دەروێشى عەبدى و ڕاستكردنەوەيەكى گرنگ بۆ بانگەشەيەكى ئامانجدار و چەواشەكەرانە

Wednesday, 15/12/2021, 22:40

3875 بینراوە


بەداخەوە لە دوێنێوە كۆمەڵێك پەيج بە مەبەست يا بەبێ  مەبەست دووبارە كەوتونەوە دژايەتى ئێزيديەكان و بەبێ ئەوەى بەشوێن ڕاستيەكاندا بچن سەربەخۆ بە ڕاست و چەپ جوێن و قسەى ناشير بڵاو دەكەنەوە بە بێ ئەوەى بير لەوە بكەنەوە كە ئەم جوێن و قسە ناشيرينانە هەموى بە بێ هۆيە و لە ئاينى پيرۆزى ئيسلاميشدا بەتاوان دەناسێنرێت و موسڵمانى ڕاستەقينە بێ بەريە لەوەها جوێن و قسەى ناشيرين.
ئەم قسانە كاتێك كرا كە كەسێك بە بێ ئەوەى شارەزاى داستانى (دەروێشى عەبدى ) بێت و بەبێ ئەوەى لە دەقى نوسينە كرمانجيەكە بگات هاتوە بەشێك لە داستانەكەى وێنەگرتوە كە لە پەرتوكى كوردى پۆلى دەيەمدايە و سەر بەخۆ لێكدانەوەى ناڕاست و نازانستى بۆ دەكات و لەو كاتەوە بە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكاندا بڵاو بوەتەوە و خەريكە دەبێتە هۆى تێكدانى ئاسايشى كۆمەڵايەتى و پێكەوە ژيان لە كوردستان.
هەر بۆيە پێم خۆش بوو بە كورتى و بە گێڕانەوەيەكى كورتى داستانى دەروێشى عەبدى كرۆكى باسەكە باس بكەم تا هەمووان ڕاستيەكە بزانن و دوور بكەونەوە لە دەمارگيرى و شوێن وتى وتى نەكەون. لەگەڵ ئەوەشدا پێويستە بزانرێت كە داستانى دەروێشى عەبدى وەك هەر ڕووداوێكى كەى كورد و مێژوو قاڵبى ئەفسانەى بەبەردا كراوە و زياد لە پێويست بە ئەفسانە كراوە و خەريكە ڕاستيەكە دەشاردرێتەوە .ئەم داستانە بەچەند شێوەيەكى جياواز گێڕدراوەتەوە و نوسراوەتەوە بەڵام هيچيان نەيانتوانيوە لە ناوەڕۆكە سەرەكيەكە لابدەن كە جياوازى چينايەتى و ئاينى و خۆشەويستى و خۆشەويستى خاكى كوردانە .

داستانى دەروێشى عەبدى 

نزيك بە دوو سەد ساڵ خێڵە عەرەب و توركمانەكانى عێراق و سوريا هێرشدەكەنە سەر ناوچە كورد نشينەكانى موسڵ و ڕۆژئاواى كوردستان كە زۆربەيان ئاينيان ئێزيدى بوە و بەناچارى هەندێكيان ناوچەكە چۆڵ دەكەن و زۆرێكيان دەچنە چياى شنگال. كەسايەتيەك بەناوى (عەبدى) كە لە عەشيرەتى (شەرقيا) و سوارچاك و لێهاتو بوە و هەڵگرى بيرێكى نەتەوەى بوە كۆچدەكات بۆ شارى (ئورفا) و پەنادەباتە بۆ عەشيرەتى (ملان) كە لەلايەن (زۆر تەمەر ئاغا )وە ڕابەرايەتى دەكرێت و لەوێ زۆر تەمەر ئاغا خزمەتيان دەكات و وەك كوردێك پاڵپشتيان دەكات، چونكە عەرەب و توركمەنەكان زۆرجار شەڕيان دژى عەشيرەتى ملان كردوە هەر بۆيە زۆر تەمەر ئاغا هاتنى ئەم سوارچاكە و خەڵكى ئێزدى بە دەستكەوت و پاڵپشتى خۆى زانيوە.
زۆر تەمەر ئاغا دەچێتە ئەستەمبوڵ و دوو ساڵ لەوێ لەلاى عوسمانيەكان دەخوێنێت و دەكرێت بە پاشاى ئورفا و دواتر دەگڕێتەوە و دەبێت بە سەردارى ناوچەكە ئەمەش كارێكى گرنگ بوو بۆ كوردەكانى ئەو ناوچەيە كە ئاواتى يەكگرتنى عەشيرەتە كوردەكان بوون. لەو ماوەيەدا عەبدى خوشكى زۆر تەمەر پاشاى دەچێت بە دڵدا، بەڵام بەهۆى ئەوەى كە عەبدى ئێزيديە و خوشكى زۆر تەمەر پاشا موسڵمانە ئەم خۆشەويستيە ناتوانرێت بەيانبكرێت و خوازبێنى بكرێت هەر بۆيە بەناچارى خۆشەويستيەكەى دەشارێتەوە.
 كاتێك كە عەرەب و توركمانەكان هێرش دەكەنەوە سەر ناوچەى فەرمان ڕەواى زۆر تەمەر پاشا، ئەوكات زۆر تەمەر پاشا بەرپرسەكان كۆدەكاتەوە و پێيان دەڵێت ئەگەر هەركەس فەرماندەى شەڕبكات دژ بە عەرەب و توركمەنەكان ئەوا خوشكەكەى خۆمى پێدەدەم. ئامادەبوانيش بەهۆى ترسانيان لەو هێزە زۆرەى عەرب و توركمەنەكان كەسيان ئامادە نابن ئەو فەرماندەيە لە ئەستۆ بگرن، بەڵام عەبدى كە ئاشقى خوشكەكەيەتى و ئاين ڕێگرە لە بەيەكگەشتينان و تواناى باشى شەڕيشى هەيە ئەو فەرماندەيەكە ئەگرێتە ئەستۆى خۆى و لە شەڕەكەدا سەردەكەوێت، بەڵام لەپاش گەڕانەوەى زۆر تەمەر پاشا بەڵێنەكەى ناباتە سەر و بەهۆى جياوازى ئاينەوە خوشكەكەى پێنادات. هەر بۆيە عەبدى ناچار دەبێت كچێكى ئێزيدى مارەبكات و ئيتر دوو كوڕيان دەبێت بەناوەكانى (دەروێش(دەورێش) و سەعدوون). وەك دەگێڕنەوە دەروێش تا چەند ساڵێك هەر شيرى دايكى خواردوە و هيچى كەى نەخواردوە هەر بۆيە تواناى لەشى و بيركردنەوەى بەهێز دەبێت و لەلايەن زۆر تەمەر پاشاوە دەبێتە جێى بايەخ و هەر لە ديوەخانى پاشا گەورە دەبێت و پەيوەندى باشى لەگەڵ ماڵ و منداڵى زۆر تەمەر پاشا دروست دەكات. كەسايەتيەكى هۆشيا و سوارچاكێكى باشى لێ دروست دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵگرى بيرێكى نەتەوەى دروست دەبێت و ئامانجى ئەميش وەك باوكى بۆ يەكگرتنى عەشيرەتە كورديەكانى ناوچەكە دەخاتە گەڕ و بەشدارى هەموو ئەو شەڕانە دەكات كە توشى زۆر تەمەر پاشا بوون. لێهاتويەكەى دەبێتە جێگاى باسى خەڵكى و لە ناو كچانى ئورفا و ناوچەكە دەبێتە جێگاى باست و خواست، بەڵام ئەميش وەك باوكى ئاشقى كچەكەى زۆر تەمەر پاشا دەبێت كە ناوى (عەدولى(عەدلێ))يە و ئەويش بە هەمان شێوە دەروێشى خۆش دەوێت. ئەمانيش بە هەمان هۆى جياوازى ئاين لەوە دەترسن كە باوكى عەدولى ڕازى نەبێت، بەڵام دەروێش پێى دەڵێت باوكم دەنێرمە داوات ئەگەر ڕازى بوون باشە ئەگەر ڕازى نەبوون ئەوا پێكەوە هەڵدێين و دەچينە چياى شنگال لەوێ سەدان ماڵى ئێزيدى لێيە و بێكێشە دەبين. 
دەروێش باسەكە بەدايكى دەڵێت و دايكشى بە باوكى دەڵێت، بەڵام باوكى دەزانێت كە ئەم كارە سەرناگرێت و زۆر تەمەر پاشا قبوڵى ناكات كە كچى خۆى دەدات بە ئێزيدى. بەناچارى لەبەر خاترى كورڕەكەى شەو لەگەڵ كۆمەڵێك كەسايەتى عەشيرەتى شەرقيا دەچنە ديوەخانى زۆر تەمەر پاشا و داواكاريەكەيان دەكەن، بەڵام زۆر تەمەر پاشا دژيان دەوەستێت و دەڵێت ئێوە ئێزيدين و ئاينمان جياوازە و من پاشام و ئێوە عەشيرەتێكى ئاساين ئيتر  من چۆن كچى خۆم دەدەم بە ئێوە و داواكاريەكەيان نەرێ دەكرێت.پاشان عەبدى بە شوێن كەوتوانى خۆى دەڵێت كە دەبێت ئورفا چۆڵ بكەن و بگەڕێنەوە چياى شەنگال تا نەبنە گرفت بۆ زۆر تەمەر پاشا و يەكێتى عەشيرەتەكان بشێوێنن كە ساڵانێكى زۆرە هەوڵى بۆ دەدەن. هەر بۆيە دەچنەوە چياى شنگال و لەوێ نسشتە جێ دەبن.
 كاتێك عەرەب و توركمانەكان دەزانن سوارچاكە ئێزيديەكان ئورفا و سەرێكيانيان چۆڵكردوە و گەڕاونەتەوە شنگال ئيتر دەست دەكەن بە خۆ كۆكردنەوە تا هێرش بكەنە سەر زۆر تەمەر پاشا. زۆر تەمەر پاشاش بەمە دەزانێت و نامە بۆ هەموو عەشيرەتەكان دەنێرێ و ئاگاداريان دەكاتەوە لە هێرشەكە. يەكێك لەو پەيامانە بۆ دەروێشى عەبديە. كاتێك پەيامەكە دەگات بە دەروێشى عەبدى بەزوى باوكى ئاگادار دەكاتەوە كە دەيەوێت بچێت بۆ سەرێكانى و بەشدارى شەڕ بكات، بەڵام باوكى پێى دەڵێت ئەم شەڕە شەڕى تۆ نيە و نابێت بچيت بەڵام ئەو هەر سورە لەسەر چون و نايەوێت بونيەتى دەستەڵاتێكى كوردى لەناوچەكە بەدەست عەرەب لەناو بچێت و لەگەڵ چەند سوارچاكێكى چيايى شنگال سوارى ئەسپە سپيەكەى دەبێت و خۆيان دەگەيەنن بە سەرێكانى لە ڕۆژئاواى كوردستان.
 پاش چەند ڕۆژێك لە گەشتينان، عەبدى باوكى دەروێش ئەويش بە كۆمەڵێك سوارچاكەوە خۆيان دەگەيەننە سەرێكانى و زۆر تەمەر پاشا لە بن چادرێكدا كۆيان دەكاتەوە و پێيان دەڵێ عەشيرەتە عەرەب و توريكمەنەكان هێرشدەكەن ئێمەش وەك عەشيرەتە كوردەكان و يەكێتيەكەمان دەمانەوێت بەرگرى بكەين هەر بۆيە دەمەوێت لەخۆتان فەرماندەيەك هەڵبژێرن بۆ سەرپەرشتى كردنى ئەم شەڕە ئەگەر سەركەوت ئەوا چەند سەد سەرێك مەڕوو و ماڵات و حوشترى پێدەدەم و كچەكەى خۆشمى پێدەبەخشم كە ناوى عەدوليە.
لە هەمان ڕێوڕەسمدا عەدولى كوپێكى فەغفورى پڕ لە قاوە دێنێت كە لەسەر سينيەك داى ناوە و زۆر تەمەر پاشا دەڵێت كێ دەيەوێت قاوەكە بخواتەوە ئەوە دەبێتە فەرماندەى سوپاكە و كچەكەمى پێدەدەم . دووبارە كەس ناتوانێت ئەو فەرماندەيە وەرگرێت هەر بۆيە عەدولى كوپەكە دەبات بۆ عەبدى و عەبدى پێى دەڵێت بۆ من گوتجاونيە بيدە بە دەروێش و ئەويش دەيبات بۆ دەروێش و دەروێش قاوەكە وەردەگرێت و بەيەكجار دەيخواتەوە. بەمە دەروێش بە هەمان شێوەى باوكى دەبێت بە فەرماندەى سوپاكە.
دەروێش دەست دەكات بە كۆكردنەوەى سوپايەكى تايبەت كە خۆى و سەعدونى براى و دوو ئامۆزاى و دوو سوارچاكى كەى ئێزيدى و شەش سوارچاكى كەى موسڵمان كۆدەكاتەوە و پێش سوپاكە دەكەون بۆ شەڕ. پێش دەستپێكردنى شەڕەكە دەروێش چاوى دەكەوێت بە يەكێك لە بەرپرسانى دوژمن كە دەبينێت ئەم كەسە كوردە و هاوڕێى دەروێش بوە دەكەونە گفتوگۆ و داوا لە دەروێش دەكات كە ئەم شەڕە نەكات و بكشێتەوە چونكە سوپاى عەرەبەكان زۆرن و بە ئاسانى بەم سوپا كەمە تێك ناشكێنرێن و دەروێش پێى دەڵێت كە ئەم شەڕە لەپێناو پاراستنى عەشيەرتە كوردەكانە و ئەمادەيە گيانى خۆى ببەخشێت. شەڕەكە دەستێدەكات و دەروێش و هاوڕێكانى بەرەبەرە سوپاى دووژمن تێك دەشكێنن و گۆڕەپانى شەڕەكە پڕ خوێن دەبێت و سوپاكەى دەروێش تەواو هيلاك دەبن و تواناى شەڕيان نامێنێت ئيتر  يەك بەيەك هاوڕێكانى دەروێش دەكوژرێن و دەروێشيش برينداردەبێت و بەهۆى كەوتنى ئەسپەكەى ئەويش دەكەوێت و ئازار بە ملى دەكەوێت و تواناى جوڵەى نامێنێت لەو كاتەدا هاوڕێكەى كە لە سوپاى عەرەبەكانە دێتە سەرى و پێى دەڵێت بەداخەوە خەريكە هاوڕێ و برايەكم لەدەست دەدەم. دەروێشيش داواى لێدەكات كە كارێكى بۆ بكات ئەويش ناشتنى تەرمەكەى بوە بەڕێوڕەسمێكى دروست و لە شوێنێكى دياريكراوى خۆى، تاوەك لە خاكى كوردان لەناو عەشيرەتە كوردەكان بمێنێتەوە بۆ هەميشە. پاشان دەروێش دەمرێت و سوپاكەشى تێك دەشكێت و هاوڕێكەشى تەسليمى دەكاتووە بە كەسوكارى و لەو شوێنى خواستراوى خۆى دەنێژرێت.
ئەم چيرۆكە كورتەيەك بوو لە داستانى دەروێشى عەبدى. ئەم داستانە بە پشتبەتن بە گێرانەوەكان نوسراوەتەوە و لەلايەن چەندين دەنگبێژ و سترانبێژە كرمانجيەوە كراوە بە لاوك و گۆرانى .  ئەو دەقەى كە لەپەرتوكى كوردى پۆلى دەيەمى زانستيدا هەيە دەردەدڵى عەدوليە كاتێك كە دەروێش دەچێتە داواى و باوكى پێى نادات بە هۆى جياوازى ئاينەوە لەم دەقەدا و بەتايبەت ئەو بەشەى كەبڵاو كراوەتەوە عەدولى حاشا لە عەشيرەت و ئاينى خۆى دەكات تەنها لەبە ر خۆشەويستى دەروێش و لەو بەشەى كە بە هەڵە كرا بەسۆرانى عەدولى دەڵێت ( من ئيتر نە عەشيرەتى كيكيم و نە عەشيرەتى مليم تەنها كچى زۆر تەمەر پاشام و دەستگيرانى دەروێشى عەبديم و لەسەر شاخى قەرەچداخ (ئاگرى) دانيشتوم و كلى چاوى دەروێشى عەبديم، ڕۆژى سێ جار (هاواردەكەم)دەڵێم بە دەروێشى عەبدى، من ئيتر حاشا لە ئاينى محمد دەكەم (واتا ئيتر موسڵمان نيم) و ئێزيديەكى خاوێنم.ئەمەش دەقاودەقى بەيتى لاوكەكەيە كە كردوومە بە سۆرانى و ئەمە وەرگێڕانە ڕاستەكەيە:-
من نە (كيكى)م و نە(مليم) كچى زۆر تەمەر پاشاى مليم
دەستگيرانى دەروێشى عەبديم و لەسەر چياى قەرەچ داغ(ئاگرى) دانيشتوم
 بە كراسێكى كەتانى ڕەنگاوڕەنگى تەنكەوە، بە پێڵاوێكى زەردى تەقتەقكەرەوە
كلى چاوى دەروێشى عەبديم، ڕۆژى سێجار بانگى (هاوار) دەروشێى عەبدى دەكەم
ئيتر من لەسەر ئاينى محمد نيم و تەواو ئێزيديم.
لەم دەقەدا هيچ سوكايەتيەك بە ئاينى ئيسلام نەكراوە و هيچ كێشەيەكى ئاينشى نيە تەنها ئەوەيە عەدولى واز لە ئاينى ئيسلام دێنێت و خۆى بە ئێزيدى دەناسێنێت تەنها لەپێناو دەروێشى عەبدى. ئەو وشەى (حاشا) بە واتاى نەهى كردنە گشتيە نايەت كە ئێمە بەكارى دێنين لە زارى سۆرانيدا بەڵكو ئەو دەستەواژەيە وەك خۆ بەرى كردن لە ئاينى ئيسلام و چونە سەر ئاينى ئێزيدى بەكار هاتوە. ئيتر بە هەر شێوەيەكى كە لێكبدرێتەوە هەڵەيەكى گەورەيە و هەر كێشەيەك لەسەر ئەم وشەيە دروستببێت ئەوا تاوانەكەى هەمووى دەكەوێتە سەر ئەو كەسەى كە بە ئەنقەست هەنگاوە هەڵەكەى ناوە. چونكە لەم كاتەدا كە داعش خەريكە دەردەكەوێتەوە و زيانێكى گەورەيان بەركەوتوە و توركياش خەريكى ئابوريەكەى دادەڕمێت، هێنانە كايەيى باسێكى وا و بە هەڵە لێكدانەوە و بە هەڵە وەرگێڕانى پڕگومانە. نابێت هەموو كەس بەم ئاوازە نا ئيسلامى و نا كوردانە و نامرۆڤانە هەڵپەڕێت و سوارى شەپۆلەكە ببێت. چونكە زۆر ڕوون و جوان ديارە كە سۆرانيەكەى لەسەدا سەد پێچەوانەى كرمانجيەكەيە و بەيتەكانى لاوكەكە بە ئەنقەست تێكەڵكراوە تا ئامانجێكى سياسى بپێكێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە