جەوانمێر مارابی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100041381628594


بە بۆنەی رۆژی ئاڵای هەرێمی باشووری کوردستان

Sunday, 19/12/2021, 22:52

2819 بینراوە


لە باشووری کوردستان، رۆژی ١٢/١٧ هەموو ساڵێک وەک رۆژی ئاڵای کوردستان (کە لە راستیدا ئاڵای هەرێمی باشووری کوردستانە) دیاری کراوە. سەرەتا پێویستە بڵێم کە گەلی کوردیش وەکوو هەموو گەلانی دنیا، مافی خۆیەتی خاوەن وڵاتی سەربەخۆ، ئاڵا و... خۆی بێت، بەڵام لە بەدشانسی گەلی کورد، کەسێک بۆ سوئیستفادە کردن و لە ژێر ناوی ئاڵادا خۆی کردۆتە دەمڕاست، کە بچوکترین بڕوای پێی نییە!! تا پێش ئەوە کە ئەم ئاڵا لە پارلەمانی هەرێمی باشووری کوردستان پەسند بکرێت، پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عێراق بچوکترین بڕوای پێ نەبوە و لە هیچ شوێنی ئەو حزبە و لە هیچ بڕگەیەک لە مێژووی ئەو پارتەدا، ئەو ئاڵا دانی پێدا نەنراوە!! کارەساتبارتر لەوە، پارتێک بانگەشەی رێفراندۆمی کرد کە لە هیچ کوێی مەرامنامە و پەیڕەو و پرۆگرامی ئەو پارتەدا باسی سەربەخۆیی نەکراوە!!! لە هیچ کوێ دنیاش بە ئەندازەی بنەماڵەی بارزانی سوئیستفادەی لە ئاڵا نەکراوە و بۆ مەرامی بنەماڵەیی بەکار نەهاتوە!!! بنەماڵەیەک کە ئاڵاکەشیان وەکوو خۆیان لە بەرچاوی گەلی باشووری کوردستان ناشیرین کرد. بێ بەختترین ئاڵاش، ئاڵای هەرێمی باشووری کوردستانە کە بنەماڵەی بارزانی و هاوئاوازەکانی بوونەتە بەرگریکەری و تەنیا بۆ مەرامە حزبی و بنەماڵەییەکانی خۆیان بەکاری دەهێنن!! هیچ دوژمێنکیش ئەوەندەی بنەماڵەی بارزانی بێ باوەڕی لە ناو گەلی کورددا دروست نەکردوە. لە خوارەوە، لە چەند خاڵدا سرنجتان بۆ هەندێ راستی رادەکێشم.
- ئەوە درۆیەکی شاخدارە کە دەڵێن ئەو ئاڵا، هەمان ئاڵای کۆماری کوردستانە کە گوایا پێشەوا بە ئەمانەت بە مەلا مستەفای سپاردوە. ئەم ئاڵا هین کۆمەڵەی خۆیبوونە و دیزاینرەکەشی ئینکلیسیەکان کردویانە. ناوزەد کردنی ئەم ئاڵا بە ئاڵای کوردستان، سیاسەتێکی لە پشتە بۆ مانەوەی گەلی کورد بەداگیرکراوی. درێژەی هەمان سیاسەتە کە بە دروست کردنی کوردستانێکی بچووک (هەرێمی باشووری کوردستان)، پرسی گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان (باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا) بە بێ چارەسەری بهێڵێتەوە. کوردستانێک دروست بکات کە بەشەکانی دیکەش بکاتە قوربانی ئەو بەشە. دەیانەوێ بڵێن کوردستان ئەوەیە و ئەگەر کوردستانتان دەوێ ئەوە بۆمان دروست کردوون. ئەم راستییە لە هەڵوێست و ئاکاری دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانیشدا رەنگی داوەتەوە!!! بەناو رۆژهەڵات تەوەرەکانیش زیاتر لە سی ساڵە بەقسەی خۆیان رۆژهەڵاتیان کردۆتە قوربانی مانەوەی ئەزموونی هەرێمی باشووری کوردستان. 
- پێناسە کردنی ئاڵای هەرێمی باشووری کوردستان بە ئاڵای کوردستان، هاوشێوەی سیاسەتی کۆماری ئیسلامییە. ئەویش بەدروست کردنی پارێزگای سنە، دەیەوێ بڵێ رۆژهەڵاتی کوردستان هەر ئەوەیە. بەمشێوە بەشی هەرزۆری رۆژهەڵاتی کوردستان دەخاتە دەرەوەی جوگرافیای کوردستان!!!
- مێژوو و دۆخی پەسند کردنی ئەو ئاڵا لە لایەن پارتە کلاسیکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە کە بەراستی ئەمانە بڕوایان بەو ئاڵا هەیە یان زەرورەتێکی مێژوویەک لە ئارادا بووبێت. تەنزی رۆزگارە، کەسێک خۆی کردە بەرگریکاری ئەو ئاڵا کە سەردەمانێک دەیگوت، باس کردن لە ناسیونالیزم و نەتەوە، شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی (عەبدوڵا موهتەدی). دوای روخانی رژیمی بەعس لە عێراق، حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان بووبە یەکێک لە بەردەنگە سەرەکییەکانی ئەمریکا و بەلێشاو پارە هاتە باشووری کوردستان. جگە لەوە ئەو حزبانە پیان وابوو کە ئەمریکا هاوشێوەی رژیمی سەدام، لە ئێرانیش دەدات و ئەوانیش دەبنە سەرۆک کۆمار و ...هتد. ئەوان هەموو هەوڵیان ئەوە بوو کە دڵی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان رازی بکەن و ئەوانیش درگای فەردە دۆلارەکانیان بۆ بکەنەوە. ئەو ئاڵا هیچ کات نەیتوانی و ناتوانێ ببێتە ئاڵای جێی پەسندی ئەندامان و لایەنگرانی ئەو پارتانانە چ بگات بەوە ببێتە ئاڵای گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان. لە ئێستادا رێوەبەرانی ئەو پارتانە کەوتونەتە بەر رەخنەی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان کە بۆچی لە پێناو پارە و رازی کردنی دڵی دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشووری کوردستان، پشتیان لە ئاڵاکەی کوماری کوردستان کردوە!!!
- کاتێک کە دەگەڕێینەوە بۆ هێما کۆنەکان و بە مێژوودا دەچینەوە، کورد بەردەوام کەڵکی لە سێ رەنگ (سوور، زەرد و سەوز/ گەلی ئێمەی یارسان و ئیزدی وەک هێماکانی رەسەنایەتی گەلی کورد، بەردەوام لەو سێ رەنگە کەڵک وەردەگرن) گرتوە، کەواتە ئەگەر ئێمە بمانەوێ بگەڕێینەوە بۆ رەگ و ریشەی مێژووی خۆشمان، باشترین بژاردە ئەوەیە کە کەڵک لە هێماکانی خۆمان وەربگرین. 
- خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە هیچ لۆژیکی نییە بەشێک لە کوردستان (٥ ملیۆن/ کە ئێستاش ئەو دەسەڵاتدارانە تەنیا نوێنەری ٢٠% گەلی باشووری کوردستانن) بتوانن بڕیار بۆ زیاتر لە ٦٠ (شەست) ملیۆن کورد بدەن، ئاڵای بۆ دیاری بکات و ...هتد.
- ئەو ئاڵا، ئاڵای هەرێمی باشووری کوردستانە و پیرۆزیان بێت ئەم رۆژە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە