و خێزان و کەسەکانیان بەکارھێنا!! 
ئایە ئەمە خاڵی لاوازی گەلەکەمانە لە باشووردا؟ بە تایبەت ڕۆشنبیرای کە ژمارەیەکی گەورەیان بوونەتە، فشنبیرانی دەوری دەسەڵات، کە بۆچی حەفتاساڵە لەم مەتەڵە تێناگەن کە ناوی سەرکردەیەتی داڕزاوی باشوورە؟! گومان و لێکدانەوەی زۆر ھەڵدەگرێت....
ھێزی بەگرێگیراویش، لاواز و ڕاڕا و بێبەندوبارن و ترسنۆک و فشەڵن، بە یەکێتی گەل لە دەرەوەی سەرکردەیەتی حیزبەکان 
( ئەم خاڵە زۆر گرنگە، لە دەرەوەی سەرکردەیەتی حیزبەکان)، پیلانی چواردەور و فەرمانڕانیی ناوخۆیی جڵخوار کەسەر بە دەزگای ھەواڵگریی چواردەورمانن، بێبایەخ وتێکدەشکێت.
خوشکەکانمان لە ڕۆژئاوا و قەندیل، بە (تیۆریی ھێزی گەل لە بەرخۆداندایە)، ھەم لە قەندیل و باکوور ھەمیش لەڕۆژئاوا، ئەو پیلانەیان چەندین جار پووچکردەوە و سەلماندیان ھێزی یەکبووی گەل سەرکەوتووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە