مەکگۆرگ و پەراویزخستنی ئایکۆنەکانی ڕیفراندۆم

Sunday, 12.19.2021, 23:50

1590 بینراوە


جیاواز لە سەردانەکانی ڕابردووی "برێت مەکگۆرک "رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕۆژی دووشەممە ١٣ـی دیسەمبەری ٢٠٢١ سەردانی شاری هەولێری کرد وتەنیا دوو کۆبونەوەی ئەنجام داوە لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بەرزانی سەرۆکی هەرێم و پافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ، ئەمجارە برێت مەکگۆرک لە سەردانەکەیدا لەگەڵ مەسعود بەرزانی سەرۆکی پارتی و مەسرور بەرزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆنەبووەوە ، هۆکاری کۆنەبونەوەکەشی ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکومەت کە بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و یاریکردن بە ژیانی خەڵک و حسابنەکردن بۆ ئەمریکاو کۆمەڵگای نیودەوڵەتی پەراوێزخراون ، مەکگۆرک تارماییەکە هەڵگری ڕەهەندی سیاسی و ئابوری و ئەمنییە،دیپلۆماتکارێکی چالاک و کارا، خاوەن ئەزموونێکی زۆرە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، برێت مەکگۆرک، ساڵی ١٩٧٣ لە شاری پیتسبێرک لە ویلایەتی پەنسیلڤانیا لەدایکبووەو لە ساڵی ١٩٩٦ بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە کۆلێژی ھونەر لە زانکۆی کۆنیتیکت وەرگرت، دواتر پسپۆڕییەکەی بۆ یاسا گۆڕی و ماستەری لە بواری یاسا لە ساڵی ١٩٩٩ بەدەستھێنا و لە زانکۆی کۆلۆمبیا دکتۆرای لە بواری یاسا وەرگرت و بووە مامۆستای زانکۆ ،  ساڵی ٢٠٠٤ بووەتە راوێژکاری دادوەری لە "ئەنجوومەنی کاتی حوکم"و ھاوکاتیش راوێژکاری یاسایی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بووە لە بەغدا ، مەکگۆرک ساڵی ٢٠٠٥ دەکرێتە بەڕێوەبەری کاروباری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و دواتریش کرایە راوێژکاری تایبەتی جۆرج دەبڵیو بۆش ،جۆرج بۆشی کوڕیش لە کتێبەکەی بەناوی "خاڵەکانی بڕیار" ئاماژەی بە گرنگی و ڕۆڵی مەکگۆرک داوە .
دوای کۆتاییھاتنی ئیدارەی جۆرج بۆش لە ساڵی ٢٠٠٩ مەکگۆرک دەرفەتێکی تری بۆ دەکرێتەوە و دەبێتە راوێژکاری سەرۆک و راوێژکاری باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، بەھۆی سەرکەوتنی لەو ئەرکانەی پێی سپێردرابوون، ساڵی ٢٠١٣ دەکرێتە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران ، ساڵی ٢٠١٤ مەکگۆرک لەگەڵ ئۆباما و جۆن ئالین لە کۆشکی سپی نەخشەی پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشیان داڕشت و پۆستی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکای لە نێو هاوپەیمانییەکە وەرگرت، دەمەوێت بڵێم مەکگۆرک هاوشێوەی کیسنجەر لە پرۆفیسۆری زانکۆوە پۆستی باڵای پێ نەبەخشراوە ، بەڵکو بە سروشتی خۆی هەڵکشاوەو ڕۆڵی هەیە لە داڕشتنی پرس و ڕووداو و هاوکێشە سیاسییەکاندا ،ساڵی ٢٠١٧ کە بڕیاردرا لە هەرێمی کورستان ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت، مەکگۆرک یەکێک بوو لەوانەی پێی وابوو ئەو بڕیارە هەڵەیە و دەبێت دوابخرێت، پارتی هەر زوو کەوتە دژایەتی مەکگۆرک و شەڕی لەگەڵ قوللەی قاف دا دەکرد ، بەشێک لە پارتییەکان مەکگۆرکیان بە کەسێکی "بێ ئاگا" ناودەبرد، هەندێکیش بە "مناڵکار" لەقەڵەمیاندا،لەکاتێکدا کورد پێویستی زۆری بەم جۆرە کەسایەتی و ئەم جۆرە لە تارماییانەیە بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی کە سەد ساڵە خوێن لە جەستەی دەچۆڕێت .
ناو بەناویش میدیا سێبه‌ره‌كانی پارتی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كردکە سەرۆکی پارتی ڕەتیکردووەتەوە لەگەڵ مەکگۆرک دابنیشێت !هه‌ندێكیتر له‌و په‌یج و ئه‌كاونتانه‌ی پارتی ئاماژه‌یان به‌وه‌ده‌كرد، كه‌ لادانی مه‌كگۆرگ دوو ساڵ لەمەوبەر لە ئیدارەی ترەمپ تۆڵه‌ی خوای گه‌وره‌یه‌، بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ تونده‌ی به‌رامبه‌ر مه‌سعود بارزانی هه‌یبووه‌! بەڵام هەر زوو جۆ بایدن پۆستی یاریدەدەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكاو ڕێكخەری كاروباری ئەمنیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكووری ئەفریقا لە كۆشكی سپی بەخشییەوە به‌ مه‌كگۆرگ ، هەڵوێستی پارتی و سەرۆکەکەی لەبارەی "مەکگۆرک" مایەی پێکەنینە و نەگبەتی پارتیی و سەرۆکەکەیەتی لە تێگەیشتن و لە دونیای  سیاسەت و کەسایەتیەکان ، ئاشکرایە ئایکۆنی ڕیفراندۆم مەسعود بەرزانی سەرۆکی ئێستای پارتی بوو ،پرسی ریفراندۆمیش لەناو پارتیدا زیاتر گوتاری ئیعلامی بوو نەک ئیرادەی سەربەخۆیی ، ئامانجی پارتیش لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم فشارخستنە سەر عێراق و هەڵهاتن بوو لە قەیرانە سیاسی و ئابورییەکان و داخستنی پەرلەمان و شکستی ئیدارەدان و نادادی یاسایی و کۆمەڵایەتیەکان ،بەڵام لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم جۆرێکیتر بوو ، ریفراندۆم لە جەوهەردا نیشتمان وێران کردن بوو نەک نیشتمانسازی ،دواى سێ هەفتە لە ئەنجامدانى ڕیفراندۆم کورد هاوشێوەی ساڵی ١٩٧٥چارەنووسی بەرەو ئاشبەتاڵێکی تر ڕۆیشت ، لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا حکومەتی عێراق نزیکەى هەزار و 100 کیلۆمەترە کە لە خانەقینەوە بۆ رەبیعە درێژ دەبێتەوەدەکاتە 51%ى تەواوى خاکى باشورى کوردستان و نزیکەى 42 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە کە پێکهاتووە لە پارێزگایەک و 16 قەزا و 44 ناحیە کۆنترۆڵ کردەوە و ھەموو پەیوەندیەکانی ھەرێم بەدەرەوە پچڕێندران، سنورەکان و فرۆکەخانەکان داخران،بە دیوێکی تردا بۆشاییەکی فراوانی بێ ئومێدی و بێ متمانەی لە نێوان خەڵک و پارتی و یەکێتی و ئەوانەی چوونە ژێرباری ڕیفراندۆم دروست بوو ، پاشان پێگەی کورد لەدوای شکستی ریفراندۆمەوە تائەمڕۆ داڕماوەو لە پاشەکشەدایە لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا. 
ڕاگەیاندنی دەوڵەت و سەربەخۆی خەونی هەموو کوردێکە بەڵام پێویستی بە زەمینەسازی و خوێندنەوەکی قوڵی مەعریفی و  ئەکادیمی و سیاسی هەیە و زیاتریش پێویستی بە شیکارکردنی ڕەھەندەکانی فەلسەفەی سیاسی هەیە، ئەو سەردەمەو ئێستاش کورد پێویستی بە چاکسازی و ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی و کاراکردنی پەڕلەمان و بونیادنانی سیستەمێکی حوکمڕانی تەندروستە نەک ڕیفراندۆمێک کە ئامانجەکەی بەیعەتدان بێت بە پارتی و سەرۆکەکەی بۆ دەربازبوون لە شکست و قەیرانە کەڵەکەبووەکان ، لەدوای شکستی ڕیفراندۆمیشەوە تا هەنووکە پارتی  سورە لەسەر سیاسەتە چەوت و نایاساییەکانی  و هەموو لایەنەکانیشی سەرقاڵی سیناریۆی جۆراو جۆر کردووە .